خالید عەزیزی: "ئێران" نەتەوە نییە، بەڵکوو بریتییە لە کۆمەڵێک نەتەوە کە لەو جوغرافیایەدا پێکەوە دەژین
کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ساڵڕۆژی شۆرشی گەلانی ئێران (١٣٥٧) وتووێژێکی دەگەڵ بەشی فارسی "کوردکاناڵ" کرد. لەو وتووێژەدا هەوڵ دراوە لە چەند ڕوانگەوە باسی چۆنیەتیی شۆڕشەکە و دەوری بزووتنەوەی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات بخرێتە بەرباس.
پرسیارێکی گشتی لەو وتووێژەدا ئەوە بوو کە بۆچی هەتا ئیستا دوای ئەو ٤٥ ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگەڵ ئەوەیکە دژبەرانێکی زۆریشی هەبووە بەڵام توانیویەتی درێژە بە ژیانی سیاسیی خوی بدات؟ کاک خالید عەزیزی بە ڕوانینێکی گشتی و لە بوارەکانی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی باسی لە کاریگەرییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران کرد و پێی وابوو، ئێران لە ئاستی جیهانیدا وەک دیاردەیەکی تایبەت وابووە و کاتێک باسی دێموکراسی لە ئێران و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەکرێ، بەبێ ئاماژەکردن بە ئێران ئەو پرسە ناتەواوە. لەو ماوەیەشدا دژبەرانی ڕێژیم لەوانە گەلی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات کە بەشداریی چالاکانەیان لە بزووتنەوەکە هەبووە وەک هەموو خەڵکی دیکەی ئێران چاوەڕوانی ئەوە بوون سیستەمێکی دێموکرات لە ئێران دابمەزرێت و نەتەوەکانی ئەم جوغرافیایە بە ماف و ویستی خۆیان بگەن. هەروەها چونکە ئێران وڵاتێکی مەزن و دەوڵەمەندە دۆخی ئابووریی خەڵکیش بەرەو باشتربوون بچێ، بەڵام وەک دیتمان بەهیچ شێوەیەک ئەو چاوەڕوانییانە نەهاتوونە دی.
بەڵام بۆچی ئاوای لێ هات؟ لێرەدا کاک خالید ڕای وابوو؛ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕش ئاوایە، کاتێک حکوومەتێک دەڕووخێ و حکومەتێکی نوێ دادەمەزرێ، کەسایەتییەک کە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی پێبووە جێگای دەگرێتەوە. لە ئێران ئایەتوڵلا خومەینی و دەوروپشتی خەڵکانی ئایینی بوون و کاتێک جڵەوی حکوومەتیان بە دەستەوە گرت ئاکامەکەی وەک دیتمان بەرەو دیکتاتۆڕی چوو، لەگەڵ ئەوەیکە خەڵک چاوەڕوانیی دیکەیان هەبوو. بۆیە ڕەنگبێ ڕووخاندنی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بە شێوەی شۆڕش هاسانتر بێ بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیکە دوای ڕووخان چۆن دەکرێ وڵات دابمەزرێنیەوە؟ کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە دوای شۆرش جگە لە بازنەیەکی بەرتەسک ڕەوتەکانی دیکە خۆیان لەو ئاڵقەیەدا نەدیتەوە و نەیانتوانی بەشداری بەڕێوەبردنی وڵات بن، هەربۆیە ئەو ویستە نەهاتە دی و ڕەوتی ئیدارەکردنی وڵات بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشت.
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵامی ئەو پرسیارە کە؛ ئەو ٤٥ ساڵە چۆن تێپەڕیوە و دۆخی خەڵک بەو هەمووە قەیرانە ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتیە و زۆر کێشەی دیکە، بۆچی ئێران بەو ئاقارە گەییی؟ لەسەر ئەو باوەڕە بوو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەڵکاژۆی لە هەستی ئایینی و ناڕەزایەتیی خەڵک لەهەمبەر ڕێژیمی پاشایەتی وەرگرت و هەموو جومگەکانی لەدەست گرت و بەدوای ئەو خواستانە نەبوو کە زۆربەی خەڵک چاوەڕوان بوون وەدەستی بێنن، بۆ ئەوەیکە بەردەوام دەستەڵاتی لەدەست دابێ و تاکەهێز بێت جۆرێک سیاسەتی دەکرد و داخوازییەکانی ئازادیخوازان و دواڕۆژی دێموکراتیکی ئێرانی وەبەرچاو نەدەگرت. شێوازی کاری ڕێژیمی ئێران ئەوە بووە کە گرنگی بە چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە نەداوە و دەکرێی بڵێین خەڵکتەوەر نەبووە، بەڵکوو بەردەوام بەدوای ئەوە دەگەڕا چۆن هێزێکی زۆر وەدەست بێنیت و بەسەر خەڵکدا بیسەپێنێت.
