کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

13:45 - 7 خاکەلێوه 2724

تاهیر قاسمی

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری داگیرکاری، گەیشتن بە مافە ‏نەتەوەییەکان و بەرابەریی ئەوانیش لەگەڵ گەلانی سەردەست لە ماف و لە بەڕێوەبەری‌دایە. ئەمە ‏نەک هەر بۆ کورد بەڵکوو بۆ سەرجەم گەلانی ژێردەستەی دنیا هەر وایە. بەڵام گەلی کورد لە ‏ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە چەند هەنگاو لە دەوروبەری خۆی لەپێشترە. بەجۆرێک کە ‏ئەمڕۆ وەک شێلگیرترین و مافخوازترین نەتەوە، پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازانە و ‏ئازادیخوازانەی گەلانی سەرانسەری ئێرانە و لە ئاستی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا ‏نەتەوەییترین پاژی کوردستانە. گەلێک کە درێژترین ماوەی خەبات بۆ دابینکردنی مافەکانی خۆی ‏پێواوە بەڵام هێشتا پێیان نەگەیشتووە. لێ ئەوە نەک هەنگاوەکانی پێ شل نەکردوە بەڵکو ‏مکوڕتری کردوە. بە جۆرێک کە ئەم گەلە چ بە حەشیمەت و چ بە جوغرافیا هیچکات هیندەی ‏ئەمڕۆ سەبارەت بە مافەکانی خۆی لەسەر خەت نەبووە و نەهاتۆتە سەر شەقام. ئەوەش ‏نیشانەی هەرە ئاشکرای پێگەیشتوویی نەتەوەیی‌یە. نیشانەیەک کە ساڵ لە دوای ساڵ ڕوونتر ‏خۆی بۆ دۆست و دوژمن دەردەخا. ترۆپکی ئەم پێگەیشتوویی نەتەوەییەش سرووشتییە کە لە ‏خواستی سەربەخۆییخوازیدا خۆی دەنوێنێ. خواستێک کە بێگومان لە دڵی هەر تاکێکی ‏ڕزگاریخوازادایە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەگرتووتر دەبێ و پتر کۆمەڵگە دەتەنێتەوە. خواستێک کە ‏ئەگەرچی بە ڕواڵەت لەگەڵ دروشمی ستراتژیی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ‏لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش نالێکە بەڵام ئەو حیزبە چ پێ بزانێ و چ پێ نەزانێ، ‏چ پێی خۆش بێ و چ پێی ناخۆش بێ، دەرەنجامی خەباتی نەتەوایەتیی حیزبەکان و لەوانە زیاتر ‏لە هەشتا ساڵ خەباتی ئەم حیزبە بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلی خۆیەتی. ‏ ‏

سرووشتییە حیزبێکی شێلگیر لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا و لە وەها دۆخێکدا کە حیزبی ‏دێموکرات و گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی تێدایە، ئەو بوار و بەستێنەی نییە کە وەک تاک یان گروپە ‏بچووکەکان درووشم بەرز بکاتەوە و پێداگری لەسەر خواستێک بکا کە مەیدانی مانۆڕ و ‏تێکۆشانی لێ بەرتەسک بکاتەوە. بەڵام خۆ ناشبێ پەرەگرتنی خواستی سەربەخۆییخوازیی ‏نەتەوەیی خەڵکەکەی نەبینێ یان لەگەڵ خواستە نەتەوەییەکانی خۆی بە ناتەبای بزانێ و ‏بەرهەڵستیان بێتەوە یان خەڵک ناچار بە ئێرانیبوون بکا. بە ئێرانیکردن یان بە ئێرانیهێشتنەوە لە ‏ڕاستیدا ئەرکی هیچ حیزبێکی کوردی یان کوردستانی نییە. ئەوە دەسەڵاتەکانی ناوەند و لایەنە ‏ناوەندگەراکانن کە دەبێ بیر لە چارەیەک بکەنەوە و هەوڵ بدەن دۆخێکی وەها بۆ نەتەوە ‏مافخواز و زۆر لێکراوەکان بخوڵقێنن کە کوردێکی کوردستانی، بلووچێکی بلووچستانی یان ‏عەرەبێکی ئەهوازیش ئەمڕۆ یان لە دواڕۆژدا بتوانێ خۆی بە بەشێک لە جوغرافیای ئێران بزانێ. ‏

