
دادگای فێدراڵی ئەمریکا قاچاقچییەکی چەکوچۆڵی سەر بە ڕێژیمی ئێران و خەڵکی پاکستانی بە تاوانی ڕاگواستنی مووشەکی ڕێژیم لە تارانەوە بۆ حوسییەکانی یەمەن بە ٤٠ ساڵ بەندکران سزا دا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ دادگای فێدراڵی ئەمریکا، محەممەد پەهلەوان قاچاخچی پاکستانی و تەمەن ٤٩ ساڵی بە ٤٠ ساڵ بەندکران سزا داوە کە ساڵانێکە لەگەڵ سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندەی چڕوپڕدایە و بەشێکی بەرچاو لە چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لەوانەش مووشەکی بۆ حوسییەکان قاچاخ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە یاساییەکانی دادگای ئەمریکا، محەممەد پەهلەوان بە کەڵکوەرگرتن لە بەلەمی ماسیگری، پارچەی مووشەکی بالستیک و چەکە کۆمەڵکوژە ڕێگەپێنەدراوەکان و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووی دیکەی لە ئێرانەوە بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە لەوانەش حوسییەکان لە یەمەن ڕاگواستووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٤٠ ساڵ بەندکرانی ئەو قاچاخچییە تاوانبارەی سەر بە ڕێژیمی تاران، تەنیا تایبەت بە یەک تاوان نییە و ٢٠ ساڵی بەندکرانی تایبەت بە تاوانێک و ئەو ٢٠ ساڵ سزاکەی دیکەش بەهۆی سێ تاوانی دیکە دژی ناوبراو دەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتە یاساییەکانی دادگای فێدراڵی ئەمریکا، ئەو تاوانبارە لەپێناو ئەو خزمەتانەی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سپای پاسداران و هەوڵە تێرۆریستییەکانی کردوویەتی، بری ٣٣ هەزار دۆلاری ئەمریکای وەرگرتووە.
زانیارییەکانی وەزارەتی شەڕی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئەو هەوڵانەی "پەهلەوان" بەشێک بووە لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتر کە لەلایەن دوو برای خەڵکی ئێرانەوە بە ناوەکانی یوونس شەهاب میرکازمی گەڵاڵە کرابوو و بەڕێوە براوە.
محەممەد پەهلەوان لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤، لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عەرەب دەسبەسەر کرا و لە ڕەوتی ئەو ئۆپەارسیۆنەشدا دوو مەلەوانی ئەمریکایی گیانیان لەدەست دا.