عەلی بداغی
لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی ئێستادا کە ئێران لای وایە بەلای بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا شکاوەتەوە، تەنیا چین و ڕووسیە وەک هاوبەشی ئابووری و هاوپەیمانی سیاسیی خۆی شک دەبات. لەنیو وڵاتانی ناوچەشدا کۆماری ئیسلامی زۆرترین چاوەڕوانیی ئەمەگناسیی لە سووریە و عێڕاق هەیە، چونکی خۆی بە ڕزگاریدەری سەرەکیی بەشار ئەسەد لە تەنگژەی بەهاری عەڕەبی و شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە دەزانێت و هەروەها لای وایە عێڕاق سەبارەت بە لەکۆڵکردنەوەی مەترسیی داعش قەرزباری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بەڵام مێژووی ڕووداوە هەستیارەکانی کۆمەڵگەی جیهانی پێمان دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆستی ستراتیژیکی نەبووە و نییە و تاک و تەریک کەوتووەتەوە.
کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەسەر ئەوە پێداگری کردوە کە بەناو پاراستنی تەواوەتیی ئەرزی بۆ ئەو هێڵی سوورە و لەسەر جوغرافیای سیاسیی ئێران تەعاروفیان لەگەڵ کەس نییە؛ کەچی پێوەندیدار بە پرسی سێ دوڕگەکەی ئەبوومووسا و تۆنگی گەورە و بچووک تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕووسیە دوو جار و چین جارێک ڕوویان لە ئێران وەرسووڕاندوە و دۆینێ و پێرێش نۆرەی سووریە بوو پشت لە ئێران بکات و دەنگی بخەنە پاڵ دەنگی ئیمارات، لایەنی بەرانبەری ئێران لەو داوایەدا. بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریە کە یەکێک لە بەشدارانی سیوسێهەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەڕەبی بوو کە ڕۆژی پێنجشەمم، ٢٧ی بانەمەڕ لە مەنامەی بەحرەین دەستی بە کارەکانی کرد، ڕۆژی هەینی بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئیمزا کرد کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا داگیرکاریی ئێران بەسەر سێ دوڕگەی ئەبوومووسا، تۆنبی گەورە و بچووک مەحکووم کرابوو. هەروەها داوا کرابوو کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گوشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تا خاوەندارەتیی ئەو سێ دوڕگەیە بداتەوە بە وڵاتی ئیمارات.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە باسکردن لەوە نییە کە ئاخۆ ئیدیعای ئێران یان داوای وڵاتی ئیمارات لەسەر خاوەنێتیی ئەم دوڕگانە کامیان ڕاست یان چەوتن، بەڵکوو مەبەست سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە نەیهێشتووە ئەم وڵاتە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا هەتا ئێستاش هیچ دۆست و هاوپەیمانێکی هەبێت.
مەحموود چەهارباغی، فەرماندەی تۆپخانەی سپای پاسداران لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨دا و لە وتارێکدا ئاشکرای کرد کە خامنەیی لە کاتی بەڕێکردنی قاسم سولەیمانی بۆ سووریە پێی گوتوە پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریەم لە تۆ دەوێ بۆ ئەوەش دەستت بە هەموو شتێک ئاوەڵایە. هاوینی ڕابردوو لە کاتی هەککردنی بەڵگەنامەکانی نەهادی سەرۆککۆماریدا دەرکەوت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٥٠ میلیارد دۆلار پووڵ و سامانی وڵاتی ئێرانی لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا بەفیڕۆ داوە. چوار ساڵ پێشیش لە خەرمانانی ١٣٩٩دا حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نیشتمانیی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی گوتبووی لە دە ساڵی ڕابردوو یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد پتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار بووە، بەڵام وەڵامدانەوەی بەشار ئەسەد ئەوەیە کە دەبینین!
خۆ جیا لەو پشتکردنەی ئێستای بەشار ئەسەد لە بڕیارنامەی کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەڕەبیدا، کاتی هێرشی مووشەکیی ئیسڕائیل بۆ سەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق (١٣ی خاکەلێوە)ش ئەوە گوترا کە بەشار ئەسەد لە سەودایەکدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی فرۆشتوە و زانیاریی ورد و دەقیقی دانیشتن و شوێنی کۆبوونەوەکەی فەرماندەکانی سپای پاسداران لەلایەن ڕێبەرانی دەمیشقەوە بە ئیسڕائیل دراوە. هەر ئەوکات ماڵپەڕی "تسنیم" و "بولتن نیوز"ی نیزیک لە سپای پاسداران حاشایان لەوە نەکرد کە لە سووریە خیانەتیان لێ کراوە، بەڵکوو تەنیا پاکانەکەیان بۆ بەشار ئەسەد ئەوە بوو کە لەوانەیە زانیارییەکان لەلایەن کەسانی پلەخواری سوپای سووریەوە دزەی کردبێت و بە ئیسڕائیل درابێت!
