کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لەو جینایەتانەی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار خوڵقاندنی

13:00 - 18 بەفرانبار 2723

ڕێژیمی منداڵکوژ

بەشێک لەو جینایەتانەی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار خوڵقاندنی

ڕەزا مورادی

لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتدارەتیی دیکتاتۆری و پڕ لە نەهامەتیی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ژێردەستەی ئێران و بەتایبەت کورد، سیاسەتی گرتن، ئەشکەنجە، کوشتنی جیابیران، نەیارانی نێوخۆیی و تێرۆری ئازادیخوازان لە دەرەوەی وڵات ڕوخساری دژەمرۆیی‌بوونی لە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتیدا بە تەواوەتی دەرکەوتوە. دەسەڵاتێک کە هەر لە سەرەتاوە بە پاساو و بە ناوی ئایین و پاراستنی بەهاکانەوە لە هیچ تاوان، کوشتوبڕ و ڕەشەکوژییەک دەستی نەپاراست و بەئاشکرا دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئازادی و دێموکراسی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەربڕی و بەکردەوەش هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چەقبەستوویی کۆمەڵگە و هەر چەشنە پێشکەوتنێکی هزری.

 ڕێژیم لە کوردستان شێواز و پلان و بەرنامەی چڕتری هەبوو بۆ گەلی کورد، لەبەر ئەوەی کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕووی ڕاستەقینەی بۆ کورد دەرکەوتبوو. هەربۆیە خومەینی بە پشت‌بەستن بە ئایەتی قورئان "اشدا علی کفار..." لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا خوێنی کوردی بە حەڵاڵ زانی و فەرمانی دا تا "غائل"ەی کوردستان کۆتایی پێ‌بێنن. هەر بە دوای ئەم فتوایە لە هەموو لایەکەوە هێزی کۆنەپەرەستی ڕێژیم پەلاماری کوردستانیان دا و جگە لە نەورۆزی خوێناوی لە سنە، پاوە و نەغەدە چەندین شوێن و ناوچەی تری کوردستان کەوتنە بەر لێشاوی بێ‌بەزەییانەی هێزەکانی ڕێژیم، وەک هەوشار.

خەڵکی ناوچەکانی هەوشار (تیکاب و ساینقەڵا) بەهۆی هەڵکەوتەی جۆغرافیایی و فرەنەتەوەبوونی ئەم ناوچەیە و هاوسنووبوونی لەگەڵ پارێزگای زەنجان پاش فتواکەی خومەینی بێبەش نەبوو لەم پەلامارانە و دانیشتووانی کوردی ئەم ناوچەیە زۆر بەتوندی کەوتنە بەر ڕقی هێزە کۆنەپەرەستە گۆشدراوەکانی ڕێژیم. هەر لە دەسپێکی ئەو پەلامارانەدا -دیارە پێشتریش تاک و تەرا پێکدادان هەبوو- چەندین ماڵی کورد لە شێرەمەرد و ئەحمەدئاوا سووتان و زیاتر لە دە کەس کە منداڵیشی تێدا بوو، بوون بە قوربانیی دەستی هێزەکانی ڕێژیم.(١)

ڕێژیم بە کەلک‌وەرگرتن لە جیاوازیی مەزهەبی و نەتەوەیی نێوان دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و دنەدانی کەسانی غەیری کورد وەکوو بەرپرسی حکوومەتی دژی کورد، پەلامار و هێرشەکانیان بۆ سەر گوندە کوردەکان چڕتر کردەوە و لە کۆتاییدا دەستیان بەسەر ئەو گوندانەدا گرت و چەندین ماڵی کوردیان ئاگر تێبەردا. هەر بۆیە بەشێک لە کوردەکان بەناچاری بۆ پاراستنی گیانیان ئاوارەی گوندەکانی دیکە بوون و ماڵ‌وحاڵی خۆیان بەجێ‌هێشت. پاش ئەوەی کە هێزەکانی ڕێژیم لەم گوندانە جێگیر بوون بە هەموو هێز و توانایەکەوە پەلاماری گوندەکانی حەسەناوا و نەبیکەندیان دا و تەنانەت دەستیان لە کوشتنی پیر، ژن، منداڵ و تەنانەت کۆرپەڵەش نەپاراست.(٢)

