کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدان لە ئێوە و کوشتن لە من

19:29 - 10 رەشەمه 2723

حەسەن ساڵح‌زادە

وەختێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی نیزامی پەهلەوی لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا سەرکەوت، ئاخوندەکان لەچاو حیزب و لایەنە جۆراوجۆرەکانی دیکەی مەیدانی خەبات، لە هەمووان زیاتر تینووی دەسەڵات بوون. ئەوەشیان لێ‌روون بوو کە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی نوێ و لە پەڕاوێزخستنی تێکڕای لایەنەکانی دیکەی بواری ڕاپەڕینەکان کارێکی وەها سانا نییە. لە وتاری ئاخوندەکان و شەخسی خومەینیدا پەیام‌گەلێک ڕوو لە خەڵک بڵاو دەکرانەوە کە تێیاندا مژدەی عەداڵەت و یەکسانی، گەیشتن بە پلەی مرۆڤایەتی، ئاسایشی گشتی، ئازادی و خۆش‌بژیویان لە ئەگەری جێگیرکردنی حکوومەتی ئیسلامی، بە گوێچکەی کۆمەڵگەی ئێراندا دەدا. کەچی دوای ئەوەی دەرگای کۆشکی دەسەڵات بە ڕوویاندا کرایەوە، پشتیان لە پەیام‌ و بەڵێنەکانیان کرد و دەرکەوت کە ئامانجی سەرەکی ئەوان تەنیا گەیشتن بە دەسەڵات بووە.

خومەینی لە ڕێبەندانی ١٣٥٧ دا لە توێی نامەیەکدا موهەندس بازەرگانی وەکوو سەرەکوەزیری "دەوڵەتی کاتی" ڕاسپارد هەتا کابینەکەی خۆی دابمەزرێنێ. خومەینی لە نامەکەیدا باس لە شوڕای شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی دەکا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بازرگان لە باری ئایینی و نەتەوەییەوە کەسایەتیەکی جێگەی بڕوای خەڵکی ئێرانە، هەربۆیە ئەرکی پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی تا ڕێکخستنی ئیدارەی کاروباری وڵات، بەتایبەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بە دەنگە گشتییەکانی میللەت سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵات بۆ کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی مەجلیسی دامەزرێنەر لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک بە مەبەستی پەسەندکردنی دەستووری سیستەمی نوێ تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێنەرانی میللەت بە پێی دەستووری پێ‌دەسپێرێ.

ئەگەرچی خومەینی و ئاخوندە هاوبیرەکانی لە ڕێگەی پێکهێنانی دەوڵەتی کاتی و ئەرکدارکردنی کەسایەتی‌گەلێکی جێمتمانەی خەڵک، توانیان تا ڕادەیەک بەستێنی کۆشکی دەسەڵاتداری خۆیان بنیات بنێن و لە پیلانی بەلاڕێدابردنی دەسکەوتەکانی خەڵک و سڕکردنی داخوازەکانیان سەرکەوتن وەدەست بێنن. بۆ دڵنیابوون لەم مەبەستە پێویستیان بە بەرنامەیەکی درێژ خایەن و بەردەوام هەبوو هەتا داهاتووی خۆیانی پێ مسۆگەر بکەن.

دەوڵەتی کاتی بە سەرۆکایەتی موهەندس بازەرگان، بڕگە بە بڕگە سیاسەتی ئاخوندە دنیاپەرەستەکانی بە جێ‌هێنا تا هەرچی زیاتر لە لوتکەی دەسەڵات نزیک ببنەوە. بڕگەی هەرە گرینگ و بنەڕەتی، بە ڕێفراندۆم لە ڕێگەی سندووقە فێڵاوییەکانەوە بۆ دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی لە جۆری دڵخوازی خۆیان، ئەویش کەمتر لە دوو مانگ دوای ڕوخانی دەسەڵاتی پەهلەوی و دامەزرانی حکومەتی کاتی بە ئەنجام گەیشت. خەڵکی ئێران بە بەشداریکردنیان لە سیناریۆی نێوان ٢ بژاردەی "بەڵێ" یان "نەخێر" بۆ حکومەتی ئیسلامی، لە لایەک زەمینەیەکی لەباریان بۆ دەسەڵاتداری ئاخوندەکان ڕەخساند کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و لە لایەکی دیکەش، چاڵێکی ڕەشیان بۆ ژیان و چارەنووسی خۆیان هەڵکەند کە ئێستاش هەر پێوەی دەناڵێنن.

