کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕی بێ ڕەونەقی هەڵبژاردن و فێڵی بەرپرسانی ڕێژیم

23:07 - 5 رێبەندان 2723

مەنسوور مروەتی

 

حەسەنی ڕووحانی، سەرکۆماری پێشووی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکی کورتدا وێڕای ڕاگەیاندنی ڕەدکردنەوەی شیاویەتی خۆی بۆ مەجلیسی خوبرەگان، ڕایگەیاند؛ "هیچ ڕێگایەک جگە لە سندووقەکانی دەنگ نییە و لەو باوەڕەدام دەبێ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکرێ. ئەگەرچی منیشیان ڕەد کردۆتەوە، دەبێ بە دەنگدان ناڕەزایەتی خۆمان دەرببڕین."

 ئەم قسانەی حەسەن ڕووحانی لە کاتێکدایە کە بڕیار وایە مانگی داهاتوو، واتە ١١ی ڕەشەمە، دوو هەڵبژاردن لە ئێراندا بەڕێوە بچێ. یەکەم هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و دووهەم هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان.

ئەگەرچی هەر لە ئێستاوە بەڕوونی دیارە کە ئەمساڵ ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەگاتە کەمترین ئاستی خۆی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لە خامنەییەوە بگرە تا بەرپرسانی سپای پاسداران و هەندێ کەسی دیکە بە باشی ئەوە دەزانن، بۆیە بە هەموو شێوازێک دەستیان کردوە بە بانگەوازی خەڵک بۆ بەشداری لەم هەڵبژرادنانە. بۆیە دەکرێ ئەم بانگەوازەی حەسەنی ڕووحانیش هەر لەم خانەیەدا پێناسە بکرێ و تۆزێ ئەولاتریش، واتە پەنابردنە بەر فێڵ و درۆ و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک. هەموان دەزانن کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەڵبژرادنی ئازاد هیچ مانایەکی نییە و تەنیا لەمەجلیسی شەشەمدا نەبێ کە هەندێ کەسی تێدابوون کە بە دڵی خامنەیی نەبوون، ئیتر شۆرای نگەهبان و ناوەندەکانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیی ڕێگەیان نەداوە کە مەجلیسێک پێک بێت کە بتوانێ وەکوو دەزگایەکی یاسادانانی تەنانەت نیوەسەربەخۆ بتوانێ کارەکانی خۆی بەڕێوە ببات.

 ئەوکاتیش و پاش کۆتایی مەجلیسی شەشەم خامنەیی بە ئاشکرا وتی تازە ڕێگە بە پێکهاتنی مەجلیسێکی واش نادەن و تا ئێستاش هەروایان کردووە. جا لەوەها حاڵەتێکدا کە هەڵبژاردنێکی تەواو داخراو لە ڕژیمێکی تەواو داخراودا بەڕێوە بچێ، ئیتر دەنگدان دەتوانێ چ دەسکەت و چ ئاڵوگۆڕێکی بەدواوە بێ کە حەسەنی ڕووحانی داوای دەنگدان لە خەڵک دەکا؟! هەرچەند خەڵک زۆر باش دەزانن کە ئەم چیرۆکە درۆیینانەی حەسەنی ڕووحانی و کەسانی هاوشێوەی ئەو لە مێژ ساڵە خەڵک پێی دەزانن و هەر ئەم کابرایە خۆی دوو دەورەی تەواو سەرکۆماری ئێران بوو و بۆ خۆشی لەم قەیرانە سیاسی، ئابووی و کۆمەڵایەتییانەی بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، و پێش هەڵبژاردنیشی بە سەرۆک کۆمار چەندین و چەندین بەڵێنی بۆ ئاڵوگۆڕ بە خەڵک دا کە هیچ کامیان وەدی نەهاتن و بەدرۆ دەرچوون.

 سەیرتر لەم قسەیەی حەسەنی ڕووحانی قسەکەی وتەبێژی شۆرای نیگەهبانە کە ماوەیەک لەوەپێش وتی، بێ حیجابەکانیش لە ڕۆژی دەنگدان دا مافی دەنگدانیان هەیە!!. ئیتر لەم قسەیەی وتەبێژی شۆرای نیگەهبان تا ئێستا قسەیەکی بێشەرمانەتر و ڕووهەڵماڵاوانتر نەکراوە. ئاخر خۆ هەر لەم یەکساڵەی کە ڕابرد کۆماری ئیسلامی و دەزگا سەرکوتکەرەکانی بە بەهانەی بەقەولی ئەوان "بێ حیجابی" چ جینایەتێک نەما کە دەرحەق بە خەڵکی ئێرانی نەکەن، چ کچان و کوڕانێکی لاو کە لەم یەکساڵەی شۆڕشی ژینادا هەر لە سەر ئەم بەهانەیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شەهید و بریندار نەبوون و لە سێدارە نەدران. ئیتر ئەم قسە بێ شەرمانانە لە کوێوە دێت و چۆن لە ڕوویان دێت چاو لە چاوی خەڵک بکەن و داوای بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، مەگەر هەر خۆیان بزانن.

بێگومان لە وڵاتانی ئازاد و کراوەدا کە هەڵبژاردنی ئازاد و شەففافی تێدا بەڕێوە دەچێ، بەشداریی لە هەڵبژاردن ڕێگایەکی لەبار و درووستە بۆ ئەوەی کە خەڵکی ئەو وڵاتە بەشداری لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیاندا بکەن و هیوایان بە ئاڵوگۆڕ ببێ. بەڵام لە سیستمێکدا کە چارەنووسی کەسانێکی وەکوو مووسەوی و کەڕووبی وای لێ دێت و پاش دزینی ڕەئیەکانیان و ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ هێشتا هەر لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر و زیندانین، ئیتر بەشداریی خەڵک و داوای بەشداری لە خەڵک چ مانایەکی هەیە؟

بێگومان ئەم بابەتە بابەتێک نییە کە پێویستیی بە لێکدانەوە و وەردانەوەی زیاتر و ورد بێ، چونکە هیچ شتێکی شاراوە نییە کە خەڵک نەیزانن و بکرێ فێڵیان لێ بکرێ و تەنووری هەڵبژاردنیان لا خۆش بکرێ. نە هیچ هیوایەک بە ئاڵوگۆڕ ماوە نە چکۆلەترین ئاڵوگۆڕیش دەکرێ، تا دێت گەندەڵی و گرانی و بێکاری و دەیان و سەدان کێشە و قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری زیاتر تەنگ بە خەڵک هەڵدەچنن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش لە بەرچاوی خەڵک لە هەموو کات بێزراوتر و نامەشرووعترە و بە هیچ بانگەواز و داواکاری و هەڕەشەوگوڕەشەو و فێڵ و تەڵەکەیەکیش بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن و بەپێچەوانەی داواکاری و بانگەوازی خامنەیی و ڕووحانی و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، مانگی داهاتوو بە بەشدارینەکردن لەو هەڵبژاردنانە دیسان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە بە گوێی دنیا دەگەیینن.