کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕقی کۆن

10:51 - 9 رێبەندان 2723

عەلی بداغی

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان چوار چالاکی سیاسیی کورد پاش ١٨ مانگ بەندکران و بەبێ ئەوەی مافی پارێزەریان هەبێت و دادگاییکردنەکەیان کەمترین پێوەرەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانەی تێدا ڕەچاو کرابێت؛ لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە دار دران. بە ئێعدامکردنی ئەو چوار تێکۆشەرە سیاسییەکەی کورد ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا ئێعدام کراون، لە ٨٠ کەس تێپەڕی.

هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکەی چەندڕۆژ لەمەوبەری ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبدا هاتبوو، یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی ئێعدامەکان له‌ ئێران په‌ره‌پێدانی ترس و تۆقاندنی خەڵکە بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ڕێ له‌ سه‌رهه‌ڵدان و پەرەسەندنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بگرن، چونکی کۆماری ئیسلامی نیزامێکی سیاسیی توتالیتێرە کە بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر کوشتن و حەزفی فیزیکیی نەیاران و سەپاندنی کەشی سەرکوت و تۆقاندن ڕاگرتوە. بەڵام لە تەنیشت ئەوەدا ئێعدامە سیاسییەکان دەکرێت بە نیشانەی زەبوونی و داماویی ڕێژیم و مایەپووچ‌هاتنەوەی سیاسەتەکانی دابنێین کە تۆڵەی هەرەسهێنان و ناکامییەکانی لە تێکۆشەرانی سیاسی و کەسانی جیابیر و ئازادیخواز دەکاتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە بەردەوامیی سیاسەتی ئێعدام لە کوردستان وەک سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان ئەگەر لەلایەک نیشانەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوژمنایەتیی ڕەهای ڕێژیم لەگەڵ خەڵکی کوردستان و مافەکانیەتی، هاوکات نیشانەی زیندوویەتی و خۆڕاگریی جووڵانەوە سیاسییەکەشیەتی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢٨٠ چالاکی کوردی بەهۆی خەباتی سیاسی و مەدنییان بەدژی ئەو ڕێژیمە ئێعدام کردوە، هەروەها دەزگای تێرۆری ئەم ڕێژیمەش لانیکەم ٤٦٠ ئەندام و تێکۆشەری حیزبە کوردییەکانی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکانی تێرۆر کردوە کە سەرجەم ئێعدامەکان و تێرۆرەکان بە کوشتنی سیاسی دادەنرێن. کۆماری ئیسلامی هاوتەریب لەگەڵ ئەم توندوتیژییە سیاسی و سیستماتیکە بە ڕوانگەی ئەمنییەتی و ئایدیای کۆلۆنیالیستی لە کوردستانی ڕوانیوە و ئەو بەشە لە جوغرافیای ئێرانی سیستماتیک لە پەرەسەندنە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەڵاواردوە.

لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا مافەکانی خەڵکی کوردستان، چ مافە سیاسی و مەدەنی، نەتەوەیی، کولتووری، زمانی، ژینگەیی و بە گشتی لە هەموو ڕەهەندەکانەوە مافی کورد لە ئێران پێشێل کراوە و هەروەک گوترا ئەو پێشێلکارییە هەم سیستماتیکە و هەم ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. لە ڕێگری لە خوێندن بە زمانی زگماکەوە بگرە هەتا پەراوێزخرانی کوردستان لە گەشە و پەرەسەندن. لە هەڵاواردنیان لە هاوبەشی سیاسی و بێبەشکردنیان لە ئیدارەکردنی شار و ناوچەکانی خۆیان ڕا بگرە هەتا دەگاتە بەتاڵانبردنی سامان و سەرچاوە سروشتی و ژێرزەوییەکانیان؛ لە ئاگردانی دارستانەکانی کوردستان ڕا بگرە هەتا دەگاتە بەرگرتن بە چالاکی و جموجۆڵە فەرهەنگییەکان؛ و لە گرتن و ئەشکەنجەدان و سەپاندنی حوکمی زیندانی درێژخایەن هەتا ئێعدام و کوشتنە سیاسییەکان.

پتر لە چوار دەیەیە ڕۆژنامه‌نووس‌‌، چالاکی کرێکاری ‌و هه‌ڵسووره‌ مه‌ده‌نییه‌کان له‌ کوردستان نه‌ک له‌سه‌ر که‌یسێکی سینفی؛ به‌ڵکوو به‌ تۆمه‌تی ئه‌منیه‌تی ده‌گیرێن ‌و به‌ندکراوه‌ سیاسییه‌کانیش قورسترین حوکمیان له‌ ده‌زگای قه‌زاییدا به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە کوردستان له‌ ڕوانگه‌ی کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمەوە سه‌ری ماره‌که‌یه‌ و ده‌بێ پان بکرێته‌وه‌ و لەو سۆنگەیەشەوە تێچووی چالاکیی سیاسی، مه‌ده‌نی‌ و هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستان له‌ چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران زۆر له‌سه‌رێیه. به‌ڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆی هەموو هەموو ئەو سەرکوت و داپڵۆسینە کۆڵیان به‌ ڕوحی خۆڕاگری، خەبات و به‌ربه‌ره‌کانیی خەڵکی کوردستان نەداوە و خەبات و تێکۆشان لەپێناو شوناسخوازی و مافە زەوتکراوەکانیان‌ تەنانەت بە دانی زۆرترین تێچوو و بەختکردنی گیان و ژیانیان هەروا درێژەی هەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لای وایە بە ئێعدام و کوشتن و تێرۆر و مووشەک‌باران دەتوانێ جووڵانەوەی کورد لە پێ بخا، بەڵام ئەوە هەوڵێکی بێ سەمەر و ئاسنی ساردکوتانە. چونکی ئه‌گه‌ر ئیعدام‌ و له سێداره‌دان ‌و زیندان و سەرکوت پێشێ بە پەرەسەندنی خه‌بات بۆ ئازادی ‌و ڕزگاری گرتبا، هه‌ر له دوای له سێداره‌دانی پێشه‌وا و ڕووخانی کۆماری کوردستان ده‌بوا بزووتنەوەی سیاسیی کورد و خەبات بۆ شوناس و مافخوازی لە پێ کەوتبا و کەس لە کوردستان باسی له ماف ‌و ئازادییه‌کانی نه‌کردبا. به‌ڵام هەروەک دەیبینین و بۆخۆشیان زۆر باش دەیزانن، ئەم سیاسەتەی ڕێژیم خەباتی مافخوازانەی کوردی نەک پێ بنکۆڵ نەبووە، بەڵکوو ئەم بەرگری و شوناسخوازییە لە هەموو ڕەهەند و بوارەکاندا پەرەی سەندوە و ڕێژیمی بەرەوڕووی ئاستەنگ و چالنج کردوە.

لە کۆتاییدا درێژەی ئێعدامکردنی تێکۆشەرانی سیاسیی کورد نەک دادی ڕێژیم نادات، بەڵکوو ئەمە دەبێ بە دوا پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازکردنی گیانی لە قەیرانەکانی ئێستا دابندرێ؛ ڕێژیمێک کە هیچ دەرەتانێکی بۆ خەڵکی ئێران جیا لە بڕیاری کۆتاییان بۆ ڕووخاندن و تێکەوەپێچانی تۆماری تەمەنی نگریسی نەهێشتۆتەوە. کوردستانیش بۆ ئەم ئامانجە پێشەنگە و ئەمەش باج و تێچووی پێشەنگایەتیی ئەو خەباتەیە کە دەیدات.