ڕەزا دانشجوو
کۆماری ئیسلامی کە بە بەڵێنی بووژاندنەوەی ژیانی ئەم دنیا و گەیاندنی خەڵکی ئێران بە پلەی بەرزی ئینسانی و دەستەبەری ئەو دنیای دیکەشیان هاتە سەر کار، زۆر زوو نیشانی دا نە لە سیاسەت هیچ دەزانێت نە لە دینداری. خومەینی و ڕێژێمەکەی لەسەر بنەمای تیۆریی "اقتصاد مال خر است" نەک هەر ئێران بەڵکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی خستە دونیایەکی ڕەش و تاریک.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا هیچ تێگەیشتنێکی لە جیهانی نوێ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نییە. بارودۆخی ئابووریی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر بوو تا گەیشتە ئەم ئاستە کە بەشێک لەو خەڵکە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە تەنانەت ئینتیمایان بۆ ڕێژیمی پێشوو بێت کە لە ناکارامەیی و جینایەتدا کۆماری ئیسلامی ڕووی ئەوانی سپی کردوە. کۆماری ئیسلامی بەردەوام بە شوێن بیانویەک بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکان هەمیشە باس لە هۆکاری دەرەکی دەکات. زەمانێک شەڕ و زەمانێک گەمارۆ و ئابڵوقەی ئابووری.
شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەرفەتێک بوو بۆ ڕێژیم تا بۆ ماوەیەک بە ناوی بەرگری لە خاکی ئێران ئابووریی لاواز و گەندەڵی و ناکارامەییەکانی بشارێتەوە و بە ناو بەربەرەکانی لەگەڵ سەدام خۆپارێزیی ئابووری و سیستەمی کۆپینی بەسەر خەڵکی ئێراندا بسەپێنێت. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕ، خەڵک چاوەڕێی باشتربوونی دۆخی ئابووری بوون، بەڵام دەستێوەردانی سپا و کارتێلەکانی هیچ کات دەرفەتیان نەدا تا ئابووری ولات گەشە بکات. ئاشکرابوونی هەوڵە نهێنییەکانی ڕێژیم بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ناوەکی کە بوو بە هۆکاری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، ژیان و گوزەرانی خەڵکیان زۆر خراپتر کرد و دۆخی ناسەقامگیری ئابووریی کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێر برد. ئێستا و لە ٤٥مین ساڵوەگەڕی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ بو هەموو خەڵکی ئێران ئاشکرا بووە کە بەڵێنییەکانی خومەینیی دەجال جگە لە تاقمێک درۆ و قسەی بێبنەما هیچی تر نەبووە. بەڵام بەداخەوە ئەمە تەواوی ئەم چیرۆکە تاڵ و ڕەشە نەبوو، کۆماری ئیسلامی تەنیا دونیا و ئابووریی خەڵکی ئێرانی وێران نەکرد، بەڵکوو باوەڕ و ئیمانی خەڵکیشی تێدا برد.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە یاسای ساختە و دەستکردی حیجابی زۆرەملێ و قەدەغەکردنی بەشێکی زۆر لە ئازادییەکانی گشتی دەستی کرد بە هێرشکردن بۆ سەر ژیانی ئاسایی خەڵک. کەشوهەوای تاریک و ڕەش و ململانێی کۆمەڵایەتی لە دەیەی شەستی هەتاوی لە ئێراندا ناتوانرێت بەراورد بە هیچ وڵاتێکی دیکە بکرێت. بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی "ثارالله" و "خواهران زینب" کە لەلای وان هەر شتێک لە مەشروب تا کایەی وەرەق دژایەتیکردنی حکوومەتی ئیسلامییە و زیندان و قامچیلێدان ئاکامەکەیەتی، تەنیا کەسانی نێو شەقامە سارد و تاریکەکانی ئەو کاتی ئێران بوون. لە یادی زۆرێک لە منداڵانی ئەو سەردەمەدا قامچیلێدان و لە سێدارەدان لە شەقامەکانی شار تاکە یادەوەرین. مرۆڤ لە چاوی کۆماری ئیسلامیدا بوونەوەرێکی بێئیرادە و بێمافی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە حکوومەتە. شیعەی دەستووری ئاخوندی تەنیا ئەو گێڕانەوەیەیان قبووڵ بوو کە خۆیان پێناسەی کردبوو. نەک هەر کەسانی بێباوەڕ بە دین ، بەڵکوو زۆرێک لە باوەڕدارانی ئایینەکانی تر یان تەنانەت موسڵمانانی سوننە و ئەو شیعەیانەی کە باوەڕیان بە دەسەڵاتی وەلایەتی فەقی نەبوو، خرانە ژێر فشار، زیندانیکردن و لەسێدارەدان.