نەبوونی زمانی وتووێژ و باوەڕمەندنەبوونی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە ئازادی و یەکسانیی نێوان گەلانی ئێران و داخستنی هەموو ڕێگایەکی ئاشتیانە و هەوڵەکان بۆ بەچۆکداهێنانی ئیرادەی گەلی کورد لە لایەکەوە کە کوردی بە مەترسی بۆ سەر خۆی و بەرژەوەندییەکانی دەزانی و، لەلایەکی تریشەوە مکووڕ بوون و داکۆکی‌کردنی گەلی کوردیش بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی،؛ کۆماری ئیسلامی ڕژدتر کرد هەتا بەو پەڕی هێزەوە بیەوێ ئیرادەی گەلی کورد تێک‌بشکێنێت. ڕێژیم کە لێبڕابوو بە حیسابی خۆی "غائل"ەی کوردستان بۆ هەمیشە بنەبڕ بکات، لە پەلامارەکانیاندا تەنانەت بەزەییان بە منداڵانی نێو بێشکەشدا نەهاتەوە، بەو بیانووەی ئەم منداڵانە کە گەورە بوون دەبن بە "ضد انقلاب" و مەترسی لەسەر "حکومت عدل علی "دروست دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە جگە لەو کەسانەی بە تۆپ و خۆمپارەکانی ڕێژیم دەبوونە قوربانی لە هەمان‌کاتدا ژمارەیەکیش لە خەڵکی بێ‌دەسەڵات و سڤیلی ئەو گوندانە بەهۆی دەمارگرژی و ڕق و گرێ‌کوێرە دەروونییەکانی هێزەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لێ ئەستێندرا.(٣)

جگە لە شارەکانی تیکاب و ساینقەڵا کە هەر لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە کەوتبووە دەستی ڕێژیم چەندین گوندی پشت چەم (چەم قەورە) لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەتەواوەتی دەستی بەسەرداگیرا و لە هیچ تاوانێک دەستیان نەدەپاراست و لەو بڕوایە دابوون بە هەڕەشە، ترس و تۆقاندن و کوشتن دەتوانن کۆتایی بە ئیرادەی گەلی کورد بێنن، بەڵام پاش تێپەڕینی ٤٤ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی، گەلی کورد قورس و قایمتر لە جاران لەپێناو خاک و مافە ڕەواکانیدا بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی دەکا.

 هێزەکانی ڕێژیم لە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٦٠ی هەتاوی توانیان دەست بەسەر گوندی ماینبڵاخ لە ٣٢ کیلۆمەتریی شاری تیکابدا بگرن و بەچەشنی گوندەکانی تری هەوشار پەلاماری خەڵکیان دا و دەستیان کرد بە لێدان و هەڕەشە و تۆقاندن. دواتر ١١ کەس لە ڕیش‌سپی و پیاوماقووڵەکانی گوندیان ڕاپێچی پاسگای ماینبڵاخ کرد و وەک بارمتە دەستبەسەریان کردن و هەر ئەو شەوە هەر یازدە کەسەکەیان لەنێو پاسگاکەی ماینبڵاخدا دایە بەر ڕەگباری چەکەکانیان وکۆمەڵکوژیان کردن.(٤) پاش چەندین ساڵ بەدواداچوون و هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەی قوربانییەکان بۆ دادخوازی و لێپرسینەوە لەو تاوانە گەورەیە، بەرپرسانی ئەو ناوچەیە و تەنانەت دادگاش بەپێچەوانەی خواستی خۆیان، لەبەر بوونی بەڵگەی تەواو و شاهید، دانیان بەوە دانا کە ئەو ڕەشەکوژییە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کراوە، بەڵام هەڵەیەک بووە و بەهۆی لێک‌تێنەگەیشتنەوە کراوە.  

