مەنسوور مروەتی
جێژن و شایی نەورۆزانەی خەڵک بەشێوەیەکی جوان و ڕازاوە، و بەجۆش و خرۆشەوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان درێژەی هەیە و دیمەنێکی جوان و ماناداری بە کوردستان بەخشیوە.
یەکگرتوویی، شایی و دڵخۆشیی خەڵک و جلوبەرگی جوان و ڕازاوەی کوردەواری و، لە هەمانکاتدا ڕێکوپێکی لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەن کە نەک کۆماری ئیسلامی بەڵکوو هیچ حکوومەتێکی داگیرکەر لە کوردستان، نە دەتوانن دەستی بەسەردا بگرن و نە بەلاڕێیدا بەرن. ئەم شایی و خۆشحاڵی و هێز و وزەیەی خەڵکی کوردستان لە حاڵێکدایە، کە کۆمەڵگەی ئێران لە سایەی دەسەڵاتی چەوت و ئیدئۆلۆژیک و دوگم و داخراوی کۆماری ئیسلامی، لە ڕیزی وڵاتانی ناشاد و خەمۆکی دنیایە، و ئەمە خۆی خاڵی بەهێزی کۆمەڵگەی کوردستانە.
کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانا و بە درێژایی تەمەنی پڕ نەهامەتی خۆی، هەوڵی داوە ئەوەی ناوی شایی و خۆشی و خۆشحاڵییە لە ژیانی خەڵکدا بیسڕێتەوە و ڕەنگی ڕەش و تازیەباری و خەمۆکی بەسەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنێ. ئەم چل و پێنج ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا هەموو ڕێگایەکیان لە بەحەرام زانین و قەدەغەکردنی مۆسیقاوە بگرە تا پێشگرتن لە شایی و خۆشی و هەوڵ بۆ سەپاندنی تەنانەت جلوبەرگی دڵخوازی حکوومەت تاقی کردەوە، بەڵام هەم لە ئاستی ئێراندا و هەم بەتایبەتی لە کوردستاندا سەرکەوتوو نەبوون و دیمەنەکانی نەورۆزی کوردەواری لە سەرانسەری کوردستان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
ئەوەی لەسەر نەورۆزی کوردەواری گوترا هەروا ئاسان بەدەست نەهاتووە، بەڵکوو ئاکامی خەبات و بەربەرەکانییەکی گەورە و کۆڵنەدەرانەی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستانە کە لەبەرانبەر هەموو زەبروزەنگ و سەرکوت و بەکارهێنانی هەرچەشنە سیاسەت و پیلانێکی کۆماری ئیسلامیدا، چۆکیان دانەدا و کۆڵیان نەدا. کەواتە ئێستا نەورۆز لە کوردستان تەنیا هاتنی بەهار و ساڵی تازە و گۆڕینی وەرز نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ کۆڵنەدان و بووژانەوە و هەستانەوە لەبەرانبەر حکوومەتێکی مرۆڤکوژ، کە بە هەموو ڕێگایەک و بە هەموو ئامرازێک لە هەوڵی لەنێوبردنی و توانەوەی گەلی کورددایە.
هەڵسوکەوتی خەڵکی کوردستان لە نەورۆزی ئیمساڵدا کە هێشتا گەلی ئێمە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا لە خەباتێکی خوێناویدایە، دیسان سەلمێنەری بابەتێکی دیکەیە، ئەویش ئەوەیە کە فەلسەفەی خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە " مردن بۆ ژیانە نەک ژیان بۆ مردن." بەواتایەکی دیکە خەڵکی کوردستان ڕێگە نادەن کارەسات بەسەریاندا زاڵ بێ.
ئەگەر هەر ئەم یەک دوو ساڵەی ڕابردووی پاش شۆڕشی ژینا لە بەرچاو بگرین کە دەستی ڕەشی داگیرکەر دەیان و سەدان لاوی ئازا و دڵ پڕ لە هیوای کوردیان لە سەر شەقامەکان و لە زیندانەکان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستاندا شەهید و بریندار کرد،حاشای لێ ناکرێ کە داخێکی گرانیان خستە سەر دڵی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام گەلی ئێمە باش لەوە تێگەیشتوون کە نابێ تەسلیمی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ببن و لە کارەساتەکەدا بمێننەوە. ئەوان تازیەبار و دەستەوئەژنۆ لە ماڵەوە دانانیشن، بەڵکوو ڕاست بەپێچەوانەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ نەک هەر خەڵکی ئاسایی، بەڵکوو ئەوە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانن کە لەم خەبات و بەربەرەکانێیەدا لەگەڵ دوژمن لە ڕیزی پێشەوەن. ئەوە ئەوان و هاوڕێیەکانیانن کە شاربەشار و گوندبەگوندی کوردستان مەشغەڵی ئاگری نەورۆز دادەگیرسێنن و سەرچۆپیی ڕزگاری دەگرن.