سەرەتای حەفتاکانی هەتاوی خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە کۆمەڵگەی ئێراندا، لە سایەی هەندێک بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە زانکۆکان، خەڵکی ئێران توانیان کەسایەتیی ئینسانیی خۆیان پێناسە بکەنەوە و بەرەنگاری نۆڕمە ساختەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە. بەرە بەرە کۆماری ئیسلامی ئاگاداری ئەم واقیعە بوو کە ناتوانێت چی تر کۆمەڵگە بە تاقمێک یاسا و نۆڕمی ساختەی داسەپاو ئیدارە بکات. هەڵبەت ئەمە بە مانای پاشگەز بوونەوەی ڕێژیم لە سیاسەتەکانی ڕابردوو نەبوو، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی توانایی بەربەرەکانی زیاتری خەڵکی نەمابوو. ئێستا کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە جاران خۆی بە تەنیا دەدیت. کۆماری ئیسلامی ئەم جار بێهیوا لە خەڵک دەستی ڕەفاقەتی بۆ لات و چەقۆکێشەکان درێژکرد. بەکرێگیراوانێک کە جگە لە پارە هیچ شتێکی تر لەلایان گرینگ نەبوو، و دیارە هیچ مەترسییەکیشان بۆ ڕێژیم نەبوو. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ سەرەتای هاوکاریی ڕێژیم لەگەڵ ئەم بەکرێگیراوانە بوو. ئەگەرچی ئەو دۆستە نوێیانە باوەڕیان بە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵام لە کاتی تەنگانەدا دەتوانن یارمەتی کۆماری ئیسلامی بدەن هەڵبەت بۆ سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی بێتاوان.
چ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ و چ کاتی خۆپێشاندانەکانی شۆڕشی ژینا، بەکرێگیراوە لات و چەقۆکێشان ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە سەرکوتکردنی و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکان هەبوو.
ئەو وێنانەی کە دواتر بڵاو کراونەوە و ڕوونکردنەوەکانی تاقمێک کەسی نزیک لە دەسەڵات دەریانخست کە دۆستایەتیی جەماعەتی شاڕلاتان و کۆماری ئیسلامی نە تەنیا کاتی نییە بەڵکوو لەسەر بنەمای پلانێکی درێژخایەن و پێشوەختە دامەزراوە. بەشێکی تری ئەم هاوکارییە لە کاتی شەڕی نێوخۆ لە سوریە ئاشکرا بوو. کاتێک کۆماری ئیسلامی تاقمێک ئەفغانیی نێو زیندانەکانی ناوخۆی ئێرانی لە لیوایەکی تایبەت لەژێر ناوی لەشکری" فاطمیون" بۆ شەڕ و وەک بەکرێگیراوانی بەوەکالەت بە بەڵێنی ئازادکردن و پێدانی ڕەگەزنامەی ئێرانی ڕەوانەی سووریە کرد.
هاوکارییەکی دیکەی جەماعەتی شاڕلاتان (اراذل و اوباش) لە کاتی یارییەکانی تۆپی پێدا لە ڕۆڵی لیدێری لە یاریگاکاندا دەبینرێت. بارودۆخی ساڵانی ڕابردوو لە زۆرێک لە یاریگاکانی تۆپی پێ، زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی، کە ئەو یاریگایانە بوونەتە شوێنێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕێژیم و گوتنی ئەم دروشمانەی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە وەک هێڵی سووری دیاری کردوون. ئەم پرسە زیاتر لە یارییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت لە دەرەوەی ئێراندا دەرکەوت، کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لە ترسی گرتنی کەشوهەوای یاریگاکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، هەوڵی دا بە ڕێکخستنی هاندەرانی حکوومەتی و هاوکاری ئەم لات و بەرەڵڵایانە وەک لیدەر وێنەیەکی ساختە لە نێوخۆی ئێران پێشانی جیهان بدات.
