عومەر باڵەکی
لە ١١ی مانگی ڕەشەمەی ئەوساڵ لە ئێران دوو هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی خولی دوازدەهەمی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و خولی شەشەمی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری بەڕێوە دەچێ.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حالێکدا دەیانهەوێ ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوە بەرن کە ئێرانی ژێردەسەڵاتیان هێشتاش تینوتاوی ناڕەزایەتییەکانی ڕاپەرینی ژینا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەتەواویی پێوە دیارە، بەو مانایە لە ناخی کۆمەڵگەدا ناڕەزایەتییەکان لە شێوازی دەسەڵاتداریی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕوویەکەوە لە پەرەئەستاندندایە و ناوچەکە بە قوناغێکی هەستیاری میژووییدا تێپەر دەبێ.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی هەستیان بە ناڕەزایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە کردوە و بەتەواوی ترسیان لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان هەیە و ئەوە بە کردار و گوفتاریانەوە دیارە. بۆیە بە هەموو توانای نیزامی و ئەمنییەتی و خوڵقاندنی ترس لە نێو کۆمەڵگەدا لەلایەک و بە هەموو توانای تەبلیغی و ڕاگەیاندنیان لەلایەکی دیکەوە دەیانهەوێ خەڵکی ئێران هان بدەن ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی ئەوساڵ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەو ڕێگایەوە لە هەوڵی ئەوەدان بە نیشاندانی ئاپۆڕای خەڵک لەسەر سندووقەکانی دەنگدان هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە دەروەی ئێڕان تەبلیغی ئەوە بکەن کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی تەبلیغاتی دوژمن سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە نێوخۆیدا هەیە و ئەو خەڵکە زۆرە کە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادەن سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.
لە سەردەمی ئێستادا کە سەردەمی پێوەندیی دیجیتاڵی و تەقینەوەی زانیارییەکانە، دنیا بە ڕادەیەک لەسۆنگەی ئەو کەرەسانەوە بچووک بۆتەوە کە دەتوانین بڵێین کەم کۆمەڵگە ماون کە بەخێرایی ئاگاداری ڕووداوەکانی سەر گۆی زەوی نەبن و هەر ئەوە وای کردوە فەرهەنگ و کولتوورەکان و تەنانەت شێوازی حکوومەتداری بەخێرایی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە بگوازرێتەوە و لەو حاڵەتەدا داخستنی سنوورەکان وەک سەدەکانی پێشوو هیچ کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕەوتە نەبووە و نابێ.
زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوویی سەردەمی ئێستا بە شیوازی دێموکراتیک بەڕێوە دەچن و بنەمای سیستمی سیاسییان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵبژێرانی ئازادانە دامەزراوە. لەو وڵاتانەدا بەپێی پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرانی دەوڵەت لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن ولە هەمان کاتیشدا بەڕێوەبەرانی دەوڵەت لە بەرانبەر خەڵکدا بەرپرسیار دەبن. بۆیە لەو نیزامانەی بە شێوەی دێموکراتیک بەڕێوە دەچن و پابەندن بە بنەماکانی دێموکراسیی هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە پرۆسەی هەڵبژاردن بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.
هەروەک پێشتر باس کرا یەکێک لە ڕێگاکانی دەربڕینی خەڵک سەبارەت بە ویست و ئامانجەکانیان و بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەیان لە وڵاتانی دێموکراتیکدا پرۆسەی هەڵبژاردنە. بۆیە هەر تاکێک کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیکدا دەژی بە ئەرکی خۆی دەزانی چالاکانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشداری بکا بۆ ئەوەی لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە کاریگەریی هەبێ لەسەر چارەنووسی خۆی و وڵاتەکەی و پرسە سیاسیی و ئابووریی وکۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکەی.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەتوانین بڵێین کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر وڵات و نیزامێکی سیاسیدا بەڕێوە بچێ، بە جۆرێک لە جۆرەکان نەزەرخوازی لە خەڵکی ئەو وڵاتەیە سەبارەت بە نیزامی سیاسیی ئەو وڵاتە کە دەوڵەتێک نوێنەرایەتی دەکا و بەشداریکردنی زۆر و کەمی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کاریگەریی هەیە لەسەر مەشروعییەتی ئەو نیزام و دەوڵەتە. بە واتەیەکی دیکە هەڵبژاردن لە لایەک نیشاندەری پێگەی سیاسیی و فەرهەنگی کۆمەڵگەیە و لەلایەکی دیکەوە بەڵگەیەکی باشە بۆ هەڵسەنگاندنی شیوازی دابەشکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا. بەکورتی دەتوانین بڵێین بەشداریکردن و نەکردنی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا چ ڕاستەوخۆ چ نارستەوخۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێ لەسەر ژیانی سیاسیی و فەرهەنگی، ئەو کۆمەڵگەیە و سیستمی دەوڵەتداریی ئەو وڵاتە.
