دیاکۆ دانا
شۆڕشی گەلانی ئێران کە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لێ کەوتەوە، ڕووداوێکی گرینگی مێژوویی بوو کە ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرەو ئاقارێکی دیکە برد. باڵی توندئاژۆی ڕاستی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی بە ەدامەزراندنی ڕێژیمی ئیسلامی لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەفەویەوە جارێکی دیکە ئیسلامی سیاسیی شیعەی دوازدە ئیمامییان بوژاندەوە. بەڵام هاتنەسەرکاری ئیسلامی سیاسیی شیعە و سەقامگیریی لە ئێراندا تەنیا لە چوارچێوی سنوورەکانی ئەم وڵاتەدا قەتیس نەبووە، بەڵکوو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی پێکهێنانی هیلالی شیعە لە ناوچەکە سیاسەتی "هەناردەکردنی شۆڕشی" کردە ستراتیژیی نەگۆڕی خۆی.
سیاسەتی "هەناردەکردنی شۆڕش" وەکوو نەخشەڕێی سیاسی لەنێوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری چەمکی ویلایەتی فەقیهیشە کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکەیە دامەزراوە. بیرۆکەیەک کە وەکوو مەکتەبێک لەنێو پیڕەوانی شیعەی دوازدە ئیمامیدا وەلی فەقیهە وەکوو نوێنەری خودا، پێغەمبەر، ئیمامی شیعە لەسەر کۆی زەوی پێناسە دەکا و هەتا کاتی سەرهەڵدانی ئیمامی زەمان بەسەر ئوممەتی ئیسلامیدا حکوومەت دەکات و خوی بە حەق و ئەوانی دی بە ناحەق دەزانێ و خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەهایە.
خومەینی لە بەشێک لە قسەکانی لە بەفرانباری ١٣٥٨دا دەڵێ: "ئێمە ئێستا لەگەڵ کافر لە شەڕداین و داوا لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی دەکەین بۆ شەڕ لەگەڵ کافر بە ئێمە پێوەست بن." هەروەها خومەینی لە پەیامێکی دیکە لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٩ هەتاویدا دەڵێ: "ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین شۆڕشی خۆمان بۆ سەرانسەری جیهان هەناردە بکەین. لە پەنا بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهەدا، وێژمانی "ام القری"ی ئیسلامی یانی دایکی وڵاتانی ئیسلامی لەلایەن "محەممەدجواد ئامولی لاریجانییەوە" لە سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی داڕێژرا و مەبەست لەم تێزە حوکمڕانی بەسەر وڵاتانی ئیسلامییەوە بوو کە دەتوانین وەک تەواوکەری ئەندێشەی ویلایەتی فەقیهە پێناسەی بکەین.
سیاسەتی "هەناردەکردنی شۆڕش" بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی ناوچە لەمەڕ کاریگەری ئێران و دەستێوەردانی سیاسیی ئەو وڵاتە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەیاندا ترسیان ڕێ بنیشێ. هەر ئەوە بوو بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ناوچە بەمەبەستی خۆپاراستن لە بەرامبەر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئێرانەوە بکەونە سەنگەری بەرگری. بۆ وێنە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە کاردانەوە بەو سیاسەتە ٦ وڵاتانی عەڕەبیی دورووبەرەی کەنداو شوڕای هاوکاریی کەنداویان دامەزراند. یان دەوڵەتی ئەوکاتی عێراق کە زۆربەی دانیشتووانی شیعە مەزهەب بوون، لە ترسی پەرەسەندنی سیاسەتی شیعەگەریی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دژی ئێران شەڕی ڕاگەیاند کە ئەو شەڕە ٨ ساڵی خایاند. بەڵام دوای شەڕی ئێران و عێراق کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پەرەپێدانی سیاسەتی ئاژاوگێڕانەی خۆی لە ناوچەدا بە ئەزموونوەرگرتن لە شەڕی ئێران و عێراق و بەردەوام بوون لەو سیاسەتە زیاتر جەختی لەسەر شەڕی پارتیزانی و میلیشیایی (نامتقارن) کرد بۆ ئەوەی کە لە بەهێزکردنی هیلالی شیعە لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت. شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای گرووپە میلیشاییەکانیەوە هەتا ئێستاش بە لەبەرچاوگرتنی دروشمی شەڕ لەگەڵ شەیتانی گەورە (ئەمریکا) و شەیتانی چووکە (ئیسرائیل) لەسەری بەردەوامە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام یارمەتیی بزووتنەوەی سیاسی فەلەستینی داوە و دوای بێهیوابوونی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین کە تەواو دەستەمۆی نەبوو، شەققی سیاسیی تێ خستن و گرووپەکانی حەماس و جیهادیی ئیسلامیی لە فەلەستین دامەزراند و لە ئێستاشدا لە وڵاتانی فەلەستین، لوبنان، سووریە، عێڕاق، یەمەن و... لەژێر فەرماندەیی سپای قودسی سپای پاسداراندا بە دروستکردنی چەند سپای میلیشیایی قەیرانی سیاسیی نێوخۆیی لەو وڵاتانەدا دروست کردوە.
لە ئێستادا زیاتر لە سێ مانگە شەڕی نوێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە. شەڕێک کە ڕێکخراوی حەماس لەژێر ناوی "باهۆزی ئەقسا" و بە هێرشی ئاسمانی و وشکانی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەستی پێ کرد و پاشان ئیسرائیل لەژێر ناوی عەمەلیاتی "شمشیری ئاهنین" بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە درێژی بە شەڕەکە دا. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە حەوتوویەک پێش دەستپێکی شەڕەکە عەلی خامنەیی لە وتارێکدا لەنێو لایەنگرانی ڕوو بە وڵاتانی عەڕەبی لەمەڕ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئێوە لەسەر ئەسپی تۆپیو گرێوتان کردوە و ئیسرائیل نامێنێ. لە یەکەمین ڕۆژەکانی شەڕەکەدا بەرپرسانی باڵای ڕێژیم پێخۆشبوونی خۆیان نەدەشاردەوە، بەڵام پاش هێرشی هەمەلایەنەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هەڵوێستی خۆیان گۆڕێ. هەر لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا دەبینین کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ وڵاتانی دی هێزێکی زۆریان ناردووەتە ناوچەکە. هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور بە هێرشکردنە سەر پاپۆڕە بازرگانییەکان و هەروەها هێرشی مووشکی سپای پاسدارانی بۆ سەر عێراق و سووریە و پاکستان زیاتر گرژی و ئاڵۆزییان لە ناوچەکەدا دروست کردوە و لە عێڕاقیشەوە ڕۆژ نییە بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان لەو وڵاتە و لە سووریە نەکرێنە ئامانج. دۆخێک کە ئێستا ناوچە تێی کەوتوە، لێکەوتەی ستراتیژیی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیە.
ئێستا دەمێنێتەوە ئەوەی کە ئاخۆ کۆمەڵگەی جیهانی ڕێگە دەدا کۆماری ئیسلامی ئەو شەڕە بباتەوە و ستراتیژییەکەی سەر بخات، یان بە سیاسەتێکی یەکگرتوو و ئیرادەیەکی پتەو بەرهەڵستی دەبنەوە و ماکەی قەیران و شەڕ و ناسەقامگیری لەو ناوچەیە بنەبڕ دەکەن؟