ناسر ساڵحیئەسڵ
چییەتی "شەقام" پێویستی بە تێڕوانینێکی دوولایەنەی مێژوویی و هەنووکەیی هەیە؛ لەم بەستێنەدا هەم دەبێ سیاسەت و هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و هەم دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران ڕەچاو بگرێن. ئەوەندەی بۆ حاكمییەتی كۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، ئەو ڕێژیمە نادێموكراتیكە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورددا، سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕێژیم هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەتا ئیستا نەگۆڕدراوە. ڕێژیمی تاران هیچکات نەیویستووە و نایەوێت پرسی کورد و نەتەوەکانی دیكەی ئێران چارەسەر بکرێت. هەربۆیە جگە لە نكۆڵیكردن، سەركوت و تواندنەوەی نەتەوەكان، ئیتنیك و ئایینزاكان، بڕوای بە هیچ ڕێگایەکی دیكە نییە. بۆ نموونە ڕێژیمی ئێران قەت نەیویستوە وتووێژ و دیالۆگی لەگەڵ کورد بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەریی پرسی ئەو نەتەوەیە لە ئێراندا هەبێت. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، کاتێک خومەینی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئاخوند کرمانیی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ڕوژهەڵاتی کوردستان بەڕێی كوردستان دەکا، بەوجۆرە ئامۆژگاری دەکات: "... هەر جۆرێ بە ڕای جەنابت و ئاغایان مەسڵەحەت بوو، هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە بدەن. دیارە مەبەست ئەوە نییە لەگەڵ جینایەتکاران و سەرۆکەکانیان وتووێژ بکەن؛ ئەوان دەبێت سەرکوت بکرێن..."
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی تەنانەت لە کاتی وتووێژەکانی نەورۆزی خوێناویی سنە لە بەهاری ١٣٥٨دا واز لە بۆمباران و تۆپبارانی شاری سنە ناهێنن، تا ئەو جێیەی "ئەحمەد سەدر حاج سەید جەوادی"، وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی كاتیی مێهدی بازرگان، لە نامەیەکدا بۆ تیمسار قەرەنی، سەرۆکی ئەرتەشی ئەوکات دەڵێت: "فڕینی جێتەکان بە سەر شاری سنەدا، بووە هۆی تووڕەیی خەڵک و پچڕانی وتووێژەکانی ئێمە! هەروەها کێ بڕیاری ئەو مانۆڕەی داوە و کێ گوتویەتی پادگان تەقە بکات و خەڵك بكوژێت؟ فەرمان بدەن دەسبەجێ تەقەکردن ڕاوەستێت و شەوانە تیشکهاوێژ نەهاوێن". بەڵام سەرۆکی ئەرتەش بە هۆی دەسەڵاتێک کە لەلایەن خومەینییەوە پێی درابوو، ئەو داواکارییە قبووڵ ناکات. کەچی بەپێچەوانە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی خومەینی هەمیشە حیزب و ڕێكخراوە کوردییەکانیان بە شەڕخواز ناو بردوە و كاربەدەستانی ڕێژیم هەتا ئێستاش هەر ئەم سیاسەتە درێژە پێ دەدەن. هەر ئەو سیاسەتەش بوو کە بووە هۆی ئەوەی كوردستان هێرشی بکرێتە سەر، هەزاران كەس شەهید و بریندار ببن و ڕێبەرانی کورد تێرۆر بکرێن.
لە تێڕوانین و سیاسەتەکانی كۆماری ئیسلامیدا وتووێژ و ڕێگای ئاشتیانە بۆ پرسی كورد مانایەکیان نەبووە و نییە. چونكە لەو پێکهاتە سیاسییەدا هیچ چوارچێوەیەكی سیاسی- یاسایی و دەرفەت و دەرەتانێک بە مەبەستی چالاکیی سیاسی و کاری مەدەنی بۆ گەلانی ئێران نییە. نە ڕێگا بە ئازادیی حیزبی و ڕاگەیاندن دەدرێ و نە هیچ بەشدارییەک لە دەسەڵاتدا بۆ کورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران، چ لە ئاستی باڵای وڵات چ لە ئاستی ناوچەییدا دستەبەر کراوە. تەنانەت لە بواری فەرهەنگی و زمانیشدا هیچ مافێک تەنانەت لە چوارچێوەی ماددەی ١٥ی یاسای بنچینەیی خۆشیاندا ڕەچاو نەکراوە و هۆکارەکەشی بۆ فۆبیای گەشەسەندنی هەستی نەتەوەخوازی لە گەلانی ئێراندا دەگەڕێتەوە. تەنانەت لە کوردستان دامەزراوە ناحکومییەکان كە یاسایین و لەلایەن دامودەزگاكانی ڕێژیمەوە مۆڵەتیان دراوەتێ، ڕێگای چالاکیی جۆراوجۆریان لێ بەربەست دەکرێت. هەر بۆیە دامەزراوە و ناوەندە فەرهەنگی و مەدەنییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چ لە کاتی دامەزران و چ لە ڕەوتی کارکردندا بەتەواوی خراونەتە ژێر چاودێریی ئەمنیەتییەوە و چالاکیی هەرکام لەو ڕێکخراوانە و ئەندامەکانیان فووکوسی دەخرێتە سەر و سنوووردار دەکرێن.
