کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەهمی تێگەیشتن و زانایی

15:14 - 3 خاکەلێوه 2724

ڕەزا دانشجوو

ڕەزا پێشمەرگەی سەردەمی کۆمارە! خۆی دەڵێت کاتێک پێشەوای نەمر دامەزرانی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، لە ڕێزی پێشەوەی ئامادەبووان بوو. ڕەنگە لای ئێوە پرسیار بێت مەگەر ڕەزا تەمەنی چەندە کە لە سەردەمی کۆماردا ئامادە بووە؟ ڕەزا تەمەنی زۆر نییە، چڵ و چەند ساڵ دەبێت، بەڵام وایە ئیدی ئەوکات لەگەڵ بووە! ڕەزا دەڵێ، پێشەوا دەیتوانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی کورد و کۆمار بگۆڕێت، بەڵام هەڵەی کرد! دەڵێ: جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ پێشەوا ئەماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ کردوە، بەڵام بەداخەوە پێشەوا بایەخی بە قسەکانی نەداوە! ڕەزا دەگێڕێتەوە کاتێکیش پێشەوایان دەبرد بۆ نامەحکەمەی پەهلەوی چاوی پێی کەوتوە. دەڵێ جەنابی پێشەوا بانگی کردوە و پێی گوتووە: ڕەزا! خۆزگە گوێم لە ئامۆژگارییەکانی تۆ دەگرت!

ڕەزا شانازی بەوە دەکات وەک پێشمەرگەیەکی بەئەمەگی کوردستان بەشداریی لە زۆربەی شەڕەکانی دژی داگیرکەران کردوە. ڕەزا بیرەوەریی یەکجار زۆری لە ململانێی لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. ڕەزا دەڵێت: کاتێک خومەینی فەرمانی جیهادی لەدژی خەڵکی کوردستان دەرکرد، چووەیە لای دوکتۆر قاسملوو و پلانێکی فرە لاپەڕەیی بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمدا پێ داوە. دەڵێ دوکتۆر قاسملوو بە دیتنی پلانەکەی ئەو سەرسام بووە  و بە فەرماندەکانی پێشمەرگەی گوتوە: لەم گەنجە فێربن چۆن لە تەمەنێکی وادا پلانێکی ئاوهای داڕشتووە ! ڕەزا دەڵێ، هەتا هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی پلانەکەی ئەو شەڕ و خۆڕاگرییان دەکرد، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن، بەڵام دواتر ئیرەیی و چاوچنۆکیی بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بەرانبەر بە پلانەکەی وای لێ کردن بە شێوازێکی دیکە هەڵسوکەوت بکەن و ئەمەش بوو بە هۆی کۆمەڵە ڕووداوێکی ناخۆش و پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە!

ڕەزا چیرۆکی بێ‌ئەژمار لە شەڕی دەستەویەخە دەگێڕێتەوە! ڕەنگە لاتان پرسیار بێت ئەی بۆچی لە هیچ شوێنێک ناوی ڕەزا ناهێنرێت و کەس نایناسێت؟ خۆی دەڵێت هەمیشە هەوڵی داوە بێ‌ناو بمێنێتەوە و بەنهێنی خەبات بکات!

ڕەزا کارەکتەری دوکتۆر قاسملووی خۆش دەوێت، بەڵام ڕەخنەی بنەڕەتیی لە هەندێک لە ڕەفتارەکانی هەیە! دەڵێ دوکتۆر قاسملوو زۆربەی کاتەکان ڕاوێژی لەگەڵ دەکرد! باس لەوە دەکات چەند جارێک دوکتۆر قاسملووی لە مەترسی تیرۆرکردنی ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە دوکتۆر قاسملوو گرنگی بە وریاکردنەوەکانی نەداوە!

ڕەزا ڕەخنەگری هەموو لایەنە کوردییەکانە، دەشڵێت زۆر لایەن پێشنیاریان کردوە کە سەرکردایەتیی ئەوان قبوڵ بکات، بەڵام ئەو ملی بۆ ڕانەکێشاوە و نەیویستوە، چونکە چوارچێوەی سیاسیی ئەوانی قبوڵ نەبووە. دەشڵێت، دوای چەندین ساڵ لە سیاسەتکردن ماندوو بووە و پێی باشترە لە سیاسەت دوور بکەوێتەوە. ڕەزا دەڵێت، بەڵام خۆشەویستیی بۆ کورد و کوردستان ڕێگە نادات بۆیە هەندێک جار باسی هەڵەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکات تەنها بۆ ئەوەی لایەنەکان ڕێگای ڕاستی خۆیان بدۆزنەوە.

