کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی ٢٠ ساڵەی نێوان ڕووسیە و ئێران، هەڕەشەیەکی نوێ بۆسەر ئاسایشی ناوچە!

13:16 - 7 رێبەندان 2723

ئالان خاس

چەند ساڵێکە باس لە هەوڵی دوو لایەنەی ئێران و ڕووسیە دەکرێ سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی درێژماوە. بەپێی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی ئۆیل-پرایز، ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٤ خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕەزامەندیی فەرمیی خۆی لەسەر ڕێککەوتنی نوێی هاوکاریی هەمەلایەنەی ڕێژیمی تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران و ڕووسیە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دەربڕیوە. هەرچەند ئەوە بەو واتایە نییە کە ڕێکەوتنەکە ١٠٠٪ سەری گرتبێ، بەڵام ئەوە لە لێدوان سەبارەت بە بابەتی هەستیاری هەوڵەکان بۆ ڕێکەوتنێکی لەو شێوە کەم ناکاتەوە.

وا بڕیارە ئەم ڕێککەوتنە جێگەی ئەو گرێبەستە ١٠ ساڵە بگرێتەوە کە لە مانگی مارسی ٢٠٠١ واژۆ کرا و دوای ٢٠١١ دوو جار و هەرجارەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ نوێ کرایەوە. ڕێککەوتنە نوێیەکە نەک تەنها ماوەکەی بەڵکوو لە ڕووی پانتایی و قەبارەشەوە فراوانتر کراوە و سەکتەرەکانی بەرگری و وزە لەخۆ دەگرێت.

ڕێککەوتنی ٢٠ ساڵە کە ناوی "پەیماننامە لەسەر بناغەی پەیوەندی دوولایەنە و بنەماکانی هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیە"ی لێ نراوە  - لە ١١ی نۆڤامبری ٢٠٢٣دا بۆ تاوتوێکردنی لەلایەن دوو وڵاتەکەوە خراوەتەڕوو.

کەرتی وزەی گرێبەستەکە:

ڕێککەوتنە نوێیەکە یەکەمین مافی دەرهێنانی وزە لە بەشی ئێرانی دەریای خەزەر بە ڕووسیە دەبەخشێت، بە کێڵگەی چاڵۆس-یشەوە کە پێشبینی دەکرێت کێڵگەیەکی گازی یەکجار گەورە بێت.  ڕووبەری بەرفراوانی ناوچەی خەزەر، هەم کێڵگەکانی وشکانی و هەم دەریایی، مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی ٤٨ میلیارد بەرمیل نەوت و ٢٩٢ تریلیۆن پێ سێجا (tcf) گازی سروشتی لە یەدەگی سەلمێنراو و ئەگەریدا هەبێت.

لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕووسیە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە گۆڕینی ستاتوی یاسایی ناوچەی خەزەر و، پشکی ئێرانی لە سەدا ٥٠ بۆ لەسەدا ١١.٨٧٥ لە پرۆسەکەدا کەم کردەوە. پێش دۆزینەوەی کێڵگەی چالۆس، ئەمە بەو مانایە بوو کە ئێران لانیکەم ٣.٢ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە داهاتەکانی لە بەرهەمە وزەییەکان لە سەرانسەری سامانی هاوبەشی سەرچاوەی دەریای خەزەر لەدەست دەدات.

بە لەبەرچاوگرتنی نوێترین مەزندە نێوخۆییەکانی ئێران و ڕووسیە، ئەم ژمارەیە دەتوانێت زۆر زیاتر بێت. چونکە پێشتر وا مەزندە کرابوو کە چالۆس نزیکەی ١٢٤ میلیارد پێ سێجا (bcf) گازی لەخۆ گرتووە. ئەمەش یەکسان بوو بە نزیکەی چارەگێک لەو یەدەگی گازەی کە لە مەیدانی زەبەلاحی گازی سروشتی باشووری ئێراندا هەیە کە نزیکەی لەسەدا ٤٠ی کۆی یەدەگی گازی مەزەندەکراوی ئێران و نزیکەی لەسەدا ٨٠ی بەرهەمهێنانی گازی ئێران پێک‌دەهێنێت. خەمڵاندنە نوێیەکان دەڵێن چالۆس پێکهاتوە لە دوو کێڵگە کە نۆ کیلۆمەتر لە یەکترەوە دوورن، چالۆسی "گەورە" کە ٢٠٨ bcf گازی تێدایە، و چالۆسی "بچوکتر" کە ٤٢ bcf گازی هەیە، کە کۆی گشتی دەبێتە ٢٥٠ bcm گازی سرووشتی.

بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە هەمان مافی دەرهێنانی وزە بۆ ڕووسیە لە کێڵگە گەورەکانی نەوت و گازی ئێران لە خوڕەمشار و پارێزگاکانی نزیکی ئیلام کە هاوسنوورن لەگەڵ عێراقیشدا گونجێندراوە. کێڵگە هاوبەشەکانی ئێران و عێراق لە مێژە ڕێگەیان بە تاران داوە کە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر کەرتی سەرەکیی نەوتی خۆی دەور بداتەوە، بەو پێیەی ئاسان نەبوو بزانرێت چ نەوتێک لە لایەنی ئێرانەوە هاتووە یان لە دیوی عێراقی ئەو کێڵگانە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی توانای ئەوەی هەبوو کە بەئاسانی ناوی نەوتی گەمارۆدراوی خۆی بە نەوتی گەمارۆنەدراوی عێراقی بگۆڕێت و هەناردەی بکات.

