ئەلبورز ڕووئینتەن
لە سەر ئەوەی کە ڕابردوو چۆن دەتوانێ کاریگەریی لە سەر داهاتوو هەبێ مشتومڕێکی زۆر لەنێو فەیلەسوفان و زانایانی زانستی مرۆڤایەتی هەیە، هەر یەک لە زانایان باس لە شێوازێکی کاریگەری ڕابردوو لەسەر داهاتوو دەکەن بە جورێک کە جەبری مێژووی باسێکی گەرمی فەلسەفەی هێگل هەژمار دەکرێ کە لە تێروانینەکانی ئەفلاتون سەرچاوەی گرتووە و لەسەر فەلسەفەی مارکسیش کاریگەری داناوە. بەڵام ئەوەی زیاتر لە گەڵ نێوڕۆکی ئەو بابەتەی کە لێرەدا باسی دەکەین ئەو وتەیەی ئێدمۆند بەرک نووسەر و فەیلەسوفی بریتانیاییە کە نوسەری کتێبی ڕامانێک لە سەر شۆڕشی فەڕانسەیە. بەرک لە وتەیەک لە مەڕ میژوو دەڵێ: "لە مێژوودا قەبارەیەکی زۆری ڕێنوێنی بۆ ئێمە هەیە، کە دەتوانێ پێداویستیەکانی زانستی داهاتوو، لە هەڵە و لاوازییەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتی دروست بکات."
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە ئێستا لە گرینگترین ئەو ڕووداوانەی ڕابردووی نزیکمان بە تایبەتی لە بەرەنگاری لە ڕێژیمی دیکتاتورییە پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی چەند ڕەهەندی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین وەک ڕێنوێنی بۆ داهاتوو کەڵکی لێوەرگرین، هەر بۆیەش کە بەرەو پۆست ژن ژیان ئازادی دەڕۆین پێویستە نەک لە خاڵە ئەرێنییەکان بەڵکوو لە هەڵەکانیش کەڵک وەربگرین بۆ ئەوەی هەستانەوەی داهاتوومان سەرکەوتووتر بێ یا سەرکەوتنی کۆتایی واتە ڕووخانی دیکتاتوری بە ئازادی گەیشتنی کورد و کوردستانی لێ بکەوێتەوە.
بە تایبەتی کە بەرەو ساڵی نوێش دەچین ئەو پێویستییە زیاتر خۆی دەنوێنی، چونکە ساڵێ نوێ بۆ ئێمە دەستپێکی چالاکیی نوێ بە هێمای نەتەوەیی لە بەرانبەر سەرکوت و بیری فاشیستییە.
زۆرن ئەو لایەن و رەهەندانەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە دەبێ شەن و کەوی بکرێن، بەڵام ئەوەی لەو بابەتەدا بەکورتی باسی لە سەر دەکەین هەبوونی بیری شۆڤینستییە کە لە ڕێژیم و هەروەها بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو دەبیندرێ کە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی مافە نەتەوەییەکان دەکات. ئەو ڕەهەندە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە بووە هۆی ئەوەی سەرکەوتن بە دەست نەهێنێ.
لە دەستپێکدا کە شۆڕش لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد چالاکییەکانی دەرەوەی کوردستان وێڕای پشتیوانی بۆ کوردستان وەک چالاکییەک دژی حیجاب دەستیان پێ کرد، لە کوردستان مەودایەکی زۆری نەبرد کە شۆڕش لە دەربرینی دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی شەهیدبوونی ژینا بۆ قوناغی ژن ژیان ئازادی گۆڕا و لەوێ ئازادیی کورد و کوردستانیش وەک سەنتێز خۆی نیشان دا و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پشتیوانی لە هێزی سیاسیی کوردی و بە تایبەتی حیزبی دێموکرات و شەهیدی نەمر دکتو قاسملوو وەک هێمایەکی چالاکییەکان بە زەقی خۆیان نیشان دا. هەرچەند لە کوردستان چالاکییەکان ڕەنگی خەباتی نەتەوایەتییان بە خۆوە زیادتر دەدیت لە دەرەوەی کوردستانیش پشتیوانی بۆ ئەو خەباتەی کوردستان کەمتر دەبۆوە، تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی فارسی بەرەو دژایەتییەکی سیستماتیک بۆ ئەو شۆڕشە ڕۆیشت و بە جۆرێک هەوڵی دەدا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە هەر جۆرە هێمایەکی نەتەوەیی کوردی بسڕێتەوە و لە داخوازی بۆ لابردنی حیجاب لە تاراندا کورتی بکاتەوە بە جۆرێک کە پێناسەی ئەو شۆڕشە واتە "ژن، ژیان، ئازادی"، بۆ "پیاو، وڵات، ئاوەدانی" لەلایەن خێڵی پاشایەتیخواز بگۆڕێت.
ئەو دژایەتییەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوە لەگەڵ هەوڵی زۆر ڕێژیم بۆ نیشاندانی ئەو شۆڕشە بە شۆڕشی کوردان بۆ جیاییخوازی هاوتەریب بوو، ئەو هاوتەریبیە لە نێوان لایەنی دژ بەیەک جاریکی دیکە سەلماندی شوڤینیزمی دژە کورد و مافەکانی لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش لەوانەیە بەردەوام بێت، کە ئێستاش بە ئەندازەیەک دژایەتی کورد دەکەن.
دژایەتیی کوردی و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تەنانەت بۆ نێو میدیای فارسی زمانی دەرەوەش گواسترایەوە بە جۆرێک هەمیشە بە گومانەوە سەیری چالاکییەکانی کوردستانیان دەکرد و تەنانەت ئەگەر لەژێر تیغی سانسوریش دەرچوبا هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بەرگی ئێرانی بوونی کە ساختەی بیری شوڤینیزمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی بە سەردا بسەپێنین، کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ بە هەمان ئەندازەی ئازادیخوازی بۆ کورد فەلسەفەی ژیانە، دژایەتی کردنی ئەو ئازادیەش بە بیانووی وەک جیاییخوازی بۆ ئەوان هزر و ئەندیشەیە کە ناتوانن لە بیری بکەن یا وەلای بنێن؛ تەنانەت ئەگەر بانگەشەی دیموکراسییش بکەن.
"پۆست" ژن، ژیان، ئازادی بەر لە هەموو شتێک خوازیاری ئەوەیە کە دەبێ ئەو ڕاستییە زیاتر بناسین کە ئەو بیرۆکەی کە زیادتر لە سەد ساڵە ڕێگری دەکات لەوەی کورد بە کەمترین مافەکانی بگات، تەنیا سیاسەتی دەسەڵاتداران لە تاران نییە بەڵکوو مێنتالیتەیەکی زۆرینەی لایەنەکانی نەتەوەی سەردەستە. تەنانەت ئەگەر ئەو لایەنانە دژی یەکتریش بن، بەڵام بە نسیبەت پرسی کورد هاوڕا و تەنانەت هاوباوەڕن. دەرککردن بەو ڕاستیە ئێمە هان دەدا هەتا وزەی هەرە زۆری خۆمان لە ڕاستای کوردستان و یەکگرتووی لە کوردستان لە پێناو خەبات بۆ کوردستان یەک بخەین کە ئەو کات دەنگمان لە تاران زۆر بەهێزتریش دەبێ، بەتایبەتی لە هەر ئەگەرێکدا ئێمە ڕووبەڕووی ئەو هزرە شوڤینیستییە هەر دەبین.