شەریف فەلاح
لە ڕەوتی پەروەردە و بارهێنان و پێگەیشتنی هەر کەسایەتییەکی نووسەر و هونەرمەنددا، کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەری جوغرافیایی، زەمەن و شوێن دەور دەگێڕن. عەلی زەندی، هونەرمەندی ڕەسەن و گەرووزێڕین لە ڕەگەزی ئەو هونەرمەندانەی کوردە کە لە ڕەوتی ژیانی هونەرییدا ئەو هۆکارانە دەوریان گێڕاوە.
یەکەم، لەدایکبووی ناوچەی لەیلاخە، ئەم ناوچەیە ناوچەیکی دەوڵەمەند، زەنگینە و لەڕووی فەرهەنگ، زمان و نەخاسمە فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکییەوە خاوەنی پاشخانێکی ئێجگار هەراوە. لەیلاخ مەکۆی هەوا و چریکە ڕەسەنەکانە، کە تێیدا کەسانێکی وەک: حەیبەڵڵا ملەیی، عەبدوڵڵا قەسری (عەودڵڵا ماچکەیی)، ئیبراهیم زەندی (ماچکەیی)، ڕەمەزان کولیایی، فەتحوڵڵا هەمرۆڵە، مەحموود وەتەنخا، عارف شەکیبا، ناسر کەڕەونانی، مەڵک محەمەد محەمەدی (مەڵێ دۆم)، ئیبراهیم شامەلەکی، حەمەحوسێن بەهمەنی و چەندانی دیکە سەریان هەڵداوە کە خزمەتێکی بەرچاویان بە گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەن و فۆلکلۆری کوردی کردووە. ئەم ناوانە دەنگگەلێکن کە لە بیرەوەریی خەڵکدا قەت ناسڕێنەوە، چونکە لە شایی و خۆشی و شیندا لەگەڵیان ژیاون و دەنگیان ئاوێتەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە. بۆیە هونەرمەند عەلی زەندی هەڵقوڵاوی ئەو دەڤەرە پڕ لە چریکە ڕەسەنەیە و دەنگی خاراوی ناوچەی لەیلاخی ڕەنگینە. کەواتە یەکەم هەنگاو و ڕێچکەی هونەریی پتەو و قایمە و پشتی بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی فۆلکلۆر و مۆسیقایک بەستوە کە سەدان ساڵە ئاوێزەی گوێی خەڵک و میوانی زەینی مرۆڤی کوردە و کاریگەریی چریکەی ڕەسەنی لەیلاخ، لەسەر زۆر ناوچەی وەک: سنە، چەمشار، دیواندەرە، کامێران، قوروە، سونقوڕ و کولیایی، بیجاڕی گەڕووس و هەوشاریش بەرچاو و دیارە.
دووەم هۆکاری کاریگەر لەسەر هونەر و دەنگی عەلی زەندی، شاری سنەیە. شاری سنە وەک ناوەندێکی گرنگ و هەراوی هونەر، بەتایبەتی بواری مۆسیقا، عەلی زەندی لە ئامێز دەگرێت. بۆیە بەو پاشخانە زەینییە فۆلکلۆرەی لەیلاخەوە دێتە دنیایەکی بەرین و دەوڵەمەندترەوە. هەوا و چریکەی لەیلاخ لەگەڵ گەڕیان و پادیواریی سنە پێکەوە گرێ دەدات و بەرەبەرە هەنگاو هەڵدێنێتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زانیاری و شارەزایی لەسەر ئاواز، گۆرانی و مۆسیقای کوردی پتر دەبێت. سەرەتا لەلای هونەرمەند حەسەن کامکار، نۆتەکانیی سۆڵفێژ فێر دەبێت و هاوکات هونەرمەند گریشا شێوازەکانی ئاهەنگدانانی فێر دەکات. هونەرمەندان مرۆڤگەلێکی هەستیار، کونجکۆڵ و وردبینن، ژیانی دەوروبەر و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لەسەریان دادەنێت و هەم بە کردەوە و هەم بە هونەر گەرەکیانە بەشداری ئەو ژیانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بن. بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی کورد کە لە هەمبەر دۆزی ڕەوای گەلەکەیان و ئەو ستەمانەی داگیرکەرانی کوردستان لە نیشتمان و کوردی دەکەن، کەسانێکی دەروەست بوون و بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبوون. عەلی زەندی-ش لە ڕەگەزی ئەو هونەرمەندە دەروەست و نیشتمانپەروەرانەیە کە هەر لە سەرەتای دەستپێکی کاری هونەرییدا شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەردا هاتوە و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەڕپێفرۆشتنی کۆماری ئیسلامی بە کوردی پێ قەبووڵ نەکراوە. تێکەڵی خەباتی سیاسی بووە و بەکردەوە و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتدا دەستی بە خەبات کردوە و لە گرتنی پادگانی مەهاباد، شەڕ و بەرگریی خوێناویی سنە و شەڕی نەغەدەدا بەشدار بووە.
