شاروخ حەسەنزادە
جیا لە نیشتمان، زمان و جوغرافیا کۆڵەکەیەکی دیکەی نیشتماندۆستی، گەلدۆستی یان ناسیۆنالیزم؛ فەرهەنگ و کولتوورە کە بریتییە لە کۆمەڵێک دابونەریت، باوەڕ و ڕوانینی جۆربەجۆر لەنێو کۆمەڵەیەک یان کۆمەڵگەیەکدا وەک چۆنیەتیی جلوبەرگ، خواردن، خواردنەوە، باوەڕەکان، ئاکار و ڕەوشت، هونەر و... . بۆ وێنە نەریت و بۆنەکانی جێژنی نەورۆز یان هێمای وەک ئاگر و هەڵپەڕین هەر لە کۆنەوە لەنێو نەتەوەی کورد هەبوون. ڕەخنەگری ئاڵمانی "هێردێر" پێی وایە مرۆڤی (کۆن) بە هێماوە ژیاوە، یانی نەک بە شێوازێکی خەیاڵی و وێژەیی بەڵکوو وەک ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر. بە ڕوانینێکی دیکە هێماکان بەشێک لە کولتووری خەڵکی کۆن بووە کە پاراستوویانە و ڕیزیان لێ گرتوە، وەک بەیت و حەیران کە سینگ بە سینگ هاتوە و هەتا ئێستا وەک بەشێک لە مێژووی ئەدەبیاتی زارەکی بۆمان بە میرات ماوەتەوە و ئەو نەریت و هێمایانە ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی خۆیا دەکەن.
هەم لە بواری مێژوویی و هەم جوغرافیای سرووشتییەوە نیشتمانی کوردستان کەوتۆتە ناوچەیەکی هەستیاری دیرۆکی-جوغرافی کە بە لانکەی ژیار و شارستانییەت پێناسە کراوە. لەم بەشەدا قسە زۆر گوتراوە و باس کراوە، مەبەستی من لێرەدا بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵە کە جیاوازتر، گشتگیرتر و جوانتر لە هەموو ساڵێک لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەڕێوە چوون کە دەکرێ بە سێ ئاماژە باسی خاڵی جێی سەرنج و شیاو لە ڕێوڕەسمەکاندا بکرێ کە بە شێوازی هێمایی چالاک دەکران.
یەکەم خاڵ، جلوبەرگی خاکیی ژنان، کچان و پیاوان و کوڕان یەک لەو دیاردە ئاوارتانە بوو. لە ماکۆوە هەتا ئیلام بە گشتی، جۆرێک جلوبەرگی تایبەت دەبیندرا کە بریتی بوو کە کەواوپانتۆڵی خاکی، ئاغابانوو-جامانە-شەدە-هەوری(لە زۆر شوێن دۆڵاغ-پوزەوانە، فانووسقە، سەرشان، پێڵاوی ڕەزم، پشتوێنی کوێستانوخاڵخاڵ!). ئەگە سەرنج بدەین ئەو جۆرە جلوبەرگە تایبەت بە پێشمەرگەیە، بەتایبەت کچ و کوڕە پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات ئێستاش بەو شێوازە کاروچالاکی دەکەن.
دووهەم خاڵ کە ئەویش هەر وەک هێما ڕۆنرابوو، کردنەوەی ئاگر لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە بوو، چ شەهیدانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان چ شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی. ئەو دایک و باوکانە، یان ئەو خوشک و برایانەی شەهیدان زۆر ئازایانە و بوێرانە بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتیی مێژوویی بەبێ دوودڵی مەشخەڵی ئاگری نەورۆزیان هەڵدەکرد و گڕیان لە دوژمن بەردەدا! دەسماڵی سوور و سپی و کەسکی سەرچۆپیان بە سەری بەرزەوە ڕادەوەشاند و سێ پێیان بە سەر سەری ئاڵای ڕەش دادەدا!
سێهەم خاڵیی هێمایی لەو نەورۆزەدا ئەوە بوو: دوای ئەوەیکە خەڵکی کوردستان زیاتر لە سێ حەوتوو بوو بە شێوەی جۆراوجۆر و لە زۆربەی شار و ئاواییەکانی کوردستان ڕێوەڕەسمی نەورۆزیان بە شایی و هەڵپەڕین و بەوپەڕی شکۆوە بەڕێوە دەبرد، بۆ ڕێزگرتن لە ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان (١٠ی خاکەلێوە) و یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد -کە لەسەر ماف و شەڕافەتی نەتەوەیی خەڵکەکەی لەسێدارە درا بەڵام گەلی خۆی بەتەنیا جێ نەهێشت- سەرجەم بۆنە و ڕێوڕەسمەکانیان ڕاگرت و بڕیاریان دا بەبێ شینگێڕان بچنە سەرگڵکۆی شەهیدان و بە سەردانیکردنی بنەماڵەکانیان ڕیز و وەفا و ئەمەگناسیی خۆیان پێشکەش بکەن. کردەیەکی نەتەوەیی و جێی پەسنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە شایی و جێژن و نەورۆز و بەها نیشتمانییەکانی پێکەوە گرێ دایەوە. ڕێکخستنی خەڵک ئەوەندە تۆکمە و بێقسوور بوو، کێچی دەکەوڵی ڕێژیم خستبوو، و بۆ ڕێگری و ەرپەرچدانەوە زۆری هەوڵ دا، بەڵام لەبەرانبەر بڕیاری قورس و قایمی نەتەوەیی خەڵک هیچی بۆ نەکرا و سەری وەبەرد کەوت.
ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات نیشانی هەموو ئێران و جیهانی دا وێنەیەک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان بە جلوبەرگی پێشمەرگە، بە یەکیەتیی و یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و ڕێز گرتن لە بایەخە نیشتمانییەکان بوو. واتە جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ خەڵکی کورد وەک پێشمەرگەی کوردستان دەست لەنێو دەست بەرەو پیری ساڵی نوێ چوون. هەموو ئەو هێما و ئێلێمانانە دەرخەری ئەوەن کە کورد لە کوردستانی ژێردەستی ئێران جیا لەوەیکە پەیامی خۆی بەڕوونی داوە، بەڵکوو ئەمجارە بە جلوبەرگی ڕەزم و بە پێشەنگیی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانەوە هاتووەتە مەیدان و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و تێرۆر و موشەکباران و گرتن و ئەشکەنجە جێژنی نەورۆزی کردە گۆڕەپانێک بۆ بەرزکردنەوەی داخوازییەکان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
گرنگی بە جلوبەرگ دەبێ وەک شێوازێک لە تێگەیشتن و تێفکرین لێک بدەینەوە، چونکە وێرای هەموو ڕێسامەندییەکی ئاوەزی و زەینی، ژیانی دەروونیی ئێمە لە زۆر ڕەهەندەوە داپۆشراوە. ناکرێت شێوازی جلوبەرگی ئێمە پێوەندی بە ویست و داخوازییەکانمانەوە نەبێ، هەمان ئەو ویست و خواستانەی ئێمە بەدوایدا دەچین و تەنانەت ئامادەین لەپێناویدا باجی قورس بدەین. لیباسی ئێمە شێوەی بیرکردنەوە و نهێنییەکانیی دەرونمانن، سەنگەرێکە کە لە پشتی ئەو بەرگەدا خۆمان دەرخستوە، شێوەی جلوبەرگ هاوکارمانە کە خۆمان وەک ئەوەی دەمانهەوێ دەربخەین یان وەک ئەوەی خۆشمان دەوێ بنوێنین. وێناکردنی ئەو جلوبەرگە لە قەڵافەتی کچان و کوڕاندا جگە لە مرۆڤێک کە دەیان ساڵە لەپێناو مافی نەتەوایەتیدا خەبات و تێکۆشان دەکا و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی لەسەرە هیچی دیکە نییە. واتە فەلسەفەکەی ڕوونە، بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵەی حیزبی دێموکرات لە بواری بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کولتووری، نەتەوەیی، شوناسخوازی، نیشتماپەروەری و مافویستی هاتووتە دی و کۆمەڵگەیەکی ئامادە کە نەک هەر گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی بە هێمای پێشمەرگەوە وەرگرتوە، بەڵکوو ئێستا خۆی لەنێو بازنەی گوتارەکەدایە و خەت دیاری دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە سەرجەم پلان و پیلانی پڕتێچووی یەک سەدەی ڕابردووی حکوومەتەکانی پەهلەوی و ئیسلامی بۆ سڕینەوەی هەوێتی و بەلاڕێدابردنی پرسی نەتەوایەتی کە لە چوارچیوەی دەزگای بەربڵاوی پەروەردە و ڕاهێنان، زانکۆ، کۆمەڵگا، ئابووری، دەنگ و ڕەنگ، کۆڕ و کۆبوونەوە و هەزاران کتێب و ... چالاکی نواندوە، کردە بڵقی سەر ئاو و نەزۆکی هێشتنەوە. هاوتەریببوون دەگەڵ ئەو ڕێبازە هزرییە کە بەرهەمی تێکۆشانی پێشمەرگانەی حیزبێکی نیشتمانی، دەروەست و خەڵکییە، بە خاڵی جەوهەریی پێوەندیی نێوان خەڵک و پیشمەرگە دادەنرێ و پشتبەستن بە هێزی هەراوی خەڵکی خۆمان دواڕۆژێکی گەش بەرهەم دەهێنیت.