کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی لە کێل و مەزاریشمان دەترسن؟

13:49 - 7 خاکەلێوه 2724

عەلی بداغی

یەک لەو هەزاران بەڵگانەی گرووپی هاکێریی "عەداڵەتی عەلی" لەو ماوەیەدا لەسەر ماڵپەڕەکەیان بڵاویان کردەوە، پێوەندیی بە ڕێگری لە بڵابوونەوەی ئامار و زانیاری لەبارەی کوژراوەکانی بزووتنەوەی ژینا بوو. لەو بەڵگەیەدا دەبینین شوڕای بەرزی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر ئەوەی "بڵاوبوونەوەی هەرچەشنە ئامار و زانیارییەک لە ژمارەی کوژراوەکان قەدەغەیە"، داوای لە دەزگای دادی ڕێژیمەکەیان کراوە لەو پێوەندییەدا بەتوندی بەگژی هەموو ئەو کەس و لایەنانەدا بچنەوە کە ڕەچاوی ئەو ڕێوشوێنەیان نەکردوە.

مێژووی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان و ئێعدامی چالاکانی سیاسیی بەرهەڵستکار، شاردنەوە و گۆڕبزرکردنیان، یان بێڕێزی بە کێل و مەزاریان لە کۆماری ئیسلامیدا بە قەرا هەموو تەمەنی ئەو ڕێژیمەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی بەپێی هەلومەرج پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ تەرمی تێکۆشەرانی سیاسی کە لە مەیدانی شەڕی ڕاستەوخۆدا کەوتووەتە بەر دەستیان، یان لە زیندانەکاندا ئێعدامیان کردوون گۆڕانکاریی لە هەندێ سیاسەت و ڕەفتاریدا کردوە.

بۆ نموونە لە سەرەتاکانی شەڕی داسەپاو بە سەر کوردستاندا هەرکات تەرمی پێشمەرگەیەک کەوتبایە بەر دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هەروەک میراتی ڕێژیمی پاشایەتی بە مەبەستی ترساندنی کۆمەڵگە بە نێوشار و بە بەرچاوی خەڵکدا دەیانگێڕا. بەڵام کاتێک زانییان بەوە خەڵک نەک چاوترسێن نابن، بەڵکوو ناو و یادی شەهیدەکان دەبێتە ڕەمز و هۆکاری پەنگخواردنەوەی پتری ڕق و تووڕەیی خەڵک لە دەسەڵات، ئیدی ئەمجارە دەستیان بە سەر تەرمەکانیان دادەگرتن و گۆڕبزریان دەکردن.

لە ئاستی ئێرانیشدا ئێستا ئیدی گۆڕستانی خاوەران بووەتە بەڵگەی سامناکترین جینایەتی سەدە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە تەرمی سێ هەتا چوار هەزار زیندانیی سیاسی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تێدا شاردراوەتەوە و ڕێژیم ئامادە نەبووە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو بەندییە سیاسیە ئێعدامکراوانە بە بنەماڵەکانیان بدات. لە حاڵێکدا ئەم بابەتە نەک هەر پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی خودی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دژی هەموو بەها و بایەخە ئایینی و ئیسلامییەکانیشتە کە ڕێژیم خۆی بە داشداریان دەزانیت؛ ئەوەش لەجێی خۆی کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هەتا ئێستا ناونیشانی ١٢٠ شوێنیان ئاشکرا کردوە کە چالاکانی سیاسیی دژبەری ڕێژیم دوای ئێعدامکرانیان لەو شوێنانە بەکۆمەڵ ژێرخاک کراون.

هەر مانگی و نیوێک لەوەپێشیش بوو کە چوار ئەندامی کۆمەڵە لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لەدار دران، بەڵام سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هێشتا تەرمی هیچ کام لەوان ڕادەستی کەسوکاریان نەکراوەتەوە. لە ٤٥ ساڵی ڕابردووشدا کە زیاتر لە ٢٢٠٠ بەندیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمدا ئێعدام کراون، تەرمی هەموو ئەو شەهیدانە دەستیان بەسەردا گیراوە و گۆڕبزر کراون. هەر لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا کە نیزیک بە ٨٠  تێکۆشەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە ئاکامی تێکهەڵچوونەکانیان لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون، کەس نازانێ تەرمەکانیان چییان بەسەر هاتوە و ئەگەر ژێرخاکیش کرابن کەس بە شوێنیان نازانێ و بنەماڵەی بەشی زۆر لەو شەهیدانە ئێستاش بەدووی وەرگرتنی زانیاری لە ڕۆڵەی گۆڕبزریانن.