‏ بەرزبوونەوەی ئاستی خواستە نەتەوەییەکان ئەگەر لەلایەک دەرەنجامی بەردەوامیی ستەمی ‏نەتەوایەتی و داننەنانی دەسەڵاتی داگیرکەر بە مافەکانی خەڵکی کوردستانە، بەشێکی زۆری ‏بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی حیزبە نەتەوەییەکان و لەسەرووی هەمووان حیزبی ‏دێموکراتی کوردستان بە زیاتر لە هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەییە. بۆ حیزبێکی ‏نەتەوەیی ئەوە ناتەباییە کە ئەوەی دەیان ساڵە خۆی خەباتی بۆ دەکا، ئێستا بە بەربەستی ‏بزانێ، بەرهەڵستی بێتەوە یان پێی وابێ خەڵک دەبێ تەنیا تا ئاستی ئەوەی ئەو لە بەرنامەکەی ‏خۆیدا پەسندی کردوە، نەتەوەیی بن و لەوە زیاتر خۆی ببێ بە عامیلی سەرکوتی زیاتری خواستە ‏نەتەوەییەکان. حیزب بەو سیاسەتە لە ڕاستیدا بەگژ خۆیدا دەچێتەوە کە سرووشتییە زیانی زۆر ‏گەورەی لێ دەکا. ‏

خواستی سەربەخۆیی نەتەوەیی یان نیشتمانی بۆ حیزبێکی نەتەوەیی لە گوێن حیزبی دێموکراتی ‏کوردستانی ئێران کە بەپێی خوێندنەوەی خۆی لە بارودۆخەکە، هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی ئێراندا ‏مافەکانی نەتەوەکەی دابین بکا، نەک هەر نابێ وەک هەڕەشە چاوی لێ بکا بەڵکوو لە دانیشتن و ‏دانوستانەکانیدا لەگەڵ لایەنە ناوەندگەراکان دەبێ وەک پاڵپشتێکی زۆر بەهێز کەلکی لێ ‏وەرگرێ. هەتا خەڵک لەسەر خواستە نەتەوەییەکانیان مکوڕتر و لێبڕاوانەتر لە مەیداندا بن، ئەم ‏حیزبەش وەک هەر حیزبێکی نەتەوەیی، لە گۆڕەپانی خەباتدا دەنگی دلێرترە. لە وەها دۆخێکدا ‏کاتێ داگیرکەر بزانێ کە سیاسەت و بەرنامەی حیزب نەک هۆکاری "تەجزیە تەڵەبی" نییە بەڵکو ‏کەمتر لەوەشە کە نەتەوەکەی دەیهەوێ، سرووشتییە باشتر سەری خۆی دەخوێنێتەوە و چاکتر ‏قازانج و زیانەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ وەها حیزبێکی بەنفووز لێک دەداتەوە. ‏

لەم نێوەدا سرووشتییە کە سەربەخۆییخوازانیش دەرک بە هەلومەرج و توانایی حیزب و ئەو ‏بارودۆخە دەکەن کە حیزبەکان و گەلەکەیان تێی‌دایە. بۆیەش دەبینین بە سەدان و ڕەنگە هەزاران ‏تاکی کوردستانی و سەربەخۆییخواز ئەندامی حیزبی دێموکراتن لەحاڵێکدا ئەم حیزبە فۆرمۆلی ‏فیدرالیزم بۆ ئێرانی داهاتوو و بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی نەتەوەکەی پێشنیار دەکا. واتە ‏سەربەخۆییخوازانیش ئەو خوێندنەوەیان قەبووڵە کە ئەم حیزبە لە دۆخ و توانایی خۆی و ‏گەلەکەی هەیەتی و بۆیەش تێیدا ماونەتەوە یان تێیدا دەبن بە ئەندام. لەبەرامبەر ئەوەدا ‏دەبینین سەرەڕای هێندە پەرەگرتنی خواستی سەربەخۆییخوازی لە نێو گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتدا تا ‏ئێستا حیزبێکی سەربەخۆییخواز نەیتوانیوە لەو ئاستەدا سەربەخۆییخوازان لە دەوری خۆی کۆ ‏بکاتەوە. ‏

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای داکۆکی لە ستراتژی و سیاسەتی پەسندکراوی ‏کۆنگرەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک ‏نابێ بە گژ ڕەوتی سەربەخۆییخوازیدا بچێتەوە بەڵکوو دەبێ ئەوە وەک ئەنجامێکی دەیان ساڵ ‏خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی ببینێ و لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا پێویستە ‏سەربەخۆییخوازی بە ڕەسمی بناسێ و ڕێزی لێ بگرێ. نەک هەر ڕێزی لێ بگرێ بەڵکو وەک ‏دەرفەت سەیری بکا و بیکا بە پاڵپشتی بەرنامەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکان ‏بەو جۆرەی لە بەرنامەکەی‌دایە. لە ڕاستیدا حیزب دەبێ خۆی وەک سەنتەرێک بۆ هەمووان و ‏بەرنامەی سیاسی و ستراتژیی خۆی وەک سەنتێزێک لەنێوان گەلێکی مافخواز لەلایەک و دەسەڵات و ‏لایەنی ناوەندگەرای ماف پێشێلکەردا ببنێ و مانۆڕی لەسەر بدا.