ئەلبورز ڕوویینتەن
لە سەفەری بەمدواییانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئێران و لەو کۆبوونەوەیەیدا لەگەڵ خامنەییی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بووی، خامنەییی گوتی کوردەکان پاژێک لە ئێمە ن. ئەو قسەیەی خامنەییی بە خوێندنەوەیەکی ڕواڵەتبینی لەوانەیە وا لێک بدرێتەوە کە خامنەییی بایەخ و گرینگی بە کوردان داوە، بەڵام بە لێوردبوونەوە لە مەبەستە شاراوەکانی پشتی ئەم ڕستەیە تێدەگەین هەتا چ ئاستێک ئەو تێڕوانینە بە کەمزانین و بچووکردنەوەی نەتەوەی کوردی مەبەستە، نەتەوەیەک کە خاوەن زمان، مێژو، کولتوور و هەستی هاوبەشی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیەتی و بەڵگە مێژووییەکانیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەسەلمێنن کە کۆنترین نەتەوەی نیشتەجێی ئەم جوغرافیایەیە.
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین ئەو تێڕوانینەی خامنەیی کە لە ڕوانگەیەکی خۆبەزیاترزانینی خۆی و بە کەمزانینی کوردەوە سەرچاوە دەگرێ، نوێ نییە. ئەو ڕوانگەیە سەدان ساڵە بە شێوەی جیاواز و بە سیستماتیک جێبەجێ دەکرێ بۆ ئەوەی وا نیشان بدرێت فارسبوون یا وەک ئەو بیرکردنەوە، یا زیاتر لە ئەو واتە فارس چوون ببێتە بایەخ لە کۆمەڵگەدا. بۆیە ئێستاش کاتێک کوردەکان فارسی قسەکردنەکەیان باش یا بە بەشێوەزاری تارانی نەبوو گالتەی پێ دەکرێت و، هەم لەم ڕوانگەیەوە منداڵی کوردستان بە دێهاتی و منداڵی تارانی بە گەورەبووی مەکۆی شارستانییەت دەزانرێت. هەر لە ڕوانگەی ئەوانەوە گەورەترین شانازیی کوردەکانەکانیش بۆ ئەو دەگەڕێتەوە ئاگایان لە سنوورەکانی وڵات هەیە و خۆیان گوتەنی "مرزبانان غیور"ن. وەک بڵێی کوردەکان لەم وڵاتەدا بۆ ئەوە لەدایک نەبوون بژین و مافی وەکیەکیان لەگەڵ هەموو دانیشتووانی وڵات هەبێت، بەڵکوو تەنیا بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵات لە دایک دەبن؛ وڵاتێک کە نەک هیچ خێروبێرێکی بۆ کوردەکان نەبووە، بەڵکوو زۆربەی هەرە زۆری سەرکوت و هەژاری و بەشمەینەتییەکان هەر بەر کورد کەوتوە. تەنانەت ئەگەر کورد بەو پەڕی قارەمانی و ئازایەتییەوە ئەو سنوورانەش بە گوێرەی ویستی حوکمڕانانی تاران بپارێزێت، ئەوا دیسان هەر بە مەترسی سەیر دەکرێن و دەبێت لە تارانەوە حوکمڕانی بکرێن و هەر ئەوەندەیان بەسە پێیان بڵێن: "مرزبانان غیور"!
ئەم تێڕوانینە لە ڕێگەی حکوومەتی تارانەوە وەک سیستمێکی بەڕێوەبەری لە کوردستان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لەسەر هەموو بەڕێوەبەرایەتی و کەرتەکان لە پەروەردەوە بگرە هەتا ئاوەدانی و کشتوکاڵ جێبەجێ کراوە. ئامانجی یەکەمیش لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە ئەوەیە هەستی باوەڕ بەخۆبوون لە تاکی کورددا بکوژێت و لەبری ئەوەی هەست بە بوونی خۆی وەک کورد بە هەموو تایبەتمەندییەکانی خۆی بکات، خۆی بە کەمتر لە ئەویتران بزانێ و پێویستی بەوە بێت بڵێ من ئەندامی نەتەوەیەکی ساختەی وەک ئێرانم.
