سمایل شەرەفی
دوای هێرشی سیستماتیکی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بزووتنەوەی ژینا و شەهید و بریندارکردن و دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس لە خۆپێشاندەران و کپکردنی بزووتنەوەکە بۆ ماوەیەک، کاربەدەستانی ڕێژیم و خودی ڕێبەری نیزام، عەلی خامەنەیی، بە سپاس لە هێزە سەرکوتکەرەکانیان، ئیدیعای کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەکە و هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی خەڵک دژ بە ڕژیمەکەیان کرد. بەتایبەت لە کوردستان کە ڕێژیم ڕاشکاوانە و بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، ئێعترافی بە پێگە و نفووزی حیزبەکان لە کۆمەڵگەی کوردستان و بوونی پێوەندییەکی ئۆرگانێک لەنێوان خەڵک و حیزبەکاندا کرد، ئاستی پەلاماردان و سەرکوتکارییەکان زیاتر بوو.
بۆ نیشاندانی - بەخەیاڵی خۆیان - سەرکەوتنی سیاسەتی سەرکوت بە سەر بزووتنەوەی کوردستاندا، سەرۆککۆماری ڕێژیم، برایم ڕەئیسی سەردانی کوردستانی کرد و بە گەڕان بە نێو بازاڕی شاری سنەدا، ویستی وا نیشان بدات کە هەموو شتێک لە کۆنترۆڵی ئەوان دایە و ئەو بزووتنەوەی ئەوان بە "اغتشاشات" ناویان دەهێنا، کۆتایی پێ هاتووە. بەڵام ئەوەی لە مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵ و بەتایبەت لە ڕۆژانی بەرەبەری نەورۆز و سەری ساڵی نوێی هەتاویدا ڕوویان دا و تا ئێستاش بەردەوامن، نەتەنیا پێچەوانەی ئیدیعا و دڵخۆشییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم دەسەلمێنن، بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئاستی قوڵی و بەرینایی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێ پێشی پێ بگیردرێ.
لە ئاستی سەرانسەری وڵاتدا ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە خەڵک بە گرتنەپێشی سیاسەتی بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، 'نا'یەکی مێژوویی و بەهێزیان بە تەواویەتیی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی وتەوە. کە ئەم "نا"یە لە کوردستان بەرچاوتر و بەهێزتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بوو. بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەیە؛ شێوازی پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە نەورۆز و سەری ساڵی نوێ و پەیامی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵە.
بەگشتی لە نیوەی مانگی ڕەشەممەوە تا ئێستا کە یەک دوو ڕۆژێکی بۆ نوێبوونەوەی ساڵ ماوە، لە کوردستان و لە چوارچێوەی ڕێوڕەسم و کارنەڤاڵی گەورەی جەماوەریی هەزاران و دەیانەزار کەسیدا، خەڵک لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر پێشوازییان لە نەورۆز کردوە. وەک چەند جاری دیکەمان باس کردوە، ئەوەی لەم ماوەیەدا و تەنانەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سەروبەندی ساڵی نوێ لە کوردستاندا بەڕێوە دەچن، تەنیا بۆ پێشوازی لە نەورۆز و دەربڕینی خۆشی نیە، بەڵکوو ڕەفتارێکی تەواو بەرهەڵستکارانەی مانادارە کە بە شێوازێکی مەدەنی و جەماوەری بەڕێوە دەچێت.
هەر خودی لەدەوری یەکتر کۆبوونەوەی خەڵک کە جاری وایە خۆی لە دەیان هەزار کەس دەدات، نیشانەی دەربڕینی هەست و زەروورەتی یەكیەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەرانبەر بە دەسەڵاتی دژیگەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. زەروورەتێک کە بە درێژایی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد، بەداخەوە کەمتر سەرنجی دراوەتێ. ناكۆکی و نایەکگرتوویی و پەرتەوازەبوون، یەکێک لە کەمایەسییەکانی تا ئێستای خەباتی کوردە. بەڵام ئەوە نزیک بە بیست ساڵە لە کوردستان ساڵ بەساڵ زیاتر ئەم زەروورەتە، کاری لەسەر دەکرێ و بە پێی بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاریی خەڵک، ڕیزی یەکگرتووی تا دێت بەردرێژ و بەربەرین دەبێتەوە.
ئەو هێما و نیشانانەی خەڵک لەم ڕێوڕەسمانەدا بەکاری دەهێنن، هەر هەموویان خاوەنی پەیام و ڕاسپاردەی سیاسی و کۆمەڵایەتین. خەڵکی کورد بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوەی دوژمنانی کە هەوڵیان داوە بێهیوا و ماتەمباری بکەن، بەردەوام هەوڵی داوە بەختەوەرانە بژی، ژیانی خۆش ویستووە، وەک لە شێوازی جلوبەرگی ڕا دیارە هەمیشە هەوڵی داوە ڕازاوە و شیک بێت. بەرانبەر بە هەر نەهامەتی و دۆشدامانێک دەست لەنێو دەستی یەکتر هەڵپەڕیون و "دەسرۆکەی دەستی سەرچۆپی"، بەیداخ و ئاڵای "بوون" و مانەوەیان بووە و پێیان بەسەر هەر جۆرە بێهیوایەکدا کوتاوە و بەزمی ڕەزمی دوژمن تۆقێنیان گێڕاوە.
بەکارهێنانی جامانە کە لە ڕێوڕەسمەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بۆتە هێمایەکی دیاری مانادار، گرێدانی نەورۆز و ڕەفتاری کۆمەڵگەیە بە بەستێنێک لە خەباتی پڕ لە سەروەریی ڕۆڵە قارەمان و گیان فیداکانی گەل، کە جامانە لەسەر، سەربەرزانە خەباتیان کرد و زۆریان سەربەرزانە سەریان کردە پردەبازی سەربەستیی گەل و نیشتمان.
کیژان و کوڕانی وشیاری کوردستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا جامانە لە مل و هەوری لە کۆڵ، هەڵگری ڕەسەنایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین کە بە سەدان ساڵە، دوژمنانمان هەوڵی سڕینەوەیان دەدەن و، بۆ پاراستنیان وێڕای ڕابردوویەک لە خەباتی دورودرێژی پڕ لە خوێن و قوربانیدان، ئەمڕۆ میللەتێک لەسەر پێیە.
هەموو ئەمانە بە کۆمەڵگەیەک دەکرێ کە هێز و توانای خۆڕێکخستنی هەبێت، بۆ ئەمەش کۆمەڵگەی کوردستان لە قوناغی نوێی تێکۆشانی خۆیدا کە جەماوەری و گشتگیرە، ئەو توانا و هێزەی بۆ دەستبەر بووە. شوێنەواری خەباتی حیزبە سیاسییەکان و بەتایبەت کاریگەریی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆی کۆڕ و رێکخراوە مەدەنییەکان لە سەر ڕەفتاری کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی لەسەرپێ و ڕێکخراوی بنیاد ناوە کە بەرانبەر بە هەر پرس و بابەتێک خۆی بە خاوەندار دەزانێ.
لە وەها کۆمەڵگەیەدا لەوانەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بتوانێ لە ڕێگەی هێزی سەرکوت و سیاسەتی دژیگەلیانەوە پێی وابێ دەتوانێ ناوەناوە جووڵە و بزاوتەکان، کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام بیرکردنەوە لە؛ بەلاڕێدابردن، تەسلیمکردن، بێهیواکردن و ڕاوەستاندنی لە خەبات بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی، جیا لە خەیاڵێکی خاو و بەتاڵ، هیچی دیکە نیە.