بەڵام ٤٥ ساڵە دەسەڵاتدارەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی پێچەوانەی سیستمی دێموکراسی رەفتاریان کردوە و لە پرۆسەی هەڵبژاردن تەنیا وەک ئامرازی مەشروعییەتدان بە ڕێژیم کەلکیان وەرگرتوە. بۆیە ئەگەر چاو بە کارنامەی هەڵبژاردنەکان لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەخشێنین، دەبینین جار لەگەڵ جار ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا هاتۆتە خوارێ، بەچەشنێک کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەو دوو هەڵبژاردنەی قەرارە ١١ی ڕەشەممەی ئەوساڵدا قەرارە بەڕێوە بچێ، بە تەواوی ترسیان ڕێ نیشتووە کە خەڵک بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردنەکان بکەن.
بیگومان بەشدارینەکردنی خەڵک لەلایەک نیشانەی بەردەوامی ڕاپەڕینی ژینایە ولە لایەکی دیکەوە لێئەستاندنەوەی مەشروعییەتی سیاسیی و دەوڵەتدارییە لە نیزامی کۆماری ئیسلامی. بە واتایەکی دی بەشدارینەکردنی خەڵک لەو دوو هەڵبژاردنانەدا سەڵمێنەری ئەو ڕاستییە دەبن کە خەڵکی ئێران باوەڕ و متمانەیان بەو دەسەڵاتە نەماوە و هیچ هێوایەکیان بە چاکسازی نێو دەزگای حاکمییەتیش نییە و خەڵکی ئێران ماندوو و هیلاک بوون لە دەست ئەو هەموو قەیرانەی دەسەڵاتدارانی تاران بەهۆی کەڵەوەکێشی لەگەڵ دنیای دەروە و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا خۆڵقاندوویانە و لە ئاکامی وەزعییەتی خوڵقاودا دەبێ خەڵکی ئێران باجەکەی بدەن.
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا پێوانە و هۆکاری جۆراوجۆر هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، وەک هۆکاری ئابووری، فەرهەنگی و یا زەمان و سەردەم. بەو واتەیە کە وەزعییەتی ئابووری ڕۆڵی هەیە لە بەشداریکردنی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و یا شێوازی هەڵسوکەوتی دەسەڵات لەگەڵ خەڵک و ڕێژەی دەستێوەردانی دەسەڵات لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەدا. هەروەک پێشتریش باس کرا سەردەمی ئێستا سەردەمی شۆڕشی پێشکەوتنی دنیای دیجیتاڵی و ئەلکترۆنییە ونەسلی لاوی پێگەیشتووی ئێستا لە ئێران بە دوای ژیانی خۆش و سەردەمیانەدا دەگەرێن و ڕەوزە و ڕەوزەخوانی و دەسەریەککردنەوەی چیرۆکی سەیر و سەمەری ڕابردوو و قارەمانسازی لە کەسانێک کە هیچ خێروبێرێکیان بۆ خەڵکی ئێران نەبووە ناتوانی ئامانج و ئارەزووەکانی ئەو تازە لاوانە وەدی بێنێ. ئەو نەسڵە نەوەیەکی ئیدەئالیست و ئاڕمانگەران و سیاسەتەکانی ڕێژیم و ئەزموونی دەسەڵاتدارەتییان ناتوانێ قەناعەتیان پێ بێنێ و پێشینەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی یەک دەیەی ڕابردووی دەیسەلمێنێ کە بەتەواوی لەو ڕێژیمە تێپەڕیون.
بە هەستکردن بە هەستیاریی کۆمەڵگە لە مەڕ سیاسەتەکانی ڕێژیم و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و لەرزۆکیی پایەکانی ڕێژیم دوای ڕاپەڕینی ژینا، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە پەلەقاژە بۆ ئەوەی لە هەر کەرەسەیەک کەلک وەربگرن کە بە بیروڕای گشتی ئێران و جیهان بسەلمێنن نیزامی کۆماری ئیسلامی مەشروعییەتی خەڵکیی هەیە و ئەو ناڕەزایەتییانە کە ڕوویان داوە دەستی دەرەکی و دوژمنانی کۆماری ئیسلامی لە پشتە. بێ ئەوەی سرنج بدەنە کۆمەڵگەی داڕووخاوی ئێران لە بواری ئابووری و فەرهەنگی و داواکارییەکانی خەڵک کە لە سیاسەتی بەڕێوەبەری و قانوونەکانی ئەو نیزامە وەزاڵە هاتوون.
