پێشەوا عەلیپوور
هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک، مێکانیزمێکی بەشداریی خەڵکە لە ئیدارەی وڵات و پڕۆسەیەکە کە تێیدا خەڵک ئازادانە و بە شێوەی نەهێنی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن و نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەرکی جۆراوجۆر هەڵدەبژێرن تا لە ئیدارەی وڵاتدا نوێنەرایەتییان بکەن. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم چەمکە و سەرجەم چەمکە گرێدراوەکان بە دێموکراسی لە واتای ڕاستەقینەیان بەتاڵ کراون.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە زستانی ساڵی ١٣٥٧، تاقمێکی ئاخندراو بە بیری ئیسلامیی شیعە و بە ڕێبەرایەتیی خومەینی لەژێر ناوی دروستکردنی حکومەتی خوا و ئیسلام، کەڵکاژۆیان لە زێهنییەتی ئایینیی خەڵک وەرگرت و سواری شەپۆلەکانی شۆڕش بوون و دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی حکومڕانیدا گرت. دامەزراندنی حوکمڕانیی ویلایەتی فەقیهـ لە ئێران کە مەبەست لێی نوێنەرایەتیی حوکمی خوا لەسەر زەوی بوو و یاساکانی شەرعی جێبەجێ دەکرد، نەک هەر حوکمڕانی بوو بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا، بەڵکوو گشتاندنی ئەو شۆڕش و حوکمڕانییە بۆ وڵاتانی دەوروبەر (صدور انقلاب) لە بەرنامە سەرەکییەکانی بوو و هەر کەسیش لەگەڵ ئەم سیستمە بەربەرەکانی بکردبایە و بیکات، واتا دژایەتیی خوای کردوە و بە "مفسد فی الارض" دەناسرێت و سزای مەرگی هەیە.
لە تەنیشت ئەم سیستمە ئیسلامییەدا کە دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ بەڕێوەبەرەکانی داتاشیبوو، سیستمێکی لە نێوەرۆکدا بێدەسەڵات و ڕواڵەتیش دامەزرا کە تێیدا هاوتەریب لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان کابینەی حکومەت و پاڕلەمان بۆ خاڵینەبوونی عەریزە هەبێ، کە هەنگاو بە هەنگاو ئەو ئۆرگانانەش پاکسازی و خۆیان گوتەنی "خالسسازی" کران و بوونە مەیدانی تەڕاتێنی مۆرەکانی ویلایەتی فەقیهـ و واتایان بۆ هەڵبژاردن و دێموکراسی نەهێشت.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران سەرجەم بڕیارەکانی تایبەت بە ئیدارەی وڵات دەبوا بچنەوە لای خومەینی و شوڕای ئینقلاب، چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران و داهاتووی حوکمڕانیی ئێران بە کەسێک و شوڕایەک ئەسپێردران کە لەگەڵ مافی ئینسان و مافی نەتەوەکان و مافی ژنان و ئایین و ئایینزاکان نامۆ بوون! هەموو ئامانجیان ئەوە بوو کە بە زووترین کات کۆڵەکەکانی حوکمڕانی ویلایەتی فەقیهـ سەقامگیر بکەن و هەنگاو بە هەنگاو جیابیران و هێزە پێشکەوتوو و دێموکراتەکان لە مەیدانی سیاسی دەرباوێن.
مێهدی بازەرگان دەستنیشانکراوی خومەینی و سەرۆکوەزیری دەوڵەتی کاتی، لە یەکەمین قوربانییەکانی حوکمڕانیی ئیسلامی بوو لە ئاستی باڵادا. بازەرگان کە کەسێکی خوێندەوار و تەکنۆکڕات بوو و دنیای پێشکەوتووی دیبوو، نەیتوانی لەکاتی ڕێفراندۆم بۆ دیاریکردنی جۆری ڕێژیم لەبەرابەر خومەینیدا، تەنانەت پێشگری دێموکراتیک بە ئیسلامییەکەی زیاد بکات و سیستمی کۆماری دێموکراتیکی ئیسلامی بخاتە دەنگدانەوە و، بەتوندی لەلایەن خومەینی بەرپەرچ درایەوە و پێی گوترا کە "کۆماری ئیسلامی" نە یەک وشە زیاد نە یەک وشە کەم!
پاسدار موحسێن ڕەزایی لە وتووێژێکی خۆیدا لەگەڵ مێدیای سپای پاسداراندا دەڵێ: "ئەگەر خومەینی مێهدی بازەرگانی لە دەسەڵات دانەنابا ئەوە شۆڕش بە ئاکام نەدەگەیشت. مێهدی بازەرگان گەورەترین کڵاو بوو کە خومەینی لەسەر ئامریکای نا، خومەینی ستافێکی لە ئیدارەی حکوومەت بەکارهێنا کە ئامریکا هەست بە نیگەرانی نەکات"!
