پژمان شەریعەتی
بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵ هەم کوردستانی تووشی شۆک کرد و هەم ئێرانی بەتەواوی بە چالش کێشا. وەکوو هەموو ساڵێک خەڵکی کوردستان بەرەو پێشوازی و بەڕێوەبردنی نەرۆز دەچوون و ئامادەکارییان دەکرد هەتا بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز کە ڕیشەی هزاران ساڵەی لە مێژووی کورددا هەیە، ئەکتێکی سیاسی پێشان بدەن و ئیرادەی نیشتمانیی خۆیان بنوێنن.
چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد هەوڵیان ئەمە بوو کە نەورۆزی ئەمساڵ یەکگرتوو و هەڵگری پەیامی ئیرادەی کوردستانی بێت، حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، ڕێکخراو و تاکەکانیش لە بەرێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵدا هەموو قوورساییەکی خۆیان خستە سەر، بەتایبەت ئەو دەرکەوتن و هێزنواندنە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کرماشان، ئیلام، لورستان و ...) هەڵگری خوێندنەوەی جۆراوجۆرن.
لە بزووتنەوەی کوردی و لە فۆرمەکانی مەدەنی، مێژوویی، فەرهەنگی و بەتایبەتی سیاسی و حیزبیدا بە بەردەوامی باس لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و کاریگەریی زۆریان لەسەر سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد خراوەتە بەر باس و سەرنج. ئەم گرنگییە لەلایەن هێزی داگیرکەریشەوە پشتگوێ نەخراوە و ئەوانیش بە ستراتژییەکی تایبەتەوە جووڵاونەتەوە کە ستراتیژیی دەسبەسەرداگرتنی شادەمارە.
لەو کاتەوە کە مرۆڤی ئاوەزمەند پێی ناوەتە سەر زەوی و لە چوارچێوەی بنەماڵە و ئیڵ و عەشیرە و نیشتماندا خۆی ڕێکخستوە و خاونداریەتیی ئەشکەوتی هەتا وڵات بڕیوە و سەرهەڵدانی ئیمپرایورییەکانی بەدوودا هاتوە و دەسەڵاتەکانی دیکە هاتوون و جێیان گرتوونەوە؛ بە بەردەوامی هەوڵ دراوە دەستڕاگەیشتن و دەستبەسەرداگرتنی هەموو پێویستییەکانی ژیان بە تایبەتی لە بواری سروشتیدا بکەوێتە ژێر هەژەمونی و ڕکێڤی دەستەبەندییەکانی مرۆڤ. لەم ڕەوتەدا لە شەڕەکانی میژووی مرۆڤایەتی هەتا ئەمڕۆ، ستراتیژییەک تایبەت هەبووە بۆ داگیرکاری، ئەویش دەستبەسەرداگرتنی شادەمارە. بۆ نموونە لە سەردەمی ئیمپراتورییەکان بۆ ئەوەی لایەنێک بتوانێت بەسەر ئیمپراتوریەکی دیکەدا زاڵ بێت و داگیری بکات، تێچووی زۆری دەبوو بێتوو شار بە شار و ناوچە بە ناوچە هەوڵی گرتنی ئەو دەسەڵاتەی دابا. بۆیە ئیمپراتوور وسەردارەکانی شەڕ بڕیاریان دەدا پێتەخت و ئەو شارانەی کە شوێنی ڕسق و کەرەستەکانی شەڕ و سەرچاوەی دابینکردنی خۆراکی ئەو دەسەڵاتەن بخرێتە ژێر هێرش و دەستیان بەسەردا بگیردرێت یان لەنێو ببرێن و لە ئاکامدا بە ڕووخانی قەڵا یان پێتەختی دەسەڵات، ئەو ئیمپراتورییە یان حوکمڕانییە تەسلیم دەبوو. لە شەڕەکانی دنیای سەردەمیشدا هەر ئەو ستراتیژییە بەردەوامە و یەکەم شوێنەکان پێتەخت، بنکە سەربازییەکان و سەرچاوەکانی بژیو دەکرێنە ئامانج.
