ڕەزا دانشجوو
خۆپەرستی و خۆبەزۆرزانین تا ڕادەیەک لەپێناو بەهێزکردنی کەسایەتی تایبەتمەندیی هەموو مرۆڤێکە و وەک یەکەم بەردی بناغەی گەشەکردنی کەسایەتیی سەیر دەکردرێت، بەڵام ئەم خۆپەرەستییە هەندێک جار لە حاڵەتی نۆرماڵ لا دەدات و دەبێتە دەسپێکی نەخۆشییەکی دەروونی مەترسیدار بە ناوت نارسیسیتیک (narcissitic). ئەو کەسانەی تووشی کێشەی دەروونیی خۆپەرستیی یا نارسیسیتین هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوشێوەن. ئەو کەسانە تێڕوانینێکی ناڕاستەقینە و درۆینەیان سەبارەت به گرنگیدان به خۆیان و تواناییەکانیان هەیە، وەک ئەوەی لە شانازییەکی ناسروشتیدا نوقم بووبن، ئەمەش سیفەتێکە کە بە خۆپەرەستیی لەڕادەبەدەر (personality narcissistic disorder) ناسراوە. ناوی ئەم تێکچوونە دەروونییە لە ئەفسانەی یۆنانی نێرگزەوە وەرگیراوە، گەنجێک کە عاشقی ڕەنگدانەوەی وێنەی خۆی لە گۆمێکدا بووە.
هەرچەندە ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کەسانی دیکە ستایشیان بکەن و هەموو خواست و داواکارییەکانیان بەدی بهێنن، بەڵام خۆیان هیچ گرینگییەک بە پێداویستییەکانی ئەوانی دیکە نادەن.
دیکتاتۆرەکان بەبێ گوێدان بەوەی لە کوێی جیهاندا دەژین یان هەڵگری چ جۆرە بیرکردنەوەی سیاسین، هەموویان تووشی جۆرێک لەم تێکچوونە دەروونییەن و کات و زەمان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەم بابەتەدا نییە. خۆپەرەستی یا نارسیسم تایبەتمەندیی هاوشێوەی زۆرێک لە دیکتاتۆرە خۆسەپێنەکانە. هەستکردن بەوەی کە ئەوەی ئەوان دەیزانن و دەیکەن هەمیشە ڕاست و دروستە و دوورە لە هەر چەشنە هەڵە و کەموکوڕییەک، لە زۆر لایەنی ژیانیاندا دەبینرێت. دیکتاتۆرەکان خۆیان بە هەموو شتێکزان دەزانن و پێویستیان بە هیچ ڕاوێژ و هاوکاری و هاوفکرییەک نییە. لە چاوی دیکتاتۆرە خۆسەپێنەکاندا ئەوە کۆمەڵگەیە پێویستیی بە ئەوان هەیە نەک ئەوان بە کۆمەڵگە. دیکتاتۆرە خۆپەرەستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوان بەبێ گوێدان بە بیروبۆچوونی کۆمەڵگە ئەرکێکی مێژووییان لەسەر شانە و بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی هەڵبژێردراون. بەداخەوە دەبێ بگوترێ کۆمەڵگەی چەوساوە و سەرکوتکراو زۆر زیاتر ئامادەی قبوڵکردنی دیکتاتۆرە خۆپەرەستەکانە. لێکوڵینەوەیان دەریانخستوە کە گەڕان بەدوای قارەمان و ڕزگارکەرێک وەک ڕێبەر بۆ دەرچوون لە دۆخە سەختەکاندا بە گشتی دەبێتە هۆی هاتنەسەرکاری دیکتاتۆرێکی خۆسەپێن. بۆ وێنە سەبارەت بە هۆکاری هاتنەسەر دەسەڵاتی هیتلێر لە ئاڵمان دەتوانین ئاماژە بە بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئاڵمان و شانازی نیشتیمانیی لەدەستچوو دوای شکستی ئەو وڵاتە لە جەنگی جیهانیی یەکەم و داگیرکردنی ناڕاستەوخۆی ئەم وڵاتە بکەین کە لە ڕاستیدا بەدوای فریادڕەس و پاڵەوانێکدا بۆ دەرچوون لەم دۆخی نالەبارە دەگەڕان! ئەو فریادڕەسەی کە بڕیار بوو ئاڵمان لەم نەهامەتییە ڕزگار بکات لە کۆتاییدا بەرەو کارەساتێکی برد کە نەتەنیا ئاڵمان بەڵکوو دونیا تا دەیان ساڵ خەرێکی قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کاریگەرییەکانی بوو.
