کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرەسی شۆڕشی ١٣٥٧

21:29 - 14 رێبەندان 2723

مەنسوور مروەتی

ئەم ڕۆژانە هاوکاتە لەگەڵ ٤٥ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژبە حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی و هاتنەسەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی. بە ئاوردانەوەیەک لە ساڵانی پێش سەرکەوتنی شۆڕش، خەڵکی ئێران بەهیوای ژیانێکی باشتر و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی کراوەتر و دێموکرات، بەدژی ڕێژیمی پەهلەوی ڕاپەڕین و بەپێچەوانەی ئەوەی لە دۆخی هەستیاری ئەوکات بیری لێ دەکرایەوە، کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر شۆڕشێکدا گرت کە ئاکامەکەی ئەوە نەبوو کە خەڵک لەوکاتەدا بۆی ڕاپەڕیبوون.

 لە ڕاستیدا ڕێژیمی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی پێش هەموو شتێک دژبە مودێڕنیتە و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی کراوە و مودێڕن و دێموکرات بوو. ئەگەر ڕێزگرتن لە یاساکانی نێودەوڵەتی و پێوەندییەکی ساخڵەم لەگەڵ دنیای نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و پەرەپێدان بە زانستەکانی ئەوڕۆیی و مۆسیقا و هتد... وەک چەند نموونەیەک لەو تایبەتمەندییانە ناو بەرین، ئەوا زوو بەو ڕاستیە دەگەین کە بەڵێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە پاش شۆڕشی ١٣٥٧، شۆڕشەکە لە نێوەرۆک و لە ڕواڵەتیشدا گۆڕدرا بۆ دژایەتی لە گەڵ نوێبوونەوە، پێشکەوتن و ئازادییە دێموکراتیییەکان. بۆ وێنە؛ هێشتا ساڵێک بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشدا تێ‌نەپەڕیبوو کە باڵوێزخانەی ئەمریکا لەلایەن کۆمەڵێک کەسی توندڕەو کە بەشی زۆریان بە خوێندکارانی شوێنکەوتووی خەتی ئیمام دەناسران داگیر کرا و یەکەم پێشێلکاری بەدژی یاساکانی نێودەوڵەتی لە سایەی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەییشتوو لە ئێراندا ڕووی دا. هەر ماوەیەکی کورت دوای سەرکەوتنی شۆڕش، حیجابی زۆرەملێیان بەسەردا ژناندا سەپاند و هەرکەس لەوبارەوە ناڕەزایەتییەکی هەبا بە توندترین شێوە دەکەوتە بەر تیغی سەرکوت. هەموو ئەو زانستانەی کە بەرهەمی پێشوەچوونی مرۆڤ لە سەردەمی نوێ بوون، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکات و بەتایبەت لەلایەن خومەینییەوە بە "زانستی شەیتانی" و زانستی دەستی ڕۆژاواییەکان ناوبران و قەدەغە کران. بۆ وێنە خومەینی دێموکراسیی بە سازکراوی دەستی ڕۆژاواییەکان دەزانی و لەوەش شوورەییتر لەبارەی ئابوورییەوە گوتی؛ "ئابووری هی کەرە" و موسیقای بە حەرام دەزانی. جیابیران و چالاکانی سیاسی و ئەندام و ڕێبەرانی حیزبەکانی دیکە جگە لە حیزبی کۆماری ئیسلامی کەوتنەبەر ئەزیەت و ئازار و ڕاوەدوونان و گرتن و لەسێدارەدان. کارەساتبارتر لە هەمووان؛ شەڕێکی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی لە گەڵ عێراق ساز کرد کە جیا لە کوژران و نوقستان بوون و بێسەروشوێن بوونی سەتان هەزار کەس، هێشتا ئاسەواری ئەو شەڕ ماڵوێرانکەرە بە کۆمەڵگەی هەردوو وڵاتەوە دیارە.

