ڕەزا دانشجوو
گێڕانەوەی یەکەم
پێشەوا لە نامەحکەمەی پەهلەویدا خەریکی شیکردنەوەی ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی کۆمارە. پێشەوا ئاگادار لە ئاکامی مەحکەمە گاڵتەجاڕییەکەی پەهلەوی بۆ مێژوو قسە دەکات نەک بۆ ڕزگاربوونی خۆی! بۆ کەسێک کە بە چاوێکی کراوەوە چووبێتە پێشوازی مردن، هەوڵدان بۆ مانەوە بێمانایە. پێشەوا ئاگادار لە بارودۆخی نەگونجاوی ئێران و دەسەڵاتی گەندەڵی پەهلەوی باشتر لە هەر کەسێکیتر دەیزانی کە هەمان ڕۆژ کە کۆماری کوردستانی لە چوارچرا ڕاگەیاند حوکمی لەسێدارەدانی خۆی واژۆ کردوە. مانەوە و تەسلیمبوونی پێشەوا هەوڵێک نەبوو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی، بەڵکوو تێکوشانێک بوو بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی گەلەکەی و پاراستنی نەمامی تازەچێندراوی ناسیۆنالیزمی کوردی. نەمامێک کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو و هێرشی با و باران دەیتوانی بە مانای لەنێوچوونی بێت.
دەڵێن هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی هێشتا دەروازەکانی تارانیان بۆ سەرکوتکردنی کۆماری ئازەربایجان بەجێنەهێشتبوو، "جەعفەر پیشەوەری" پەنای بو یەکیەتیی سۆڤیەت برد و لەوێ نیشتەجێ بوو! پێچەوانە کاتێک تاقمێک لە کەسانی نزیک لە پێشەوا داوایان لێ کرد کە ئەویش زێد و نیشتیمانی خۆی بەجێ بهێڵێت و پەنا بۆ باقرۆف ببات، پێشەوا زۆر بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە: "هەرکەس دەترسێ و نایهەوێت بمێنێتەوە خۆی ڕزگار کات و بڕوات، بەڵام ئەمن هەرگیز خەڵک و نیشتمانم بەتەنیا جێ ناهێڵێم". هەڵبژاردەی پێشەوا مانەوە بوو. ئەمە ڕێبازی بوو، خەونەکانی پێشەوا بۆ کوردستان بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان تازە دەستی پێ کردبوو، ئامانجی پێشەوا زۆر گەورەتر لەوە بوو، ئەو هەر لە دەسپێکی ڕاگەیاندنی کۆماردا دەیزانی ڕەنگە ڕووبەڕووی چ چارەنووسێک بێتەوە، بەڵام هەنگاوەکانی پێشەوا چیایی بوون.
کچی پێشەوا دەگێڕێتەوە: "هەندێکجار دایکم نیگەران لە داهاتووی خۆی و منداڵەکان ناڕەزایی بەرانبەر بە باوکم دەربڕی و دەیگووت: دەزانی دوای تۆ چی بەسەر ئەم منداڵە بێتاوانانەدا دێت؟" پێشەوا لە وەڵامدا دەیگووت: چاوەڕێی ئەوە مەکە لەپێناو منداڵەکانم پشت لە گەلەکەم بکەم!" باخەوانێکی لەسەرەخۆ و ساحێب سەبر کە باوەڕ و ئیمانی بە کارەکەی هەیە و بەبێ ترس لە ئافات و سەرما و بەستەڵەک چاوەڕێی گەورەبوونی ئەو نەمامەیە کە خۆی چاندوویەتی. نهێنیی مانەوەی پێشەوا لە دڵی خەڵکەکەی و نیشتیمانی، باوەڕ بە خۆیبوون و ڕێگا و ڕێبازی هەڵبژێردراوی و سووربوون لەسەر بیروباوەڕەکانی بوو. بێگومان ئەگەر پێشەوا لە کوردستان نەمابایەوە و پەنای بۆ یەکیەتیی سۆڤیەت بردبا، نە ناوێک لە پێشەوا لەنێو کورددا و نە هیچ شتێک لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەماوە. پێشەوا و کۆماری کوردستان وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ڕێبازی ناسیۆنالیزم کوردییە. دامەزراندنی حیزب و تێپەڕاندنی تاقمێک ئاستەنگ و بیروباوەڕی نادروست وەک عەشیرەگەرایی دامەزراندنی ڕۆژنامە و یەکیەتیی ژنان هەنگاوگەلێکی گەورە بوون لە پرۆسەی مۆدێرنیزەکردنی بیری هاوبەش لە کوردستاندا.