باسکردن لەو ستراتیژییە بپۆ ئەوە بوو بڵێین داگیرکەرانی کوردستان بۆچی ئەوەندە کرماشانیان بۆ گرنگە و بەتەواوی هێز و توانایانەوە هەوڵ دەدەن لە هەموو بوارێکەوە دەست بەسەر ئەو ناوچەیە دابگرن؟ بێگومان لە ئێستادا باس لە پرسی دیاریکردنی پێتەخت بۆ کوردستان نییە، بەڵام هەموو ئێلێمانەکانی پێتەختبوون لە شاری کرماشاندا بەدی دەکرێت و داگیرکەر بە باشی هەستی کردوە کە ئەگەر دەست بەسەر ئەو شادەمارەدا بگرێت، کوردستان لە تەواوەتیی خۆیدا لاواز دەبێت. بۆ ئەو لاوازکردنەش داگیرکەر وێڕای سیاسەتەکانی ژینۆسایدی فەرهەنگی، دروستکردنی قەیرانی شوناس، کۆچاندن، ئاسمیلاسیون و پەرەپێدان بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان سەدان پیلانی دیکەی جێبەجێ کردوە بۆوەی ئەو شادەمارە هەڵبڕێت.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕەوت و لایەنە سیاسییە سەرانسەرییەکانی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە ڕاکێشانی لایەنگر و ئەندامگیرییان لەو ناوچانە کردوە و بەردەوام هەوڵیان داوە لە ڕاستای زێهنییەتێکی فاشیستی و ناوەندگەرادا لەو شادەمارەی کورد بدەن و بە بژیووەرگرتن لەو کانگایە پرسی نەتەوەیی کوردی پێ لاواز بکەن. هەروەها لەنێو لایەنە کوردییەکانیش بە تایبەت لە چوارچیوەی حیزبەکاندا سەرەرای ئەوەی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات هەمیشە گرینگ بووە و هەوڵیان بۆ دراوە، بەڵام نەتواندراوە ئەم بایەخانە لە ئاستی چاوەڕوانکراودا بێت و بزووتنەوەیەکی گشتگیری کوردستانی لە لوڕستان ڕا هەیا تا ماکۆ لە واتا گشتییەکەیدا پێک بێت. دیارە ئەمە بەو واتایە نییە بزوتنەوەیەکی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نییە، بەڵکوو مەبەست لە گشتگیربوون ئەوەیە بتواندرێت ئەکتێکی سیاسی لە شاری ماکۆ هاوکات لە شاری کویەشتیشدا بە یەکسان ببیندرێت.
نووسەری ئەم دێڕانە پێشتر لە بابەتێکدا -کرماشان از ایران راندە و در کردستان ماندە- باسم لەو هەوڵانە کردوە بۆ ئەوەی ئەوەی کرماشان لە ناوەند مافەکانی خۆی وەربگرێت. بۆ نموونە کرماشان وەکوو کەڵانشارێک بتوانێت وەکوو تەورێز و هاوتا وەکوو ناسیۆنالیزمی تورک و ئازەری، بە شوناسی خۆی لە بواری ئابووری و سیاسیدا لە ناوەند جێگای خۆی بکاتەوە، بەردەوام دەستی ڕەد بە سینگیەوە نراوە. لەلایەکی دیکەشەوە لە کوردستان سەرەڕای پیلانی داگیرکەر، ئەو ناوچانە لە خەباتی کوردستانی و بە تایبەتی حییزبی نەیانتوانیوە ڕەنگدانەوەی بوونی خۆیان بارتەقای قورسایی هاوکێشەکانی ئەو ناوچانە ببینن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەبری ئەوەی حیزب بچێتە نێو خەڵک و بەرنامە و پلانی خۆی پێشکەش بکات و لاینگر و ئەندام بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و جەریانسازی بکات، زیاتر چاوەڕوان بووە خەڵکەکە ڕووی تێبکەن.
لە مێژووی خەباتگێڕیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چەند خاڵێکی جێی شانازیی وەک میرات بۆمان ماوەتەوە. وەک ئەوەی سەرەتا لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد، سەروککوماری کۆماری کوردستان و بەهۆی بیرمەندی و ژیریی سیاسی و نەتەوەیی بەڕێزیانەوە ئیبراهیمخان نادری لە کرماشانەوە وەکوو جێگری وەزیری پەروەردە دیاری دەکرێ و لە سەرخستنی پلان و بەرنامەکانی کۆماردا ڕۆڵی زۆر سەرەکی و دیاریکەر دەبینێت.
پاش ڕووخانی کۆمار و لە قۆناغی دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی، دوکتور قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێموکرات بڕیار دەدات بۆ پێکهێنانی کومیتەی زاگروس و دامەزرانی هێزی شاهۆ و بیستوون، کە تایبەتن بە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات. لە هزر و بیر و باوەڕی دوکتور قاسملوو، وتار و نووسین و کردەوە و دژکردەوە سیاسییەکانی و بە گشتی هەموو چەشنە چالاکیییەک کە بوویەتی، بەڕوونی دەردەکەوێ کە ئەو کەسایەتییە چ داهاتوویەکی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنا کردوە و چەندە پرسی ستراتیژیکی باشووری ڕۆژهەڵاتی بۆی گرینگ بووە. بەڵام بە داخەوە ئەو هەوڵانە سەرەڕای بایەخمەندییان بە ئاکامی دڵخواز نەگەیشتوون کە هۆکارەکان زۆرن، هەم لە ڕووی نێوخۆیی هەم دەرەکی.