یەکێکی دیکە لە پرسیارەکان لەسەر ڕۆڵ و دەوری ئۆپۆزسیۆن و مانەوەی کۆماری ئیسلامی بوو، سەرەڕای ئەو هەمووە خەبات و بەرخودانە بەتایبەت لە کوردستان بەڵام ئەوە ڕێژیمە خۆی سەپاندوە و وازی نەهێناوە. کاک خالید لەم بارەیەوە پێی وابوو، بەشی هەرە زۆری خەڵک لە ئێران بەتایبەت نەتەوەکان دژی ئەو ڕێژیمەن، بەڵام تەنیا بە دژایەتی و تووڕەبوون ئەو ڕێژیمە لەنێو ناچێت، بەڵکوو دەبێ خواستێک هەبێ کە بتوانین جێگرەوەی بۆ دابنێین، گرفتەکە ئەوەیە هەتا ئێستا نەمانتوانیوە پێکەوە ئەو بەدیلە درووست بکەین. بەڵام کە دەڵێن ئەو نیزامە دەبێ بڕوا دەی باشە ئەدی کام نیزام جێگای بگرێتەوە؟ لەم بەشەدایە ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ڕێژیم نەیانتوانیوە بەداخەوە بەدیلێک دابنێن و جێگرەوەی ئەو ڕێژیمەی ئێستا بێ.
وتەبێژی حێزبی دێموکرات، بە ڕوونی وەک ڕەخنەیەک لە ڕەوتە جۆراوجۆرەکان دان بەوە دادەنێت؛ خەڵک کاری خۆیان کردوە و دەیکەن بەڵام ئەوە حیزب و ڕەوت و ڕێکخراوەکانن کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن پێناسە دەکەن، هەربۆیە پرسیارەکە جارێکی دیکە پاتە دەبێتەوە و هەوڵ دەدرێ باسی زیاتر لە پرسەکە بکرێ. عەزیزی لەسەر ئەوە جەختی کردەوە؛ بۆ ئەو بەشە کە سەدان ساڵە چالاکیی سیاسی لە ناوچەکە هەیە سەرچڵەپۆپەکەی شۆڕشیی ٥٧ بووە، لێرەدا دەبێ وێڕای هەموو جیاوازییەکان پێناسەیەکمان لە ئێران هەبێ، کە پێناسەیەکی درووست لەسەر ئەو جوغرافیایە بە هەموو جۆراوجۆرییەکانی نەتەوەیی، ئایینی، کولتووری و سیاسی بکرێ. کاتێکیش ڕواڵەتی پرسەکە وێنا کرا دەبێ بەرەو چارەسەرەکان بڕۆین کە مۆدێلێکی ناوەندگەراییە، جۆرێکی دیکە بەشداریی گشتییە لە بەڕێوەبەری وڵات بەهەموو جۆراوجۆرییەکانیەوە. جگە لەوە کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزدا هەوڵ دەدا لەنێو خەڵکدا ترس و تۆقاندن بڵاوە بکاتەوە کە ئەگە نیزام نەمێنێ ئاسایش و تەناهیش نامێنێ و کەس نازانێ چارەنووسیان چی بەسەر دێ و ئەوە لە بزووتنەوەی ژینا بە ڕوونی بینرا. چوونکە بەردەوام ڕێژیم هەوڵ دەدا دوژمنێکی خەیاڵی لە دەرەوەی سنوورەکانی وێنا بکات و ئەوەی پێوەندی بە کوردستانیشەوە هەیە هەوڵی داوە لە چەمکی وەک "تەجزیەتەلەبی" و "تەمامیەتی ئەرزی" کەڵک وەربگرێ و هەستی خەڵکی دیکە بوروژێنێت و داخوازییە ڕەواکان بە لارێدا ببات؛ یان باس لە شەڕی نێوخۆیی دەکات و ئەو نیگەرانییە دەخاتە نێو کۆمەڵگە هەتا لێ بپرینگێنەوە.