خاڵێکی گرنگی تر لە سەردەمی پێشەوادا ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی خەڵک هاوکات لەگەڵ باوەڕ بە جودایی ئایین لە سیاسەت بوو، ئەمەش وای کرد پێچەوانەی بانگەشەی درۆ و پڕۆپاگەندەی فاشیزمی فارسی هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەبێت. ئەو ڕۆژەی پێشەوا لە چوارچرا لەم شوێنەی کە ماوەیەک لەوەی پێش کۆماری ڕایگەیاند لەسێدارە درا، تەنیا شتێک کە بیری لێ نەدەکردەوە خۆی بوو! پێشەوا بە دڵێکی ئارامەوە ماڵئاوایی لە کوردستان کرد، چونکە دەێزانی بە مردنی خەڵکەکەی لە کۆمەڵکوژیی داگیرکەر پارێزراو دەبێت. پێشەوا دڵنیا بوو هیچ شتێک ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی کۆمار و ئەم ڕێگا ڕزگارکەرەی کە ئەو دەستی پێ کردوە و ڕچەی شکاندوە، ڕۆژێک دەگاتە شوێنی مەبەست.
گێڕانەوەی دووەم
باوکی شەهید کۆمار دەرئوفتادە یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لە کاتێکدا شەهیدبوونی کورە تازەلاوەکەی دڵی هەرکەسێکی خاوەن شەرەفی ئازار دەدات، بە سەبرتر لە جاران، بە ئیرادەیەکی پتەو، دەڵێت: ناوی کوڕەکەی کە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، لە دایک بووە بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە مێژووییە ناو ناوە "کۆمار" و، ئێستاش شانازی دەکات کوڕەکەی هەر لەم ڕێبازەدا شەهید بووە. سەرسوڕهێنەرە! دوای نزیکەی هەشتا ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا، ئێستا باوکێک کورە ڕەشیدەکەی و گەورەترین سەرمایەی ژیانی پێشکەشی ڕێبازی پێشەوا و ئازادی کوردستان دەکات.
باوکی شەهید فەریدون ئەحمەدی لە سەقز بەبێ ئەوەی گلەیی لە کەس بکات خەریکی هەڵقەندنی گۆری کوڕە خۆشەویستەکەیەتی. لەجیاتی گریان و ماتەمین باس لە پێویستی یەکگرتن و درێژەدان بە خەبات دەکات، داوای یەکگرتوویی لە خەڵک دەکات بۆ ئەوەی ئەم ناعەداڵەتی و کۆنەپەرستیییە نەمێنێت و کۆتایی پێ بێت.
شەهید شەهریار محەممەدی لە تەنیشت جەستەی بێگیانی شەهید محەممەد حەسەنزادە دانیشتووە، بۆ هاوسەنگەرە شەهیدەکەی نائارامە، شەهریار تاکەڕێگا و بژاردەی مومکین درێژەدان بە خەبات و بەرخۆدان دەزانێت. شەهریار هەرگیز هاوڕێکەی بە تەنیا جێ نەهێشتوە و هەرگیز بە تەنیا جێی ناهێڵێت. ئەو دڵنیایە مرۆڤ بۆ بەدیهێنانی ئازادی، دەبێت باجەکەی بدات، و بەبێ بەرخۆدان و شەهیدبوون ناتوانرێت ئازادی بەدەست بهێنرێت.
گێڕانەوەی سێیەم
نەورۆز و کوردستان دوو هاوڕێی لەمێژینەن. نەورۆز ئەم وڵاتەی زۆر خۆش دەوێت، کەس وەک کورد ڕێزی لێ ناگرێت، کەس وەک کورد چاوەڕوانی هاتنی ناکات. کورد ساڵانێکە چاوەڕێی ڕووداوێکی گرنگە لە نەورۆز. ساڵانێکی زۆرە کورد خەون بە نەورۆزێکەوە ئەبینێت، نەورۆزی ڕزگاری و نەورۆزی بێ داگیرکەر. کوردستان پڕە لە گۆرانی و داهێنان، گەنجانی کورد دەست لە نێو دەستی یەکتر کاتی نەورۆز بە پانتایی جوغرافیای کوردستان گۆرانی ڕزگاری دەڵێنەوە. بۆ کورد هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەک چیرۆکێکی جیاوازە و دەکرێ کتێبێکی چەند سەد لاپەڕەیی لەسەر هەڵپەڕکێ بنووسرێت.
