کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێلانەی هەڵۆ ئی هەڵۆیە!

11:41 - 20 خاکەلێوه 2724

زانیار حوسێنی

ڕەنگە ئاسمانییەکان بە هەمان پێکهاتەی زەمینی لە دڵی دەشت و بناری زاگرۆسدا، هەموو زیندەوەران دێننە سەما؛ وەک ئەوە وایە بوون هەناسەی کردۆتە نێو شمشاڵی ڕاستی و ژیانێک هەنگاو دەنێتە سەر شانۆ. ئەو ڕاستییەی کە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر لەبیرکرابوو، لە سایەی بوونی شەیتانی زەمان و ڕووناکیی ئاگری ڕاستەقینەدا، گەڕاوەتەوە بۆ یادەوەری بەکۆمەڵی نەتەوەی ئاشتی و خۆشەویستی و جوانی. دەنگی گۆرانیی سروشت، سروشتی پڕ لە بوێریی خاک و ژن و پیاوی تینووی ئازادی، بە دەستخستنە نێو دەستی یەکتر و هەڵپەڕکێ بە دەوری تینی ڕووناکیی گۆی زەویدا، چیرۆکەکانی بەرخۆدان لە بەر دەخوێننەوە و کۆی پێشهاتەکان بە نیشانەیەکی باش دەبینن. وەک ئەوە وایە خۆر هاتبێت بۆ تەماشاکردن و چارەنووسی چاوەکان، چاوەڕوانی شەڕی چاکەکاران بێت و چاوەکان ئەوەندە بە تامەزرۆییەوە سەیری مەشخەڵی گەشاوەی دەستی گەنجان بکەن، وەک ئەوەی مێژوو چاوەڕێی وەها دەرفەتێک بووە بۆ هێنانە بەرباسی ڕەمزی نەمری و مانەوەی ئەم میللەتە. کاتژمێرەکان لە وێستگەی جوگرافیای کوردستان تامەزرۆی وەستانن، دارە وشکەکان بەئاواتن لە ڕۆحی سروشتدا بسووتێن و دونیاش بەو شکۆمەندییە سەرسام بووە. شۆڕشی بەهار لەدوای شۆڕشی جیهانی ژینادا، داستانێکی نوێی خوڵقاند و سەرلەنوێ دونیای ناچارکرد بە ڕنۆش بردن؛ لە کوێی ئەم عەرزە شکۆمەندی و گەورەیی وا دروست دەبێت جگە لە کوردستان!

دەنگی خۆشی هاتنی سەری ساڵی کوردی بۆ هەموو شوێنێکی کوردستان، لەنێوان ڕەنگە جوان و سەرسوڕهێنەرەکانی جلی کوردی و هەڵپەڕکێی نەتەوەیی، ڕۆح و دەروونی هەموو چاودێرێک دڵخۆش و سەرسام دەکات. ڕەنگی جوان و گرانبەها و هەڵپەڕکێی سیحراوی و مۆسیقای دڵڕفێنی گۆرانیبێژانی ژیان، لە ناخی مێژووی شکۆمەندی ئەو مرۆڤانە و خاکەکەیدا جێگەی خۆیان دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی هەموو خەونە دەستنەکەوتووەکانی نووسەرانی بەناوبانگ لەم خاکەدا کاڵ ببنەوە و لە بەرامبەر چوارچێوەی ڕەنگاوڕەنگەکانی نەورۆز کڕنۆش دەبەن.

لە کوێ دەتوانرێ سەری ساڵی کوردستان بدۆزیەوە و کام وشە دەتوانێ وەسفی وەها شکۆمەندییەک بکات؟ بەڵێ ئەگەر لە مناڵی زاگرۆس بپرسن جیاوازی نێوان ئێوە و ئەوانی تر چییە، یەکسەر وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن: لە خۆشویستنی ژیاندا!