نابێت ئەوە لە بیر بکرێت کە زۆربەی دیکتاتۆرەکان بە گشتی لە سەرەتاوە کەسایەتییەکی جیاوازن هەبووە و بە تێپەڕبوونی کات و هەندێک جاریش لە ئەنجامی هاندانی کۆمەڵگەدا تووشی ئەم نەخۆشییە بوون. بەدوور لە گەڕان بۆ دیتنەوەی هۆکاری ئەم پرسە، ئاکامی خۆپەرەستیی دیکتاتۆرەکان، بەداخەوە بەگشتی پەیوەستە بە لەنێوبردنی سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانی وڵاتانەوە، کە هەندێک جار زۆر قورسە و قەرەبووکردنەوەی مەحاڵە.
دیکتاتۆری ئاڵبانی "ئەنوەر خوچە" لە کاتێکدا فەرمانی دروستکردنی ٧٠٠ هەزار سەنگەری لە بێتۆن لە سەرتاسەری ئاڵبانی بۆ شەڕی خەیاڵی دژبە ئیمپریالیزم دا کە ژمارەی دانیشتووانی ئەم وەڵاتە نزیکەی سێ میلیۆن کەس بوو! واتە بۆ هەر چوار کەس یەک سەنگەر! ئەم سەنگەرانە جۆری جیاوازیان هەبوو و بۆ هەموو بارودۆخە ئەگەرییەکان دیزاین کرابوون. دروستکردنی ئەم سەنگەرانە نیزیکەی بیست ساڵی خایاند. ڕێک لە کاتێکدا کە هەژاری و سەختیی ژیان هەموو ئاڵبانی داگرتبوو، دیکتاتۆری خۆپەرەست دڵخۆش بە ئامادەکردنی سەنگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئیمپریالیزم بوو. ئەنوەر خوچە مرد و دوای چەند ساڵێک کۆمۆنیزم لە ئاڵبانی هەڵوەشایەوە، بەبێ ئەوەی سەنگەرە بێتۆنییەکانی خۆچە هیچ سوودێکیان هەبێت و هیچ هێرشێک ڕوو بدات! میراتی دیکتاتۆری نارسیست و خۆپەرەستی ئاڵبانی هەژاری، نەداری، بەدبەختی و هەزاران سەنگەری بەکارنەهێنراو و لە ڕاستیدا بەفیڕۆدانی سەرمایە و مڵک و توانای خەڵکی ئاڵبانی بوو!
سەدام حوسێن یەکێک بوو لە گەورەترین کڕیارانی چەک لە دونیا و سوپاکەی بە یەکێک لە سوپا کۆک و پۆشتە و تەیارەکانی جیهان دادەنرا. کاتێک دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ ئێران، بە تەماحی تاڵانکردنی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی کۆوەیت هێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە و تەنها لە چەند کاتژمێرێکدا ئەم وڵاتەی داگیرکرد، هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە ڕۆژێک بێت سوپای بەهێزەکەی بەبێ چووکترین خۆڕاگرییەک خۆی ڕادەستی ئامریکاییەکان بکات و زۆر سووک و زەبوون لە چاڵێکدا لەلایەن هێزەکانی ئامریکاوە دەستگیر بکرێت. ئەوەی دیکتاتۆری نارسیست و خۆپەرەستی عێراق خەیاڵی بۆ دەکرد، سوپایەکی بەهێز بوو کە دەیتوانی بەرگری لە هەر هێرشێکی ئەگەری بکات، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی هیچ هێزێک بەرەنگاریان بێتەوە، چوونە نێو کۆشکی سەدام حوسێن! دەرئەنجامی وەهمەکانی دیکتاتۆری خۆسەپێن عێراق ساڵانێکی زۆر وێرانیی شەڕ، نائارامی، هەژاری و بەدبەختی بۆ عێراق و خەڵکەکەی بوو!