ئەم قۆناغە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری لەسەر فکر، بیروباوەڕ و تەنانەت دەنگ و گۆرانیی عەلی زەندی هەبووە. بۆیە دەکرێ بێژین نیشتمان، کوردبوون، هاواری ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەگژداچوونەوەی ستەم کرۆکی ئاواز و گۆرانی و چریکەی ئەم هونەرمەندە بەهەڵوێستەن. هەرچەند لەم پێناوەشدا تووشی گیران، زیندان، ئاوارەیی و چەرمەسەرێی زۆر بووە، بەڵام هەتا دوا چرکەی ژیانی لەسەر ئەو ڕێبازە هونەرییەی کە هەڵوێست و بەرگری شادەماری بوو، سوور و پێداگر بوو.
قۆناغێکی دیکەی ژیانی هونەریی عەلی زەندی تێکەڵاوی و هاتوچۆ و پێوەندیی قووڵی بوو لەگەڵ هونەرمەند و ئاوازدانەرانی کورد لە باشووری کوردستان، چونکە لە دوو کاتی جیاوازدا بەهۆی زەخت و گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران پەڕیوەی باشووری کوردستان بووە. یەکەمجار لە دەیەی حەفتای هەتاوی و دووەم جاریش لە دەی هەشتای هەتاوی. هەرچەند ئاوارە و دوور لە زێد و نیشتمان بوو، بەڵام لەو ساڵانەشدا لەوپەڕی بێدەرەتانیدا هەر خەریکی بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی ئاواز و گۆرانیی کوردی بوو. کە گۆرانیی بەناوبانگی (مامەکوڕنۆ) و چەند گۆرانیی دیکەش بەرهەمی خەباتی هونەریی ئەو قۆناغەی ژیانی ئەو هونەرمەندەن لە باشووری کوردستاندا.
عەلی زەندی جیاواز لەوەی هەموو گۆرانی و ئاوازێکی لەپێناو گەشەی هونەر و بەرەوپێشبردنی مۆسیقای کوردیدا بوو، هاوکات بۆ خۆشی مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، بێخەوش، دڵپاک، خاکەڕا و هەتا سەر ئێسقان کورد و پابەندی ڕێبازی کوردایەتی بوو. خەم و ئاواتی ڕزگاریی نیشتمان و ژیانی پڕ لە کەرامەتی بەردوور لە ستەم و چەوسانەوە بوو بۆ نەتەوەی کورد. هونەر و ژیانی خۆی بۆ کورد و کوردستان تەرخان کردبوو، مرۆڤێکی هەستیار و ناسکخەیاڵ بوو. دایم بیری لای ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و خەون و بیرەوەرییەکانی ڕابردووی بوو، ئاوارەیی و تاراوگەی بە حەزی خۆی هەڵنەبژاردبوو، بۆیە دووری لە زێد و نیشتمان کاریگەریی زۆری لەسەر ڕۆح و ڕەوانی دانابوو. لە تاراوگەش بە ئەشقی نیشتمان و ئازادییەوە دەژیا و بە شۆر و شەوق و هەستێکی بێخەوشی کوردانە و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک بەشداریی بۆنە و ڕێوڕەسمە نیشتمانییەکانی دەکرد. ئەم تایبەتمەندییە هونەری و ئەخلاقییانە وایان کردبوو عەلی زەندی لای هەموو خەڵکی کوردستان ببێتە هونەرمەندێکی خۆشەویست، خەڵکی و خاکەڕا کە هەتاهەتایە ئاواز و دەنگی بە نەمری و هەرمانی لە زەین و بیرەوەریی خەڵکدا دەمێنێتەوە. لە تایبەتمەندیی بەرهەمەکانی هونەرمەند عەلی زەندی دەکرێ ئاماژە بەم چەند خاڵە بکەین:
- ڕەسەنایەتی و زاڵبوونی ئاهەنگ و هەوای فۆلکلۆری ناوچەی لەیلاخ و سنە لە دووتوێی بەرهەمەکانیدا کە لەم بوارەدا ئێجگار بەتوانا بوو.
