کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورمێ؛ شاهین وەساف لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەرێنی ژن، ژیان، ئازادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

10:28 - 3 رەشەمه 2723

شاهین وەساف هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس کە لە ڕەوتی ڕاپەرێنی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ دەسبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆیی شاهین وەساف هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی کورد و خەڵکی سەڵماس لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی رێژیم لە ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و حوکمەکەی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ''ژن ژیان ئازادی'' هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ناسر وەساف لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە ورمێ دەسبەسەر و بۆ گرتنگەگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ورمێ گواسترابوونەوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەریدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئ بە مەبەستی دانپێدانان دژ بە خۆیان و قبووڵکردنی تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانەدا بوون.