ڕەزا دانشجوو
بەبێ گوێدان بە ڕوانگەی فیکری و شوێنی لەدایکبوون و گەورەبوونیان دیکتاتۆرەکان هەموو هەڵگری تاقمێک تایبەتمەندیی هاوشێوەن. پارانۆید (Paranoid) یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگە هاوبەشەکانی دیکتاتۆرەکان. ئەم تایبەتمەندییە بە ڕەشبینی بەرانبەر بە کەسانی تر پێناسە دەکڕێت.
دیکتاتۆرەکان گومانیان لە هەموو کەس هەیە بەتایبەتی لە کەسوکار و دۆستەکانیان، و وا دەزانن ئەوان بەردەوام خەریکی داڕشتنی پیلانی لەنێوبردنی دیکتاتۆرن. مێژوو پڕە لە توندوتیژیی دیکتاتۆرەکان بەرامبەر بە کەسانی نزیک لە خۆیان، چ ئەوانەی کە کوژراون یان زیندانی، دەربەدەر و گۆشەگیر کراون، یان بە هۆی ترسی دیکتاتۆرەکانەوە ناچارکراون لە سیاسەت دوور بکەونەوە. قەزافی هەزاران ئەفسەری پلەباڵای کوشت، سەدام زاواکەی لەبەین برد، دیکتاتۆری کۆریای باکوور مامی خۆی کوشت. بەڵام چیرۆکی دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکەی ئێران زۆر جیاوازترە.
بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنە شاراوەکانی ئەم باسە، دەبێ کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دوایە و بۆ ساڵانی سەرەتای سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی، ئەو سەردەمەی کە عەلی خامنەیی لەنێو ڕێبەرانی پلەدووی کۆماری ئیسلامیدا جێی دەگرت، زۆر لە خوارەوەی کەسانێک وەک بەهەشتی و موتەهەری. چەند ساڵ لەمەوبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەویزیۆنی فەرمیی ڕێژیم سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی عەلی خامنەیی بۆ شوڕای ئینقلاب لە ساڵی ٥٧دا دەڵێت کە خومەینی خۆی هیچ زانیارییەکی تایبەتی لەسەر خامنەیی نەبووە و تەنانەت خامنەیی باش نەدەناسی و لەڕاستیدا بە پێی ڕاسپاردە و پێشنیاری هاشمیی ڕەفسەنجانی، خومەینی خامنەیی بۆ ئەم شوڕایە هەڵبژاردوە.
ئەمە سەرەتای چالاکییەکانی هاشمی- خامنەیی بوو بۆ نەهێشتنی ڕکابەرە نێوخۆییەکان. ئەم هاوکارییە ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی بە هۆی شەڕی دەسەڵات خامنەیی و هاشمی بوون بە خەنیم و دوژمنی یەکتری. تێرۆرکردنی یەک لە دوای یەکی سەرکردە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامی وەک بەهەشتی، موتەهەری، ڕەجایی و باهونەر لە ساڵانی سەرەتای کۆماری ئیسلامی هەرچەندە بەڕواڵەت لەلایەن گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک ڕێکخراوی موجاهیدین یان فورقان ئەنجام دران، بەڵام هەندێک ئاشکراکردنی دواتر ئەوەیان دەرخست هاشمیی ڕەفسەنجانی و خامنەیی لەم ڕووداوانەدا بێئاگا نەبوون و بە شێوەک بەشدار بوون.
ڕەنگە لوتکەی هاوپەیمانیی نێوان ڕەفسەنجانی و خامنەیی هەڵبژاردنی ڕێبەری تازەی کۆماری ئیسلامی لەلایەن مەجلیسی بە ناو خوبرەگانی ڕێبەری لە مانگی جۆزەردانی ٦٨ و دوای مردنی خومەینی بێت، کاتێک کە هاشمیی ڕەفسەنجانی بە گێڕانەوەی چەند چیرۆکی تەواو ساختە، توانی بڕیاری ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگان کە لە سەر دیاریکردنی شوڕای ڕێبەری بە جێگای تاقە کەسێک رێککەوتبوون بگۆڕێت و خامنەیی بێتە ڕێبەر. ڕەفسەنجانی کە بیری لەوە دەکردەوە بە ڕێبەربوونی خامنەیی دەتوانێت زۆر سوک و ساکار وەک سەرۆکێکی هەمەکارە ڕێبەری ڕاستەقینەی وڵات بێت، هەنگاوی دووەمی نا. بەڵام تێپەڕبوونی کات دەریخست کە خامنەیی چیتر ئەو کەسە بەڕواڵەت سادە و لەژێر کاریگەریی هاشمیدا نییە.