لێرەدا کاک خالید ئاماژەی بەوە کرد دەبێ لە هەنگاوی یەکەمدا ڕەوت و لایەنە جیاوازەکان لە داهاتوودا ئاسایش و ئەمنییەت بۆ خەڵک دابین بکەن، ئەو ئاسایشەش بەو شێوازە دێتە دی کە هەموو پێکهاتەکان بەشداری بەڕێوەبردنی حکومەت بن و ئەوکاتە ئیدی هەڵبەزین و پرینگانەوە لە ناوەند ڕوو نادات و بەم شێوەیە بەستێنێکی لەبار بۆ داوارۆژ وێنا دەکرێ.
حیزبی دێموکرات چ کارێکی بۆ ئەوە کردوە لە داهاتوودا بتوانێ لە بەڕیوەبردنی دەستەڵات پشکدار بێ و چەندە توانیوەتی ئەو دەنگە بە گوێ لایەنەکان بگەیەنێت، پرسیارێکی دیکە بوو کە خالید عەزیزی پێیوابوو؛ بەبەراورد بە ڕابردوو پێشکەوتنی زۆر باش کراوە، بۆ میناک لە دە ساڵی ڕابردوو وا هاسان نەبوو باسی نەتەوە جیاوازەکان و فێدراڵیزم بکەین وەک وڵاتێک کە بە فرەنەتەوەیی ناسراوە، بەڵام ئێستا گوێ بۆ بیستن هەیە و پێویستە لەسەر ئەو باسانە زیاتر قسە بکرێ و بە لێکتێگەیشتن دەبێ لەسەر واتا و چەمکی وەک تەواویەتی ئەرزی، دەستەڵات، نەتەوە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئێران هەیە زیاتر بدوێین.
دەمێکە لەلایەن هێزەکانی ناوەندەگەرا و دەستەڵاتەوە قسەیەکی داتاشراو و هەڵبەستراو لە هەمبەر بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەی کورد و گەلانی دیکە بەردەوام پاتە دەبێتەوە و دەخوازێ بەو مەبەستە خۆڵ دەچاوی خەڵک بکات و بە چەواشەی تەناهی ئێران دەخاتە ژێر مەترسییەوە، چۆن دەکرێ ئەو پرسە ڕوون ببێتەوە و ڕای گشتی ڕاستییەکان بزانن، پرسیارێکی دیکە بوو لە وتەبێژی حیزب کرا و بەڕێزیشیان لە وڵامدا دەستی لەسەر ئەو خاڵە گرنگە دانا؛ ئەو گوتارە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا و لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران بە زەقی بینرا، لەوێ دا خەڵک باسیان لە "تەجزیە" و "تەواویەتیی ئەرزی" نەدەکرد. لەوێدا کێشەیەک نەبوو کە نەتەوەکانی ئێران بەهۆکاری سیاسی لەبەر یەک هەڵوەشێنێتەوە، لە شەقامدا یەکیەتیی و یەکگرتووییەک لەسەر لانیکەمەکان هەبوو و بەدژی نەمانی ڕێژیم هاوتەریب بوون، ئەوەی جێگای کێشە و گرفتە تەنیا لەنێو ڕەوت و کەسایەتییە سیاسییەکاندا بوو. بەو واتایە کە، لەنێو خەڵکی ئێران بەو شێوە هەستیار و چڕە ئەو باسانە کە لە نێو ڕەوتە سیاسییەکان دا هەیە ناکرێ، گرفتەکە لەوەدایە بەشێک لە ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات ئەوەندە دوورن لە خەڵک و ڕاستییەکانی کۆمەڵگە ڕەنگبێ هێشتا بەباشی درووشمەکانیان بەر گوێ نەکەوتوە و لە خواستی خەڵک تێناگەن. کاک خالید پێی وایە؛ ڕاستییەکانیی وەک خۆی بۆ ئەو لایەن و کەسانەی دەمێکە دوور کەوتوونەتەوە وا بە هاسانی هەزم ناکرێ و ئەگە پێشی بزانن وێدەچێ گوتارێکی شیاویان بۆ سەرکردایەتی کردنی بزووتنەوەکە نییە. هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە دەبێ هەموومان زیاتر لەسەر نێوخۆی ئێران تەکز بکەین، ئەوە بزووتنەوەیەکی سۆشیاڵ میدیایی نییە ئەگەرچی دەکرێ کەڵک لە دەرفەتی تێکنۆلۆژی وەربگرین بەڵام دەبێ زیاتر بە کردەوە لە ڕاستای یەکیەتی و یەکگرتوویی گشتی چالاکی بکەین.
