سمایل شەرەفی
کۆمەڵگەیەکی سێکۆلار، کە تیایدا دین پێگەی ڕاستەقینەی خۆی (کەسیی) وەرگرتووە
٤٥ ساڵە کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیدیۆلۆژیی دینیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە شێوەی جۆراوجۆر کار لەسەر توانەوەی لە کۆنەپەرەستی و دواکەوتووییدا دەکرێت. جۆراوجۆرییە ڕازاوە کولتوورییەکانی کوردستان کراوەتە ئامانجی بیری ڕەشترین دەسەڵاتەکانی سەردەم و بە سیاسەتی "دوژمنکارانە"ی سیاسی و کولتووری کار لەسەر بەئیدئۆلۆژیککردنی هەموو ڕەفتار و کولتوورێکی کراوە.
کۆمەڵگەی کوردستان سەرەڕای باوەرمەندبوونی بە ئایین و خواناسی، بەرانبەر بە هەر هەوڵ و تێفکرینێکی ڕێژیمی مەزهەبی و هەر جۆرە بیرۆکەیەکی "تەکفیری" و توندڕەوانەی مەزهەبی، بەرگری لە ئەخلاق، دابونەریت، ڕەسەنایەتی و کولتوورە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی کردوە و سێکۆلار خۆی دەرخستوە.
لە ڕێوڕەسمە نەورزییەکانی ئەمساڵدا کە هاوکات بوو لەگەڵ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، خەڵک بەپێچەوانەی ئیدیعای هێندێک لە ئاخوندەکانی ناشارەزا لە ڕەسالەتی دین و شەریعەت کە بە ڕەفتار و گوفتاری درۆزنانەیان گەورەترین خیانەتیان بە دین و خواناسی کردوە، بە تێگەیشتینی دروست لە هیچ جۆرە ناتەباییەک لە نێوان "ئەمری دین" و بۆنەی نەورۆز، بە شکۆوە ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی لە سەری ساڵی تازەیان بەڕێوە برد. ئەم ڕەفتارەی خەڵک نیشانی دا کە کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی سێکۆلار، دین و باوەڕمەندبوون بە ئایینە ئاسمانییەکان وەک ئەمرێکی شەخسی سەیر دەکات و بەپێچەوانەی سیاسەت و تێفکرینی ڕێژیم و ڕەوتە سەلەفی و تەکفیرییەکان، خۆی لە چوارچیوەیەکی بەرتەسکی داسەپاودا پێناسە ناکات.
کۆمەڵگەیەکی زیندوو، کە سیاسەتی سەرکوت و گۆشەگیریی دڕ دراوە
ئەگەر تەنیا ئاماژە بە سیاسەت و کردەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکساڵ و نیوی ڕابردوودا بکەین و باسی ئەو هەمووە کوشت و کوشتار و تێرۆر و سەرکوت و غەدر و خیانەتانە نەکەین کە ئەم ڕێژیمە بەسەر خەڵکی کوردستانی هێناوە، پڕ دیارە کە لە درێژەی ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا چ سەرکوت و کوشتار و پێشیلکارییەک لە کوردستان کراوە. بە سەدان کەس شەهید و بە هەزاران بریندار کران، هەزاران کەس دەستبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانەکان دران، هێرشی مووشەکی کرایە سەر حیزبە سیاسییەکان و تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، ڕێژیم هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستووەتە گەڕ کە بە خەیاڵی خۆی کوردستان کپ و کۆنتڕۆڵ بکات. بەڵام خەڵکی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بە شێوەی جەماوەری، مانادار و پڕواتادا سەلماندیان کە ئەم کۆمەڵگەیە کە نزیک بە پێنج دەیەیە بەربەرەکانیی ئەم ڕێژیمە دەکات، لە مێژە دڕی بە سەرکوت و گۆشەگیری داوە. کوردستان سەلماندی کە زیندوو و لەسەرپێیە و ئەوە سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسینی دەسەڵاتە کە شکستی هێناوە.