لەمێژ ساڵە کە دوژمنانی ئازادی، بەختەوەری و ژیان بەم ڕەمزە ئاشکرایەی کوردستانیان زانیوە و هەرچی لە توانایان‌دایە بەکاریان هێناوە بۆ دزینی ئەو شکۆمەندییە. وەهمێکی درۆیینە کە خۆشویستنی ژیان نادزرێت! کێ دەتوانێت ڕۆحی ڕاستەقینەی ژیان لەم کەسانە وەربگرێت و زیندانیان بکات؟ کام لە ئەفسانەکانیان توانایی خۆڕاگری هەیە لە بەرانبەر کانییە جوانەکانی بناری زاگرۆس؟

ئەوانە نان لە خوێنی منداڵەکانماندا دەگێڕن و ڕۆژوویان دەشکێنن؛ تەسبێح بە دەستن، ڕیش دەهێڵنەوە و چەفییە دەخەنە ملیان و بە ناوی مەرگەوە دێنە شەڕی ژیان. کراوات دەبەستن و سمێڵیان دەتاشێنن و بە ناوی کەرکەسەوە (هێمای نەتەوەیی و بەختەوەرییان) دێنە شەڕی هەڵۆ (هێمای نەتەوەیی و خۆڕاگریی کوردستان) بەڵام نازانن هێلانەی هەڵۆ هی هەڵۆیە و ئی هەڵۆ دەمێنێتەوە! ئەوان هەر لە زەمانی زووە بە هەر ناو و ڕەنگ و باوەڕێکی جیاواز و بیری دووپاتکراوەی شەیتانییەوە لە هەوڵی دزەکردن بۆ ناو ئێمە دان. ئەوەی بێزاریان دەکات، زێهن و دڵی وەک خۆی ماوە و دەست لێ نەدراومانە، و ئەوەی ئەوان لێی بێهیوا بوون و لە بەرامبەریدا لاوازن، ئیرادەی پۆڵایینمانە. بەڵێ لەکوردستان بەم‌شێوەیە؛ مرۆڤەکانی ژیانیان له مردن و بوونیان له هیچبوون و ڕەنگەکانی سروشتیان له مەندیلە ڕەشەکان پێ باشتره!

خودای ئەوان خودای مردن و ئازارە و خودای ئێمەش، خودای ئاشتی و ئارامییە؛ کێیە کە جیاوازی وا زەق و بەرچاو نەبینێت؟ ئەوان ساڵانێکی زۆرە بەدوای داگیرکردنی ئارامی و ئاشتی‌دان بەڵام نازانن کە ئەو دووانەیە داگیر ناکرێن. سەرەتا پێیان وابوو شارستانیەت و کولتوورەکەمان ڕەگ و ڕیشەی لە خاکدا هەیە؛ خاکیان داگیر کرد. پاشان پێشبینیان کرد کە دیموکراسی و زیندوویی ئێمە جێگەی لە ئاوەکەمان دایە؛ دەستیان بەسەر کانیاوەکاندا داگرت. چاوی ​​ئیرەییان لەسەر خۆڕاگری و بوێری ئێمە بوو؛ شاخەکانیان دەسبەسەر کرد. بینییان و بینییان و بینییان کە ئێمە هێشتا هەمووی ئەو شتانەمان هەیە کە ئەوان بە خەیاڵی خۆیان داگیریان کردوە و ئەوان هێشتا هیچی ئەو شتانەیان نییە کە پێیان‌وابوو دەستیان بەسەردا گرتوە؛ مەرجی مانەوەی ئەو سەرچاوانە، بوون و هاتن بۆ عەرزی ئەو نیشتمانە نییە بەڵکوو تاکە مەرج خۆشویستنی ڕاستەقینەیانە!

وەها کەڕ و کوێرن و تاریکی لەناو ڕۆحیان هێلانەی کردوە کە ناتوانن لە ڕۆحی ڕاستی تێبگەن؛ چیای بەهێز، کانیاوی سەربەست و خاکی باوباپیران ناتوانرێ داگیربکرێن و دەستیان بەسەردا بگیردرێن، تەنانەت ئەگەر هێزیشیان پێ بشکێت.