بۆ نموونە لە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی پێوەندیدار بە دامەزراوە فەرهەنگی و مەدەنییەكان لە شاری سنە، بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە قسەکانیدا گوتبووی "ئێمە کە دۆسیەی ئەمانە دێتە بەردەستمان، ناهێڵین لەژێر دەست دەرچن و دەیانناسین و ڕەتیان دەکەینەوە، بەڵام باشتر وایە ئێوە هەر لە سەرەتادا خۆتان بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەتیان بکەنەوە کە ناوی وەزارەتی ئیتلاعات بە خراپ دەرنەچێت". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە "زۆرینەی ئەندامانی ئەم دامەزراوە فەرهەنگی و مەدەنییانە پێوەندییان بە تاقمۆکەی حیزبی دێموكراتەوە هەیە و بۆ ڕووخانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی کار دەکەن و نابێت ڕێگەش بدرێت هیچ پشتیوانییەکی ئابووری و نائابووریی دەرەکییان هەبێت و بەشداریی کۆنفڕانسەکانی دەرەوەی وڵات بکەن!" ئەو دۆخەش سەلمێنەری ئەوەیە چالاکیی سیاسی، مەدەنی و ڕێکخراوەیی کە هەڵگری توخمی مافویستی و شوناسخوازیی نەتەوەیی بێت چ بۆ ڕێکخراوەکان و چ بۆ تاکەکان تێچووی قوورسی هەیە و ڕەنگبێ ئاماژە بە سزای قورسی زیندان بۆ ئەندامانی ڕێکخراوی "نۆژین"ی سنە نموونەیەکی هەرە نیزیک بێت.
ڕێگری بۆ بەرتەسککردنەوەی خەباتی سیاسی و جموجۆڵی فەرهەنگی لە کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە لە کاتێکدایە کە هەر لە سەردەمی كۆماری كوردستانەوە و هەتا ئیستاش خەباتی مەدەنیی شار و سەرشەقام كاكڵی سیاسەتی ڕێبەرانی كورد بووە. حیزبی دێموکرات حاشای لەوە نەکردوە کە خەباتی چەكداریی لە ڕووی ناچاری و تاكتیكی بەسەردا سەپاوە و ناچار بووە بە شانازییەوە بەرسڤی چەکداریی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان بداتەوە و بەرگری لە ماف و کەرامەتی نەتەوەکەی بکات. بەدرێژایی مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتیش ئەم دوو گۆڕەپانە "شار" و "شاخ" لە یەکتری جیا نەبوون و تەواوکەری ئەکتری و پێکەوە مانابەخش و ئاکامدەر بوون. بۆیە ئەگەر ڕێژیمەكانی تاران ڕەچاوی وتووێژ و سیاسەتی ئاشتیخوازانەیان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران کردبایە، پێویست نەدەبوو کورد بۆ مافە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕوو لە شاخ و چەک بکات. خۆ هەر لە جێشدا سەرچاوەی هەموو بزووتنەوە و شۆڕشەکان لە ئێرانی فرەنەتەوە و ئیتنیک و ئایینزادا، پرسە چارەسەرنەکراوەکان و قەیرانەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێرانە کە ڕێژیمە ناوەندگەراکان بەردەوام حاشایان لێ کردوە و بە سەرکوت و زەبروزەنگ بەرسڤی خەڵکیان داوەتەوە.