کەلکاوەژۆ لە دامەزراوە و پلاتفۆرمە سەرەکیەکانی نەوت و گاز لە سەرانسەری عێراق بەشێکی سەرەکییە لە پیلانی درێژخایەنی ئێران، کە بە تەواوی لەلایەن ڕووسیە پاڵپشتی دەکرێت، ئامانجیش لێی دروستکردنی 'پردێکی وشکانی' بۆ کەنارەکانی دەریای نێوەڕاست لە سورییەیە. ئەمەش وا دەکات ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاوتر گەیاندنی چەک بۆ باشووری لوبنان و ناوچەی بەرزاییەکانی جۆلان لە سووریە زیاد بکات بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیلدا بەکاربهێنرێن. ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتە، وێدەچێ وروژاندنی ململانێیەکی فراوانتر بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ شەڕێک ڕابکێشێت کە هاوشێوەی شەڕی عێراق و ئەفغانستان، بە لێکدانەوەی ئەوان شکستێک بێت بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

نرخی هەموو ئەو کاڵایانەی لەنێوان ڕووسیە و ئێراندا مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بە کەلوپەل و پێداویستی سەربازی و وزەییەوە، لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا بە فەرمی کراوە، هەرچەندە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێرانیشدا نییە و لەڕاستیدا ملکەچ بوونێکی لەڕاددەبەدەری ئێرانە بۆ ڕووسیە. بۆ ئەو کاڵا ئێرانیانەی کە هەناردەی ڕووسیە دەکرێن، تاران تێچووی بەرهەمهێنان لەگەڵ ٨ لەسەد قازانج وەردەگرێت. بەڵام پارەی کاڵای هەناردەکراو بۆ ڕووسیە ناگوازرێتەوە بۆ ئێران، بەڵکو وەک قەرز لە بانکی ناوەندیی ڕووسیە (CBR) هەڵدەگیرێ. جگە لەوەش ئێران لە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار/ڕۆبل یان یۆرۆ/ڕۆبل کە بۆ حیسابکردنی قەرزەکانی لە CBR بەکاردێت زەرەرێکی بەرچاو دەکات. بەپێچەوانەوە بۆ ئەو کاڵا ڕووسییانەی هەناردەی ئێران دەکرێن، مۆسکۆ پارەی پێشوەختە و بە نرخی دراوی زۆر بەهێزتر کە سوودی بۆ ڕووسیە هەیە، وەردەگرێت.

لە زۆر حاڵەتدا فراوانبوونی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیە لەو ڕێککەوتنە نوێیە ٢٠ ساڵەیەدا بەستراوەتەوە بە خاڵەکانی کەرتی وزەوە. پێشکەوتن لەڕاستای نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی وەک فڕۆکەخانە سەرەکییەکان و بەندەرەکان، کە لە مێژە لەلایەن ڕووسیە ئامانجن و بە گرینگ دەبینرێن بۆ هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی، و هەروەها بەهۆی نزیکیان لە دامەزراوە گەورەکانی نەوت و گاز.

لە سەرووی لیستی ئەو فڕۆکەخانانەی ئێران کە ڕووسیە بە باشترینیان دەزانێت بۆ کەڵکوەرگرتن لەلایەن هێزی ئاسمانی خۆیەوە بریتین لە هەمەدان، بەندەر عەباس، چابەهار، و ئابادان. جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە لە مانگی ئاگۆستی ٢٠١٦ ڕووسیە بنکەی ئاسمانی هەمەدانی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجگەلێک لە سوریا بە بەکارهێنانی هەردوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوور مەودای توپۆلیڤ-22M3 و سوخۆی-34. لە سەرووی لیستی بەندەرەکان بۆ بەکارهێنانی لەلایەن هێزی دەریایی وڵاتەکەیەوە کە ڕووسیە چاوی تێ بڕیون بریتین لە چابەهار، بەندەری بوشێهر و بەندەر عەباس.

لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا بە هەمان شێوەی کە ڕووسیە ئەوەڵین مافی دەرهێنانی وزەی لە بەشی ئێرانی دەریای خەزەر پێ دراوە، فەرماندەیی هاوبەشی بەسەر بەشی بەرگری ئاسمانی باکووری ناوچەی خەزەری ئێرانیشی پێ دەدرێت.

هەرچەند تا ئێستا بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە کە ڕێکەوتنەکە واژۆی کۆتایی لەسەر کرابێت، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە نوێیە ٢٠ ساڵەییەی نێوان ئێران و ڕووسیە دەتوانێت دیمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەوروپا و ئاسیا بگۆڕێت چونکە دەستڕۆیشتوویی ئێران لەڕووی سەربازیەوە بەربڵاوتر دەبێت و ئەوەش بێگومان بۆ خۆسپاندنی زیاتر و بەزۆر وەدەستهێنانی خواستەکانی بەکاردێنێت و دەبێتە مەترسی گەورە بۆسەر وڵاتانی ناوچە.

بە ئەگەری زۆر، ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پلانیان بۆ پێشگرتنی ئێران نەبێ، ئەو ڕێکەوتنە دەتۆانێت هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگۆڕێت.