کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزامی کۆماری ئیسلامی، سێبەری مەرگ بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا

11:05 - 17 رێبەندان 2723

عومەر باڵەکی

 

لەو کاتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک نیزامی دەسەڵاتداریی لە ئێراندا حومکڕانیی وڵاتی بەدەستەوەیە، دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە هەموو ڕێکارێکی نادیموکراتیک و دوور لە بایەخە جیهانداگیرە سیاسییەکانیان بۆ پاراستنی مانەوەی دەسەڵاتەکیان لەپێش گرتووە. بەشێکی ئەو ڕێکارانە بریتین لە: سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی خەڵک، خوڵقاندنی کەشی ترس، بەئەمنیەتیکردنی کۆمەڵگە، شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان، زیندانیکردن، ئێعدام، تێرۆری جیابیران لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران. لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو ٤٥ ساڵەدا، ئێعدام وەک کەرەسەیەکی چەند لایەنە لە خزمەت مانەوەی ئەو ڕێژیمەدا بووە.

یەکەم، ئێعدام بە جێگای ئەوەی سزای ئەو تاوانبارانە بێ کە زیانیان بە خۆیان و کۆمەڵگە گەیاندوە، کراوەتە کەرەسەی دەستی دەسەڵاتداران بۆ لەنێوبردن و نەهێشتنی جیابیران و دژبەرانی نیزام.

دوویەم، سزای ئێعدام وەک کەرەسەی خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا لەلایەن بەڕێوەبەرانی نیزام کەلکی لێ وەرگیراوە.

سێیەم، سزای ئێعدام لە ماوەی ئەو  ٤٥ ساڵەدا بەپێی هەموو پێوەرەکان و ڕادەی ئێعدامەکان کەرەسەیەک بووە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی ئێران و جیهان لەسەر سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چ لە بەڕێوەبردنی نێوخۆی ئێراندا و چ لە هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتانی هاوسنووری ئێران کە هەوڵیان داوە لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیدا دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتانەدا بکەن کە ئاکامەکەی سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی لێ کەوتۆتەوە و ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵکی ئێران داناوە.

بۆیە هەر کاتێک کەس یان کەسانێک لە جیابیران بەدەستی دەستگای قەزایی ئێران حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێندرێ و لەسەر دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان و دەزگای دادی ڕێژیمەوە ئەو سزایە جێبەجێ دەکرێ حەتمەن کارەساتێک یا ڕووداوێک لە نێوخۆی ئێران یا دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەهۆی لێکدانەوە و تێڕوانینی هەڵە لە زانستی سیاسەت و سەردەم لەسەردەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕووی داوە کە دژکردەوەی نێوخۆیی و دەرەوی لێ کەوتۆتەوە و بۆ ئەوەی بیروڕای گشتیی  لەنێوخۆ و جیهان لەو ڕووداوە دوور بخەنەوە، لەو کاتەدا ماشێنی ئێعدام بە پاساوی بێ‌بنەما دەستی بەکار کردوە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە کەلک‌وەرگرتن لە سزای ئێعدام و بایەخ‌نەدان بە گیانی مرۆڤەکان لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی، تەمەنی بە ڕادەی تەمەنی ئەو نیزامەیە. واتە ئێعدام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا نێوەرۆکی سیاسیی بەخۆیەوە گرتوە، بەو مانایە ئێعدامی کەس یا کەسانی سیاسی و جیابیر لەپێناو مانەوە و درێژبوونەوەی تەمەنی ئەو نیزام دایە.

ئەگەر سەردەمانێک سزای ئێعدام بۆ پێشگیری لە تاوان و تاوانکاری لەنێو بڕگە و ماددە یاساییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری سەر گۆی زەوی جێی بۆ کرابووە، دەبینین بەهۆی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە بوارە جۆراجۆرەکانی زانست و جێگیرکردنی ڕێکاری دیکە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تاوانکاری زیاتر لە ٨٠٪  وڵاتانی دنیا یا هەر سزای ئێعدامیان بەیەکجاری لە یاسای سزادانی خۆیاندا هەڵگرتوە و یا ئەگەر لە یاساشدا مابێ کاری پێ ناکەن. چونکە بە زانستی کۆمەڵناسی و تاوانناسی ئەوە سەلمێندراوە کە سزای ئێعدام نەبۆتە هۆی کەمکردنەوەی ڕادەی تاوان و تاوانکاری بەمەبەستی سەلماندنی ئەو بۆچوونە دەتوانین ئاماژە بە پرۆسەی ئێعدامەکان لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی بکەین کە بە هەزاران مرۆڤ بەتۆمەتی جۆراجۆر لەلایەن دەستگای دادوەری کۆماری ئیسلامی حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و بێ ئەوەی لە دادگاییەکی دادپەروەر دادگای کرابێن جێبەجێ کراوە و هەروەها بەبێ ئەوەی دەستیان بە پارێزەر ڕاگەیشتبێ و پارێزگاریی لە مافەکانیان بکا و تەنانەت تۆمەتی تاوانیان لەسەر سەلمێندرا بێ. بەو حاڵەش و دوای ئێعدامکردنی هەزاران کەس ماشێنی ئێعدام لە کۆماری ئیسلامیدا هەروەک ڕۆژەکانی یەکەم چالاکە و ئەوە پیشاندەری ئەوەیە کە سزای ئێعدام لە هەر حالەتێکدا نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێ.

هەروەک پێشتر باس کرا، کۆماری ئیسلامی بە ئێعدامی هەر تاکێکی زیندانی دەیەوێ پەیامێکی بەهێز بدا بە گەلانی ئێران کە ئەو حکوومەتە هەم هێز و هەم ئیرادەی هەیە بۆ ئەوەی لەپێناو مانەوەی خۆی بە ئاسانیی گیان لە مرۆڤەکان بستێنێ چونکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەزگای داد سەربەخۆ نییە و ئەگەر لەهەر سیستەمێکی دەسەڵاتدارییدا دەزگای قەزایی سەربەخۆ نەبوو، ئەو دەزگایە ناتوانێ دادپەروەر بێ و لەو جۆرە ڕێژیمانەدا ئەگەر کەس یا کەسانێک چ بە تاک و چ بەکۆ ناڕەزایەتی دەرحەق بە سیاسەت و بەڕێوەبەریی دەزگای حاکمە دەرببڕن ئەو حکوومەتە دەستی ئاوەڵەیە و بەتوندترین شێوە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بکا بێ‌ئەوەی لە بەرانبەر هیچ‌کەس ولایەنێکدا وەڵامدەر بێ.

ڕێژەی ئێعدام ساڵ بە ساڵ و بەپێی قۆناغەکانی ژیانی کۆماری ئیسلامی چۆتە سەرێ و بەشی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هەتا ئێستاشی لەگەڵ دابێ بەڕوونی پێناسەیەک بۆ تاوانی سیاسیی نییە هەتا بەپێی ئەو پێناسەیە تاوانباری سیاسیی سزای بۆ دیاری بکرێ و لە دادگاکاندا کاری پێ بکرێ. بۆیە لە هەلومەرجێکی وادا کە دەزگای دادوەری سەربەخۆ نییە، دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان و دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئاوەڵەیە کە ڕوانگە و بۆچوونی  هەر کەس و لایەنێک بە جۆرێک لە جۆرەکان کە لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستێکی ڕێژیم نەبێ و چ بە نووسین یا بەدەنگ و یا بەشێوەی کرداری ناڕەزایەتی دەرببرێ و یا داوای مافەکانی خۆی یا گەلەکەی بکا بەتاوانی "شەر لەگەڵ خوا و بڵاوکردنەوەی فەساد لەسەر زەوی"، "محاربە و مفسدفی الارض" تۆمەتبار دەکرێ و لە دادگایەکی ڕواڵەتی و لە پشت دەرگا داخراوەکاندا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەکەنەوە بێ ئەوەی تۆمەتبار توانای پارێزگاری لە خۆی هەبێ حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنن.

هەر کاتێک دەسەڵاتدارانی تاران هەستیان بەوە کرد کە ئێعدام بەگشتی و ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەستیاری دروست دەکا و ناڕەزایەتیی خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێوخۆ و دەرەوە لێ دەکەوێتەوە، پەنا دەبەن بۆ سازکردنی سناریۆیی جۆراجۆر وەک هێنانە مەیدانی سکاڵاکاری تایبەت کە سکاڵا لەسەر تۆمەتبار تۆمار بکا بۆ ئەوەی بتوانن لەژێر ناوی حوکمی قەساس ئێعدامەکان جیبەجێ بکەن و یا دروستکردنی پەروەندەی ئەمنیەتیی بۆ تۆمەتبار یا تۆمەتباران کە سەر بە دەزگای سیخوڕی فلان و فیسار وڵاتن و گوایە ئەمنیەتی ئێرانیان خستۆتە مەترسی و لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نیزامەوە هەوڵ دەدن بەستێنی مەشرووعییەتی ئەو ئێعدامانە لە بیروڕای گشتیی ئێراندا دروست بکەن. بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتیی و کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەتی ئەوە باش دەزانن کە لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا دەزگاکانی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی و دادوەرەکانی دادگاکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان سناریۆنووس و خۆشیان بڕیاریدەری کۆتاییان لەسەر چارەنووسی ئەو تۆمەتبارانەی کە دەیانەوێ بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و یا بەمەبەستی تایبەتی خۆیان لە ڕێگای ئێعدامەوە گیانیان لێ بستێنن و لە مافی سروشتی ژیان کە مافێکی سەرەتایی هەموو گیانلەبەرێکی سەر گۆی زەوییە بێبەشیان بکەن.

لە دوای ڕاپەڕینی ژینا لە هیچ‌کەس شاراوە نییە کە کۆمەڵگەی ئێران بۆتە دوو جەمسەری، لەلایەک زۆرینەی خەڵکی ناڕازی کە خوازیاری ڕووخانی نیزامی کۆماری ئیسلامین و لەلایەکی دیکەوە کەمینەیەکی بچووک کە لایەنگری دەسەڵات و مانەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامین و ئەو کەمینە بچووکە بۆ مانەوە و پاراستنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بۆ هەموو کارێک دەبن ئەگەر بەپێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت یاساکانی خۆشیان بێ.

 لە هەلومەرجی وادا بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام هەروەک باس کرا یەکێک لەو ڕیکارانەیە کە دەسەڵاتدارانی تاران بە پاڵپشتیی لایەنگرانی خۆیان بۆ پاراستنی نیزام بە بەربڵاوی و بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ یاسا و ڕیسایەک بەڕێوەی دەبن. بۆیە دیتمان دوای سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی شۆڕشی ژینا کە شەهید و بریندارێکی زۆری لە خەڵکی ناڕازی سەرشەقام لێ کەوتەوە دەسەڵات دەستی کرد بە ڕەشبگیری خەڵک و لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان هەزاران کەس لە گەنج و پیر ڕەوانەی زیندانەکان کران کە بەپێی ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا نیزیک بە ٦٩٧ کەس بە پاساوەی بێ‌بنەما ئێعدام کراون و بەپێی ڕاگەیەنە گشتییەکان و ئاماری ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەو ڕادەیە ٩ کەس لەو ئێعدامییانە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی ژینا بوون. بەڵام دەبینین بەو ئێعدام و زیندانیکردنە بەربڵاوە نەک زۆرینەی خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵات، نەترساون و پاشەکشەیان نەکردوە، بەڵکوو سوورتر بوون لەسەر ویست و داواکەیان کە ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.

 کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا لە سەدەی بیستەم کە سەدەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەموو بوارێکدا بوو، دروست بوو. بەڵام نێوەرۆکی هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە نێوەرۆک و باوەڕەکانی ئەو نیزامە لەگەڵ ڕوحی سەردەم و شێوازەکانی دەسەڵاتداریی نوێ بێگانەیە و پابەندە بە ڕەواڵی کۆنی دەسەڵاتداریی کە لەسەر بنەمای یاساکانی سەدان ساڵ پێش داڕێژراوە. بۆیە بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات ماوەی ٤٥ ساڵە بە بەکارهێنانی هەموو کەرەسەیەکی دژە مرۆڤی و نامرۆڤانە بەدژی خەڵک، بۆتە سێبەری مەرگ بەسەر کۆمەڵگەی ئێران دا.