"پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین"
لەمێژ ساڵە ئەو بەیتە لە شێعری شاعیری نیشتمانپەروەر پیرەمێرد وەبیرمان دێنێتەوە کە نابێ بۆ ئەو کەسانە کە شەهیدی نیشتمان و نەتەوەن بگرین و شیوەن بگێڕین، چونکە ئەوانە لە ڕێگای وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و پارێزگاری لە نیشتمان گیانیان بەخت کردووە. ئەو نەمرانە کە بە سەخاوەت و نەترسییەوە بەرەو پیری مەرگ چوون، نەک نەمردوون بەڵکوو لە دڵی میللەتێکدا جێی خۆیان کردۆتەوە و بە زیندوویی ماونەوە. هەروەها شەهیدی ڕێبەرمان د. قاسملوو دەڵێ: "... ئێمە لە ڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدەکانمان لەمێژە بڕیارمان داوە نەگرین. لەمێژە بڕیارمان داوە کە تەنیا و تەنیا کارێک کە دەتوانین بیکەین و لەبەرچاوی بیری شەهیدانمان شەرمەزار نەبین ئەوەیە کە ڕێگای ئەوان بەرنەدەین و وەک ئەوان تا سەر ئەو ڕێگایە بڕۆین." هەموو مرۆڤێک ئەوە باش دەزانێ کە ژیانی سەربەرزانە تەنیا ئەوە نییە کە لەش بە ئاسوودەیی بژی و بە مردنیش پەکی بکەوێ، بەڵکوو ژیانی سەربەرزانە ئەو ژیانەیە کە ڕۆڵ و نەخشی مرۆڤی تێدا دیار بێ و هەتا ئەو نەخش و ڕۆڵە گەورەتر و هەراوتر بێ ئەو ژیانەش گەورەتر و هەراوتر دەبێ و لە بیر و زەینی کۆمەڵگەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پێشەوا قازی محەممەد یەکێک لەو کەسانەیە کە بە کار و تێکۆشان و بەختکردنی گیانی مانای بە ژیانی نەتەوەیەک بەخشی، واتە دوای شکان و نسکۆیەکی زۆری جووڵانەوەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ جارێکی دیکە بەڵام بە شێوازێکی دیکە ڕوحی وەبەر جووڵانەوەی کورد نایەوە وخوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ کرد و بە پرۆژەیەکی دیکە کە بتوانی هەست و شعووری نەتەوەیی پەرە پێ بدا و سەرنجی تاک تاکی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئەو پرۆژە نەتەوەییە کە خۆی لە ئیعلانی کۆماری کوردستاندا دەدیتەوە، رابکێشی و لەو سەردەمدا لە دەوری یەک ئامانج کۆیان بکاتەوە. ئەو پرۆژەیە بە ڕادەیەک جوان و ڕێکوپێک داڕێژرابوو لەگەڵ ئەوەی مەجالی سەرکەوتن و ئیدامەی حەیاتیان لێ بڕی، بەڵام ڕێباز و ئامانجی ئەو پرۆژەیە کە پێشەوا پەیکەری نەتەوەیەکی پێ نەخشاندبوو، دوای زیاتر لە سێ چارەکە سەدە هەروا بەردەوامە و لە حەرەکەت و جووڵاندایە.
لە ساڵوەگەڕی ئێعدامی پێشەوادا، باسکردن و نووسین لە سەر کار وکردەوەکانی پێشەوا هەرچەند بەکورتیش بێ، هەم ڕێز و وەفایەک بۆ پێشەوا و هەم ناساندنی هەرچی زیاتری پێشەوایە بە نەوەی نوێی کۆمەڵی کوردەواری.
