مستەفا مەولوودی
هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسڕائیل جیا لە تەپڵی ڕیسوایی و نیشانەکانی هەرەسهێنانی ڕێژیم، سیناریۆیەکی دووپاتەشی تێدا خوێندرایەوە و، ئەو سێناریۆیەی پێشتر دوای کوژرانی قاسم سولێمانی و لە هێرش بۆ بنکەی "عەینولئەسەد"دا بەرنامەی بۆ داندرابوو؛ دیسان بە جۆرێکی دیکە و بە هەزینە و ڕیسواییەکی زۆر زیاترەوە دوپات کرایەوە. ڕێژیم بە قسەی خۆی وەڵامی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر بەناو کۆنسوولخانەکەی و لەڕاستیدا بنکەی داڕشتنی پلانە تێرۆریستی و دەستدرێژییەکانی لە دەمیشقی سووریەی داوەتەوە کە لەودا چەندین فەرماندەی پایەبەرزی سوپای پاسداران کوژران، بەڵام پێچەوانەی ئەوەی پێی وایە ئیقتدار و توانای سەربازیی خۆی پێشان داوە و هەیمەنەی سیاسیی وڵاتەکەی پاراستوە، دۆڕاوی سەرەکی هەر بۆخۆیەتی.
ڕێژیم لەو پەلامارەدا زیاتر لە ٣٢٠ مووشەک و دڕۆنی لە ئیسرائیل گرت کە سەتا ٩٩ی هەڵدراوەکان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسڕائیل بەردرانەوە و تەقێندرانەوە. ئەو هێڕشە جیا لە شکستی نیزامی بۆ کۆماری ئیسلامی سەرباری تێچووی ماددیی زۆری لەڕووی سیاسییشەوە بە زیانی شکایەوە و پشتیوانی و هاوڕایی پتری بۆ ئیسڕائیل دەستەبەر کرد و بژاردەی پەرچەکرداری دیکەشی بۆ ئەو وڵاتە مسۆگەر کرد. ئیسڕائیل کە لە سۆنگەی وێرانی و کوشتارەکانی غەززەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت هاوپەیمانەکانی خۆشیەوە بەتوندی خرابووە ژێر گوشارەوە، بەو هێرشە گەمژانەیەی کۆماری ئیسلامی خۆی لەو تەنگانەیە ڕزگار کرد و باڵادەستیی خۆی لە هاوکێشەکاندا دەست خستەوە.
پێوەندیدار بە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسڕائیل هێنانەگۆڕی چەند پرسیار و وەڵامدانەوەیان بۆ بەرچاوڕوونی سیاسی و بەردەوامیی خەباتی خەڵکی ئێران گرینگن: ئایا شەڕفڕۆشییەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکات شەڕی خەڵک و وڵاتی ئێرانیشن؟ کاتێک ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان و بۆ نموونە بڕیارنامەی ١٩٢٩ی شوڕای ئەمنیەت نەیتوانیوە بەر بە پڕۆژە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، قەیرانخوڵقێنی و ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی بگرێت؛ کۆمەڵگەی جیهانی بە چ شێوەیەک بەرەوڕووی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە؟ هەروەها کاریگەریی ئەم دەستدرێژییەی کۆماری ئیسلامی و ئەو دۆخە نوێیەی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و جیهاندا خوڵقاندوویەتی لەسەر خەباتی جەماوەریی خەڵک دژی ڕێژیم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی نێوخۆی وڵات چ دەبێت؟
ئەگەر ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بە ڕێژیمێکی سەرەڕۆ، قەیرانخوڵقێن، دەستدرێژیکەر، پەرەپێدەری شەڕ و تێرۆریزمی دەوڵەتی و هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەناسرێ؛ بەڵام خەبات و بزووتنەوەی خەڵکی ئێران بەدژی ئەو ڕێژیمە لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە ڕێزی لێ دەنرێ و خەڵاتە پڕبایەخە جیهانییەکانی پێشکێش دەکرێت. ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سۆنگەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ و پێملنەبوون بە یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانەوە تەریک کەوتووەتەوە، گەمارۆی خراوەتە سەر و بە بەردەوامی سیاسەت و ڕەفتارەکانی لەلایەن کۆڕۆکۆمەڵە سیاسی و مافی مرۆڤی و وڵاتان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانەوە مەحکووم دەکرێت و سزا لە دوای سزای بەسەردا دەسەپێندرێت؛ بەڵام لە پاڕلمانی ئورووپا، کۆنگرەی ئەمریکا و بیروڕای گشتیی کۆمەڵگە ئازادەکاندا پێشوازی لە جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بایەخە جیهانداگرەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەکرێت. بۆیە ئاڕمانج و ڕێگە و ڕێبازی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی ئێران دوو شتی لێکجیان و ئەو شەڕەش کە ڕێژیمی ئێران هەڵیگیرساندوە نەک هەر شەڕی خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو هەڕەشە بۆ سەر هەموو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتی ئێرانیشە.