بێگومان مەبەستی سەرەکیی ڕێژیم لە گۆڕبزرکردنی پێشمەرگەی شەهید و چالاکانی سیاسی و هەروەها شکاندنی کێل و شێواندنی مەزاری کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی دژبەری ڕێژیم چەند شتە:

یەکەم، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەیەوێ مێژوو و بەتایبەت مێژووی جینایەت و کارەساتەکانی لە داهاتوودا لەبیر بکرێن و ئاسەواریان نەمێنێت.

دووهەم، ترس لە ئەویدی (دژبەری سیاسی) و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیی، بۆوەی مەزاری ئەو کەسانە نەبێتە زیارەتگە و مەکۆی خەباتگێڕی و شوێنی کۆبوونەوەی ڕێبوارانی ڕێی خەبات و ئازادی.

سێهەم، سزادانی نەک کەسەکە، بەڵکوو بنەماڵەی قوربانییەکانیشە، ئەویش لە حاڵێکدا پێدانی زانیاری لەسەر چارەنووسی قوربانیی غەدرلێکراو، و دانەوەی تەرمەکەی مافی بنەڕەتیی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسەیە. لێرەدا ڕێژیم بە بەردێک چەند ئامانج دەنگێوێت. بە ئێعدام و کوشتنی دژبەرە سیاسییەکەی هەم ئەو کەسەی بە غەدر و تاوان لەبەین بردوە و لە مەیدانیی خەبات و کۆمەڵگەی سڕیوەتەوە؛ هەمیش هەوڵی داوە کۆمەڵگە و ئەوانیدی بەوە چاوترسێن بکات کە بێتوو بێدەنگ و بێ‌هەڵویست نەبن، هەر ئەمە چارەنووسیانە.

چوارەم، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە گۆڕبزر کردنی چالاکانی سیاسی هاوکات بیری سیاسی و بیرەوەرییەکانی ئەوانیش بۆ هەمیشە لە یادی خەڵکدا بسڕێتەوە.

بۆیە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ ئەو کۆیادە لە یادەوەریی گشتیی کۆمەڵگە بسڕێتەوە و ڕێ لە ژیانەوەی ئایدیا و بیری سیاسیی کوژراو و دژبەرانی گۆڕبزرکراو بگرێت، وەک بڵێی هیچ تاوانێک نەخوڵقاوە و هیچ جینایەتێک ڕووی نەداوە؛ ئەوە ئەرکی بنەماڵەی قوربانییان، کۆمەڵگە و بەتایبەت حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە نەهێڵن خەونەکانی ڕێژیم وەدی بێن. ئەگەرچی ئەو خەبات و ململانێیە سەخت و دژوار و ناهاوسەنگە، بەڵام بێگومان سەرکەوتن بۆ ئەو کەس و لایەنانەیە پێوشوێنی ماف و دادپەروەری کەوتوون و دەکەون. ئاکامەکانی دادگای مێکونووس، دادگای "ئابان"، بەئاکام‌گەیشتنی دادگاییکردنی حەمید نووری، دیاریکردنی کۆمیتەی ڕاستی‌دۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاپۆرتدانەوەی ئەو کۆمیتەیە لە جینایەت و کارەساتەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نموونەیەک لە بەرەوپێشچوونی ئەو هەوڵ و خەباتەن کە دڵخۆشکەرن و نابێ لێی ماندوو ببین.

بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی یاسایی و وەریخستنی کەمپینێکی حقووقیی بە کارکردی هەمیشەیی هەم دەتوانێ بەشێک لە خەبات بۆ دادپەروەری بیت و هەم هۆکاری سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە دووپاتبوونەوەی جینایەت و مرۆڤکوژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە. بۆیە نابێ بهێڵین تاوان و کارەساتەکانی ڕێژیم لەبیر بچنەوە و ئەگەر هەوڵی ڕێژیم بۆ سڕینەوەی شوێنەواری جینایەتەکانیەتی، خەباتکارانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤیش لە سەنگەری بەرانبەردا دەبێ لەدژی ئەو بیرچوونەوە و سڕینەوەیە یەکگر و پلانمەند لەو خەباتە بەردەوام بن.