ئەوان چ فێڵ و ساختەیەک بۆ ئەوان ماوەتەوە کە بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی ئێمە بکێشنە ناو جیهانی نەزانی و ڕەشایی خۆیانەوە؟ کتێبیان سووتاند، کولتووریان ڕووخاند، مێژوویان شێواند و لە جیهانی ساختەی میوان کرد، گەنجانیان کوشت و چ تاوانێک ماوە کە لە بەرامبەر ئەم خاک و میللەتە ئەنجامیان نەدابێ بەڵام ئێمە هێشتا بە پێوەین و هەر وەک خۆمانین!

لە سایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەوڵی شێرەژن و پیاوە ئازاکانی ئەم وڵاتە، لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە کەمتر لە دوو ساڵ بەسەر جینایەتەکان و سەرکوت و کوشتنی بەکۆمەڵ و سیستماتیکی گەلی کورد لە کوردستان تێ‌دەپەڕێت، و کاریگەری تاوانەکانی داگیرکەران هێشتا لە هەموو گۆشەیەکی ئەو نیشتمانەدا لەبەرچاوانە و بپ هەمووان ڕوون و دیارە. هێشتاش گەنجەکانمان دەڕفێنن و ئەشکەنجەیان دەدەن و دەیانکوژن؛ ترس، تۆقان، مەرگ و سێبەری تاریکی لە هەموو شوێنێکی ئەم خاکەدا بڵاو دەکەنەوە و پێیان وایە کوردستانیش هەر وەک سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراقە. تەنها هاتنی فێستیڤاڵی بەرخۆدانی نەورۆز و دەستپێکردنی جەژنی سەری ساڵی کوردی بەس بوو بۆ ئەوەی میللەتی کورد کە کۆی ڕەمز و نیشانەکانی مانەوەی، پێشانی داگیرکەران بدات!

لە نەورۆزی نەتەوەیی ژینادا ئاگری سەری ساڵی نوێی کوردەواری، کانیاو و شاخ و دەشتە جوانەکانی ڕووناک کردەوە و بەڵێنی ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکانی دا بە بیروڕای گشتی؛ ئەمجارەیان ڕووناکایی ڕاستییەکان نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە پێتەختی تاریکی ناحەزپەرستانیش، بانگهێشتی هەموو لایەکی کرد بۆ ئەوەی لە دەوری ڕووناکایی ئاگری پۆڵایینی ئیرادەدا کۆ ببنەوە.

پاییزی دوو ساڵ لەمەوبەری ئێمەیان بە خوێن شۆردەوە و ئێمەش لەگەڵ زیندووبوونەوەی سروشت و هاتنی وەرزی ژیان، مژدەی ڕزگاری و ئازادیمان گەیاندە گوێی جیهان؛ بەڕاستی لە کوردستان کام چەک توانایی کۆت و بەندکردنی هەبووە کە لە ئێستادا جەلادە مەندیل ڕەشەکان بەو هیوایەن؟  ئەوان بە بیناکردنی هێلانە گنخاوەکانی بیرکردنەوەیان لە بەرزایی چیاکانی ئەم خاک و وڵاتە، یان بە دروستکردنی بەنداوی خیانەت و ڕێگریکردن لە سەربەستیی کانیاوەکان، لە ژێر وەهمی کوردستانیبوون و دەستبەسەرداگرتنی مێژوو و کولتووری ئێمەدا بوون. ئەوان نەیاندەزانی کە ڕۆحی خۆشەویستی و ڕووناکایی ڕاستییەکان دەستی بەسەردا ناگیرێت. نەیاندەزانی چیاکان بەرپەرچیان دەدەنەوە و کانیاوەکان بەنداوەکان دەشکێنن و گۆرانی ئازادی لە گوێی ژیاندا بۆ هەتا هەتایە دەژەنرێت.

ئەوان نەزانن و هەرگیز نازانن ئەگەر بۆ ئەوان ژینا، تەنیا ناوی کچە کوردەکەی سەقز بێت، بۆ ئێمە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە هەتا ئێستا ڕەمزی مانەوەیە؛ ئەوان هەرگیز تێناگەن لەوەی کە دونیای ژن، ژیان، ئازادیی ئێمە چەندە جیاواز و دوورە لە دونیای دەستکرد و ساختەی زەن، زێندێگی، ئازادیی ئەوان!