کورد وەک یەکێک لە گەلانی چالاکی گۆڕەپانی سیاسی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی پەهلەویدا، یەک لەو نەتەوانە بوو کە تێچووی زۆری بەسەردا سەپابوو، پێشەوای کوردان و یەکەم سەرکۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد بەدەستی ڕێژیمی پەهلەوی لە سێدارە درا و کۆتایی بە تەمەنی کۆماری کوردستان هێنرا و دەیان و سەدان تێکۆشەری کورد لەو سەردەمەدا لە سەر داوای مافەکانی گەل تووشی گیران و زیندانی کردن و ڕاوەدوونان و شەهید کران هاتن. بەو حاڵەشەوە کورد کۆڵی نەدا و چالاکانە لە شۆڕشی ٥٧دا بەشداریی کرد و دوای شۆڕشیش کوردستان یەکێک لە سیاسیترین شوێنەکانی ئێران بوو. کوردستان کە لەلایەن خەڵک و حیزبە سیاسیەکانەوە بەڕێوەدەچوو، فەزایەکی تەواو ئازاد و دێموکراتیکی تێدا زاڵ بوو و خەڵک ئازادانە بە بەشدارییان لە کۆڕو کۆبوونەوە جەماوەریەکاندا بیروبۆچوونی خۆیان دەردەبڕی و هەوڵ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوویان دەدا. حیزبە سیاسییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سکرتێرە دێموکراتەکەی، هەموو هەوڵێکیان ئەوەبوو کە لە ڕێگای دیالۆگ و وتوێژ لەگەڵ دەسەڵاتی تازە هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەن.

بەڵام کۆماری ئیسلامی داوا نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانی بە فتوای خومەینی و فەرمانی هێرش بۆ کوردستان جواب دایەوە و لە ئاکامدا هەزاران کەس لە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان شەهید و بریندار بوون. دەیان ئاوایی سووتێنران و وێران و چۆڵ کران. هەزاران کەس لە ماڵ و وڵاتی خۆیان بە زۆر دەرکران. سەدان کەس زیندانی و لە سێدارە دران. ڕێبەرانی کورد و سەدان تێکۆشەری کورد تێرۆر کران. پێش هەموو جێگایەک حیزبەکانی کوردستان بوونە ئامانجی بۆمباران و تۆپباران و مووشەکباران. بەڵام لە گەڵ هەموو ئەوانەدا ئەوە گەلی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی بوون کە تەسلیمی دڕندەییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبوون و کۆڵیان نەدا و مەیدانی خەباتیان چۆڵ نەکرد، تا جێگایەک کە پاش ٤٣ساڵ، دیسان ئەوە خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی کورد بوون کە چەخماخەی شۆڕشێکی بەفراونی دیکەیان بە ناوی "شۆڕشی ژینا"، "شۆڕشی ژن ژیان ئازادی" بە دژی زڵم و ستەمی کۆماری ئیسلامی لێدایەوە و کۆماری ئیسلامییان تا لێواری ڕووخانی یەکجاری برد.

ئێستا کە ٤٥ ساڵ لە شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران تێ‌دەپەڕێ، دەبینین دیسان گەلانی ئێران شۆڕشێکی دیکەی چەندین ساڵەیان دژ بەم ڕێژیمە دەست پێ کردوە و خوازیاری نەمانی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامین. کۆماری ئیسلامی کە بە زەبری هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی بەسەر ئێران و گەڵانی ئەم وڵاتەدا سەپاندووە لە هەردوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا وەک یەکێک لە بێزراوترین و دیکاتۆرترین ڕێژیمەکانی سەردەم ناوی دەهێندرێ. ڕێژیمێک کە دوای ٤٥ ساڵ، خەڵکی وڵاتی لەوپەڕی هەژاری و بێ‌هیوایی‌دا هێشتۆتەوە و بەدەیان قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و پێگەیی بۆ خاک و خەڵکی ئەم وڵاتە بەدیاری هێناوە.

جیا لە دەرسەدێکی زۆر کەم کە لە ڕووی قازانجی کەسی، گرووپی و ئیدئۆلۆژیکەوە بە ڕێژیمەوە بەستراون، زۆرینەی هەرە بەرچاوی خەڵکی وڵات، خوازیاری نەمانی ئەم ڕێژیمەن کە جیا لەوان، بە میلیۆنان خەڵکی دیکەی لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەی بە هۆی شەڕ و ئاژاوەی بەرهەمی سیاسەتی "صدور انقلاب" تووشی کوشتن، ئاوارەیی و ماڵوێرانی کردوە.

هیچ گومانی تێدا نیە کە دوای مانگێک لە ساڵڕۆژی ٤٥ ساڵەی خۆداسەپاندنی ئەم ڕێژیمە بەسەر شۆڕشی ٥٧‌دا، گەلانی ئێران لە ڕۆژی ١١ ڕەشەممە، بە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی و نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ جارێکی دیکە دەیسەلمێنن کە ئەم ڕێژیمەیان ناوێ و تاریخ مەسرەفی بۆ هەمیشە تەواو بووە.