ڕەزا تێگەیشتنێکی باشی لە زمان نییە، باشتر ئەوەیە بڵێین هەر باوەری بە فێربوونی زمانی بێگانە نییە! ڕەزا فارسی نازانێت، هیچ لە زمانی ئینگلیسیش و زمانی دیکەش تێ ناگات، ئەو دەڵێت نابێ فێری زمانی داگیرکەران بین! فارسی زمانی داگیرکەرە و ئینگلیسی زمانی کۆلۆنیالیستەکانە! ڕەزا زمانی کوردی وەک چۆن خۆی حەز دەکات دەنووسێت و بەکاری دەهێنێت. لە وەڵامی هۆکاری زۆری هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی و ئاخاوتنەکانیدا دەڵێت: ڕێزمانی کوردی لەلایەن هەندێک کەسی نەخوێندەوارەوە نووسراوە و هەڵەی زۆرە! دەڵێت چەند جارێک هەوڵی ڕاستکردنەوەی ڕێزمانی کوردیی داوە، بەڵام کاتی نەبووە و دایناوە بۆ ئەوکاتەی کەمێک سەری سووک بێت!

ڕەزا چارەسەری بۆ هەموو شتێک هەیە. دەشڵێت هەموان ئیرەیی پێ دەبەن چونکە دەزانن هەمیشە دەستەکانی پڕن و توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ هەر بارودۆخێکدا هەیە. ڕەزا حەزی لە خوێندنەوە نییە، دەڵێت کتێبێکی نەدۆزیوەتەوە کە شتێکی نوێی بۆ کۆمەڵگە پێ بێت! هەر بۆیە لەبری خوێندنەوە بیرکردنەوەی پێ باشترە! ڕەزا دەڵێت کاتی نییە، ئەگینا تا ئێستا بیست کتێبیشی نووسیبوو، کتێبی پڕ لە مانا و هزری سەردەم، نەک وەک کتێبی بێ‌بایەخی کەسانی تر. لەوانەیە بپرسن ئەدی ئیش‌وکاری ڕەزا چییە کە ئەوەندە سەرقاڵە و فریای هیچی دی ناکەوێ. ئەوەی ڕاست بێت ڕەزا بێکارە، هەر لەسەرەتاوە بێکار بووە. دەڵێت کاری ئەو بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوە هەموو کاتەکانی دەبات! دەڵێ نایەوێت وەک مرۆڤەکانی‌تر شەو و ڕۆژ بەدوای پاروو نانێکدا بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی بگەڕێت. دەڵێت ژیان زۆر لەم شتانە بەنرخترە و کاتی خۆی تەنیا و تەنیا بۆ بیرکردنەوە تەرخان کردووە!

ساڵانێکە ڕەزا بە دەستەواژەی" ئەمن نەمگوت" و "ئەدی مەگین باسم نەکردبوو" دوای هەر ڕووداوێکی گرنگ گلەیی لەوە دەکات کە ئامۆژگارییەکانی پشتگوێ دەخرێن!  ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیەی ڕەزا لە شیکردنەوەی ڕووداوەکاندا ئەم توانایەی پێ بەخشیوە کە زۆر پێش سیاسەتمەداران پێشبینیی دۆخەکان بکات! چالاکیی سەرەکیی ڕەزا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دایە. ئەو هەتا ئێستا دووجار ئۆتۆنۆمی و جارێکیش سەربەخۆیی بۆ کوردستان وەرگرتوە!

ڕەزا پارادۆکسێکی تەواو لە بیروباوەڕی جیاوازی سیاسییە! لەلایەک دژی فیدرالیزمە و فیدرالیزم بە هەڵەیەکی گەورە بۆ کورد دەزانێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە کورد دەبێت بە دوای سەربەخۆییدا بگەڕێت و پێویستە کورد خۆی لە باقی گەلانی ئێران جیا بکاتەوە! بەڵام لە کاتی خولی نوێی پڕۆسەی بەناو ھەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی بە ھەڵەیەکی گەورە لە قەڵەم دا. ڕەزا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە نوێنەری باش و خوێندەوار بنێردرێتە پارلەمانی ڕێژیم! ڕەزا دەنگ‌هێنانەوەی چەند نوێنەرێکی بەناو کورد لە ورمێ و ماکۆ بۆ پارلەمانی ڕژیم بە سەرکەوتنێکی ئێجگار مەزن دەزانێت!

