سمایل شەرەفی
هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵ لە ئێران مەیدانی ڕووبەرووبوونەوەیەکی دیکەی خەڵک و دەسەڵاتن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە، سەر سندوقەکانی دەنگدان وەک نموونە و نیشانەیەک بۆ شەرعییەتی خۆی لەنێو خەڵکدا دەربخات، لە حاڵێکدا نە دەنگی خەڵکی بۆ گرینگ بووە و نە بەهۆی ئەندازیاریکردنی هەڵبژاردنەکانەوە، ئیزنی داوە دەنگ و ئیرادەی خەڵک لە وێنای ڕاستەقینەی خۆیدا دەربکەوێت. لەلایەکی دیکەوە؛ بەرەی خەڵکیش سەر سندووقەکانی دەنگدانیان بۆ گرینگ بووە؛ چ ئەوکاتەی بەشدارییان کردوە و چ ئەوکاتانەی بایکۆتیان هەڵبژاردەوە و نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئامانجی خەڵک هەمیشە ئەوە بووە کە یەک بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت بەرەی حاكمییەت بڵێن.
ئێستا کە بە ئەندازیاریی و پیلانی بەیتی ڕێبەری و بەرەی توندئاژۆی "انقلابی"، هەموو جومگەکانی دەسەڵات بەتایبەت سێ روکنی ئەساسیی (دەوڵەت، دەزگای داد و پارڵمان) یەکدەست و خالس کراونەتەوە و، خەڵک تەنانەت هیچ مەجالێکی بۆ هەڵبژاردنی "خراپی خراپترەکان"یش نەماوەتەوە، بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدانیان هەڵبژاردوە. بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو و بەدوای شۆڕشی ژینادا، خەڵکی ئێران و گەلانی ئازادیخوازی ئەم وڵاتە، بەرچاوتر لە هەمیشە، ڕیزی خۆیان لە ڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی جیا کردۆتەوە.
ڕێژیم کە بە ڕەتکردنەوەی بەلێشاوی بەربژێرەکان تەنانەت ڕەحمی بە مۆرە ئەساسی و سەرەکییەکانی خۆیشی نەکرد و بازنەی "خودی"یەکانیشی ئەوەندەیتر بەرتەسکتر کردۆتەوە، دیسان هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و حزووریان لەسەر سندووقەکلانی دەنگدان، زۆر و بەرز نیشان بدات. لەو لاشەوە جیا لە بەرەی خەڵکی ئازادیخواز و دژبەری کۆماری ئیسلامی، تەنانەت "خودی"ییەکانی سێ چوار ساڵ پێشی بازنەی ڕێژیمیش پێیانوایە؛ کۆماری ئیسلامی هیچ زەرفییەتێکی بۆ گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوە، تێدا نەمەوە و قسە لە تەحریمی هەڵبژاردنەکان و گەیاندنی "پەیامی کۆتایی" بە عەلی خامنەیی و تەواویەتیی ئەم ڕێژیمە دەکەن.
یەکێک لە ڕێگاکانی گەیاندنی پەیامی کۆتایی بە دەسەڵات، مەیدان و ڕێگای هەڵبژاردنەکانە. هەرچەند لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا قەت هەڵبژاردنێکی ئازاد کە دەنگ و پەیامی خەڵک تیایدا وەک پێویست ڕەنگی دابێتەوە، بەڕێوە نەچووە. بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی لێبڕاوانەی یەکگرتوو بۆ گەیاندنی پەیامی کۆتایی بە دەسەڵاتدارانی تاران هەبێت، خەڵک دەتوانن هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە بۆخۆیان بکەنە ئازادانەترین هەڵبژاردن و بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئازادانە پەیامی کۆتایی خۆیان کە "نەویستنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی"یە بە گوێی دیکتاتۆرانی تاران و کۆمەڵگەی جیهانییش بگەیەنن.
عەلی خامنەیی کە بەتەواوەتی هەستی بە کەمتەرخەمیی خەڵک بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکان کردوە و لە دابەزینی حزووری خەڵک لە سەر سندووقەكانی دەنگدان دڵنیایە -هەرچەند ئامانجی هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵک بوو– گوتی؛ "بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، نیشانەی دژایەتی لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامییە". کەوایە دەسەڵاتیش تێگەیشتوە لەوەی کە بایکۆتی سندوقەكانی دەنگدان، گەیاندنی پەیامی دژایەتیی خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵاتە. هیچ گومانی تێدا نییە کە زۆرینەی خەڵکی گەلانی ئێران بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١١ ڕەشەممەدا ناکەن، بەڵام ئەوەی زۆر گرینگ و کاریگەرە، ئەوەیە کە قورسایی ئەم زۆرینەیە پێویستە بە کردەوە نیشان بدرێت.
لە شۆڕشی ژینادا زۆربەی خەڵکی ناڕازی بە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی بە دڵ و باوەڕ لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی سەر شەقامەکاندا بوون، بەڵام بەکردەوە گۆشەگیر و چاولێکەر بوون، بۆیە ئەو جۆرەی کە پێویست بوو، شەقام نەیتوانی هێز و قورسایی خۆی نیشان بدات و ڕێژیم تووشی چالش و پاشەکشە بکات. بێگومان ئەگەر چینی مامناوەندی کۆمەڵگە کە هیچ باوەڕێکی بە کۆماری ئیسلامی ئێران نییە توانیبای ڕۆڵ بگیڕێ و تەنیا چاولێکەر نەبا، بە دڵنیاییەوە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بەرینتر و لە ئامانجەکانی خۆیان پتر نزیکتر دەبوونەوە. بۆیە لە ١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵدا خەڵک لەبەردەم تاقیکارییەکی دیکەی مێژووییدان و بۆ گەیاندنی پەیامی کۆتایی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە بە ڕەفتارێکی گشتگیری یەکگرتووانە و، زۆرایەتییەکی قورس و مانادارەوە، بۆ هەمیشە ناڕەوابوونی ئەم ڕێژیمە بە هەموو جیهانیان نیشان بدەن. لەم پێوەندییەدا پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنیی گەلانی ئێران لەگەڵ یەکتر لەپێوەندیدا بن و هەر لە ئێستاوە زێهنییەتێکی گشتی بۆ ڕەفتارێکی یەکانگیری گشتی کە نەچوونەسەر سندووقەکانی دەنگدانە، لەنێو خەڵکی ئێراندا بە گشتی ساز بکەن. حیزبە سیاسییەکان هەموو توانایان بۆ ئەم کارزارە تەرخان بکەن و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە لە هەموو چین و توێژە و ئاستێکدا کار لەسەر هەڵمەتی "بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە" بکەن.
لە ١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە نیشاندانی خەڵک لەسەر سندووقەكانی دەنگدان وا نیشان بدات کە بەپێچەوانەی ئەو ئیدیعایانەی بە دژی دەکرێ، هێشتا خەڵکی لەپشتە و مەشرووعیەتی ماوە! بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو ئەندازیاری و پیلان و هەوڵانەی ڕێژیم لەم پێوەندییەدا داویەتی، پێویستە خەڵک تێکڕا و و یەکگرتووانە تەنیا بە نەچوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان، نەتەنیا پرسیار لە سەر مەشرووعیەتی نەبووی ساز بکەن بەڵکوو پەیامی "کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆر" لە مێژوویی ئەم وڵاتەدا تۆمار بکەن.