- خەمێکی خەست و قووڵ لە دووتوێی دەنگ و مێلۆدیی گۆرانییەکانیدا قوڵپ دەدەن کە ئاوێنەی ژیانی خۆی و گەلەکەی بوو، کە ئەویش هاواری کوردبوون، ڕزگاری و نیشتماندۆستیی بوو.
- شارەزایی لە ئاوازدانان، شارەزا لە ژەنینی چەند ئامێرێکی مۆسیقا، وەک دیوان و دەف، هاوکات شارەزایەکی باشی دەزگاکانی ئاواز و میلۆدیی کوردی بوو.
- شارەزایی لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی وەک: لەیلاخی، ئەردەڵانی، سۆرانی، کەلهوڕی، هەورامی کە لە گۆرانییەکانیدا دەنگیان داوەتەوە، بەتایبەتی چەند گۆرانییەک بە شێوەزاری کەلهوڕی و فەیلی وەک (وە باوەیاڵ دیم) وتووە.
- کەسێکی وردبین بوو و لە هەڵبژاردنی شیعری گۆرانیدا کە هەم لە شاعیرانی کلاسیکی هەورامی، سۆرانیوێژ و شاعیرانی نوێخوازیش وەک جەلال مەلەکشا کەڵکی وەرگرتوە.
- شارەزای بواری بەستە، مەقام و تەبەقە دەنگییەکانی مۆسیقای کوردی بوو.
کورتەیەک لە ژیانی هونەرمەند عەلی زەندی:
- ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە ئاوایی "سیاسەران"ی ناوچەی لەیلاخی سنە لەدایک بووە.
- پاشان بە بنەماڵەوە چوونەتە ئاوایی "ئاڵوڵاخ"ی دیواندەرە و تا پۆلی شەشی سەرەتایی لەوێ خوێندوە. خۆی دەڵێت: باوکم وێژەر و خوێنەواررێکی باش و شارەزای بەیتە کوردییەکان بوو، بۆیە بۆ کاری هونەری کاریگەریی زۆری لەسەرم هەبوو.
- پاشان ماڵیان دێتە سنە و قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی لەو شارە دەخوێنێت و هەر لەوێ بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتوە.
- بە فەرمی و لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە واتە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە دەستی بە کاری هونەری کردوە.
- بۆ خۆی لە دیمانەیکدا دەڵێت: بێجگە لە باوکم، شێعرەکانی کەسێک بەناوی خالید ناسراو بە (حامید ئاڵیجانی) و میرزا محەمەدئەمین، هەروەها دەنگی هونەرمەندان عەودڵڵا ماچکەیی و ئیراهیم ماچکەیی ناسراو بە (ئیبراهیم زەندی) کاریگەرییان لەسەرم هەبووە.
- لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، تێکەڵ بە خەبات و چالاکیی سیاسی بووە بۆ ماوەیەک وەک پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات لە ڕووداوەکانی گیرانی پادگانی مەهاباد، شەڕ و بەرگریی خوێناویی ٢٤ ڕۆژەی سنە و شەڕی نەغەدەدا بەشداریی کردوە.
- ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە مەهاباد ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و خاوەنی سێ کچ و کوڕێکە بە ناوەکانی: بەهارە، دیمەن، بەفرین و زانیار.
- ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە سنە یەکەم گۆرانیی خۆی بەناوی (گوڵی ئەرخەوان) بە هاوکاریی هونەرمەند ڕەشید فەیزنژاد تۆمار کردوە.
- بەهۆی ئاواز و گۆرانیی شۆڕشگێڕانە و چالاکیی سیاسییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە چوار جار دەستگیر کراوە و یەک ساڵیش بەند کراوە.
- بە فەرمی خاوەنی ١٣ ئالبۆمی گۆرانییە و کۆمەڵێک گۆرانیی زۆر بەناوبانگی هەیە، وەک: مامە کوڕنۆ، وە باوەیاڵ دیم، بەجێت دێڵم، یاران، گوڵی ئەرخەوان، کۆترەباریکە، ئەو کەژاڵە، گەردوون ئەی گەردان، ئەڵێم ئەو شارە جێ بێڵم، دارەپیرەیە.
- ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی بۆ جاری دووەم ئاوارەی باشووری کوردستان بووە، دوای چەند ساڵ مانەوە و ئاوارەیی لە تورکیە، سەرەنجام وەک پەنابەر لە کانادا گیرسایەوە.
- سەرەنجام پاش نزیکەی ٥٠ ساڵ خزمەت بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە کانادا کۆچی دوایی کرد.