***

کاریگەریی "دانینگ-کروگر" بە پشتبەستن بە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ١٩٩٩ لە زانکۆی کۆرنێل لەلایەن دەیڤید دانینگ(David Dunning) و جاستن کروگر(Justin Kruger) ئەنجام درا دۆزرایەوە. بۆ ئهنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەم دوو کەسە، تاقمێک کەسیان له ڕووی توانایی ئیستدلالی لۆژیکی، ڕێزمانی زمانی ئینگلیسی و توانایی نوکتەگێڕاوە  پشکنی و لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو ئەنجامە سەرنجڕاکێشەی خەڵکانێک کە خۆیان له ئاستی مامناوەند باشتر هەڵسەنگاندوە، لە ڕاستیدا ئەنجامەکانیان زۆر کەمتر بووە. بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە توانایان ١٢ لە سەد بووە، پێشوەختە توانای خۆیان بە ٦٢ لە سەد بەراورد کردوە!

بەم شێوەیە "دانینگ" و "کروگر" ئەم کێشە دروونییەیان دۆزییەوە کە بریتییە لە "تێنەگەیشتن لە ئاستی توانا و ئەدای تاک" و ئەم بابەتەیان بەم شێوەیە داڕشت:

 "ئەو کەسانەی زانیارییان لە خوار ئاستی مامناوەندییە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی دوو گرفت دەبنەوە، ئەوان نەک هەر دەرئەنجامەکانیان ناڕاستن، بەڵکوو بە پشتبەستن بەو دەرەنجامە ناڕاستانە زۆرجار تووشی کردەوەی هەڵە دەبن و هەڵەکانیان دووبارە دەکەنەوە، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی لە بێ‌توانایی خۆیان تێ نەگەن و درکی پێ‌نەکەن و ئاگاداری ئەم کەمایەسییە گەورەیە نەبن.

ئەو کەسانەی کە تووشی وەهمی زانینن (نارسیست) هەرگیز ڕێگە نادەن لەلایەن کەسانی ترەوە ڕەخنەیان لێ بگیرێت، چونکە لە ئەساسدا باوەڕیان بە ئەگەری هەتڵەبوون یان هەبوونی خاڵی لاواز کە تایبەتمەندیی سروشتی مرۆڤە نییە!  ئەو کەسانەی دووچاری نەخۆشیی وەهمی زانینن زۆرتر حەوجێیان بەو کەسانەیە کە کوێرانە پەسەند و ستایشیان دەکەن، یان کەسانی لاواز و بەستراوەن.

***

ڕەزا کەسێکی تایبەت نییە، تەنانەت پەیوەندی بە کاتێکی تایبەتیش نییە. ڕەزا کۆمەڵێک دژایەتی و ململانێیەکانی کەسانی نێو کۆمەڵگەیە کە لە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو توانایی هاوڕێیەتییان نییە و لەبری هاوکاری کردن ڕاوەستان و خەریکی بەردەباران‌کردنی شەمەندەفەری کۆمەڵگەن کە لە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجە. ڕەزا تێکەلاوێکە لە نەزانین و نەتوانین. نایەوێت قبووڵی بکات کە ئەو کەسەی دەبێت ڕێگا و ڕێبازی خۆی بگۆڕێت ئەوە نەک کۆمەڵگە.

ڕەزا منم، ڕەزا تۆی! هەموومان کەم تا زۆر جۆرێک لە کەسایەتیی ڕەزامان لە بیروبۆچوونەکانماندا ئەزموون کردوە. کاتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزی، لەبری ئەوەی بارێک لەسەر شانی کۆمەڵگە لابەرین خۆمان بووینە هۆکاری بارگرانی. کاتێک لەبری ئەوەی ئەلتەرناتیڤێک یان ڕێگایەکی بەدیل بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە بدۆزینەوە، لە گۆشەیەکدا خۆمان شاردەوە و تەنانەت گاڵتەمان بە ڕێبواران کرد. کاتێک لەبری خوێندنەوە و گوێگرتن، ڕاهاتووین تەنها قسە بکەین بەبێ ئەوەی هیچ شتێکمان هەبێت بۆ پێشکەشکردن و پیشاندان.

وەهم بە زانین گەورەترین کێشەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆمانە. کۆمەڵگایەک کە کەمترین بایەخ بە خوێندنەوە ئەدات و کتێبی نییە، بێ ئاگایە لە مێژوو و هیچ وانەیەکی لێ فێر نەبووە، ئەوەی دەیزانێت تاکە ڕاستییە و ئامادە نییە گوێ لە هیچ وشەیەکی دژبەر بگرێت. با ئاگامان لە ڕەزا و ڕەزاکانی نێو مێشک و بیروباوەڕەکانمان بێت! با چیی تر جەستەی ماندووی و زامداری نیشتیمان بە خۆبەزلزانین و وەهمی مەعریفە تووشی مەترسی و کێشە نەکەین! با نەبینە هۆکاری لێکترازان و دابڕانی زیاتر!

با ڕەزا نەبین، با خوێندکارێکی ڕێبازی زانین و تێگەیشتن بین!