کۆماری ئیسلامی لە دەسپێکی قەیرانی پەتای کۆرۆنا تا کۆتاییەکەی بە پشتگوێخستنی هەموو ڕاستییە زانستییەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس لە ئێران. ڕێژیم لە سەرەتادا بە ئامانجی باش بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی ڕێبەندان و پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیس لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی 98دا، بوونی هەر حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای لە ئێران ڕەت کردەوە و هەر ئەوەش بوو هۆی لەدەستدانی کاتی زێڕین بۆ قەرەنتینەکردنی خەڵک و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە کۆرۆنا نەخۆشییەکی سادە وەک ئەنفلۆنزای وەرزییە و جێی هیچ نیگەرانییەک نییە! ماوەیەک دواتر و لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا خامنەیی بە دووبارەکردنەوەی ئەم مەسەلەیە کە ئەمە نەخۆشییەکی تەواو چاوەڕوانکراوە و خەڵک نابێ نیگەران بن، دوای لە خەڵک کرد لە کاتی تووشبوون بەم نەخۆشییە دەتوانین نزایەکی دیاریکراو بخوێنن! لە کاتێکیشدا بە پشتبەستن بە سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە زیادبووندا بوو، لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەی 1399دا ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسداران لە نمایشێکی گاڵتەجاڕانەدا، بە نیشاندانی ژمارەیەک سەرە مەنجەڵ! و بانگەشەی ئەوەی گوایە ئامێرێکی دیاریکردنی ڤایرۆسی دروست کردووە کە دەتوانێت لە دوورەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان بکات، باسی لە دەستکەوتێکی گەورە کرد! فەرماندە تێرۆریستەکانی سوپای پاسداران، کە پێیانوابوو ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤ پرۆسەیەکی سادە و دەستکەوتووە وەک تێرۆر و ئینسان کوشتنە، ئامادەیی خۆیان بۆ پێدانی ئەم تەکنەلۆژییە پێشکەوتووە بە وڵاتانی دیکە ڕاگەیاند! تێپەڕبوونی کات نیشانی دا کە وەک هەمیشە ئەوەش بەشێک بوو لە وەهمی دیکتاتۆری وەلی فەقیهـ و سەرە مەنجەڵەکان زوو گەڕانەوە بۆ شوێنی ئەسڵیی خۆیان، واتە بڵاوکردنەوەی نەزری و خواردن، تاکەشوێنێک کە تێرۆریستانی سوپای پاسداران لێی شارەزان! بەڵام بەداخەوە ئەمە کۆتایی چێرۆکی دڵتەزێنی کۆرۆنا نەبوو. دواتر دیکتاتۆری خۆپەرست و خۆسەپێن بە بیانووی سازکردنی واکسەنی نێوخۆیی و خۆماڵی و بە ڕاگەیاندنی ئەوەی ئیزنی هێنانی واکسەنی وڵاتی ئورووپایی و ئامریکا نادات بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی بێتاوان.
دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهـ کە لەسەر بنەمای تیۆریی "اقتصاد مال خر است/ئابووری ئی کەرانە" و بە داخستنی زانکۆکان لەژێر ناوی "انقلاب فرهنگی/ شۆڕشی کولتووری" هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ بیرکردنەوە و عەقڵانییەتدا نییە، و تاکەشت کە لە کۆماری ئیسلامیدا حوکم دەکات عەقڵی ناتەواوی وەلی فەقیهە! خومەینی کە بە دروشمی "نه شرقی نه غربی جمهوری اسلامی" بوو بە هۆی گۆشەگیریی ڕێژیم و پچڕانی پێوەندی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، دواتر بە دژایەتیکردنی عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی ناوچە بازنەی گۆشەگیرییەکەی تەسکتر و تەسکتر کرد!