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکەی ئەم ڕۆژانە لە مانگی نەورۆزدا، دیاریکردنی ڕۆژێک بەناوی رۆژی جلی کوردی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە بوو کە لە جێی خۆیدا جێی قسەلەسەر کردنە. ئەوەی ڕاستی بێ جلوبەرگی کوردی وەک بەشێکی گرینگ لە فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەی کورد نابێ ڕۆژی بۆ دیاری بکرێ و لە ڕۆژێکدا کورت بکرێتەوە. ئەو بابەتە وەکوو ئەوەیە بگوترێ دەبا ڕۆژێک بۆ زمانی کوردی دیاری بکرێ و لەو ڕۆژەدا خەڵک بە زمانی خۆیان واتە بە کوردی قسە بکەن. ئایا شتی وا لە گەڵ عەقڵ و مەنتقدا دەگونجێ؟ بێگومان نا، چونکە ئەوانە هەموو پێکهێنەرانی فەرهەنگی نەتەوەیێکی چەند میلیۆنین و کەس بۆی نییە ڕۆژی بۆ دیاری بکا و بە خەڵکی کوردستانی بفرۆشێتەوە. بەڵام مەبەست لەو کارەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان چی بوو؟
کاربەدەستانی ڕێژیم لە پاش ڕابوونی ئازایانەی خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ژینا و دەسپێکی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، و سەرکوتی خوێناویی ئەم شۆڕشە و کۆڵنەدانی خەڵک، لە هەوڵی ئەوەدان بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ وا بنوێنن دۆخی کوردستان ئاساییە. بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ڕابردووش هەوڵی زۆریان دا و دەستیان بۆ هەندێ کار برد کە تەنانەت لە گەڵ ئیدئۆلۆژیی داخراوی خۆشیان نەدەهاتەوە. بۆ وێنە ڕێگەدان بە فستیڤاڵی جۆراوجۆر و کۆنسێرتی گۆرانی و هەڵپەڕکێی سەرشەقامەکان، کە پێشتر یا هەر ئیزنیان پێ نەدەدرا یا دوای چەند مانگ بێنەوبەردە بەشێوەیەکی زۆر سنووردار ڕێگەیان پێ دەدا. ئێستاش دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ جلوبەرگی کوردی و ڕێگەدان بە شایی و هەڵپڕینی خەڵک لە سەر شەقامەکان ڕێک هەمان سیاسەتە. واتە ئەوان دەیانهەوێ بەشێوەیەکی ڕیاکارانە و خەڵک خەڵەتێنانە (پۆپۆلیستی) وا بنوێنن کە لەبەر ڕێزی فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی ئەم ڕۆژەیان دیاری کردوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەیانهەوێ بارودۆخی کوردستان ئاسایی نیشان بدەن. هەڵبەت باشە ئەوەش بگوترێ کە ڕێژیم بۆ مەبەستەکانی خۆی هەر کەڵک لە فەرهەنگ و هێماکانی کوردەواری کەڵک وەردەگرێ و بۆخۆشیان باش دەزانن کە خەڵکی کوردستان جگە لە فەرهەنگ و هێماکانی خۆیان شتی دیکەیان لێ قەبووڵ ناکەن.
لە لایەکی دیکەوە جیاواز لە فرت و فێڵەکانی پشت پەردەی ئەم کارانەیان، سەرنجڕاکێش ئەوەیە خەڵک دەتوانن هەر ئەم بۆنە حکوومەتیانەش بکەنە دەرفەتێک کە بە قازانجی خۆیان بشکێتەوە و هەرواشیان کردوە. دەنا خەڵکی کوردستان چاک لە مەبەستە شاراوەکانی ڕێژیم تێدەگەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە.
لە کۆتاییدا و جارێکی دیکە وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز، سڵاو لە ڕابوون و کۆڵنەدانی خەڵکی کوردستان لە سەنگەری نەورۆزدا.