خالید عەزیزی لەسەر ئەو باوەڕەیە؛ ئەوەی خەڵک لە دواڕۆژی ئێراندا پێویستی پێیە، ئەمنیەت و ئاسایشە، ئەوەش کاتێک دێتە دی، بابەتی وەک پەراوێز و ناوەند لەنێو بچێ، ئەوەندەی پێوەندی بە کوردستانەوە هەیە ئێمە وەک دەرفەتێکین نەک هەڕەشە و مەترسی. حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەر بکرێ بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە پێویستیمان بە بەردەنگ هەیە و ئەوەمان لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینادا بینی. عەزیزی پێیوابوو؛ هەموو ئەوانە دەتوانن ببنە دەرفەت و کەڵکی بەجێیان لێ وەربگرین هەتا بتوانین هەموو لایەکمان پێکەوە بۆ داهاتوومان کار بکەین. بەڵام لەمپەڕی دیکەش لەسەر ڕێگا هەن کە بە کورتی دەتوانین لە قسەکانی وتەبێژی حیزب ئاماژە بەو خاڵانە بکەین؛ سەرەتا دەبێ پێناسەیەکی هاوبەشمان لەسەر ئێران هەبێ، ئەگە بۆ دواوە بگەڕێینەوە لە سەردەمی ڕەزاشادا شتێک بەن اوی ئێران بوونی نەبووە و دواتر وەک یەکەیەکی جوغرافیایی ئەو ناوە سەپاوە. کەواتە ئێران ناوی نەتەوەیەک نییە بەڵکوو بریتییە لە کۆمەڵێک نەتەوە کە لەو خاکەدا پێکەوە دەژین، جا ئەگە بیانهەوێ پێکەوە کاری سیاسی بکەن دەبێ واز لەو قسانە بهێنن بۆ ئەوەیکە بەستێنێکی لەبار بۆ دیالۆگ و لەیەک تێگەیشتن هەبێ و ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان بێ ئیتر مافەکانی نەتەوەیی فارس، تورک عەرەب، کورد، بەلووچ و ..بپارێزرێ، بەو تێگەیشتنە بە هاسانی دەکرێ کاری هاوبەش بکرێ. ناوبراو لە درێژەی ئەو پرسەدا گوتی: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ئیستا باوەڕمان بە فێدراڵیزمە ئەوەش بەو مانایە نییە ئەوە ڕێگەچارەیەکە بۆ هەموو نەتەوەکان، بەڵکوو ئێمە دەمانهەوێ بڵێین پاراستنی مافی نەتەوەکان و لامەرکەزی (غیرمتمرکز) کە بۆتە کۆسپێکی گەورە نابێ بمێنێ و هەموولایەک دەبێ بەشداریی دەستەڵات بن بەبێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک.
لە درێژەدا کاک خالید ئاماژەی بەوەش کرد کە؛ خەباتی دێموکراتیکی خەڵکی کورد توانیویەتی ئاڵوگۆڕ بەسەر ڕوانگەی ئێرانییەکاندا بێنێت چوونکە ئێمە مافی هاوبەش و دێموکراتیکمان بۆ هەمووان دەوێ، ئەوەش قازانجی گشتییە. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین شتێکی بە تەواوەتی سەرەتاییە. ئازادییە دێموکراتیکەکان، ئازادیی ئەحزاب، مافی نەتەوەکان، ئەو هەمووە سامانە مەزنەی وڵات بە مەبەستی خزمەت و ئاوەدانی بەسەر هەموولایەک دابەش بکرێت نەک ببێتە تێچووی شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی و چارەڕەشی بۆ هەموو لایەک. ئەو پرسانە ئەوەن ئێمە دەمانهەوێن بەڵام بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا زۆر توند هەڵوێست دەگرن و ڕادیکاڵە دەڕوانن بەدوای پرسیاری ورووژێنەری وەک، پێناسەی ئێران چییە؟ ئەدی زمانی فارسی چی لێ بەسەر دێ؟ مەبەست لە نەتەوەکان و زمانی دایکی چییە؟ و ئەمەش کەشی سیاسی دەشێوێنێت و دۆخەکە دەشڵەژێنێت، بۆیە دەبێ میانەڕەو بین و لە سەرەخۆ و بە پشوودرێژی بدوێین هەتا خەڵکی ئێران بەمە عادەت بکەن و بەدوای سڕینەوەی یەکتردا نەبین.
