کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە: وتاری ١١ی ڕەشەممەی دوکتور قاسملوو مانیفێستێکی داوەتە دەست نەوەکانی ئێستا و داهاتوو

13:46 - 16 رەشەمه 2723

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە: وتاری ١١ی ڕەشەممەی دوکتور قاسملوو مانیفێستێکی داوەتە دەست نەوەکانی ئێستا و داهاتوو

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٧ یەکێک لە گرینگترین ڕۆژە مێژووییەکانی خەباتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتە. لەم ڕۆژەدا خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو ڕاگەیاندرا و جارێکی دیکە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بۆ گرتنەدەستی جڵەوی چارەنووسی خۆیان هاتنە مەیدان و دەنگی متمانەی خۆیان بە حیزبی دێموکرات دایەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر بایەخی ئەم ڕۆژە مێژووییە لە خەباتی سیاسی نەتەوەکەمان وتووێژێکمان لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سیاسەتمەداری کورد و خەباتکاری لەمێژینەی کورد کردوە کە بۆخۆی یەکێک لە ڕێکخەران و وتاربێژانی ئەو ڕۆژە مێژووییە بووە.

 

مامۆستا وتووێژەکەمان بەم پرسیارە دەست پێ دەکەم، بۆچی ١١ی ڕەشەممە لە مێژووی حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک یەکێک لە گرنگترین و مەزنترین ڕووداوەکانی مێژوویی نەتەوەیی ناو دەبرێ؟

دوای تێپەڕینی پتر لە ٣٣ ساڵ لە دامەزرانی حیزبی دێموکڕات و زیاتر لە ٣٢ ساڵ لە پاشەکشەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان و گرتنەبەری تێکۆشانی نهێنیی حیزب کە دەورانێکی سەخت و پڕکەندولەند و هەورازونشێو و قوربانیدان بوو، ئەمە یەکەم جار بوو کە حیزبی دێموکڕات، ئەویش لە زمانی ڕێبەرێکی لێوەشاوەی وەک دوکتۆر قاسملووەوە ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدوا و ڕوانگەکانی خۆی بۆ باس دەکردن. بۆیە بەجێیە قبووڵ بکەین کە ئەم ڕووداوە پاش ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ بۆ حیزب و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری خۆشترین و گەورەترین ڕووداوی مێژوویی تا ئەو وەختە بوو. هەقە ئەوەش بگوترێ کە میتینگی ١١ی ڕەشەمە نەک­هەر بۆ کوردستانییان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، بەڵکوو بۆ هەموو ئازادیخوازانی ئێرانیش هەڵکەوت و دەرفەتێکی مێژوویی بوو. هەربۆیە بێجگە لەوانەش کە لەلایەن حیزبی دێموکڕاتەوە بانگهێشتن کرابوون، بە هەزاران کەسی تینووی ئازادی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران بە تایبەتی لە تارانەوە بۆ بەشداری لەو میتینگەدا خۆیان گەیاندبووە مەهاباد.

گرنگترین دەسکەوتەکانی میتینگی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٥٧ بۆ حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان چی بوون؟ پێتان وایە ئەو دەسکەوتانە چەندە کاریگەرییان لە سەر وشیاریی نەتەوەیی کورد لەو سەردەمە و ئێستاش داناوە؟

دەتوانم بڵێم گەورەترین دەسکەوتی ئەو ڕۆژە پێکهاتنی میتینگەکە خۆی بوو. گاڵتەی پێ ناکرێ پاش پتر لە ٣٠ ساڵ زەبروزەنگ کە کۆبوونەوەی زیاتر لە دە کەس و جاری وابوو کەمتریش دەخرایە ژێر چاوەدێریی پۆلیس و تێک دەدرا یان خەڵکی لەسەر دەگیرا، ئێستا پتر لە سەد هەزار کەس -و بە ڕیوایەتی ڕۆژنامەی «اطلاعات» دووسەد هەزار کەس- بە ئاشکرا لە دەوری یەکتر کۆ دەبوونەوە و گرنگترین مەسەلە چارەنووسییەکانیان باس دەکرد. بەڕاستی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ دێمانەی قۆناغێکی هیوابەخش لە مێژووی خەباتی هەقخوازانەی گەلانی ئێران بوو.