پێوەندیدار بە چین و ڕووسیەش لە قۆناغە ناسکەکانی مێژووی چەند دەیەی ڕابردوودا قەت پشتی کۆماری ئیسلامییان نەگرتوە. چین و ڕووسیە وێڕای وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئیمزای "بەڵێ"یان بۆ هەر پێنج بڕیارنامەکەی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی ئێران و سەپاندنی سزای قوورسی ئابووری بەسەر ئەم وڵاتەدا کردبوو. بەتایبەت ڕووسیە نەک هەڵوێستەکانی ئەم دوو دەیەی ڕابردووی لە شوڕای ئەمنییەت و لە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی دژی بەرژەوەندییەکان ئێران، لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقیشدا بە تەواوی پشتی سەدامی گرتبوو و گەورەترین و گرینگترین سەرچاوەی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ عێڕاق بوو. ڕووسیە دواتریش لە ڕووداوەکانی قەفقاز، هەرێمی دەریایی خەزەر، گواستنەوەی وزە بۆ ئەرمەنستان، بەرجام و تێوەگلاندنی ئێران لە شەڕی ئۆکڕاین و زۆر ڕووداوی دیکەدا پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێران بڕیاری داوە.
وڵاتی چینیش کە هەموو کاتێک خۆی وەک پشتیوانی سیاسی و ئابووریی ئێران پێشان داوە، لەڕاستیدا پتر لەوەی لە کاتە هەستیارەکانی وەک پرسی بەرجامدا پشتی ئێران بگرێت، بەتایبەت لە پرسی گەمارۆکانی سەر ئێراندا هاوهەڵوێستیی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپا بووە. چین هەر ئێستا زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلار پارەی دەسبەسەرداگیراوی ئێرانی لە بانکەکانیدا گل داوەتەوە و نەوتی ئەم وڵاتەش بە داشکانێکی خەیاڵی دەکرێ و لەبری پوڵ و دراو، کاڵای بێکوالیتیی جۆراوجۆری دەداتێ. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە کۆشکی هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کە لە گرژی و ئاڵۆزیی پێوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکادا پکەن جامینی ئێرانی بوێت، بەڵام قەت ئەوە وەڕاست نەگەڕاوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەگەر لە ساڵدا بڕی مامەڵە و سەودای ئێران لەگەڵ چین لە ساڵدا ٢٠ میلیارد دۆلار بێت، سەودای چین و ئەمریکا لەگەڵ یەکتری سەرەڕای شەڕی ئابووریی نێوانیان سەروو ٥٠٠ میلیارد دۆلارە. کەواتە چین تەنیا وەک بازاڕێکی بەکارهێنان و دەرفەتێک بۆ قازانجی زیاتر چاو لە ئێران دەکات و لەوە بەولاوەتر هیچی دیکە نییە. وەک چۆن زۆر بە خشکە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لە وەبەرهێنان لە مەیدانی نەوتیی "یادئاوەران" و مەیدانی گازیی "ئازادەگان" چووە دەرێ و بەوە دەیان میلیارد دۆلاری زیان لە ئێران دا. چین لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ٦٤ میلیارد دۆلاری لە کەرتی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەبەرهێنان کردوە کە پشکی ئێران تەنیا سەتا ٤ی و ئەویش لە قۆناغی سەرکەوتنی بەرجامدا بووە و ئەوەی دیکەی هەمووی بۆ وڵاتانی ڕکەبەری ناوچەیی ئێران وەک عێڕاق، ئیمارات و عەڕەبستان بووە، تەنانەت ئەندامەتیی ئێران لە "پەیمانی شانگهای"یش نەیتوانی پێشی کشانەوەی چین لە کەرتی وەبەرهێنانی نەوت و گازی ئێران بگرێت.
دوای چین و ڕووسیە دەمێنێتەوە ئەو میلیشیا و گرووپانەی ئێران دەیانژێنێت و ئەوانیش هەم خۆیانی پێ دەوڵەمەند و تەیار هەم جاروبارە شەڕی نیابەتی بۆ کۆماری ئیسلامی دەکەن کە ئەوانیش ناتوانن هەتا سەر گوێڕایەڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئێران بن؛ هەر وەک پێشتریش لە وەرسووڕانی حەماس لە ئێران لە ڕووداوەکانی شەڕی نێوخۆیی سووریەدا بینیمان.
ئێران لە ئێستادا لە هەموو ڕکەبەرەکانی ناوچەیی بەجێ ماوە و تاک و تەریک کەوتووەتەوە. بۆ نموونە پاکستان جیا لەوەی هێزێکی ئەتومییە کەچی بەو حاڵەش لەژێر چەتری پشتیوانیی ئەمریکادایە؛ تورکیە ئەندامی ناتۆیە و وڵاتانی عەڕەبییش جیا لە هاوپەیمانییە جۆراوجۆرەکانی نێوان، پشتیوانیی ئەمریکا و ناتۆشیان هەیە و بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی تاکلایەنەش پەیماننامەی نیزامییان لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی هەیە. بەڵام سیاسەتی دەرەکی و قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو وڵاتەی لە لێکگریدانی بە هێز و دەسەڵاتە گەورەکانی دنیا بێبەش کردوە. بێمتمانیی خەڵکی نێوخۆی وڵاتیش بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەکردەوە دەستی ڕێژیمی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە کورت کردووەتەوە، سروشتییە کە هیچ وڵاتێک ناچێتە نێو پەیمانی ستراتیژیی سەربازی و ئابووری لەگەڵ وڵاتێک کە لە شەرعییەتی خەڵکی و سیاسیی لایەنی بەرانبەری دڵنیا نەبێت.