پێشەوا بەو مەیل و ئیڕادەیەی بە خوێندن و خوێندنەوە و فێربوون هەیبووە لە ڕاستیدا توانیویەتی هەر زۆر زوو لە تەمەنی لاوەتیدا جێگە و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی سەردەمی خۆیدا بکاتەوە و ببێتە جێگای متمانە و ڕێزی هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە. لە هەمان کاتدا پێشەوا کەسێکی نەترس و بوێر بووە و قەت نەچۆتە ژێر باری زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی حکومەتی لە ناوچەکە، بۆیە لای دوژمنانیشی ڕێز و قورسایی تایبەت بە خۆی هەبووە.
دێموکراسی و دەستەبەری ماف پایەیەکی سەرەکیی فیکر وکەسایەتیی پێشەوا بوو، و وایکردبوو کە دوور بێ لە دەمارگرژی و شوینیزم و بە واتایەکی دیکە لە گەڵ هەموو تێکۆشانی بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد بۆ چرکەساتێکیش مرۆڤایەتیی لەبیر نەچۆوە و مرۆڤەکان لە هەر ئایین و مەزهەب و نەتەوەیەک بووبن، لای پێشەوا نرخ و بایەخی ئینسانیی خۆیان هەبووە. پێشەوا بەو باوەڕەی بە دێموکراسی هەیبوو، ئیزنی نەدا کۆماری کوردستان بە لای چینێکی کۆمەڵگەدا لار بێتەوە و ئەوە ببێتە مایەی کێشە و ململانێی نێوخۆیی. بۆیە بەحەق دەتوانین بڵێین کۆماری کوردستان نموونەیەکی تاقانەی دەسەڵاتێکی دێموکراسییە لەنێو جەرگەی ناوچەیەکی دواکەوتوو کە گیرۆدەی سیستمە دیکتاتۆر و شوینیستەکانە. تەناتەت ئەو شێوە لە حکومەتداری کە لەسەر بنەماکانی دێموکراسی دامەزرابوو، کۆماری کوردستانی لە حکومەتی ئازەربایجان جیا دەکردەوە. بە واتایەکی دیکە پێشەوا لە بەکارهێنانی شێوازی دیکتاتۆری بە تەواوی بێزار بوو و ئەوەندەی بۆی کرابا ڕێ و شوێنی دێموکراتیکی لە کاروباری دەوڵەتی و حیزبیدا بەکار دێنا. ئەو لە وتارەکەی ڕۆژی ئیعلانی کۆماری کوردستاندا لەسەر دێموکراسی دەڵێ: "هەوڵمان داوە دێموکراسی بکەین بە ڕێبازی کارکردنمان و هەڵسوکەوتمان لەنێو کۆمەڵگەدا، چونکە دێموکراسی قودرەت و قووەتی حیزبی دێموکراتە."
پێشەوا هەموو هەوڵی ئەوە بوو میللەتی کورد مافی نەتەوایەتیی خۆی وەدەست بێنێ، بە زمانی خۆی بخوێنێ و بنووسی، قوتابخانەی هەبێ، فەرهەنگی نەتەوایەتیی خۆی پەرە پێ بدا و بوونی خۆی وەک نەتەوەیەک لە دنیای ئەوڕۆدا نیشان بدا، بەڵام لە هەمان کاتدا ناسیۆنالیستێکی تەنگنەزەر نەبوو، بەڵکوو ئینسانیکی دێموکرات و ئازادە بوو؛ بۆیە پێشەوا لە گەڵ ئەوەدا وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی گەلی کورد دەناسرێ، لای دۆست و دوژمنیش بە کەسێکی باوەڕدار بە دێموکراسی ناو دەبردرێ.