ئەوجار خومەینی و ئاخوندە هاوبیرەکانی، چەند مانگ دواتر لە سێبەری "دەوڵەتی کاتی" دا توانیان یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامی لە نێو سیناریۆیەکی تەماوی دیکەدا بە ناوی ڕێفراندۆم بچەسپێنن. لە دوای ساخکردنەوەی دوو قۆناخی گرینگی دەوڵەتداری و پاش ٩ مانگ سەرۆکایەتیی دەوڵەتی کاتی، موهەندس بازەرگان ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا و دەسەڵاتەکانی بە شوڕای شۆڕش سپێردران. هەر لەوساڵەدا پرسی سەرکۆماریی حکومەتی ئیسلامی و مەجلسی شۆڕای ئیسلامی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دڵخوازی ئاخوندەکانەوە یەکلایی کرانەوە.

ئەمڕۆ ٤ دەیەونیو لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە نێوەڕۆکدا هەمان حکومەتی ئاخوندییە، تێدەپەڕێ. هەروەک گوترا، ئەوان بەردی بناخەی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی ڕێفراندۆم و هەڵبژاردنە فۆرمالیتەکانەوە دامەزراند کە توانیان هەتاکوو ئێستا درێژەی پێ بدەن. لە خۆڕا نییە کە ئاخوندەکان، بە تایبەتی نوێنەری جینایەتکاری وەلی فەقیهـ، لە میانەی چەند دەیە دەسەڵاتداریدا بەردەوام پێداگری و داواکاری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵک دەکەن. بەرپرسانی ڕێژیم ئەوەندەیان نان لەم پرسە خواردووە کە نە تەنیا مانەوەی خۆیان، بەڵکوو تەنافەکانی سێدارە و قامچی جەلادەکانیش بە خێرو مۆهیبەتی هەڵبژاردن دەزانن.

 بەرپرسانی دەسەڵات دەرفەتی حازربوونی خەڵک لە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەوێنی دەمڕاستی خۆیان دەگوازنەوە. بۆ وێنە، لەکۆڕو کۆبوونەوە جیهانییەکاندا هەروەخت بە تاوانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەرهەق بە خەڵک، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە، دیسان وەکوو بەڵگە، ئاماژە بە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و هەموو بڕیارە زاڵمانەکانی خۆیان بە خواستی خەڵکەوە نیسبەت دەدەن. دەبێ خەڵک ئەو ڕاستییە بزانێ کە ئاخوندەکان ئەگەر ئێستاش هەروا بە شێوەی ئاسایی و بەردەوام درێژە بە حکومەت و جینایەتەکانی خۆیان دەدەن، بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە خەڵک لەداوی سندووقەکە نگریسەکانیانەوە دەکەوێ.

ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابروودی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و جۆری سازماندانی هەڵبژاردنە کاناڵیزەکراوەکانیان بدرێتەوە، بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو ڕێژیمە لە نێوەڕۆکی خۆیدا هیچکات ڕەوایی و مەشرووعیەتی لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتداری خۆی وەدەست نەهێناوە. هەوەک دەزانین، گەلی کورد لە ڕێگەی بایکۆتی چالاکانەوە بەشداری لە یەکەمین ڕێفراندۆمی ساختەی "بەڵێ" یان "نەخێر" بۆ حکومەتی ئیسلامی دا نەکرد. بایکۆتێک کە بنەمای ئیرادەی نەوەکانی گەلی کوردی تەنانەت هەتا ئەمڕۆش ڕاگرتووە. ئاخوندەکان بە ڕواڵەت خۆیان لەو ڕاستییە بوارد کە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دەنگ بە حکومەتە پێشنیارکراوەکەیان نەدراوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا گەلی کورد شکۆو هەیبەتی خۆی پاراستووە. لانیکەم، جێگەی شانازییە کە کورد بەشێک لە دەزگای ستەم و دواکەوتووی حکوومەتی ئاخوندی نییە.

ئامانجی ئاخوندەکان لە سەرەتای دامەزراندنی حکوومەت و دۆخی ئەمڕۆیان زۆر لێک نزیکن. هەر وەکوو ٤٥ ساڵ لەمەوبەر، جارێکی دیکە بە تەمان لە ڕێگەی وەرگرتنی مەشروعیەتی ڕواڵەتی، داهاتووی دەسەڵاتەکەیان بپارێزن. ئەگەر ٤٥ ساڵ لەمەوبەر بیریان لە هێزی سندووقە جادووییەکان دەکردەوە هەتاکوو کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی پێ قایم بکەن، ئەوەتا ئێستاش بە تەمان جارێکی دیکە لاشەی نیوەگیانی حکوومەتەکەیان لە سێبەری سەناریۆی هەڵبژاردندا ببووژێننەوە و بێخەم‌تر لە هەمیشە ئەسپی تاوان و جینایەتی خۆیان تاوبدەن.

ساڵی پار کە ئاگری شۆڕشی ژینا بە مەبەستی لەگۆڕنانی حکوومەتی جینایەت و سێدارە لە کۆردستان هەڵگیرسا و دواتر تێکڕای ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە، کۆماری ئیسلامی بە ماناو کردەوە ڕەوایی خۆی لە دەست دا. ئەگەرچی دوای ساڵ‌و نیوێک دەنگی ئەم بزووتنەوەیە بە ڕواڵەت کپکراوە، بە ڵام لە زاتی خۆیدا هەروا زیندووە. بزووتنەوەیەک کە بتوانێ لە مەیدانی کردەوەدا ڕەوایی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە گۆڕ بنێ، هەروا بە ساناهی دانامرکێتەوە. ئەگەر چاوێک لە دۆخی ئێستای حکومەتی ئاخوندەکان بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە هێزەکانی پارێزەرانی دەسەڵات لە بەرانبەر هێزی خەڵکی ڕاپەڕیودا خۆیان بە ڕیسواو پەشیمان دەزانن. ڕێژیم بێجگە لەوەی کە لە سیاسەتی ناوخۆیی خۆیدا تووشی قەیران و داڕمانی بێ‌وێنە بۆتەوە، لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیشدا لەگەڵ تەریک کەوتنەوەیەکی جیددی ڕووبەڕووە. قەیرانی ئابووری بە ڕادەیەک بەرۆکی گرتووە کە توانای ئیدارەی وڵاتی لە دەستدا نەماوە. پرسەکانی خزمەتگوزاری، فێرکاری، بەرهەم هێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی و هتد لە کردەوەدا لەکارکەوتوون و هەروا لە ڕەوتی داکشان دان. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خولی نوێی هەڵبژاردنە نمایشییەکانی مەجلسی شووڕای ئیسلامی و خوبرەگانی ڕێبەریی نۆبەیان هاتۆتەوە.

لەم نێوەدا، بەپێچەوانەی هەموو یاساو ڕێساکان، ڕێژیم تەنیا بیر لە دوو مەسەلە دەکاتەوە. یەکەم، سەرکوت و کوشتن، دووهەم، بەڕێوەچوونی سەناریۆی هەڵبژاردنەکان. ئێستا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ڕێژیم بۆچی ئەوەندە پرسی هەڵبژاردن بە گرینگ دەزانێ؟ وەڵامەکەی ڕوونە، ئاخوندەکان هەروەک چۆن ٤٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی سندووقەکانەوە شۆڕش و دەسەڵاتیان خستە پاوانی خۆیانەوە و دواتر بە ناوی نوێنەرانی خەڵک دەستیان دایە کوشتارو جینایەت، ئێستاش دیسان خەریکی زیندوو کردنەوەی یارییەکن بە ناوی "دەنگدان لە ئێوە و کوشتن لە من".

کەواتە خەڵک دەبێ ئەو ڕاستییە باش بزانن کە نزیک بوونەوە لە هەر سندووق یان بنکەیەکی دەنگدان، ڕێخوشکەرە بۆ کوشتنی لاوێکی دڵسۆزی ئەم نیشتمانە، نیشتمانێک کە ئەگەری ئازادبوونی لە هەردەم نزیکترە.