کۆتایی هاتنی دەورانی هەشت ساڵەی سەرۆککۆماری هاشمیی ڕەفسەنجانی دەسپێکی دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی خامنەیی وەک دیکتاتۆرێکی تەواو مەیدان لەسەر هەموو ڕکابەرەکانی بەرتەسک بکاتەوە. هاشمیی ڕەفسەنجانی گەورەترین قوربانی ئەم چیرۆکە بوو، دوای سوکایەتیکردنێکی زۆر لەلایەن دارودەستەی خامنەیی لە سەردەمی سەرۆککۆماری مەحمود ئەحمەدینژاد، هاشمیی ڕەفسەنجانی دواجار لە کاتی مەلەکردن لەلایەن دەسەڵاتی خامنەییەوە خنکێندرا. زۆر زوو کەسانی نزیک و پەیوەندیدار بە خومەینی و کەسانێک کە لە کاتی ڕێبەریی خومەینیدا لە سەرکار و خاوەنی پلەوپایە بوون هەر یەک بە شێوەیەک لە سیاسەت دوورخرانەوە. میرحوسێن مووسەوی و کەڕوبی ساڵانێکە لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەرن بۆ ئەوەی دەنگیان بە هیچ شوێنێک نەگات. بڵاوکردنەوەی وێنە و قسەکانی خاتەمی، سەرۆککۆماری هەشت ساڵە ڕژیم قەدەغەیە و بەتەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخراوەتەوە. لابردنی مەحمود ئەحمەدینژاد بەشێکی تری ئەم سیاسەتە بوو. ئەحمەدی نژاد کە سەردەمانێک وەک نزیکترین کەس لە بیروبۆچوونی خامنەیی دەناسرا، لەناکاو بە چەند تێبینییەکی دژ بە خواستی دیکتاتۆر لە چاوی دیکتاتۆر کەوت و چووە نێو لیستی ڕەشی خامنەیی. ڕەنگە دوورخستنەوەی ئەحمەدینژاد لەم ڕوانگەوە گرنگ بێت کە بەپێچەوانەی کەسانی پێشوو، ناوبراو لەلایەن خامنەییەوە زۆر جێی متمانە بوو و شێوەی بیرکردنەوەی زۆر لە خامنەیی دەچوو.
وەک شەپۆلی دووەم ئەم سیاسەتەی خامنەیی دەتوانین ناوی ئەو کەسانە بهێنین کە هەرچەند بەتەواوی لە بازنەی سیاسی کۆماری ئیسلامی دوور نەخراونەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت وا پەراوێزخراون کە ئیتر توانایی دەستێوەردانی سیاسییان نەبێت و دوور بن لە ئاڵقەی سەرەوەی دەسەڵات. پاسدار موحسین ڕەزایی یەکێکە لەو کەسانە. یەکەم فەرماندەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی سوپای پاسداران، ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی تاقمێک پۆستی نمایشی و بێدەسەڵات کراوە و هیچ کاریگەریی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا نەماوە، تەنها هەندێکجار بۆ نمایشدان دەرفەتی دەدرێتێ چەند خۆڵەکێک قەسان بکات. ڕەنگە برایانی لاریجانی بە گەورەترین قوربانیی ئەم سیاسەتەی خامنەیی دابندرێن، ئەوەی برایانی لاریجانی لە کەسانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جگە لە کۆیلایەتی و ملکەچبوون بۆ عەلی خامنەیی هیچ شتێک تر لەم بنەماڵەدا نەبیندراوە. کاتێک عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمان و سادقی برای هاوکات هەم سەرۆکی دەستگای بەناو دادپەروەری و هەم سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرژەوەندیەکانی باڵای کۆماری ئیسلامی بوون، زۆر کەس پێیان وابوو بەم زووانە عەلی لاریجانی دەبێتە سەرۆککۆماری ڕێژیم و ئێتر کەس ناتوانێت ڕووبەڕووی ئەم بنەماڵەیە ببێتەوە، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان تەواو جیاواز بووە و بنەماڵەی لاریجانی نەک هەر شتێکی نوێیان بەدەست نەهێنا، بەڵکوو زۆر بەئارامی و پلاندارێژراو گۆشەگیر کران.
