کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

" نرخی ئازادی "

15:14 - 4 رەشەمه 2723

حەسەن واژی

 

"گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادیە بدا"

شەهید د. قاسملوو

سەرەکیترین و گرینگترین هۆکاری بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ڕەشی کۆڵۆنیالیستی نەپچڕانی زنجیری کۆیلەتی لەبیر و هزری گەلانی ژێرچەپۆک‌دایە.

مرۆڤی ژیری پڕۆژەمیحوەر نەک ئاکام‌باوەڕ بە دیتن و ڕەچاوکردنی دوورە دیمەن و داڕشتنی پلانی تۆکمەی زانستی فرەڕەهەندی کەم تێچووی پڕدەسکەوت بەردەوام دەبێ لە خەبات دژی داگیرکاریی مێشک و وڵات. ئەو باش دەزانێ بەردەوامبوون، سەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتنە و بەردەوامی لە خەبات گرێدراوی فۆرمە خۆماڵییەکانی گونجاو لەگەڵ هەر قۆناخێکە نەوەک بە گوریسی ڕزیوی دوژمن چوونە نێوچاڵ.

با کورتەیەک لەسەر ئۆردوگای هەنووکەیی دوژمنی داگیرکەر ی کوردستانی ڕۆژهەڵات بدوێین:

ئەگەرچی وێژمانێکی هاوبەش (یەک وڵات ، یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک کولتوور) بە عەقڵییەتی پواو و هەڵوەریوی ناوەندگەرایی بەبێ ڕەچاوکردنی گەلانیتر هەموو داگیرکەرانی لە چەند سەدە لەمەوبەر تا ئێستا لێک گرێ داوە و بەردەوام درێژەدەری هەمان تێگەیشتن بوون بە هەر مارک و مۆرکێک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناسینی دوژمنی هەنووکەیی‌ (واتە کۆماری ئیسلامی ) پێویستە،

دەسەڵاتی زاڵ دەسەڵاتێکی تەواو ئیدئۆلۆژیکی ئایینی پێش مۆدێڕنە و هەر پێهاتەیەکی نەتەوەیی یا خود ئایینیتر بە ئەویتری خۆی و بە هەڕەشە بۆ سەر مان و مەوجوودییەتی خۆی دەزانێ. کۆماری ئیسلامی بە گومانی هەبوونی ئاوەز "عقلانیت" لایان وایە دەسەڵاتێکی ئاوەزمەندانەیان دامەزراندوە کە گەلان تێیدا بەختەوەر دەبن کەچی ڕێک پێچەوانە کۆمەڵێک چوارچێوەی داخراو و نەگۆڕیان داڕشتوون کە پشت دەبەستن بە حەق لەبەرانبەر ناحەق و ڕاست لە بەرامبەر درۆدا کە یا سیفر یا سەد و یا ڕەش یا سپین و وڵاتیان لێوڕێژ لە هێڵی سوور کردوە کە بەزاندیان بڤەیە و بە دوژمنایەتی و شەڕ لەگەڵ خوا  ناوزەد دەکرێ و سزای لەسێدارەدانە .کۆماری ئیسلامی زۆر شارەزایانە ناشارەزا و پێچەوانەی هێما مرۆییەکان دەڕوا و هەڕەشەیە لەسەر مرۆڤایەتی.

بەڵام لە پەراوێزی شۆڕشی ژینادا پێویستە هەندێ باسی تایبەتتر بکرێت. ئەگەرچی پێناسەکە لەجێی خۆی نەبوو و هەڵگرتنی ناوی شۆڕش ئەرک و چاوەڕوانی لەسەر شانی گەل و ئوپۆزیسیۆن زۆر قورس کرد و وەدی‌نەهاتنیان کەم‌هیوایی و بێ‌متمانەیی خوڵقاند بەڵام نکووڵی لێ ناکرێ ئەو هاتنە سەر شەقامە و بوونی بە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری ئاکامی خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کورد بوو. ئەم بزووتنەوەیە یەک شەوە لەدایک نەبوو و تا ئێستاش بە هەر بەهانەیەک بڵێسە دەدا و هیوا دەبەخشێ. ئەم بزووتنەوە و خڕۆشانی شەقام  بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی پێکا کە بریتین لە:

- دروستبوون و نۆژەنبوونەوەی پردی پێوەندییەکانی گەلانی ئێران

- شوناسخوازی نەتەوەیی

- ڕەوایی شۆڕش

- بێ‌هیوایی لە ڕێفۆرم لە سیستەمی دەسەڵاتدارەتیی ئێراندا

لە بەرانبەریشدا کۆماری ئیسلامی بۆ نەزۆک کردنی نێوەرۆکی بزووتنەوەکە و ستاندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگی گەلانی ئێرانی لە گەلی کورد بێکار نەوەستاوە و هەموو چەشنە کوشتوبڕ و پلانێکی تاقی کردۆتەوە و دەیکا کە پێویستە گەل بۆ نەزۆک‌کردنی هەوڵەکانی دوژمن بە هەست بە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی نەتەوەیی و نیشتیمانی چاوکراوەتر لە پێشوو و بەخوێندنەوەیەکی چڕ هاو پێ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن هەنگاوی بەهێزتر باوێ و وەک هێزێکی سەراسەری دەرکەوێ.

بۆ وەدیهاتنی ئەو مەبەستە پێویستە زۆر ڕەوان بە کەلک‌وەرگرتن لە هەموو ڕەهەندەکان بە فۆڕمی گونجاو لەگەڵ دۆخەکە بەردەوام بن لە خەباتێکی چڕ و گشتگیر و لەلایەکیتر پشتی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بریندارانی بزووتنەوە چۆڵ نەکەن و لە بایکۆت، مانگرتن، سەرپێچی لە بڕیارەکانی دەسەڵات و لە ڕەفتارە بەڕوواڵەت چووکەکان، کە کەم‌تێچوون، بەڵام ئاماژەی بەردەوامبوونن و دوژمنان وەزاڵە دێنن سڵ نەکەن.