پاش فتواکەی خومەینی بەنی‌سەدر وەک یەکەم سەرۆک‌کۆمار کە گوتبووی "قەیتانی پۆتینەکانتان مەکەنەوە هەتا کوردستان پاکسازی دەکەن"، هێزی کۆنەپەرەستی ڕێژیم کە پێیان وابوو گەلی کورد کافرە و خوێنی حەڵالە و بە کوشتنی ژن و مناڵی کورد بەو کلیلەی کە لە ملیان دابوو ڕاستەوخۆ دەچنە بەهەشت، بە بیری کۆنەپەرەستانەوە لەگەڵ دەمارگرژی و گرێ‌کوێرە دەروونییەکانیانەوە بێ‌بەزەییانە هەر کەسیان گرتبا دەیانکوشت و ماڵەکەیان دەسووتاند. هەر لە درێژەی ئەو ڕەفتارەدا گوندی "حەسەن‌لەولان"یش پەلامار و گەمارۆ درا. خەڵکی بێ‌دەسەڵاتی ئەم گوندە ئەوانەی توانایان هەبوو خۆیان دەرباز کرد و ئەوەشی کە مایەوە بۆ پاراستنی گیانی، خۆیان حەشار دا؛ کەچی تاوان و جیناتەتەکانی ڕێژیم کارەساتی لێ کەوتەوە.(٥)

هاوینی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی پاش چەندین شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ڕێژیم، ناوچەی هەوشار بە تەواوەتی داگیرکرا و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ڕێژیم چاونەترسانە پەلاماری گیان و ماڵی خەڵکی بێ‌تاوان بدەن و کۆمەڵێک جینایەتی دیکەش بخوڵقێنن.(٦)

ساڵی ١٣٥٨ هەتا ١٣٦٠ بە دیاریکراویی ٧٠ کەس لە خەڵکی سڤیلی گوندەکانی هەوشار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە شەهید کران، کە ١٠ کەسیان ژن بووە و نیزیک بە نیوەی ئەم ژمارەیەش تەمەنیان لەسەرەوەی پەنجا ساڵ بووە و هەشت قوربانییش منداڵی خوار تەمەن ١٠ ساڵ بوو.

بەهۆی هەڵکەوتەی جۆغرافیایی و بارودۆخی تایبەتی ئەم ناوچەیە ئێستاشی لەگەڵدا بێت جگە لە هەڕەشە و ترس و تۆقاندن، پەراوێزخستنی کورد و هەڵاواردن لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕێژیم لە هەوشار چەند قاتە و؛ لەم سۆنگەیەوە دەستپێڕاگەیشتن بە ژمارەی تەواوی قوربانیانی دەستی هێزەکانی ڕێژیم و تاڵانکاری و تاوانەکان پاش شۆڕشی گەلانی ئێران ئەستەمە، هەر بۆیە گومان لەوەدا نییە ماڵ سووتان و کوژرانی خەڵکی سڤیل لەم ناوچەیە زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی کە لە بەردەست‌دایە. 

***

١) حەبیب قارەمانی و ئیسماعیل محەممەدی لە شێرەمەرد و محەممەدئەمین شوعاعی، عەلیمەرد گەرامی، سەید سەعید مەحموودیان، حاجی  سەیفوڵڵا وەیسی، عایشە حاجی لوتفە، یەحیا قارەمانی ١١ساڵە لە گوندی ئەحمەداوا.

٢) خانم باسامی، ئەحمەد عومرانی، حەسەن باسامی، سەیفوڵڵا بەرزگەر، شێخ باباعەلی، سەید نیزام، سۆفی ئیسماعیل و کوڕێکی سۆفی فەتاح لە حەسەناوا و محەممەد ڕاعی، ئاسیە لوتفی، سەدیق ئەمیرپەناهی، فاتمە ئەمیرئەحمەدی، سەدیق یەگانە، مەنسوور یەگانە ٢ ساڵە، ناسر یەگانە (کۆرپەلە)، مەحبووبە خێزانی سەدیق یەگانە، سەعید ئەمیری، ساڵەح گەرامی، محەممەد سۆفی‌ئەقدەم و سولیمان کوڕی مەحموود ٦ ساڵە لە نەبیکەندی کە لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژران.