پێشەوا لە ڕووی هەڵسوکەوت و بڕیاری سیاسییەوە تاکڕەو و خۆسەپێن نەبوو، و ئەوەش لە ئیمان بە کۆمەڵانی خەڵک و بە حیزب و ڕێکخراوی حیزبییەوە سەرچاوەی گرتبوو، پێشەوا تەنانەت لە هەلومەرجی ئەو دەمیشدا هیچ کارێکی گرینگی بێ ڕاوتەگبیر نەدەکرد. هەرچەند لە باری تێگەیشتن و وریایی سیاسییەوە پایەی لە هاوکارەکانی یەکجار بەرزتر بوو، بەڵام هەروەک باس کرا بێ ڕاوێژ و ڕا وەرگرتنی هاوکارەکانی دەستی بۆ کارەکان نەدەبرد و هەوڵی دەدا هەر کارێک پێوەندی بە بەرژەوەندی گشتی هەبێ، دەنگی هەموو لایەکی لەسەر بێ. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە دەتوانین ئیشارە بەو وتووێژە بکەین کە ڕۆژنامەی کوردستان لە گەڵ پێشەوا پێکی هێناوە و لە وڵامی پرسیارێکدا دەڵێ: "ئەمن بێ تەسویبی کۆمیتەی مەرکەزی هیچ کارێک ناکەم، چونکە دێموکرات ئەوەیە کە شەخس ناتوانێ مەسڵەحەتی میللی بێ موشاویرە بگرێتە دەستی خۆی."
پێشەوا دەیزانی بۆ سەقامگیری و جێگیرکردنی کۆماری کوردستان پێویستیی بە بەشداری هەراوی خەڵکی کوردستان هەیە، هەربۆیە بۆ ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، ڕۆژی ئیعلان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان نوێنەری خۆی بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان لە ماکۆوە بگرە هەتا کرماشان نارد و داوای کرد هەموو شارەکان نوێنەری خۆیان بۆ کردنەوەی ڕێوڕەسمی کۆماری کوردستان بەشدار بکەن. پێشەوا بە بەردەوامی تێدەکۆشا ڕیزەکانی نێوخۆی گەل یەکگرتوو بکا، لەو ڕاستییە مێژووییە باش تێگەیشتبوو کە یەکێک لە هۆ ئەساسییەکانی شکانی یەک لە دوای یەکی ڕاپەڕینەکانی کورد، نەبوونی یەکیەتیی و یەکدەنگیی نێوخۆی ئەو جووڵانەوانە بووە. پێشەوا لەو سەردەمدا لە نەهێشتنی ناکۆکیی نێوان عەشیرەتەکان و یەکخستنیان لەسەر بەرنامەیەکی نەتەوایەتی زۆر سەرکەوتوو بوو. ئەو لە وتاری ڕۆژی ئیعلانی کۆماردا سەبارەت بەو مەسەلەیە ئاوا باس دەکا: "... ئیختلاف و دووبەرەکیمان نەهێشتووە و ناوی عەشیرە و تەوایف هەرچی ئەسبابی نفاق و پرش وبڵاوییە فڕێ دراوە و هەموو لایەکمان لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبووینەوە و بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکان تێدەکۆشین."
ئینساندۆستی و دێموکراتبوونی پێشەوا لە لێکدانەوەی نەخشی ژنان و لاوان لە کۆمەڵگەدا بە تەواوی بەرچاو دەکەوێ. پێشەوا لەو باوەڕەدا بوو کە لەسەدەی بیستەمدا نابێ ژنان وەک نێوەی کۆمەڵ لە هاوبەشی لە کاروباری سیاسی وکۆمەڵایەتیدا بێبەش بکرێن و پێویستە ڕێگایان بۆ بکرێتەوە کە شان بەشانی پیاوان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەکاندا بەشدار بن. هەربۆیە لەسەر دەستی پێشەوا بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا ژنان بوون بە خاوەنی ڕێکخراوی خۆیان و لە هەمانکاتدا شانبەشانی ڕێکخراوی ژنان، لاوانیش ئەو هەل و فورسەتەیان بۆ پێکهات کە ڕێکخراوی خۆیان هەبێ و بەشدار بن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستاندا. پێکهاتنی ڕێکخراوی ژنان و لاوانی کوردستان و بەشداربوونیان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و دێموکراتیکی کۆماری کوردستاندا یەکێک لە شانازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە پێشەوا لەو شانازییەدا بەشی ئەساسیی وەبەر دەکەوێ.