کۆماری ئیسلامی بە هەڵدانی سەدان مووشەک و دڕۆن لە خاکی ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتێکی دی سەلماندی کە نە ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان بۆ نموونە بڕیارنامەی ١٩٢٩ی شوڕای ئەمنییەت توانیویانە بەر بە پڕۆژە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن، نە ئەو ڕێژیمە قەت پێملی یاسا و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بووە. لە ئێستاشدا کە هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی پتر لە هەموو کاتێک دەرکەوتوە، پێویستە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی بە خەسارناسیی هەڵوێستەکانی پێشوویان سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیم بگۆڕن و نابێ تەنیا لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان لە موماشات و ساتوسەودا لەگەڵ ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە بەردەوام بن. بێگومان پێشگرتن بە دۆخی ئاڵۆز و پڕ شەڕ و گرژییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخوازێ سنووری زۆر ڕوون بۆ کۆماری ئیسلامی دابندرێ، بەڕوونییش سپای پاسداران بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە و گوشاری سیاسی و ئابووری بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بەبێ زیان گەیاندن بە بەرژەوندییەکانی خەڵک و تەنیا بە مەبەستی ویشککردنی توانا و دەسەڵاتی ئابووری و نیزامیی ڕێژیم زۆرتر و سیستماتیکتر ببێت.
پشتتێکردن لە ڕێژیم و پشتیوانیی پتر لە جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران ئەرکێکیترە کە پتر لە هەموو کاتێک لەسەر شانی وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی قوورسایی دەکات. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی خەڵکی ئێران بە هەموو جۆراوجۆرییەکان و بە لێبڕاوی و بە دانی هەموو تێچوویەک قۆڵیان لە گۆڕینی ئەو ڕێژیمە بۆ نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و وەڵامدەر هەڵماڵیوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو پەیامەی خەڵکی ئێران وەربگرن و پشتیوانیان بن. چونکی لەسەرهەستبوون و بەهەڵوێستبوونی وڵاتان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی کە نەک خەڵکی ئێران بەڵکوو ئارامی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشی بەبارمتە گرتوە، جیا لە بایەخەکانی مافی مرۆڤیی و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی خۆشیاندایە.
بەڵام ئەو دۆخە نوێیەی لەسۆنگەی ئاژاوەگێڕی و قەیرانخوڵقێنییەکەی ئەمدواییانەی ڕێژیم خوڵقاوە چ کارتێکەرییەکی لەسەر ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی دەبێت؟ پێش هەموو شتێک ئەم ڕووداوە خەڵکی ئەوەندەیتر لە سیاسەت و ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی تووڕە و بێزار کردوە. خەڵکی ئێران لە سۆنگەی دەسەڵاتی دژیگەلی، گەندەڵ، ناکارامە و قەیرانخوڵقێنی کۆماری ئیسلامییەوە لەوپەڕی قەیران و بەشمەینەتیدا دەژین و دەستوەردان و شەڕفرۆشییەکانی ڕێژیم ئەوەندە دیکەش هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر وڵات و کۆمەڵگەی ئێران زیاتر دەکات کە تێچووەکەی دەبێ خەڵک بیدەن. بەڵام ئەم دۆخە تایبەتە هاوکات خەڵک بۆ خەبات و بەربەرەکانی لەدژی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بە ڕۆژڕەشیی زیاتر هان دەدات و لە بەردەوامیی خۆیشیدا سەرکەوتن هەر بۆ خەڵکە.