مادح ئەحمەدی
لە دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بەسەر هێرشەکەی ئیسراییل بۆ سەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق، کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ئاپریل زنجیرە هێرشێکی درۆنی و هاژەکیی بۆ سەر ئیسراییل دەست پێ کرد. پاش ٤٥ ساڵ دوژمنایەتی و هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسراییل، کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەمجار خاکی خۆی لەدژی ئیسراییل بەکار هێنا. بۆیە، لەم ڕووەوە ئەکرێ بێژین ئەمە پێشهاتێکی نوێیە کە دەتوانێ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم وڵاتە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە. لەگەڵ ئەوەش، پێم وایە وڵامدانەوەکەی کۆماری ئیسلامی لە چەند لایەنەوە جێگای سەرنجە کە لێرەدا بەکورتی لە چەند خاڵدا تیشکیان دەخرێتە سەر.
یەکەم: لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، واتە لە دوای هێرشەکەی ڕۆژی ١ی ئاپریلی ئیسراییل بۆ سەر کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە پایتەختی سووریە، ئێران بە چەند ڕێگە هەوڵی دا مامەڵە بەم بابەتەوە بکا، بەڵام هیچ کڕیارێکی بۆ پێشنیارەکانی نەدۆزییەوە. سەرەتا ویستی وەک کارتێک لەدژی ئیسراییل بەکاری بێنێ و ئیسراییل ناچار بە قەبووڵی ئاگربەست لە غەزە بکات، بەڵام هەر زوو هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی لەم بارەوە تووشی شکست بوون. لە قۆناغی دووەمدا ئامادە بوون ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی ئیسراییل "مەحکووم" بکا، ئەوا ئەوان واز لە وەڵامدانەوە بێنن. ئەم داوایەش کە ڕەشنووسەکەی لەلایەن ڕووسیەوە گەڵاڵە کرا، هەر بە دەم ڕێگەوە ڕەت کرایەوە. لە ئاستێکی دیکەدا، ئێران لەڕووی میدیاییەوە هەوڵی دا ئەم بابەتە بۆ دنەدانی ڕای گشتیی جیهان لەدژی ئیسراییل بەکار بێنێ، بەڵام بەو پێیە کوژراوەکان ژمارەیەک کاراکتەری سەر بە مافیای سپای پاسداران بوون، ئەمەشی بۆ نەچووە سەر.
دووەم: وەڵامەکەی ئێران، بابەتێک نەبوو کە ئێران بە دڵخوازی خۆی هەڵیبژاردبێ، بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەی هەندێ کەس پێیان وایە، ئیران ئەم دۆخە و شەڕ لەگەڵ ئیسراییلی پێ خۆشە، ئەم دۆخە بۆ ئێران زۆر نەخوازراوە. هێرشەکەی ئێران بەتەواوی لەڕووی ناچارییەوە بوو و تەنیا وەڵامدانەوە بوو بەو چاوەڕوانی و بەڵێنانەی لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لەژێر ناوی "انتقام سخت"دا دروستیان کردبوو. لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، ئەگەر تەنانەت یەکێک لە پێشنیارە لاوەکییەکانی ئێران قەبووڵ کرابایە، کۆماری ئیسلامی خۆی تووشی ئەم ئابڕووچوونە نەدەکرد کە نزیک بە تەواوی درۆن و هاژەکەکانی لە دەرەوەی سنووری ئیسراییل بە ئاسمانەوە تەقێندرانەوە. هەر بۆیە وەڵامەکە وەک "کاری نابەدڵ" وا بوو، و کارێکیش ئەگەر لەرووی ناچارییەوە بێ ئەنجامەکەی هەر دەبێتە هێرشەکەی سەر بنکەی "عین السد" و هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل!
سێیەم: بەپێچەوانەی ئێران، ئیسراییل شەڕی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی لەگەڵ ئێران پێخۆشە. هەم لەبەر ئەوەی دەوروبەری ئیسراییل بە کۆمەڵێک هێز تەنراوە کە دۆژمنی ئەو وڵاتەن و هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامین و ئیسراییل لە ستراتیژیی سیاسی و سەربازیی خۆیدا ئیران وەک دوژمنی سەرەکیی خۆی و سەری مارەکە دەبێنێت. هەمیش دەوڵەتی ئێستای ئیسراییل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهوو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بە قازانجی مانەوەی خۆی دەزانێ و سەرکەونتیان لە بەرانبەر ئێراندا، هاوکات سەرکەوتنیان لەنێوخۆی ئیسراییل مسۆگەر دەکات.