٣) بۆ نموونە لە گوندی مینبەر(مەمەر) سەر بە ساینقەڵا، گەلاوێژ نەساج (٤ ساڵە) بە گوللە و عەلی و ئەقدەس نەورۆزیش (٥ و ١٢ ساڵە) بە نارنجۆک کە هەڵیاندابووە نێو ماڵەکەیان گیانیان لەدەست دا. هەروەها بایز جەمشیدیش پاش بریندارکردنی ڕێگەیان نەدا چارەسەری پزیشکی وەربگرێ و بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەست دا. لە گوندی ئاغەجەری محەممەد باخەوان کە نابینا بوو، لەگەڵ خەرمانی خێزانی درانە بەر ڕەگبار و بەبێ هیچ سووچ و تاوانێک کوژران، هەروەها عەبدوڵڵا بەهرامی کوڕی حاجی محەممەدئەمین بیچاقچی لە سانجوود لەگەڵ هاوڕێکەی لە کاتی دروێنەی گەنمدا درانە بەر فیشەک و بێ‌بەزەییانە و تەنیا بە تاوانی کوردبوون گیانیان لێ ئەستێندرا.

٤) سەید حەکیم مووسەوی، مەلای مزگەوت تەمەن ٦٥ ساڵ؛ حاجی سەعید عیبادی تەمەن ٧٥ ساڵ؛ حاجی عەبدوڵڵا ئەمیری تەمەن ٧٥ ساڵ؛ حەسەن زارعی تەمەن ٦٤ ساڵ، حوسێن زارعی تەمەن ٦٧ ساڵ، محەممەدکەریم زارعی تەمەن ٢٣ ساڵ، عەبدولڕەحمان شاهی تەمەن ٦٣ ساڵ، حەبیب ڕەحیمی تەمەن ٦٠ ساڵ، برایم مەولوودی تەمەن ٥٧ ساڵ، کەریم پەرتەوی تەمەن ٦٠ ساڵ و محەممەد بابایی تەمەن ٥٥ ساڵ.

٥) سەعید مەلەکی تەمەن ١٥ ساڵ لە ترسی هێزەکانی ڕێژیم لە پشت دارەتەونی ماڵەکەیاندا کە هێندەی نەمابوو تەواو ببێت، خۆی حەشار دابوو، و کاتێک ئەم هێزە ماڵەکەیان ئاگر دا، سەعیدیش لە پشت دارەتەونەکەوە دەسووتێ و دەبێتە پارچەیەک خەڵووز. دواتر محەممەدکەریم باوکی و عەبدوڵڵا ئەحمەدی (مەیخان)یش تەنیا و تەنیا لە بەر کوردبوونیان لەو ئاواییە کوژران.

لە دڕیژەی تاوانەکانی ڕێژیم لە هەوشار فاتمە ئاخەوان، زاهد زارعی، خالید زارعی، زاهد کاکایی و عەتا ئاقایی لە گویاغاج و محەممەد قودرەتی و حاجی ساڵەح عەزیزی لە قزکوێرپی و پیرۆز مورادی و مەحموود وەلیزادە وحاجی شامحەممەد شێری لە قۆزڵوو بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لێ ئەستێندرا.

٦) لە خاتووناوا میرزا محەممەدڕەسووڵ زەیجی و لە داشکستان سەید عەلی، سەید مەحموود، ڕەحیم منەووەر و کوڕی مەولوود ڕەحمانی درانە بەر ڕەگبار و کوژران.  لە دومەزکەندیش ڕەحمان سەقزی، برایم سەقزی، شەریف جەوانی و کوڕی حاجی کەریم و لە ئاغدەرەی نێوەڕاستیش کوێخا عەلی بکەنە گیانیان لێ ئەستێندرا.