خۆ ئەگەر باس لە هۆکارەکانی چارەسەرنەبوونی پرسی کورد بکەین و بابەتەکانی وەک ژێئوپۆلۆتیکی کوردستان، دڕندەیی داگیرکەران، یەکگرتوونەبوونی کورد، هاوکێشە نێونەتەوەییەکان و....هتد بە هۆکار دابنێین، هۆکارێکی دیکەشی بۆ ئەو باوەڕبەخۆنەبوونەی کورد دەگەڕێتەوە کە دوژمن بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لە ڕیگەی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی ناوەندییەوە خستوویەتیە نیو مێشکی تاکی کوردەوە. هەر ئەوەش وا دەکات کورد بەردەوام داوای مافی خۆی لە کەسانێک بکات کە باوەڕیان بەو مافە نییە و لە باشترین حاڵەتدا کورد بە "بەش" دەزانن ئەو بەشەی تەنیا ئەرکی هەیە نەک هیچ مافێک و گەورەترین شانازیشی ئەوە دەبێ ئەگەر سنوورەکان باش بپارێزێ.
لایەنێکی دیکەی ئەو قسەیەی خامنەیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەش بەردەوام دەبێ فەرمانەکانی تەواو یا گشت جیبەجێ بکات، چونکە تەواو ناتوانێ بە دوای "بەش"دا بێت. لێرەدا هەبوونی بەش تەنیا بۆ خزمەتکردنی تەواوەکە مانا دەکرێت و دەبیندرێت. ئەوە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر هەرێمی کوردستانیشدا زۆر بەڕوونی دیارە و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە چەند دەیەی ڕابردوو، بەتایبەت سیاسەکانی ڕێژیم لە چەند ساڵی ئەمدواییانەدا لەم ڕوانینەوە سەرچاوە دەگرن. ئەو دەستێوەردان، تۆپباران، مووشەکباران، نانەوەی کێشە و ئاژاوە بۆ کورتکردنی دەستی تۆ لە مافەکانت بە مافی خۆی دەزانێ و هەرچی ئەویش بیهەوێ و ئیرادەی بکات وەک ئەرکێک چاوی لێ دەکات خستوویەتە سەر شانت بەبێ ئەوەی دان بە بوونی هیچ مافێکت دابنێت.
هەر بۆیە ئەو ڕستەییەی خامنەیی کە دواتر وەک تەنیا ڕستەی بڵاوکراوەی نێورۆکی دیدارەکەی لەگەڵ بەڕێز نیچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بڵاو کرایەوە و بە پەڕی زانینیەوە لە تێڕوانینی ناوەند یا تاران بۆ نەتەوەی کوردەوە سەرچاوەی گرتوە، پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت. نێوئاخن و مانای ئەم ڕستەیە زیانەکانی لە مووشەکباران و دوژمنایەتیی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی زیاترە، چونکە ئەو ڕستەیە کە دەربرینی تێڕوانینی ناوەندە بۆ کورد، دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کات بیهەوێ بە کەیفی خۆی دژایەتیت بکات و هێرش بکاتە سەرت و ئەوەش بە مافی خۆی بزانێت.
بە خۆشیەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەڵسوکەوتی سیاسی و ژیرانەی خۆی نیشانی داوە وەک کۆمەڵگە و وەک نەتەوە نەک خۆی بە کەم یا بەش نازانێت، بەڵکوو خۆی بە هاوشان هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئەم جوغرافیایە دادەنێت. هەر ئەوەش پێویستە ببێ بە ڕوانگەی سیاسەت هەتا ئەوکات لە داواکارەوە بۆ پارێزەر و ئەستێنەر بگوڕێ، چونکە تەنیا ئەوکات لە ڕۆژگاری ڕەشی ژێردەستەیی ڕزگارت دەبێ و ئازاد وەک هەموو ئەوانی دیکە سەیر دەکرێی، نە زیاتر و نە کەمتر.