کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ی خاکەلێوە، دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە نەهامەتییەکان

00:48 - 16 خاکەلێوه 2724

شەماڵ تەرغیبی

١٢ی خاکەلێوە لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژێکە کە وەبیرهێنەرەوەی ساتەوەختێکی تاڵە بۆ گەلانی ستەملێکراوی ئێران و ڕۆژی سەرکەوتنی پیلانێکە کە تێیدا سپای جەهل سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند.

١٢ی خاکەلێوە کە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن ڕۆژی کۆماری ئیسلامییە، هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی خولێکی نوێ لە ستەم و هەڵاواردن و چەوسانەوە. لەم ڕۆژەدا و پاش فرتوفێڵی تازەبەدەسەڵاتگەیشتووانی ڕێژیمی میراتگری پاشایەتی و لە ڕێفراندۆمێکی ساختە کە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە بەڕێوە چوو، کۆماری ئیسلامی پایەکانی دەسەڵاتە ناڕەواکەی لە ئێراندا چەقاند و خۆی بەسەر دانیشتووانی ئەو جوغرافیایەی بە ئێران دەناسرێ فەڕز کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی شانازییەکی کەموێنەیە بۆ گەلی کورد بە گشتی و بۆ حیزبی دێموکرات بەتایبەتی. لە نەورۆزی ساڵی ٥٨دا و لە کاتێکدا هێشتا تەپوتۆز و کەفوکۆڵی شۆڕشی بەتاڵانبراوی گەلانی ئێران نەنیشتبوویەوە و هێشتا خەڵک بەرچاوڕوونییان نەبوو لەهەمبەر داهاتووی وڵات، سەرانی کۆماری ئیسلامی بە خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن و وەڕێخستنی ڕێفراندۆمێکی نمایشی و ساختە و خستنەڕووی دوو بژاردەی کۆماری ئیسلامی ئەرێ یان نا؟ خەڵکیان لە پەلەپڕووزەیەک هاویشت کە ناچار بن لە تاوی ئاگر پاڵ وە ئاوەوە بدەن!

ڕێفراندۆم بەڕێوە چوو و ئەگەرچی هەندێ لایەنی سیاسیی دەروەست و لە سەرووی هەمووانەوە حیزبی دێموکرات بە گومانەوە لە شێوازی بەڕێوەچوون و هەروەها لە نێوەڕۆکە نادیار و شاراوەکەیان دەڕوانی و ڕایانگەیاند کە ئەم بەناو هەڵبژاردنە هیچ پێوەرێکی دێموکراتیکی تێدا ڕەچاو نەکراوە، بەڵام دیتمان کە خەڵکێکی زۆر لە سەرانسەری ئێران، جیا لە کوردستان، فریوی دروشمە زریقەوبریقەدارەکانی خومەینی و دارودەستەکەیان خوارد و دەنگیان بە سیستمێک دا کە تا ئەودەم لە هیچ شوێنێکی دیکەی دنیا تاقی نەکرابۆوە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئێمە یادی ئەو ڕۆژە نگریسە دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە نێو چەندین قەیرانی گەورە و لە ئەنجامی ئیدارەکردنی ناسەردەمیانە لەگەڵ کۆمەڵێک ئاریشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرەوڕوو بۆتەوە کە تەنانەت بینەقاقای خۆیشی گرتووە. ئەگەر تا دوێنێ ئاستی ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە هەندێ هەرێمدا یان تەنیا لە چەند سووچێکی ئەو جوغڕافیایەدا دەبینرا کە بە ئێران دەناسرێ، ئەوا ئەمڕۆ ئاست و ڕووبەری ناڕەزایەتییەکان ئەوەندە تەشەنەیان سەندوە کە تەنانەت لە ئاستی هەرەبەرزی دەسەڵاتیشدا دەنگی ناڕازی دەبیسترێ؛ هەڵبەت جیاوازی ئەم دوو جۆرە ناڕەزایەتییانە لەوەدایە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە چوارچێوەی ئەو مافە بنەڕەتییانەدایە کە لێیان زەوت کراوە بەڵام ناڕەزایەتییەکانی دەسەڵاتبەدەستان لەو بازنەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ کە چاونەزێرانی حکومەتی بۆ چڕینی تیکەیەکی زیاتر لە خاکی ئەم وڵاتە دەکەونە شەڕ لەگەڵ یەکتر و بەسەروگوێلاکی یەکتردا دەدەن.

ئەوەیکە لەم نێوانەدا گرینگە پێملبوون بەو ڕاستی و کەتوارەیە کە دەسکەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئێران و لە سەرووی هەمووانیشدا گەلی کورد پاش زیاتر لە ٤٤ ساڵ دەسەڵاتداری تەنیا و تەنیا چەوسانەوە، ستەم، هەڵاواردن و هەوڵدان بۆ پاکتاو و لەنێوبردن بووە نەک زیاتر. ئەمەش بەو هۆکارەی کە لە بنەڕەتڕا کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە نەهاتە سەر کار تاکوو خزمەتی خەڵکانی خێرنەدیتووی ئێران بکات بەڵکوو ئامانجی سەرەکییان گیرکردنی کەڵپەی ناحەزیان لە گیان و ژیانی خەڵکانی ئەم جوغڕافیا بوو کە وەک دەبینین بەو ئامانجەش گەیشتن و لەسەر بنەمای ژیانی ئەم خەڵکانە خۆیان و کوڕ و کچەکانیان گەیاندە باڵاترین پێگەکانی دەسەڵات کە دەستیان بە هەموو سەروەت و سامانەکانی وڵات ڕادەگا و لە بەرامبەریشدا وەک باس کرا خەڵک لە مافە ئەساسیی و سرووشتییەکانی خۆیان لەوانەش خۆشبژێوی و ئازادی و مافی ژیانی سەردەمیانە بێبەری کران.

ئەم دۆخە وەک لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش شۆڕشی ژینا دیتمان گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی و بەرهەڵستبوونەوە و دژکردەوەی توندی خەڵکانی ئێران بە پێشەنگایەتی گەلی کوردی لێ کەوتەوە؛ ئەمڕۆ چیدیکە گەلانی ستەملێکراوی ئێران وەک ساڵی ٥٨ و ٥٩ ناچنە ژێر باری کەشی داتاشراو و درۆیین و داسەپاوی پاش ١٢ی خاکەلێوە و داوای هەموو ئەو مافانە دەکەن کە بە ناوی ئایین و بە بەرگی یاساوە لێیان زەوت کراوە؛ مافی ئازادی، مافی ژیان، مافی یەکسانی، مافی دیاریکردنی چارەنووس.

بە دیوێکی تریدا ئەوان بەو ئاکامە عەقڵانی و مەعریفییە گەیشتوون کە تەنیا ڕێگای دەربازبوون لە چەرمەسەرییە نەهادینە و بە سیستماتیک‌کراوەکان لە ئێران نەهێشتن و لەنێوبردنی دەسەڵاتێکە کە بە کۆماری ئیسلامی دەناسرێ و ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی وەک ڕۆژی ناسینی خۆی دیاری کردوە؛ ئەمەش کاتێک دەکری کە ئێمە وەک ئەرکی سەر شانمان لەم ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامی ئەو جۆرەی کە هەیە بناسین و بە خەڵکی دیکەشی بناسێنین نەک ئەو جۆرەی کە خۆی هەوڵ دەدا بیناسێنێت؛ کۆماری ئیسلامییەکی لێوانلێو لە درۆ، فریوکاری، تاوان و تاڵان.