کۆمەڵگەیەکی ژیاندۆست، کە ملی نەداوەتە بێهیوایی و ماتەمگێڕی
ساڵێک پێش ئێستا و لە فەزای بزووتنەوەی ژینا و سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمدا ڕۆژ نەبوو لە شەقامەکانی کوردستان تەرمی چەند شەهیدێکی ئەم بزووتنەوە بە سەر شانی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە بە خاکی پیرۆزی نیشمان نەسپێردرێ. کوردستانی ڕاپەڕیو تەژی لە خەبات و خەڵتانی خوێن بوو. یەکساڵ دوای ئەو فەزا ماتەمبارە، خەڵک لەسەر ئەساسی فەلسەفەی "خەبات لەپێناو ژیان و مانەوەدا"، گۆڕەپانی شار و ئاواییەکانی کوردستانیان کردە شوێنی شایی و گۆڤەندگێڕان. بەپێچەوانەی ئیدیعای کاربەدەستانی ڕێژیم کە پێیان وابوو بە کوشتنی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە، تووشی ماتەم و بێهیوایی دەکات، خەڵکی بە شێوەی گشتی و جەماوەری دەستلەنێودەستی یەکتر بە دەوری ئاگری دوژمنتۆقێنی نەورۆزدا هەڵپەڕین و گۆڕانییان گوت.
هەر لەم پێوەندییەدا بەشداریی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕێوڕەسمەکانی نەرۆزدا بەشێک لە جوانییەکانی ئەم تابلۆیە بوو. خەڵک بەگەرمی پێشوازییان لێ کردن و وێڕای داگیرساندنی ئاورەکانی نەورۆز بە دەستی ئەوان، دەسرۆکەی سەرچۆپییان دانە دەست و کردیانن بە ڕابەر و پێشەنگی ئەم خۆنواندنە گشتی و جەماوەرییانە.
کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی یەکانگیر، کە خۆڕێکخستنی جەماوەری تیایدا بە دامەزراوەیی کراوە
لە ١٥-٢٠ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگەی کوردستان نیشانی داوە کە بە چوونە نێو قۆناغی ڕەفتاری گشتی و جەماوەری، بەتەواوەتی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و یەکانگیرە. ئەم یەکگرتووییە کە دەرئەنجامی وشیاریی بەرزی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ئاستی شعوری نەتەوەییە، بە هەموو ڕەفتارەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە دیارە و ڕاشکاوانە خۆی دەنوێنێ. کاریگەریی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزبە سیاسییەکان و بەتایبەت سەرهەڵدانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و متمانەی خەڵک بە چالاکانی مەدەنی و شوێنەواری کاری ڕێکخراوەیی و تیمیی دامەزراوە مەدەنییەکان لەسەر زەینی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ دەروەستبوونیان بەرانبەر بە گەل و نیشتمان، جۆرێک لە ڕەفتار و هەڵوێستی گشتیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا درووست کردوە. ئەم زەینییەتە گشتی و جەماوەرییە کە ئەمری خاوەندارێتی لە ناخ و بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەدا چێ کردوە، لە ئاستی گشتیدا بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەریی بنیاد ناوە. بزووتنەوەیەک کە بۆ جووڵاندنی کۆمەڵگە ڕۆڵی داینامۆ دەگێڕێ، کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و خاوەن هەڵوێستی گشتیی ساز کردوە.
ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ١٠ - ١٥ ساڵی ڕابردوو نموونە و نیشانەیەک لە خۆڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردستانن کە ساڵ بە ساڵ بەرینتر دەبنەوە و پەیام و مانای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم ڕێوڕەسمانە کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە بزووتنەوەی جەماوەریی کوردستان، دەیسەلمێنن کە کوردستان هەم لە ڕووی زەینییەوە و هەم بە کردار و هەڵوێست، ڕێکخراو و یەکانگیرە.
کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز، کە ژنان تیایدا لە ڕیزی پێشەوەن
ژن لە کۆمەڵگەی کورستاندا لە چاو نەتەوەکانی دەورووبەری پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتیتری هەبووە. ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا کە سەرەتاکەی بۆ کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە، دیار و بەرچاو بووە. بزووتنەوەی ژینا و بەرزکردنەوەی درووشمی ژن، ژیان، ئازادییش کە هەڵقوڵاوی شەقامەکانی کوردستانن، ڕۆڵ و پێگەی ژنی بردووەتە ئاستێکی دیکە، ئاستێک لە پێشانگایەتی و نیشانەیەک لە مودێڕنبوونی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی کوردستان.
لە شۆڕشی ژینادا کچان لە قوتابخانە و زانکۆکان و لە سەر شەقامەکانی کوردستان، ڕۆڵێکی مێژووییان تۆمار کرد کە جێی سەرنج و شانازی پێوەکردنە. لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیشدا کچان و ژنانی کوردستان هەم لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکاندا بەشدارن و هەم لە بەرزکردنەوەی هێما و پەیامەکانی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەدا ڕۆڵگێڕن.
کۆمەڵگەیەکی شوناسخواز، کە سەرکەوتووانە بەگژ سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی دوژمندا چۆتەوە
لە کەس شاراوە نییە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی کوردستان چەندین ساڵە ئەو مودێل و چوارچێوە سونەتییەی خۆیان دەرباز کردوە و پێگەیەکی تایبەت و ماناداریان لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا وەرگرتوە. شێوازی ڕێوڕەسمەکان کە چوارچێوەیەکی گشتی و جەماوەریی بەخۆوە گرتوە، ماهییەتی ئەم ڕێوڕەسمانە لە چوارچێوەی ڕەفتاری گشتیی خەڵکدا بەرهەڵستکاری و خەباتکارانەیە. جۆرێکە لە خەباتی جەماوەری کە خەڵکی کوردستان ماهییەتێکی شوناسخوازانەی پێ بەخشییوە. ئەم ڕێوڕەسمانە بوونەتە دەرفەتێکی گشتی کە خەڵک هاوکات لەگەڵ شایی و خۆشیدەربڕین، تیایدا ڕەفتاری شوناسخوازانە لە خۆ نیشان دەدات.
کاتێک کە دەسەڵات و ڕێژیمی دژیگەلی ئیزنی دەرخستنی هیچ جۆرە شوناسێکی کوردی بە خەڵکی کوردستان لە مەجاڵ و ڕێگای فەرمی و یاساییەوە نادات، خەڵکی کوردستان ئەم ڕێوڕەسمانەیان کردووەتە بەستێنێن بۆ خۆنواندنی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی. هاوکات هەر لەم ڕێگایەوە دەیهەوێ بە دەسەڵات بڵێ کە ئەگەر تۆ مافی ئەوەم لێ زەوت دەکەی کە خۆم بم و داکۆکی لە خۆم بکەم و تەنانەت هەوڵی سڕینەوەی شوناسی من دەدەی، من بە گژتدا دەچمەوە و لەم ڕێوڕەسمانەدا کار لەسەر دەرخستنی شوناس و "بوون"ی جیاوازی خۆم دەکەم.
کۆمەڵگەیەکی دێموکرات، کە بوونی خۆی لەسەر حاشاکردن لەسەر ئەوانیتر بنیات نەنانەوە
لە هەموو ڕێوڕەسمەکانی نەرۆز و بە گشتی تەواوی ئەو ڕەفتارە گشتییانەی کە کوردستان لە خۆی نیشان دەدات، حیساب لە سەر دەسمایەکانی خۆیە دەکات. بە واتایەکی ڕوونتر خەباتی خەڵکی کوردستان بە هەموو شێواز و ڕەهەندەکانیەوە، لە سەر ئەساسی گەڕان بەدوای ئەو ماف و ئازادییانەیە کە لێی زەوت کراوە و هی خۆیەتی و بۆ دەستەبەرکردنی ئەم داخوازییانە تەماحی لەسەر هیچ گەل و کۆمەڵگەیەکی دیکە نییە. خەڵکی کوردستان لە مێژە بڕیاری داوە لە