دەسکەوتی گرنگی دیکە بە تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان بەرچاوڕوونیی سیاسی بوو. لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتیدا ئەم قسەیە لەسەر زاروزمانان بوو کە «هەموو کەس دەزانێ چیی ناوێ. بەڵام کەس نازانێ چیی دەوێ». دیارە کەسانی ئاگا و وشیار زۆر بوون کە دەیانزانی چییان دەوێ، بەڵام نەک لە هەموو ئێران، لە کوردستانیش یەکدەنگییەک لەئارادا نەبوو. کەچی ئێستا حیزبێکی بە ئەزموون ئەویش لەسەر زمانی ڕێبەری لێوەشاوەی خۆی نەخشە ڕێگای خەباتی درێژخایەنی کورد و تەنانەت دوورەدیمەنی دواڕۆژی هەموو ئێرانی دەخستە بەرچاوی ئەوانەی چاوی دیتنیان هەبوو.

ئەگەر بەوردی گوێ بۆ وتاری ١١ی ڕەشەمەی دوکتۆر قاسملوو بگرین بێ دەمارگرژی دەبینین کە ئەو مانیفێستێکی داوەتە دەست کە نەک­هەر بۆ ئەوکات و بۆ ئێستا، بەڵکوو بۆ نەوەکانی دواڕۆژیشمان لە هێڵە گشتییەکاندا ڕوونکەرەوەی بەرچاوی خەباتگێڕانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستانە.

 مامۆستا بەڕێزتان وەک یەکێک لە بەشداربووانی میتینگی ١١ی ڕەشەمە، یان یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم میتینگە، پێمان خۆشە لە زمانی خۆتانەوە ببیستین قورسایی قسەکانی دوکتور قاسملوو لە پەیامەکەیدا چی بوو؟

باوەڕ بکەن ئاسان نیە بەشێکی دیاریکراو وەک قورسایی وتارەکەی دوکتۆر قاسملوو دەستنیشان بکەین. هەمووی هەر قورس و هەمووی ئامۆژگاری و نەخشەڕێگا و شیاوی لێ­فێربوون بوو. خستنەبەرچاوی ڕابردووی خەباتی خەڵکی کوردستان و پێویستیی یەکڕیزیی هەموو چین و توێژەکانی گەلی کورد و لەوەش زیاتر یەکدەنگیی نێوان هەموو گەلانی ئێران و نیشاندانی ڕێگاچارەی گیروگرفتەکانی وڵات بە کاربەدەستان و پێشنیاری سالمترین سیاسەت بۆ پەیوەندیی دیپڵۆماسیی دەوڵەت و خوێندنەوە و ڕێزدانان بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری و تێکڕای گەلانی ئێران و زۆر بابەتی بەسوودی دیکە لە وتارێکی کورتی نیوسەعاتیدا تەنیا لە توانای بلیمەتێکی وەک قاسملوودا هەبوو.

یەکێک لەو تەورە دیارانە کە دوکتور قاسملوو لە وتارەکەیدا پێداگرییان لەسەر دەکا یەکیەتیی و یەکگرتوویی نێوان خەڵک و هێزە سیاسییەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ یەکترییە. بۆچی ئەو پێشمەرجە گرنگە لە خەبات بۆ سەرکەوتن هەتا ئێستاش لە ئاستی خۆیدا نییە؟

لە وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانەدا زۆرجار دەگوترێ دوژمنان ناهێڵن ڕێک کەون. ئەمن هیچ وەخت لەو باوەڕەدا نەبووم و نابم. تەنانەت ئەم قسەیە بە سووکایەتی دەزانم. چونکە مانای ئەوەیە ئێمە گوێ بۆ دەنگی خەڵک و بانگی ویژدان ڕاناگرین و چاومان لە زاری دوژمنان و ناحەزانە چیمان پێ دەڵێن. بە جۆرێکی دیکە بڵێین ئەمە هەڵاتن لە بەرپرسایەتی و گەڕان بە دووی تاوانبار لە دەرەوەی خۆماندایە. ئاخر ڕاستە دوژمنان هەوڵی لێک­ترازانمان دەدەن، بەڵام ئەوان لە پەرشووبڵاویمان قازانج دەکەن خۆمان چی؟ کەوایە خەتایەکە لەخۆمانە و دەتوانێ زۆر هۆکاریشی هەبن کە گرنگترینیان بەرچاوتەنگی و هەست­نەکردن بە بەرپرسایەتی بەڕادەی پێویستە. ڕەنگە لەو نێوەدا بتوانین ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی بەتایبەتی بۆ کوردی خۆرهەڵات و هێزی سیاسییە ئێرانییەکان بکەین کە ئەمانەن: یەکەم تاراوگەنشینی و نەبوونی بڕیاربەدەستانی هێزە سیاسییەکان لە نێوخۆی وڵات و نەبوونی فشاری کۆمەڵانی خەڵک و نەدیتینی ڕاستەوخۆی ئێش و ئازارەکانی هاونیشتمانان. ئەوانەی دەورانی شەڕی سێ مانگەیان دیوە لەبیریانە کە دامەزرانی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد (هیئت نمایندگی خلق کرد) بەشێکی زۆری لە ئاکام و تەنانەت لەژێر فشاری ئەو دەستە و کۆمەڵە خەڵکانەدا بوو کە لە شارەکانەوە دەهاتنە لای حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردەکان. دووهەمیش سەرسەختیی زۆرایەتی و زێدەخوازیی کەمایەتی لە نێو هێزە سیاسییە کوردستانییەکاندایە. ئاشکرایە کە هێزە کوردستانییەکان لە دەرەوەی ئیددیعای خۆیان هێندێکیان زۆرترن و خەڵکی پتریان هەیە و بەشێکیان کەمتر. جا زۆرایەتییەکە پێی وایە ئەگەر نەختێک بۆ کەمایەتی دابشکێنێ لە سام و هەیبەتی کەم دەبێتەوە و کەمایەتییەکەش بە کەمتر لە «مساوات مطلق» ڕازی نابێ. غافڵ لەوەی کە ئەگەر ڕێک کەون زۆرایەتی و کەمایەتییەکە بەوە تێک ناچێ و ڕێز و خۆشەویستیی هەردوو لاشیان لەلای گەلەکەیان دەچێتە سەرێ.