نوێترین بەشی ئەم نمایشە ڕەتکردنەوەی سەڵاحیەتی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشوو و مستەفا پورمحەمەدی وەزیری پێشووی ئیتلاعات ڕێژیم وەک پاڵێوراو بۆ خوڵی تازەی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان لە لایەن شوڕای نیگابانی ڕێژیمە. ئەوەی سەبارەت بەم دوو کەسە جێی سەرنجە ئەوەیە کە جیا لە پاشخانی ئیجرایی و سیاسی دوورودرێژی ئەم دوو کەسە لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، زۆرترین کات لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کاریان کردوە. ڕوحانی چەندین ساڵە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ڕێژیم بووە و یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ساڵی ٧٨ی هەتاویدا ڕۆڵی سەرەکیی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاراندا بینیوە. مستەفا پورمحەممەدی یەکێکە لەو چوار ئەندامەی بەناو "هیات مرگ" کە بەرپرسی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ساڵی ٦٧ بووە، هەروەها لە کەیسی کۆشتنی دەیان ڕوناکبیر نووسەر و سیاسەتمەدار لە پەروەندەی بە ناو "قتل های زنجیرەای" دەوری گرنگی هەبووە. لابردنی کەسایەتییە ئەمنییەکان نیشاندەری واقیعێکی دیکەیە. پڕۆژەیەک کە لە چەند ساڵ لەمەبەر بە نهێنی دەستی پێ کردووە و ئێستا ئاشکرا بووە. پرۆژەیەک بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیم بۆ یەکدەستکردنی سەرکردایەتی سیاسی ڕژیم و نەهێشتنی نەیاران و ڕکەبەران و هەموارکردنی بارودوخی سیاسی بۆ جێنشینی موجتەبا خامنەیی. دوورخستنەوەی برایانی لاریجانی و هاوشێوەکانیان وەک ڕوحانی و پورمحەمەدی لە ئالقەی سەرەوە لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ هەڵسەنگێندرێت.
ئەو کەسانەی کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی وەفاداری و نۆکەری خۆیان بۆ عەلی خامنەیی تەنها بە هۆی ئەوەی ڕەنگە مەترسی بن بۆ جێنشینی موجتەبا لە نزیک خامنەیی دوورخرانەوە. دەگێڕنەوە قەزافی دیکتاتۆری پێشووی لیبی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی عەرەبدا زۆر بە دیتنی بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سوریە تێک دەچوو، هۆکاری ئەم ناڕەحەتی و دڵگرانییە نەتەنیا کێشە سیاسیی نێوان ئەو دوو وڵاتە نەبوو بەڵکوو لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نەبوو. قەزافی لە هەموو سەرکردەکانی عەرەب باڵابەرزتر بوو جگە لە بەشار ئەسەد! دیکتاتۆری لیبی توانای دیتنی دیکتاتۆرێکی باڵابەرزتر لەخۆی نەبوو! ئەمە تایبەتمەندی هەموو دیکتاتۆرەکانە. لە چاوی عەلی خامنەیی، هەموو ئەوانەی کە ڕەنگە بە جۆرێک داهاتووی ڕێبەریی موجتەبا خامنەیی بخەنە مەترسییەوە، مەحکومن بە دوورخستنەوە، تەنانەت ئەگەر وەفاداریی و نوکەریی خۆیان ڕاگەیاندبێت، لە ڕوانگەی دیکتاتۆرەکانەوە هەر نۆکەرێک تەنها بۆ کاتێکی دیار بەکەڵک دێت.
دوورخستنەوەی فەرماندە کۆنەکانی سپای پاسداران و دانانی فەرماندەی تازە و وەفادار و دروستکردنی مەجلیسێکی خوبرەگانی بێدەسەڵات و پابەند بە جێنشینیی موجتەبا خامنەیی، دوا هەوڵی دیکتاتۆری پیری کۆماری ئیسلامییە، هەڵبەت ئەگەر گوڕوتینی خەڵکی ناڕازیی و شۆڕشگێڕی شەقامەکان خەونی دیکتاتۆری پیر نەهەژێنێت و دیکتاتۆری خوێنڕێژ پێش گەیشتن بە ئامانجەکانی تەسلیمی دادگای دادپەروەری میللەت نەکرێت!