بۆ نموونە شاری کرماشان مێژووی بوون بە شاری بۆ هزاران ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. ئەو شارە لە چەند بڕگەی مێژووییدا لەنێو چووە و دیسانەوە بنیات نراوەتەوە و ناوەندی چەندین دەسەڵات بووە. لە مێژووی هاوچەرخیشدا وەکوو شارێکی گرینگ لە ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێراندا دەوری گێڕاوە، لە ململانێ لەگەڵ قاجارەکان هەتا بزووتنەوەی مەشرووتە و شۆڕشی گەلانی ئێران. بە واتایەکی دی کرماشان کۆنترین شاری کوردستانە لە ڕووی سیاستکردن، هەرچەند ئێمەی کورد نەمانتوانیوە وەکوو عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کە دوو دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستان بوون و ئیستانبول و ئیسفەهانیان کردە ناوەندێکی دەسەڵات چ لە ڕووی ئیداری و چ لە بواری ئیدئۆلۆژییی ئایینی و سیاسی؛ کرماشان بکەینە بنکەی سەرەکیمان. ئەگەرچی لە کرماشان مێژووی سەرهەلدانی حیزب و چالاکیی حیزبی کۆنترە لە شارەکانی دیکە و تەنانەت حزبی "خوەمان "مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە کۆمەڵەی ژێکاف و چەندین حیزب و ڕێکخراوی ئێرانییش لەوێ سەرهەڵدەدەن یان بەشێکی زۆری سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە خەڵکی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات بوون.
لە یەک سەدەی ڕابردووشدا دوو دەسەڵاتی ڕێژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییش بە توندترین و دڕندانەترین شێواز هێرشیان کردووەتە سەر ئەندیشەی کوردستانیبوونی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات و هەوڵیان داوە ئەو کەلێنە بچووکە بکەنە جیاوازییەکی گەورە و لە خیاڵی خۆیاندا دابڕانێک دروست بکەن. بەڵام نەورۆزی ٢٧٢٤ ئەو بیرکردنەوە چەوتەی بەتەواوەتی لەگۆڕ نا.
ئەو حماسەیەی کە لە کرماشان هەتا کۆتاییەکانی زاگرۆس، لە دیزفول هەتا ئەسەدئاوا لە هەمەدان خوڵقا و، بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و جێژن و هەڵپەرکێ کوردی هاوکات لەگەڵ سەراسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، بەباشی دەری خست کە ئەو ناوچانە لەسەر ماف و خواستە نەتەوایەتی و سیاسییەکانی خۆیان سوورن و بەدەر لە زۆر بابەتی نێوخۆیی پرسی سەرەکی بۆ ئەوان هەر کوردستانیبوونە. تەنانەت لە ڕەنگبەندی و بەکارهێنانی هێما نەتەوەیی و تەنانەت هێما حیزبییەکان، بەڕوونی دیار بوو کە لەوی هیچ لایەنێک بیبەش نییە و پلۆرالیزمێکی تایبەت ڕەنگی دابۆوە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە نەورۆزی ٢٧٢٤ هەمووانی شۆک کرد و دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێرانی لە تەواوەتیی خۆیدا بە چالش کێشا. لە لایەکی دیکەشەوە ورەیەکی تایبەتیی بەخشی بە هەموو نیشتمانپەروەران لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و زەبرێکی قورسی لە پێکهاتەی فاشیستی ڕێژیم و عەقڵییەتی ناوەندگەرا و تەنانەت ئیدئۆلۆژیی مەزهەبی زاڵکراو بەسەریاندا.
نەورۆزی ٢٧٢٤ هەروەها وەکوو پەیامێکی ڕوونی بە ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان دا کە ئاوڕێکی جدی بدەنە باشووری ڕۆژهەڵات و سەڵماندیان هەر لایەنێک بتوانێت لەوێ قووڵایی ستراتیژیکی هەبێت، سەرکەوتوو دەبێت و بە گشتی کوردستانمان بە ئامانج نزیکتر دەبێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین باشووری ڕۆژهەڵات پێشانگەیەتیی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و خەباتگێرییە دەکەن و دەبێ بکرێنە میحوەرییەتی سەرەکیی خەبات و ئەو پوتانسیلە بکرێتە پراکتیس.