دوکتور قاسملوو وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات و کاریگەرترین ڕێبەری جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە سەردەمی خۆی بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەو خەباتە و دەربازبوون لە ناکۆکی و ناتەبایی و چەند بەرەکیی نێوماڵی کورد چ شتێکی بە پێویست دەزانی و بۆخۆی لەو پێوەندییەدا چیی کرد؟

بە داوای لێبووردنەوە دوکتۆر قاسملووش دەگەڵ هەموو گەورەیی و لێبووردەیی خۆی وەک هەموومان کورد بوو و خوێنی کورد لە دەمارەکانیدا دەجووڵا. بەو حاڵە هەوڵێکی زۆری دا کە بەڵای دووبەرەکی لە یەخەی بزووتنەوەی کوردی ئێران بکاتەوە. بەڵام هەموو کاتێک هەوڵەکانی دەگەڵ ئەو دوو هەستە دژبەیەکە بەرەوڕوو دەبوون کە لە وەڵامی پرسیاری پێشتردا ئاماژەیان پێ کرا. باسی ئەو تۆمەتە زۆرجار ناڕەوایانە کە لایەنەکان لە یەکتریان دەدان و ئەو ناووناتۆرە ناشیرنانە ناکەم کە دەرهەقی یەکتر بەکاریان دەبردن، هەرئەوەندە بەسە کە بڵێین زۆرایەتی دەیەویست کەمایەتی «خڕکاتەوە» و کەمایەتی هەوڵی دەدا «هەیبەتی زۆرایەتی بشکێنێ».

چۆن دەتوانین نێوەرۆکی پەیامەکانی ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٧ لەگەڵ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای کوردستان لێک گرێ بدەین؟

بە باوەڕی من پەیامی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ بۆخۆی لە هێڵە گشتییەکاندا درێژکراوەی پەیامی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ بووە و ئێستاش و دواڕۆژیشمان گرێدراوی هەردووکیانن و بێ ئەوەی مافی داهێنان و نوێ­بوونەوە لە خۆمان و نەوەکانی دواترمان بستێنینەوە هەموومان پەیڕەوی ئەو پەیامانە و هەڵگری ئەو ئاڵایەین کە لە دامەزرانی حیزبەکەمانەوە تا ئەمڕۆ لەنێو ڕێبوارانی ڕێگای دێموکڕاتدا دەستاودەستی کردوە.

مامۆستا بەڕێزیشتان یەکێک لە وتاربێژانی ئەو میتینگە بوون. ٤٥ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە چۆن یادی ئەو ڕۆژە دەکەن، بەتایبەت چۆن لە پەیام و وتارەکەی ئەو ڕۆژەتان دەڕوانن.

وتاری من لەو ڕۆژەدا پتر پەیامی بەخێرهێنانی بەشدارانی میتینگەکە بوو، چونکە لەوکاتەدا بەرپرسی ڕێکخراوی حیزب لە مەهاباد و بە مانایەک خانەخوێ بووم. ئەگەر قەراریش بێ  هەڵسەنگێندرێ ئەوە کاری من نیە و دەبێ کەسانی دیکە نەزەری لەسەر بدەن.

مامۆستا گیان ماندوو نەبن و زۆر سپاس بۆ ئەوەیکە کاتتان دانا و لەم دیمانەیەدا بەشداریتان کرد

سپاس ئێوەش ماندوو نەبن