کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرژەوەندیی خەڵک لەکوێی هاوکێشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل ‌دایە؟

15:02 - 23 خاکەلێوه 2724

سمایل شەرەفی

لە دوای هێرشی حەماس بۆسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی و کوشتنی سەدان کەس لە خەڵکی مەدەنی و ئەتککردن و بێڕێزی بە دەیان کەسی دیکە، قسەوباس لەسەر ئەگەری دەستتێدابوونی -ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی- کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم هێرشەدا کرا کە دەستبەجێ خامنەیی وێڕای پێداهەڵگوتن بە حەماس و شان و پیل ماچکردنیان بۆ ئەم کردەوەیە، بەڵام بێبەریبوونی ڕێژیمەکەی لەم ڕووداوە ڕاگەیاند. هەر لەو کاتەوە دیار بوو کۆماری ئیسلامی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێ و ئەگەریش دژکردەوەیەکی بەرانبەر هەر هەڕەشە و جووڵەیەکی ئیسرائیل هەبێ، لە ڕێگای تاقم و گرووپە نیابەتییەکانییەوە دەیانکات.

دوای هێرشی هەمەلایەنەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە و بە دەیان هەزار کوژراو و بریندار و وێرانیی ئەم ناوچەیە و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی لێ کەوتۆتەوە، هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەکەدا ڕیزە هێرشێکی مووشەکییان بۆسەر شوێن و بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا لە ناوچەکە دەست پێکرد. وەجووڵەکەوتنی هێزە نیابەتییەکانی ئێران لە یەمەن، سووریە و عێراق و هێرشیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا، ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی بەم ئاڵۆزییانە بەخشی و کۆمەڵگەی جیهانی بە شێوازی جۆراوجۆر کەوتە هەڵوێست نواندن. هەرچی وڵاتانی عەرەبی بوون، بە میوانداریکردن لە وڵاتانی شوێندانەری جیهانی لە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕان بەدوای چارەسەردا بوون کە لە کۆتاییدا دوای چەند کۆبوونەوە لە وڵاتانی تەقەر، میسر و عەرەبستان و هەروەها کووبوونەوەی شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گۆڕینەوەی پەیامی ژێربەژێری نێوان ئەمریکا و ئێران -دوای چەند جار دەست لێکوەشاندن لە عێراق و سووریە و ئاوەکانی لێواری یەمەن- تا ڕادەیەک دۆخەکە ئارام بوویەوە. بەتایبەت دوای گۆڕینەوەی بەشێک لە دیلەکانی حەماس و ئیسرائیل و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە شەڕلێدراوانی غەززە و لە پێشوازی مانگی ڕەمەزاندا شەڕ و ئاڵۆزییەکان ڕاوەستان. ئەوەی لەم نێوەدا ڕۆڵی ئاژاوەنانەوە و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکەی هەر لە سەرەتای ئەم شەڕەوە گێڕا و بۆ ساتێکیش لەپێناو ڕاگرتنی ئالۆزییەکان و بۆ ئاشتەوایی هەنگاوی نەنا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی لەسەر هەوڵدانی بۆ پێشگیری لە گەورەبوونەوەی کێشەکان، هەمیشە هەوڵی پیلانگێڕی، بەئەمنیەتیکردنی دۆخەکە و لەباربردنی ئارامی و سەقانگیری داوە.

ئێستا دوای هێرشی هەوایی ئەرتەشی ئیسڕائیل بۆ سەر بەناو کۆنسولخانەی ڕێژیم لە سووریە کە ئەوەی تیایدا کوژراوە هەر هەموو کەسانی سەربازیی سەر بە سپای قودسی ڕێژیم لە سووریە بوون و هیچیان کاردار و دیپلپۆماتی سیاسی نەبوون، ئاڵۆزییەکان بەربڵاو و قوڵتر بوونەتەوە.

کاربەدەستانی ئیسرائیلی ئیدیعا دەکەن؛ ئەوانەی لەم هێرشەدا کوژراون جیا لەوەیکە گومانی دەستتێدابوون لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبریان لەسەرە، خەریکی پلانی دیکەی خراپکارانە دژ بە ئیسرائیل بوون. لە بەرانبەردا کاربەدەستانی ڕێژیم وەک هەمیشە هەڕەشە و گوڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکەن. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا زیاتر باسی لێوە دەکرێت، قسەکردن لەسەر "ئەگەری دەسپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل" و "هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی ڕێژیم لە سورییە"یە.

شارەزایانی سیاسی و سەربازی لەم پێوەندییەدا ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە؛ بەڵام زۆربەی چاودێرانی بوارەکە لەو باوەڕەدان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەستکردن بە پلانی ئیسرائیل بۆ پەلکێشکردنی بۆ مەیدانی شەڕ و، هەروەها لێکدانەوەی لە دۆخی نالەباری نێوخۆی وڵات و هێزی نیزامیی ئیسرائیل و پاڵپشتیی بێ‌ئەملاوئەولای ئامریکا لەم وڵاتە، ئەستەمە ڕاستەوخۆ وڵامی ئیسرائیل بداتەوە. بۆیە هیچ دوور نییە لە ڕوژان و حەوتووەکانی داهاتوودا، هێزە نیابەتییەکانی بجوڵێنێ و تەنیا بۆ ڕازیکردنی بیروڕای لایەنگرەکانی و دامرکاندنەوەی کەف و کۆڵی تەیفە توندڕەوەکانی خۆی، هیڕشی مووشەکی بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە ناوچەکە و لەم ڕێگایەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی هێندێک ئیمتیازی دیکە بدات.

ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئەساس و گرینگە، مانەوەی خۆی وەک نیزامێکی ئیدیۆلۆژیکە و بنەمای ئەم تێڕوانینەشی هیچ پێوەندییەکی بە بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتی ئێران و گیان و ماڵی ئەو سەدان هەزار خەڵکەوە نیە کە لە غەززە و شوێنەکانی دیکەی فەلەستین دەبنە قوربانی. مانەوەی کۆماری ئیسلامییش وەک ڕێبەر و دامەزرێنەرەکەی، ئایەتوڵڵا خومەینی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە گوتی و بە نانەوەی شەڕ لە گەڵ عێراق و دوژمنایەتی لەگەڵ ئامریکا پێناسەی کرد، لەشەر و ئاڵۆزی و قەرانخوڵقێنی دایە. خومەینی وتی؛ "شەڕ نێعمەتە".

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم هێرش و دژکردنەوانەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، خەڵکی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی هەرجۆرە دەستدرێژی و جینایەتێک، خۆیان لەبەرەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دانانێن. چونکی سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی ئەم ڕێژیمە و دروشم و هەوڵی "سڕێنەوەی ئیسرائیل لە سەر گۆی زەوی" تەنیا ئارەزووی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە نەتەنیا هیچ قازانجێکی بە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵاتی ئێران نەگەیاندوە و ناگەیەنێ، بەڵکوو سیاسەتێکە کە ڕاست چل ساڵە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران و وڵاتەکەیان کاری پێ کراوە.

بۆیە خەڵکی ئێران لەمێژە بە بەرزکردنەوەی درووشمی "نەغەززە، نە لوبنان"، ئەم سیاسەت و ڕێگارانەی کۆماری ئیسلامییان ڕەت کردۆتەوە و بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی خۆیان لە دەرەوەی مەوجوودیەتی فکری و سیاسیی ئەم ڕێژیمەدا دەبینن.