دەیەی نەوەدی هەتاوی سەرەتایی هەوڵێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ نیشاندانی وێنەیەکی بەڕواڵەت دێموکراتیکانە و شانۆیەکی تازە لە ئازادی خەیاڵی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی. ئەم جار ڕێژیم پەردەی لەسەر "پەرەستوو"ەکانی حکوومەتی لادا. کچانێک بە ڕوخسارێکی جیاواز، بە ماکیاژێکی زۆر و بە حیجابێکی ناڕاست و هەندێک جار بێحیجاب، کە لە زۆربەی بۆنە حکوومییەکان لەبەردەم کامێرای کانالە جیاوازەکاندا دەردەکەوتن تا نیشان بدەن کە لە ئێران ئازادی پۆشین و هەڵبژاردن هەیە و ئەوان نیشانەی ئەم ئازادییەن! بەشداری لە ڕێپێوانی حکوومییەکان چالاکیی سەرەکی ئەم بەکرێگیراوانەیە. ئەم کەسانەی کە زۆربەیان زیندانیی تاوانبار بوون و بە بەڵێنی هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئازاد کراون. بەشداریکردن لە ڕۆژانی هەڵبژاردن بۆ وروژاندن و ڕاکێشانی گەنجان لە ڕێگەی هاندانی سێکسییەوە بەشێکی دیکەی چالاکیی ئەم "پەرەستوو"یانەیە. بەڵام ئەمە تەواوی ئەرکی ئەم جەماعەتە بەکرێگیراوە نەبووە و نییە. گرینگترین ئەرکی پەرەستووکانی حکوومەتی تەڵە دانانەوە بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامییە کە دوو دەستەی تەواو جیاواز لەخۆدەگرێت. دەستەی یەکەم نەیارانی و کەسانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامین کە زۆربەیان لە دەرەوەی ئێران بوون و کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا لە ڕێگەی ئەم پەرستووانەوە بیانخەنە نێو تەڵەوە. ڕەنگە بتوانین ڕوحوڵڵا زەم، سەرنووسەری پێشووی کەناڵی تلێگرامی "آمدنیوز" وەک گەورەترین قوربانیی ئەم پیلانە چەپەڵە دابنێین. عەلی جەوانمەردیی ڕۆژنامەنووس یەکێکی تر لەو کەسانە بوو کە ڕێژیم لە ڕێگەی ئەو بەکرێگیراوانە هەوڵی دا لە داوی بخات، بەڵام هەوڵەکەی شکستی هێنا. دەستەی دووهەمیش کەسانێکن کە بەشێک بوون لە جەستەی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەڵام ئێستا نیزام هەوڵی نەهێشتنیان دەدات یان لانیکەم دەیهەوێت بە هەر هۆکارێک لە سیاسەت دووریان بخاتەوە و خانەنشینیان بکات. محەممەد عەلی نەجەفی سیاسەتمەداری پێشووی ڕێژیم لەو کەسانە بوو کە بەپێی پلانێکی لەپێشداڕێژراو کەوتە داوی پەرەستووی حکوومەتی و بە ناچار خۆی خانەنشین کرد.
پەرەستووکان دواییترین هاوڕێی کۆماری ئیسلامی نین. نوێترین هاوڕێی کۆماری ئیسلامی پۆرنستارەکانن! ڕێژیم بەردەوام لە دۆزینەوەی هەڤاڵانی نوێ و دوای لات و چەقۆکێش و پەرەستوو، گەیشتە دونیای پۆرنوگرافی و پۆرنستارەکان! پاڵپشتی پۆرنستاری بە ناوبانگی ئەمریکایی عەرەب "میا خەلیفە" بۆ فەلەستین و ڕەنگدانەوەی سەیر و سەمەرەی پاڵپشتییەکەی لە میدیاکانی سەر بە گرووپی تیرۆریستی سپای پاسداران دەریخست کە پشتیوانی لە ڕێژیمی ئاخوندی تاکە مەرجی پێویستە بۆ دۆستایەتی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ و ئایدۆلۆژیای ئایینی تەنیا ئامرازێک بۆ پروپاگەندە لەلای خەڵک. لە تازەترین ئاڵقەی ئەم شانۆ لە گاڵتەجاڕییەدا، "ویتنی ڕایت"، ئەستێرەیەکی دیکەی پۆرنۆی ئەمریکی، لە ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لەلایەن ڕژێمەوە بانگهێشتی تاران کرا و بە حیجابێکی ئیسلامییەوە سەردانی شوێنە مێژووییەکانی کرد و دواجار باسی لە ئازادی لە ئێرانی ژێڕ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرد.
بەڵێ! ئەمە تەواوی حەقیقەتی کۆماری ئیسلامییە. ئەو ڕێژیمەی کە بڕیار بوو دونیا و قیامەتی خەڵکی ئێران ئاوەدان بکات، لە سایەی ساڵانێک حوکمڕانیی خۆسەپێنانە و گەندەڵیی سیستماتیکدا، دونیای خاپوور کرد و ئایینی ناشت! ئێستا و لە ٤٥ مین ساڵوەگەڕی هاتنەسەرکاری، کۆماری ئیسلامی لە گۆمێکی وەها قووڵدا نوقم بووە کە. هاتنەدەر و دەربازبوون لێی مەحاڵە. دەسەڵاتێک کە کۆمەڵانی خەڵک بە دوژمن دەزانێت و گرینگترین هاوڕێکانی تاقمێک شاڕلاتان، چەقۆکێش، پەرەستوو و پۆرنستارن، بەدڵنیاییەوە مەحکووم بە لەنێوچوون و ڕووخانە.