نەورۆز و هەڵپەڕکێ ناسنامەی کورد و کوردستانن. لە هەر شوێنێک نەورۆز و هەڵپەڕکێ هەبێت، بێگومان کورد لەوێیە یان سەردەمێک لەوێ بووە. بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ زۆر جیاوازە و خوێنێکی تازە ڕژاوەتە نێو دەمارەکانی جەستەی ماندووی نەورۆزەوە. هەموو شتێک بۆنی تازەیی لێ دێت. ئەمجارە دەسماڵی چۆپی لە دەست بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانە، پێویستە هەموو لەگەڵ سەرچۆپی هەماهەنگ بن. ئێستا مەشخەڵ لە دەستی ئەو کەسانەدایە کە زیاتر لە هەموو کەس ئاگاداری چونیەتیی ڕێگاکەن و هەڵدێرەکان باش دەناسن. دەزانن بۆ لەنێوبردنی تاریکی و گەیشتن بە ڕووناکی دەبێت چی بکرێت. پرن لە ئیرادە و کۆڵنەدان! داخ لە دڵ، بەڵام پر لە سەبر و خۆڕاگر بۆ گەیشتن بە لوتکە و ئامانجی کوتایی.
لە بەهار هەتا بەهار
ئەو نەمامەی کە پێشەوای نەمر نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر بە باوەڕ و ئیمان بە ئامانجەکانی و داهاتوو و ڕزگاریی گەلی کورد ناشتبووی، ئێستا بووە بە درەختێکی بەهێز. درەختێک کە ڕەگ و ڕیشەی بە پانتایی جوغرافیای بەندکراوی کوردستان لە ئاگرییەوە تا داڵاهۆ بڵاو بووەتەوە. نەمامێک کە بە خوێنی پاکی هەزاران شەهیدی کوردستان پاراو کراوە. ئەوانەی خەونی بڕینی ئەم دارە دەبینی، ئێستا زیاتر لە جاران بۆیان دەرکەوتوە کە بڕینی ئەم پیرەدارە کاری وان نییە. لە سێبەری ئەو بزووتنەوە مەزنەی کە پێشەوا بەردی بناغەی دانا، ئێستا نەک هەر نەمامەکە بۆتە دارێکی زەبەلاح، بەڵکوو لە سایەی فێرکارییەکانی جەنابی سەرکردە، کوردستان پر بووە لە باخەوانی باوەڕمەند و لەسەرخۆ کە بۆ پەسەندکردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی ڕۆژهەڵات ئامادەی هەموو جۆرە گیانفیداییین بیر و هزری پێشەوا لە هەموو شوێنێکی کوردستاندا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بڵاوبووەتەوە، ئێستا باوکان و دایکانی کوردستان، قوتابیانی بەئەمەگی قوتابخانەی پێشەوا، شانۆگەر و سەرکردەی مەیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتن.
لە ساڵیادی هەڵفڕینی باڵندە ئێسکسووکەی ئاسمانی کوردستان، خەڵک دەستە دەستە سەردانی. گڵکۆی شەهیدانی ڕێبازی ڕزگاری دەکەن دەکەن و بە پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ پەیمان نوێ دەکەنەوە کە تا هەمیشە درێژەدەری ڕێگایان بن.
پەرۆش مەبە, جەنابی پێشەوا! دوای ڕۆیشتنت خەڵکی وڵاتەکەت بۆ ساتێکیش گومانیان لە ڕاستی و دروستیی ڕێبازەکەت نەکرد، کوردستانیان تا هەمیشە درێژەدەری ڕێگای بەڕێزتانن. پەرۆش کوردستان مەبە جەنابی پێشەوا! کۆماری کوردستان هەر زیندووە، زیندووتر لە هەموو کاتێک لە دڵی میلیۆنان کورد لە سەرانسەری ئەم جوغرافیای بەندکراوە، لە هەمیشە پر شکۆتر و پر بایەختر.
جەنابی پێشەوا! ئێستا ژنانی کوردستان بوونەتە مەشخەڵ هەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات، خەونەکانتان خەریکن دێنە دی، ئێستا ژنانی کورد ئیلهامبەخشن و بەڵێنی ئازادی دەدەن.
ئاسودە بنوو جەنابی پێشەوا! کوردستان لە ڕێڕەوی ڕاسپاردەکانی بەرێزتان خەریکی گەیشتن بە ڕزگارییە. ئاسودە بنوو گەورەم کە کوردستان لەسەر هەست و بەخەبەرە.