ئایا هەر بەتەنیا ئەرکی کوردە هەوڵ بدا و ئازادی بۆ هەموولایەک بێنێت بەشێک لەو پرسیارە بوو کە خالید عەزیزی لە وڵامدا گوتی: ئەوە ئەرکی هەموولایەکمانە لەپێناو ئازادی و دێموکراسی تێبکۆشین و بەبێ جیاوازی و هەڵاواردن لە یاسای داهاتوودا مافەکان پارێزراو بن. با ئەوەش نەبێتە ئەوەیکە بۆ وێنە فارس بڵێت ئێمە زۆرترینین، دەبێ لە داهاتووی ئێراندا هەموولایەک وەک یەک مافیان هەبێ کەس بیر لەوە نەکاتەوە زمانی من لە سەرەوەی زمانەکانی دیکەیە یان ئایین و نەتەوەی من لە هەمووان لەسەرترە. سیاسەتی بەکەم زانین جێگای قبوڵ نییە. دەبێ هەموولایەک دان بەوە دابنێن پێکهاتەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی ئێرانە چۆنە و وەک خۆی بیبینن.
دواجار وتەبێژی حیزب دوای ٤٥ ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی پێداگریی لەسەر پەیامی حیزبی دێموکرات بۆ خەڵکی ئێران و لایەنەکان کردەوە کە تێدا هاتبوو؛ ڕاستە ئەو ئاکامەی چاوەڕوان دەکرا ئەوە نەبوو هیچ یەک لە ئێمە دەمانویست و تێچووی زۆریشمان داوە لەم پێناوەدا و ئەمەش دەتوانێ چەند ڕەهەندی هەبێ. سەرەتا ڕێژیم لە بواری سیاسی و ئازادییە سیاسییەکان، ئیدارەی حکومەت، ڕێزگرتنی مافەکانی سەرەتایی خەڵک و هەموو ئەو چاوەڕوانیانەی خەڵک هەیانبوو بەتەواوەتی ناسەرکەوتوو بووە. لەلایەکی دیکەشەوە شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی و دامەزراندنی هێزە بەدیلەکانی لە ناوچە بۆتە هۆی ئەوەیکە کاتێک لە دەرەوە باسی ڕێژیم دەکرێ هەر دەبێ لە مووشەکباران کردن، ئەشکەنجە، سێدارە، گرتن و کوشتن و کێشە سازکردن بۆ خەڵکی نێوخۆ و دەرەوە قسە بکرێ، واتە ئەو ڕێژیمە وەک دیاردەیەکی نەرێنی لێهاتووە، جا کێ تێچووەکەی دەدا خەڵک نەک ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی! کەواتە پەیامی ئێمە دەتوانێ ئەوە بێ؛ یەکیەتی و یەکگرتوویی ڕەوت و لایەنەکان لە گوتارێکی هاوبەش، گەڕان بەدوای دۆست و بەردەنگ لە دەرەوەی کوردستان بەتایبەت لە شارەکانی ناوەند، ژیانی ئاشتیخوازانە و هاوبەشی تورک و کوردەکان لە پارێزگای ورمێ ڕێکارێکی ئەرێنییە و دانانی ئەنجوومەنی دۆستایەتی نێوان ئەو دوو گەلە کاریگەریی زۆری هەیە، هەروەک چۆن ئێمە لە کوردستان حیزب و ڕێکخراومان هەیە و لە چالاکییەکاندا سەرکەوتووین ئێوەش (دەرەوەی کوردستان) دەتوانن حیزبتان هەبێ و پەرە بە کاری ڕێکخراوەیی بدەن.
لە کۆتاییدا کاک خالید عەزیزی باسی لەوە کرد؛ کاتێک دوای ٤٥ ساڵ باس لە کۆماری ئیسلامی دەکرێ، ناوی ئێران دەگەڵ یەمەن و غەززە و عێراق و سوریە دێ، ئەوە گرفتێکی جددیە، سیاسەتی ئێران ئەوەیە بیروڕاکان لە نێوخۆ لابەرێت و بەرەو دەرەوەی سنوورەکانی ڕایانکێشێت. ڕێگەچارەش ئەوە نییە ئەمریکا هێرش بکات و بڕوخێت بەڵکوو ڕێگەچارەی هەموو ئەو کێشانە و خەباتمان لە نێوخۆی ئێرانە و لەوێوە دەبێ کاروچالاکیی خۆمان بکەین. دەبێ لەسەرخۆ و پشوودرێژ بین و ڕێز بۆ یەکتر دابنێین و هەوڵ بدەین چاومان لە شەقامەکانی نێوخۆ بێ کە بەخۆشییە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام هەن و ئێمەش دەبێ پشتیوان و یارمەتیدەریان بین.