کاتێک بەهۆی تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانی و پاشەکشەی سپای سۆڤیەت لە ناوچە و یارمەتی و پشتیوانیکردنی سپای ئێران لە لایەن بریتانیا و ئەمریکاوە هەلومەرجی ناوچەکە بە قازانجی دەسەڵاتدارانی تاران گۆڕا و بە زیانی دوو حکومەتی تازە دامەزراوی ئازەربایجان وکۆماری کوردستان شکایەوە، ئەرتەشی ئێران ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز گەیشتە شاری مەهاباد، پێتەختی کۆماری کوردستان و بە پێچەوانەی تەورێز، بێ خوینڕشتن لێی دامەزرا. پێش هاتن و گەیشتنی ئەرتەشی ئێران بۆ مەهاباد لە لایەن زۆر کەسەوە هەوڵ درابوو کە پێشەوا و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شار بەجێ بهێڵن و خۆیان بەدەستەوە نەدەن، بەڵام نە پێشەوا و نە ڕێبەرانی حیزب ئەو کارەیان نەکرد و لەگەڵ خەڵک مانەوە. مامۆستا هێمنی شاعیر لەو بارەوە دەڵێ پێشەوا لەو هەلومەرجەدا فەرمووی: "... لەسەرمانەوە ناچن و دەمانکوژن، بەڵام پێمخۆش نییە گەلەکەم بەجێ بێڵم و دەمەوێ لەنێو ئەواندا بمرم." هەر لەو بارەوە دەتوانین ئیشارە بە بیرەوەریی موتەزا زەربەخت کە ئەفسەرێکی ئێرانی لە فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بووە بکەین کە لەکاتی شکانی تەورێزدا ڕوو لە کوردستان دەکا و بە زەحمەتێکی زۆر خۆی دەگەیەنێتە شاری مەهاباد و دەفتەری کاری پێشەوا و ئاوا باسی ئەو ساتە وەختە دەکا:" ... قازی محەممەد زۆر لە سەرەخۆ و ئارام و میوانگر بوو و هەتا لە ژیاندا ماوم ئەو ڕستەیەی پێشەوام لەیاد ناچێ کە گوتی لەگەڵ گەلەکەم دەمێنمەوە و تا دەکرێ پێش بە ئاژاوە و خوێنڕشتن دەگرم. با ئەوەی بەسەر خەڵکەکەم دێ بە سەر منیش بێ."
ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاوی یەکەم جەلەسەی دادگایی کردنی پێشەوا و هاوڕێکانی لە پادگانی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی کەسێکی نیزامی بەناوی سەرهەنگ غولامحوسێن عەزیمی دەستی بەکار کرد. چ ئەو کات و چ ئێستا دۆست و دوژمن دەیزانی ئەو دادگایە هیچ تایبەتمەندیی دادگای تیدا نییە و تەنیا ڕواڵەتێک لە دادگا بوو، بۆ ئەوەی بە بیروڕای گشتی بگوترێ کە قازییەکان لە دادگادا مەحکووم بە مەرگ کراون. لەو دادگایەدا ١٢ تۆمەت بەرەوڕووی پێشەوا و چەند تۆمەتێکیش بەرەوڕووی سەدری قازی و سەیفی قازی کرانەوە کە هەموویان بێبنەما و بێنێوەرۆکن. جەلەسەی دووهەمی دادگا ڕواڵەتییەکە لە ٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی دەستی بەکار کردەوە و لە بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی واتە دوای سێ ڕۆژ لە جەلەسەی دووهەمی دادگا حوکمی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێکانی لە لایەن دوژمنانی بەخوێن تینوو بەڕێوە چوو.