لەگەڵ هاتنەسەرکاری خامنەیی، سەردەمی تاکەدەنگی و خۆبەڕاست زانین چووە قۆناغێکی نوێ. ئەگەر خومەینی لانیکەم لە هەندێک بابەتدا لەگەڵ تاقمێک لە کەسانی نزیکی خۆی ڕاوێژی دەکرد، خامنەیی ئاراستەی دیسپۆتیزمی ڕەهای گرتەبەر. دروستکردنی گرژی، گرینگترین سیمای سەردەمی خامنەیییە، ڕێکخستنی هێزی بەکرێگیراو لە سەرانسەری جوغرافیای ناوچە بگرە هەتا ئافریقا بەشێکی سەرەکییە لە پرۆسەی درووستکردنی گرژیی خامنەیی. دیکتاتۆری خۆپەرەستی کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ پێویستییەک بە لێپرسینەوە و وڵامدانەوە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو لەنێوبردنی ڕابردوو و داهاتووی ئێران دەڕوات. هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەتوانرێت بە گەورەترین تەحەدای سەردەمی سەرکردایەتیی خامنەیی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دابندرێت کە لە ساتەوەختی هاتنەسەرکاریەوە دەستی پێ کردووە. تەماحی دیکتاتۆری نارسیست بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خەیاڵی دیکتاتۆرییەکەی، ئێرانی گەیاندۆتە دۆخێک و قەیرانێک کە ساڵانێکە کەرتی ئابووری و سیاسیی وڵاتی تێوەگلاوە. لە سایەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بەهای دراوی نەتەوەیی ئێران گەیشتووەتە نزمترین بەها، ئابووریی دەستووریی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا لە لێواری داڕماندایە. هەژاری، نەداری و ململانێی چینایەتی گەیشتۆتە لوتکە و، گەندەڵی سیستماتیکی وڵاتی داگرتوە، بەڵام دیکتاتۆر سەرخۆش لە دابەشکردنی فیشەک لە ناو بەکرێگیراوەکانی و پەرپێدانی گرژی لە ناوچە و جیهان خۆی وەک ڕزگارکەرێک دەبینێت!
دیکتاتۆری پیری کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی هەموو دیکتاتۆرە خۆپەرستەکان هەنگاو دەنێت، وەهمی هەڵقوڵاو لە خۆپەرستی تا ڕادەی لەنێوبردنی هەموو شتێک، نەخۆشیی باوی هەموو دیکتاتۆرەکانە! خۆپەرەستی و ئەو باوەڕەی کە ئەوەی دەیڵێت و دەیکات هەموو ڕاستە و خۆی و بیرکردنەوەکانی دوورن لە هەر کەموکوڕی و ئیرادێک.
لە سەرە مەنجەڵەوە تا چەکی ناوکی، بەشێکە لە وەهمی دیکتاتۆرێکی خۆپەرست کە باوەڕی بە بیستن و گوێگرتن نییە. لە ڕوانگەی ئەودا ئەمە باشترین بژاردە و ڕێگایە، تەنانەت ئەگەر تێچووی مەرگی هەزاران کەس و وێرانبوون و داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتێک بێ. کۆتایی ئەم شێتییە بێسنوورە بێگومان خاپوورکردن و وێرانکردنی ماڵ و سامانی وڵاتێکە کە قەرەبووکردنەوەی زۆر مەحاڵ و ئەستەمە. دەبێ هیوادار بین پێش ئەوەی دیکتاتۆری نارسیست و خۆپەرەست، ئێران بەرەو هەڵدێر و کاوڵ بوون ببات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەڵانی ئێران سەربکەوێت و چێرۆکی دیکتاتۆر کۆتایی پێ بێت.