دیارە نەتەوەی کورد بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموکرات کە ماهییەتی نادێموکراتیک و دژەئینسانی ڕێژیمی نوێی ناسیبوو، بەتەواوی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەم ڕێفراندۆمە مەجالی هەڵبژاردنی جۆری حوکمڕانی لە خەڵک ستاندۆتەوە، هەر بۆیە ڕێفراندۆمەکەی بایکۆت کرد.
پاش ئەم ڕێفراندۆمە نادێموکراتیکە، هەڵبژاردنی مەجلیسی خیبرەگان لە هاوینی ١٣٥٨ بوو بە مەیدانێک کە تێیدا خەڵک بتوانێ نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن. دیارە مۆرەکانی ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆیان دا کە نوێنەرانی کورد بە تایبەت دوکتور قاسملوو لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ نەهێنـنەوە. بەڵام ئاکامی دەنگدان بوو بەوەی دوکتور قاسملوو بە ١١٣,٧٧٣ دەنگ، بە نوێنەری پارێزگای ورمێ بۆ مەجلیسی خیبرەگان هەڵبژێردرا. بە ناسینێک کە دەسەڵاتدارانی تاران لە دوکتور قاسملوو هەیانبوو، دیار بوو تەحەمولی کەسایەتیی سێکولار و دێموکراتی دوکتور قاسملوو ناکەن چونکە لەگەڵ سیستمە ئیسلامییەکەیان ناتەبا بوو، هەربۆیە ویستیان بە پیلانێک پەلکێشی تارانی بکەن و لەبەینی ببەن، بەڵام دوکتور قاسملو نەچوو.
پاش بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی مەجلیسی خیبرەگان بەبێ بەشداری دوکتور قاسملوو، خومەینی فتوای جیهادی لە دژی کورد دا و شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند! ئەگەرچی ئاکامی ئەو شەڕە شکستی کۆماری ئیسلامی و کۆنتڕۆڵی سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان بوو لەلایەن هێزی پێشمەرگە و ڕێژیم پاشەکشەی کرد، بەڵام ئەوە هیچی لە ماهییەتی ڕێژیم نەگۆڕی و ڕێژیم خەریکی کات کڕین بوو بۆ ڕێکخستنەوەی هێز.
هەر لەو سەروبەندەدا لە تاران لە ڕەوتی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا کە قەرار بوو ٥ی ڕێبەندان بەڕێوە بچێ، ڕێگە لە کاندیداتۆریی کوردەکان گیرا و تەنانەت مەسعوودی ڕەجەوییش کە قەناعەتی بە مافی کورد هەبوو کەوتە بەر تیغی حوکمی خومەینی و لە چوونە نێو کێبەرکێی سەرکۆماری دوور خرایەوە، هەربۆیە حیزبی دێموکرات بەشداریکردن لەم دەنگدانەشی بایکۆت کرد و پاشان ئەبولحەسەنی بەنی سەدر بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا. چارەنووسی بەنی سەدریش وەک هەموو جیابیران و ناخودییەکان، بە دەرهاویشتن لە بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هات و نەک هەر لە سەرۆک کۆماری دەرکرا، بەڵکوو پەڕیوەی دەرەوەی ئێران بوو.
ئەو سەردەم دوایین دەرفەت بۆ بەشداریی سیاسی لە ئیدارەی وڵات هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی میللی بوون. ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٥٨ خەڵکی ئێران و گەلی کورد لە زۆربەی شار و ناوچەکان خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەکرد کە نوێنەرانی ڕاستەقینەیان بۆ مەجلیس بنێرن، بەڵام تێکۆشانی حیزبەکانیان واتا حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە یاساغ کرابوو. هەر بۆیە هەرکام لەو حیزبانە کە نوێنەرەکانیان بەڕووی خەڵکەوە ڕوون بوون، لەژێر ناوی کاندیدی سەربەخۆ نوێنەرانی خۆیان بەربژێر کرد.
ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە پێگەی حیزبی دێموکراتی بە دۆست و دوژمن نیشان دا و دەریخست کە لە شارە کوردییەکان و ئەو شوێنانەی کە هەڵبژاردن تێیدا بەڕێوە چووبوو، نوێنەرانی حیزبی دێموکرات ڕێژەی لە سەدا ٥٧ تا ٩٧ی دەنگەکانیان مسۆگەر کردوە. هەربۆیەش کۆماری ئیسلامی کە دڵنیابوو لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە ناتوانێ دەسەڵاتی کوردستان بەدەستەوە بگرێت، ئاکامی هەڵبژاردنەکانی لە کوردستان هەڵوەشاندەوە و دەستی بە شەڕەنگێزی کرد. ئەمە سەرەتای حوکمڕانی ویلایەتی فەقیهـ بوو کە دواتر لە ساڵی ١٣٦٨ ئەویش کرا بە ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ! شەڕەنگێزیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نەتەوەی کورد و نوێنەرانی سیاسی ئەم نەتەوەیە و نەتەوەکانی دیکەش هەر بە شەڕ و کوشتاری خەڵک و وێرانکردنی شار و گوندەکان کۆتایی نەهات، تێرۆری ڕێبەرانی سیاسیی کورد و ڕێبەرانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە دەرەوەی وڵات، نمونەی دیاری ڕێژیمێکی جینایەتکار و خۆسەپێنە، کە لە دەرەوەی سنوورەکانیش تەحەمولی بیری جیاواز و مافخوازانە ناکات.
بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنەکان نەک هەر مەیدانێک نەبوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک، بەڵکوو مەیدانێک بوون بۆ کێبەرکێی مۆرە نزیکەکانی دەسەڵات، تا زیاتر سەرلەپێناویی خۆیان نیشان بدەن. هەستیاری ڕێژیم لە دانانی پۆستە سیاسیی و ئیدارییەکان ئەوەندە ورد بۆتەوە کە شیاوییەتی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و مەجلیسی خیبرەگان و مەجلیسی شوڕای ئیسلامی تا ئەو ئاستەیە کە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو ڕەد دەکرێتەوە و، بەربەرەکانیی نێوان باڵەکانی دەسەڵات گەیشتۆتە شوێنێک ئەوانەش کە لە سەرەتاوە پشتیوانی ویلایەت بوون، ئەمڕۆژانە بە جۆرەها شێواز حەزف کراون.
دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ ، پشتئەستوور بە فەرماندەکانی سپای پاسداران هەنووکە بازنەیەک لە دەسەڵاتیان دروست کردووە کە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بە ئاگر و گوللە وەڵام دەدەنەوە؛ نموونەکەشی ڕاپەڕینەکانی ئەمجارەی خەڵکی ئێران و کوردستان بوو کە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان دوابەدوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە درووشمی ژن ژیان ئازادی هاتنە سەر شەقام، بەڵام وەڵامی ڕێژیم بۆ داخوازی و مافە ڕەواکانی خەڵک بە تایبەتی لە کوردستان ئاگر و باڕووت بوو. بینیمان کە بەسەدان کەس لە پیاوان و ژنان و لاوان شەهید کران و بە هەزارانیش بریندار و دەسبەسەر و ئەشکەنجە کران و هەروەها بنکەی سەرەکی هێزە کوردییەکان بە تایبەت ناوەندی سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین جار لەلایەن سپای پاسدارانەوە مووشەک باران کرا.
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی خێبرەگان
ئەزموونی حوکمڕانیی خۆسەپێن و ملهووڕانە و شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان لە ئێران پێمان دەڵێ خەڵکی سەرجەم ناوچەکانی ئێران و کوردستان تا ئەو ئاستە لەم ڕێژیمە بێزار بوون کە هیچ هیوایەکیان بە چاکسازی نییە و دڵنیان کە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران تازە باش نابێت و بگرە خراپتر دەبێت. خەڵک تێگەیشتوە کە هەڵبژاردن شانۆگەرییەکی ئەوەندە لەوس و سواوە لە ڕێژیمدا کە ئیتر خەڵک بیر لە بەشداریکردن ناکەنەوە و بۆیان گرینگ نییە ئاخۆ کێ بەربژێرە و کێ ناوی لە سندوەقەکانی دەنگدان دێننە دەرێ. پاشخانی نوێنەرانی پێشووی مەجلیس ئەوەندە پیسە کە لە ڕوانگەی خەڵکەوە مەجلیس نەک هەر نوێنەرایەتی ئەوانی نەکردوە، بەڵکوو ئامرازی سەرکوت و تاڵان بووە.
ئەوی ئێستا بۆ خەڵک گرینگە ئەوەیە کە ١١ی ڕەشەمە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و نەچوونە دەرەوە لە ماڵەکانیان بکەنە ڕێفراندۆمێکی دیکەی نا بۆ کۆماری ئیسلامی و، پێویستە کە خەڵک هێزی جەماوەر بە دەسەڵات نیشان بدەن و لە یەکگری و یەکخستنی وزەی شۆڕشگێرانەیاندا چارەنووسی خۆیان و ئەو ڕێژیمە یەکلا بکەنەوە.