ئێستا پاش شكستی بەناوهەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەمە و ئەو "نا" بەهێز و گەورەیەی بە تەواوییەتی ڕیژیمی كۆماری ئیسلامی گوترایەوە، گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی كورد بۆ بەهێزكردن و یەكگرتوویی شۆڕشی ژینا ئەرکی زیاتریان دەکەوێتە ئەستۆ: لە لایەك دەبی هەوڵی زیاتر بۆ یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوماڵی کورد و گەلانی ئێران بدرێت و لە لایەكی دیكەوە هەوڵی پتر لە بواری دیپلۆماسیدا بۆ گوشاری نێودەوڵەتی پتر بۆ سەر ڕێژیم لە ڕێگای دەستێوەردانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە بدرێت. لە نێوخۆی وڵاتیشدا هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوازی جۆراوجۆر و بەهێزکردنی لە بواری ڕاگەیاندن و ڕێكخستندا تا هەوڵدان بۆ هاندانی جەماوەریی گەلانی ئێران بۆ هاتنەسەر شەقام، لە ئەركە گرینگەكانی ئۆپۆزیسیۆنی گەلانی ئیران لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات و چالاكانی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی و ڕێكخراوە فەرهەنگی و مەدەنییەكانە.
ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە و ئەو "نا" گۆتنەوەی گەلانی ئێران بە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، لەلایەك كەلێن و مەودای نێوان گەلانی ئیران و ڕێژیمی قووڵتر و زەقتر كردووەتەوە و لەلایەكی دیكەوە شەڕی دەسەڵات لە نێوان باند و باڵەكانی نێو بازنەی دەسەڵاتی داخراوی ڕێژیم زیاتر تەقیوەتەوە و بە زەقی خۆ دەنوێنێ. ئەو كەلێن و کێبرکێیەش لوژیكی سیاسەت و ئولگوی ڕەفتاری ڕیژیمی كۆماری ئیسلامی زیاتر تێك دەدات. بۆیە لە دوای ١١ی ڕەشەمەوە ئیدی نیوەڕۆكی كۆماری ئیسلامی هەر كێشەی ئیدئولوژی نێو بازنەی داخراوی ڕێژیم نییە، بەڵكوو كۆمەڵیك مافیا و چەتەی ئابوورین كە لەسەر دەسەڵات و سەروەت و سامان، لە شەڕیكی تەواو لەگەڵ یەكتریدان. دیارە لە ساڵانی ڕابردووشدا ئەو کێبرکێیە بووەتە هۆكاری سڕینەوە و وەدەرنانی یەكتر لە بازنەی داخراوی دەسەڵاتدا.
شۆڕشی ژینا بە پاشخانیكی بەهێز لە بزوتنەوەی دێموكراسیخوازی و بزووتنەوە كۆمەڵایەتی و و نەتەوایەتییەکان لە دوای ١١ی ڕەشەمەوە لە پەرەگرتن و گەشەسەندندایە. هاوکات ئەو پەیامەشی بە کۆمەڵگەی جیهانی داوە کە کۆماری ئیسلامی وەک یەکەیەکی سیاسی هەرەسی هێناوە و هیچ شەرعییەتێکی گەلیی نییە و ڕەوتی ڕووداوەکان و دۆخی نێوخۆی وڵات بۆ پێش ڕاپەڕینەکەی پاییزی ١٤٠١ ناگەڕێتەوە؛ ئەگەرچی پێش ئەوکاتیش خەبات و تێکۆشانی خەڵک بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی زۆر قۆناغی سەرکەوتووانەی بڕیبوو. لە وەها بارودۆخیكدا "خەباتی شار" بۆ گەلانی ئیران و گەلی كورد بە تایبەت داهاتووبینی تێدایە و هەوڵێکە بۆ دەستەبەری مافە نەتەوەیی و دێموكراتیكەكانی گەلانی ئیران و پاراستنی هێمنایەتی و پیشكەوتنی داهاتووی کوردستان و ئیران. هەر بۆیە پاش شكستی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی "خەباتی شەقام" ڕێگایەکە بەرەو ڕاسانەوە و هەستانەوە و بەرگری لە کوژانەوەی دەنگی ناڕەزایەتی و ڕاپەرینی گەلانی ئیران و هەوڵدان بۆ خوڵقاندن و ڕەخساندنی هەل و دەرفەتی ڕاپەرینی گشتی و جەماوەری.
ڕێگەی خەبات لە ئێستادا لە هەموو کاتێک هەموارترە و هەتا لووتکە زۆری نەماوە.