عەلی بداغی
ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی سەرەڕای سەرکوتی بزووتنەوە سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی ئێران -بەتایبەت لە کوردستان بەهۆی خەباتی شوناسخوازیی کوردەوە- بەڵام بزووتنەوەی ناڕەزایی دژبە کۆماری ئیسلامی ساڵی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوون بوو.
ساڵێ کە ڕابرد بۆ خەڵکی ئێران لە ڕووی گوزەران و بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەوە سەخت و دژوار بوو. لەو ساڵەدا لەسایەی قەیرانی ئابووری و گرانییەوە سفرەی خەڵک ئەوەندەی دیکە گچەتر و توانای کڕینیان هیندیتر کەمتر و، لەسۆنگەی داڕمانی زیاتری بایەخی تمەنەوە ئاوسانی ئابووری هەوسارپچڕاوتر تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵچنی. ناسەقامگیریی ئابووری لە تەنیشت گەندەڵیی سیستماتیکی حکوومەتی بەشی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی ئەوەندەی دیکەش پەک خست، کورتیهێنانی بودجەی ساڵ گەیشتە ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن و دەوڵەت بۆ قەرەبووکردنەوەی دەستی لە گەرووی خەڵک نا و ناچار بە قەرزکردن لە بانکی ناوەندی و بردنەسەرێی نەختینەیی وڵات بوو. بەڵام هەوسارپچڕاوتر لە ئاوسان و هەژاری گەندەڵییەکانی کاربەدستانی ڕێژیم بوو کە هەر سێ دەزگای مەجلیس، دەوڵەت و داد و هەروەها بنیات و ڕێکخراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ماڵباتی خامنەیی دەگرتەوە کە بەشێک لەوان لەهەڵڵا دراون، وەک گەندەڵیی "چایی دێبش" کە بە هاریکاریی ڕاستەوخۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکی ناوەندی کرا و بڕی سێ میلیارد و ٣٧٠ میلیۆن دۆلار ڕاگەیەندرا، یان گەندەڵی و بەرتیلخۆرییەکانی کوڕانی محەممەد موسەدیق کەهنەموویی جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای داد، تاڵانوبڕۆی کوڕەکەی قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ڕێژیم و هەڵاتنی بۆ کانادا، گەندەڵیی ١٠٠٠ میلیارد تمەنیی ئاخوند محەممەدکازم سدیقی، پێشنوێژی هەینیی تاران و نوێنەری تایبەتیی خامنەیی، و گەندەڵی لە قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپا کە لەلایەن گرووپی هاکێریی "عەداڵەتی عەلی"یەوە لەقاو دران.
لەو بارودۆخە سەخت و دژوارە ئابوورییەدا مانگرتن و کۆبوونەوەی نارەزایەتیی سینفی لە شکڵی جۆراوجۆردا درێژەیان هەبوو. ناڕەزایەتیی کرێکاران بە دەرکردنیان لە کار یان کەمی و پێنەدانی مووچەکانیان، مانگرتنی ڕۆژانە و بەردەوامی خانەنشینکراوان هەرجارە لە شوێنێکی وڵات، ناڕەزایەتیی پزیشک و پەرەستارەکان و کەمئەندامان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی لەگۆڕێدا بوو. بەڵام لوتکەی ناڕەزایەتییەکان و کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەدا دەرکەوت، هەڵبژاردنێک بە بەشداریی کەمتر لە سەتا ٢٠ی خەڵک کە بە هەموو فێڵ و تەڵەکە و ئامارسازییەکی حکوومەتی سەتا ٤١ ڕاگەیەندرا و لەلایەن خامنەییەوە بە "جیهاد" ناو برا. ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ڕەشەمە جێی شک و گومانی بۆ کەس نەهێشتەوە کە ئیدی نە خەڵک هیچ متمانەیەکی بە حکوومەت هەیە و نە حکوومەتیش ئامادەیە کەمترین دەسەڵات بداتە نیزیکترین کەسانی ڕەخنەگری خۆی.
ساڵی ١٤٠٢ لەکاتێکدا بە قووڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکان و ناکارامەیی حکوومەت لە هەموو ئەو بوارانەدا تەواو بوو، کە بۆ ڕێژیم پرسی سەرەکی نەک بەخۆداهاتنەوە و وەڵامدانەوەی ویست و داخوازییەکانی خەڵک. بەڵکوو لە دەرەوەی هەڵایساندنی شەڕی نیابەتی بۆ تێپەڕاندنی قەیران و لە نێوخۆی وڵاتیش پێداگری هەر لەسەر بابەتە ئایدۆلۆژییەکانی وەک حیجاب بوو! دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر خامنەیی لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا چوار جار داوای لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی کرد وەکوو ئێران بچنە شەڕی دژی ئیسڕائیلەوە، بەڵام کاتێک بێوەڵام مایەوە ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی میلیشیاکانی لە یەمەن، عێڕاق، سووریە و لوبنان. لە تەنیشت ناسەقامگیرکردنی ناوچە، پرسی ناوکی و ئەوە کە ئێران لە ئێستادا ئۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی چەند بۆمبی ئەتومیی هەیە، کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەوڕووی زۆر ئەگەر و مەترسی کردووەتەوە کە قورسایی و تێچووەکەی لەسەر خەڵکە.
ساڵی ١٤٠٢ بۆ خەڵکی کوردستان بە پاشخانی پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژینا جیاوازتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە دەسپێکی ساڵەوە بە پێداگری لەسەر ستراتیژیی نەگۆڕی ئەمنییەتیکردنی پتری کوردستان بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد شمشێری لە ڕوو بەست. ئێعدامی سەدان بەندیی کورد کە بەشێکیان زیندانیی سیاسی بوون، تێرۆری چالاکانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دەسبەسەرکردنی نیزیک بە هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێز -کە بەشێکی بەرچاویان مامۆستایانی ئایینی بوون- کوشتنی دەیان زیندانی لەژێر ئەشکەنجەدا، کۆڵبەرکوژی بە شێوەی بەربڵاو و سەپاندنی سزای قورس و درێژخایەنی زیندان بۆ سەدان چالاکی سیاسی و مەدەنی بەتایبەت ژنان تەنیا بەشێک لە سیاسەتی تۆڵەئەستێنیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە خەڵکی کوردستان سەبارەت بە ڕاپەڕینی ژینا بوو.
بەڵام سەرەڕای هەموو سەرکوت و زەبروزەنگەکان لە ساڵی ١٤٠٢٢دا هەر وەک چۆن لە کۆبوونەوەی پاڕلمانی ئورووپادا ناوی ژینا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە کاتی پێدانی خەڵاتی ساخارۆڤدا دەنگی دایەوە، نەورۆزی مەشخەڵانی کوردستاندا دڕی بە هەموو سیاسەتەکانی ڕێژیم دا. بەڕێوەچوونی بەشکۆی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بە لە خۆگرتنی تایبەتمەندییەکانی خەباتی شار و شاخ، لە دەرکەوتنی یەکیەتی و یەکگریی خەڵک بە پێشەنگایەتیی بنەماڵەی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا پێشانی دایەوە کۆمەڵگەی کوردستان نەک چۆکی دانەداوە، بەڵکوو قەڵەمبازێک بەرەوپێش چووە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پتر لە جاران بەرەو هەڵدێر بردوە.