گەلانی ئێران لەمێژە دەرکیان بەو ڕاستییە کردوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران تەنیا پرۆسەیەکی ڕواڵەتییە و هیچ لە شێوازی بەڕێوەبەری وڵات و سیاسەتەکانی نیزامی دەسەڵاتدار و ژیان و داهاتووی ئەوان ناگۆڕێ. چونکە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردن لە ئێراندا پڕۆژەیەکی ئەندازیاریبۆکراوە کە بەرگی قانوونیی دەبەر کراوە و بەو شێوە کە دەسەڵات واتە ڕێبەری نیزام خوازیاریەتی، سەندووقەکانی دەنگدان وەڵام دەدەنەوە.
بەپێی قانوون بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە ئەستۆی وەزارەتی نێوخۆی ئێرانە. واتە ئامادەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن وبەڕێوەبەری و ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردن لە ئەستۆی ئەو وەزارەتخانەیەیە. بەڵام لە کردەوەدا وانییە، بەڵکوو ئۆرگانێکی دیکە بە ناوی شوڕای نیگەهبان چاوەدێری بەسەر هەموو پڕۆسەکەدا دەکا و وەزارەتی نێوخۆ لە ڕاستیدا تەنیا کاربەڕێکەرە و ئەوە کاتێک بەباشی خۆ دەنوێنێ کە بەپێی قانوونی بنەڕەتی چاو لە دەسەڵاتەکانی شوڕای نیگەهبان دەکەی.
لە ئەسلی ٩١ی ئەو قانوونەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو مەجلیس یان شوڕایە دەستنێژی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئۆرگانێکی ئینتسابییە و بەدەنگی خەڵک هەڵنابژێردرێ، بۆیە خۆی لە بەرانبەر خەڵکدا بە بەرپرسیار نازانێ.
ئەوکاتەش بەتەواوی ڕوخساری ڕاستەقینەی پرۆسەی بەناو هەڵبژاردن لەو نیزامەدا دەردەکەوێ کە بەپێی ئەسلی ٩٩ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەڵاحییەتی شواڕی نیگەهبان بە شێوەی ڕەها دیاری کراوە کە ئەویش تەفسیری ئەسل و بەندەکانی قانوونی بنەڕەتی و لە هەمان کاتدا بە شێوەی (استصوابی) چاوەدێری بەسەر هەموو هەڵبژاردنەکاندا دەکا، بێجگە لە هەڵبژاردنی شوڕاکان. بەوەش هەر کەس و لایەنێک شوڕای نیگەهبان بیهەوێ لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەهاسانی ڕیگای سەرکەوتنی بۆ خۆش دەکا. چونکە چاوەدێرییەکەی ئیستسوابییە ولە چاودێری ئیستسوابیدا بڕیارەکانی ئۆرگانی چاوەدێر بنبەڕ و کۆتایین و لە هیچ ئورگانێکی دیکەدا ناتوانرێ تانەی لێ بدرێ. واتە تەئیدی سەڵاحییەت یا رەدی سەڵاحییەتی بەربژێرێک کە ئێستا لە ئەستۆی شوڕای نیگەهبانە لە هیچ حاڵەتدا تانەی لێ نادرێ و لە بارودۆخێکی وادا ڕوونە شوڕای نیگەهبان کێ ڕەدی سەلاحییەت و کێ تەئیدی سەڵاحییەت دەکا.
بەپێی هەموو پێودانگەکان پرۆسەی هەڵبژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ناتوانێ پرۆسەیەکی سالم بێت و ئەو ئاکامە بە دەستەوە نادا کە خەڵک لە ڕیگای سندووقەکانی دەنگدانەوە بتوانن لانیکەمی ئاڵوگۆر لە شێوەی ژیانی ئابووری و سیاسیی خۆیاندا پێک بێنن. بەڵام پێچەوانەکەی نەچوون بۆ سەر سندووقی دەنگدان و بەشدارینەکردنی خەڵک لەو دوو هەڵبژاردنەدا دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ڕاپەرینی گەلانی ئێران و سەرەتایەکی بەگوڕ بێت بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسیی و دەوڵەتداری لە ئێراندا.