چوارەم: لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبرەوە، بەهۆی کۆژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل لە غەزە، ڕای گشتیی جیهان دژی شەڕ و دژی ئیسراییلە. هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، تا ڕادەیەکی زۆر لەم ڕووەوە بە قازانجی ئیسراییل و بە زەرەری کۆماری ئیسلامی بوو. هەر ئێستا هەم لە ئاستی ڕای گشتیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاییدا و هەم لە ئاست هەڵوێست و پشتیوانیی وڵاتان لە ئیسراییل لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا ئەم گۆڕانکارییە دەبینرێت.
پێنجەم: ئەگەرچی ئەمریکا لەگەڵ ئەو بۆچوونەی ئیسراییل بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران ناتەبایە و لەم بارەوە ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان جۆ بایدن و بنیامین ناتانیاهوودا هەیە، بەڵام لە ئەگەری شەڕدا ئەمریکا ناچارە لە بەرانبەر ئێراندا، پشتیوان و پارێزەری ئیسراییل بێت. بەپێچەوانەی ئەمریکا، ڕووسیە درێژە کێشانی ئەم ئاڵۆزییانە بە قازانجی خۆی دەبێنێ و بە قیمەتی قوربانیکردنی ئێرانیش پێی خۆشە وڵاتانی بلۆکی ناتۆ بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا تووشی شەڕێکی نوێ بن. لەم حاڵەتەدا توانای پشتیوانیی وڵاتانی بلۆکی ناتۆ لە ئۆکراین کەم دەبێتەوە و ڕووسیە لە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین و پێکانی ئامانجەکانیدا تا ڕادەیەک دەستکراوەتریش دەبێت. هاوکات لەڕووی ئابووریشەوە، (وەک چۆن پێشتریش بازی بەسەر ئێراندا لێ دا و نەوتەکەی بە هەرزانتر بە چین فرۆشت) چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران، ناچارە نەوتی زیاتر لە ڕووسیە بکرێت. بۆیە شەڕ لەگەڵ ئێران لەم کاتەدا بۆ ڕووسیە دوو جار قازانجە.
شەشەم: هێرشەکەی ئێران، تەنیا لە یەک لایەنەوە تا ڕادەیەک دوور لە چاوەڕوانی بوو. ئەویش بەکارهێنانی ئەو ڕێژە زۆرە لە درۆن و هاژەک لەدژی چەند ئامانجێک لە دووریی زیاتر لە ١٧٧٠ کیلۆمەتر. لەم هێرشەدا ئێران ئەوەندەی مەبەستی بوو کە بیسەلمێنێ دەتوانێ بە ڕێژەیەکی زۆر لە کێشە و ململانێیە ناوچەییەکاندا چەکە ستراتیژیکەکانی بەکار بێنێ، ڕەنگە ئەوەندە مەبەستی نەبووبێ کە ئەو درۆن و هاژەکانە ئامانجە دیاریکراوەکان بپێکن. لەم ڕووەوە ئێران ویستی زیاتر پەیامێک بە ئەمریکا و ڕکابەرە ناوچەییەکانی بگەێنێت. ئەوەی کە چەندەش ئەم پەیام و مەبەستەی وەردەگیردرێت، بابەتێکە کە جارێ ڕوون نییە و دوور نییە ئەم مەبەستەیشی هەر نەپێکێت.
حەوتەم: لە، هێرشەدا تورکیە (وەک دووەم هێزی ناتۆ)، عەڕەبستانی سعوودی و میسر وەک سێ وڵاتی گرنگی ناوچەکە بێلایەن بوون. ڕووسیە و چین وەک دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەها وەک دوو پشتیوانی ئێران، نەتەنیا پشتیوانییان لەم هێرشانە نەکرد، بەڵکوو هەڵوێستی ئەمانیش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هەڵوێستی تورکیە، سعودی و میسر نەبوو. عێراق کە لەم کاتەدا سەرۆکوەزیرانەکەی بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکایە، بێدەنگ بوو و ژمارەیەکی زۆریش لەو درۆن و هاژەکانەی ئێران هاویشتی، لە ئاسمانی عێراق تەقێندرانەوە. ئۆردۆن، هەڵوێستی دژی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بوو و لەپاڵ ئەمریکا، بریتانیا و فەرەنسا نەیانهێشت درۆن و هاژەکەکانی ئێران سنووری ئەم وڵاتە دەرباز بکەن و بگەنە نێو خاکی ئیسراییل. بەگشتی، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پشتیوانەکانی ئیسراییل دیار بوون و هەڵوێستیان گرت، بەڵام پشیوانەکانی ئێران هەڵوێستیان شتێکی دیکە بوو.