ئەو سەنەد و بەڵگانەی لەبەردەستدان، تەنانەت ئەوانەی بە دەستی دوژمنانی گەلیش نوسراون، بە ڕوونی ڕاستییەکانمان دێنە بەرچاو کە پێشەوا بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە مێژووییە کە کەوتبوو سەر شانی، ئەوەندەی لە توانای دابوو لە دادگا ڕواڵەتییەکەی نیزامی پاشایەتیدا لە ئامانج و ئاواتەکانی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان وکاروکردەوەکانی کۆماری کوردستان دیفاعی کرد.
لە دادگادا پێشەوا باش دەیزانی ئەوە قازی محەممەد نییە دادگایی دەکرێ بەڵکوو جووڵانەوەی گەلی کورد و ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستانە لەو بەناو دادگایەدا موحاکەمە دەکرێ. پێشەوا گەل و نیشتمانی خۆی خۆش دەویست، هەربۆیە هەموو زانست و تێگەیشتنی خۆی بۆ خزمەتی گەل وەکار خستبوو، هەموو هێز و توانا و بیروهۆشی خۆی لە پێناو کۆمەڵانی گەلی کورد دانا. پێشەوا لە هەموو کەس باشتر دەیزانی وڵاتەکەی چەندە دواکەوتووە و میللەتە خۆشەویستەکەی چەند بێ سێحەبە و لە چ هەژاری وچارەڕەشییەکدا دەژین. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە پێشەوا دەیزانی مردن و مەرگ چاوەڕوانیەتی، چونکە شارەزای مێژووی جووڵانەوەکانی گەلی کورد بوو و تاقیکردنەوەی دەیان ساڵەی خەباتی گەلی کورد دەریخستبوو کە دوژمن فیڵباز و زۆردارە و بە خوێنی ڕێبەرانی کورد تینووە؛ کەچی لە یەکەم چرکەی دەسبەسەرکردنی هەتا ژووری دادگا ڕواڵەتە داتاشراوەکەی لە هەموو شوێنێک تەنیا خۆی بە بەرپرسی ڕووداوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان لەقەڵەم دا. پێشەوا مەبەستی ئەوە بوو هەم بەو سوێندە وەفادار بێ کە ڕۆژی ئیعلانی کۆماری کوردستان لە پێش ئامادەبووان خواردی و هەم بواری تۆمەتباربوون لە سەر هەڤاڵەکانی کەم بکاتەوە. کاتێک دادئەستینی دادگای نیزامی لە پێشەوا دەپرسێ بۆ شاری مەهابادت بەجێ نەهیشت و نەڕۆیشتی، پێشەوا لە وەڵامدا دەفەرموێ: "یەکەم لە بەر ئەو سوێند و پەیمانە کە لە نێونەتەوەکەمدا بژیم. دووهەم بۆ ئەوەی پێشی خوێنڕشتن بگرم، ئەگەر من ڕۆیشتبام زۆر کەستان لە خەڵکی مەهاباد و نەتەوەی کورد لەجیاتی من دەکوشت."
پێشەوا بۆ کورد ژیا و بۆ ئامانجەکانی کورد گیانی بەخت کرد، لە ماوەی تەمەنیدا هەرچی لە دەستی هات و زەمان و مەکان بواری بۆ رەخساندبێ بۆ گەیشتن بە لوتکەی سەربەستی و بەختەوەری و ئازادی نەتەوەکەی کردی. لەو سەردەمدا تەنیا لەژێر ڕێبەری و کەسایەتیی بەرزی پێشەوادا بوو کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەم جار بەو شێوە بەربەرینە بە دیاردە نوێیەکان ئاشنا دەبێ و هەستی نەتەوایەتیی گەشە دەکا وکۆمەڵێک لە ناتەبایەکانی کۆمەڵگەی کوردستان پێکەوە تەبا دەبن و لەژێر ئاڵای کۆماری کوردستاندا کۆ دەبنەوە.