کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی شیکاریی و خەسارناسیی خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

00:43 - 3 جۆزەردان 2724

ڕەزا دانشجوو

جوغرافیای نائارام و گرژی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەک و ڕووداوە گرنگەکانی جیهان لەلایەکی دیکەوە، پێویستیی چاوخشاندنێکی هەمەلایەنە و خەسارناسیی خەباتی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دەدەن.

ناوچەیەکی پڕ لە مەترسی و مەترسییەکانی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێویستی بە دووبارە پێناسەکردنەوەی زۆرێک لە ستراتیژییەکانی شەڕ و خەبات هەیە کە دەبێت نە وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڵکوو بە پێویستییەکی مێژوویی هەژمار بکرێت. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات، لە سەروبەندی لانیکەم قۆناغی نوێی ٨٠ ساڵەی خۆی و ساڵانێک خەباتی دژ بە دوو دەسەڵاتی داگیرکەر و تاوانکار، ئێستا خۆی لە بارودۆخێکی زۆر گرینگدا دەبینێتەوە. هۆکارەکانی ئەم دۆخە ئالۆزە  دەتوانرێت لە دو بەشدا پێناسە بکرێت. سەرەتا باس لە هۆکارەکانی گرێدراو بە ناوچە و جیهان دەکەین.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناوچەیەک پڕ لە گێژاو

ڕەنگە بتوانرێت نەوت و شەڕ بە دوو تایبەتمەندیی دیاری ناسینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لانیکەم لە سەدەی ڕابردوو دابندرێت. هاوکات لەگەڵ دروستبوون یان بە واتایەکی باشتر دروستکردنی جوغرافیای ساختە و دەستکردی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن زلهێزە گەورەکانی جیهانەوە، ئاڵۆزییە ئایینیی و نەتەوەییەکان لەم ناوچەیەی جیهاندا وای کردووە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە ببێتە ناوەندی قەیران و ئاڵۆزی. نەوت لەبری ئەوەی ببێتە مایەی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک دیارییەکی ئیلاهی، بووەتە هۆکاری شەڕ، نائەمنی و ناسەقامگیری. هێرشی سەدام حوسێن بۆ سەر کۆوەیت بەهۆی تەماحی داگیرکردنی بیرە نەوتییەکانی ئەم وڵاتەوە دەتوانین بە یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی پێوەندیدار بەم باسەوە ناو ببەین، کە تەنانەت دوای ئازادکردنەوەی کۆوەیتیش لە دەست دەست سەدام، لێکەوتەکانی کاریگەرییان لەسەر حکوومەتی بەعس و تەنانەت عێراقیش لە دوای سەدامەوە بۆ چەندین ساڵ مایەوە و سەرەنجامەکەی جگە لە لەنێوچوون و مردن هیچی تر نەبووە.  هەڵبەت نابێت لە دەستێوەردانەکانی زلهێزەکانی جیهان لە زیادکردنی ڕەهەندەکانی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش چاوپۆشی بکرێت. هاوکات لەگەڵ نەوت، ناکۆکی نەتەوەیی و ئایینی و سنوورە ساختەکان لەلایەن زلهێزە سەرکەوتووەکانی شەڕی جیهانی، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان کردوە بە یەکێک لە ناوەندە هەمیشەییەکانی قەیرانەکان لە جیهاندا. دووانەی شیعە و سوننە کە لەلایەن ڕێژێمی ئێران و عەڕەبستانی سعودییەوە فەرماندەیی دەکرێن، پرسی فەلەستین و خەباتی کورد لە دژی داگیرکەرانی کوردستان لە سووریە، تورکیە و ئێران دەکرێت بە بەشێک لەو ئاڵۆزییانە لە ناوچەکەدا دابندرێن.

کۆماری ئیسلامی و هیلالی شیعە

ڕێژیمی ویلایەتی فەقێهـ چەندین ساڵە قەیران و ناسەقامگیری هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات. دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە هیچ شتێکدا سەرکەوتوو نەبووە، لە دروستکردنی قەیراندا پلەی هەرە سەروو بەدەست دەهێنێت. ئێستا هێزە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان زۆر زیاتر لە پێشوو دەسەڵاتی بەکردەیان گرتۆتە ئەستۆ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ دەکەن.

کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە بۆ ڕزگاربوون لە مردن پەنا بۆ هەر ڕێگایەک دەبات و هیلالی شیعە لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە جگە لە هەناردەکردنی قەیرانە نێوخۆییەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان و خەریککردنی ڕکابەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هێزی بەوەکالەت.

نابێ ئەوەش لەبیر بکرێت کە ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگە دۆزینەوەی بەکرێگیراو و نۆکەری گوێڕایەڵە، نەک هێزی باوەڕمەندی شیعە. بۆیە حەماسی سەلەفی و ئەنساروڵڵای زەیدی مەزهەب دەبنە بەشێک لەم پڕۆسەیە.

شەڕی ئۆکراین و جەمسەرگیریی تازەی جیهانی

هێرشی پوتین بۆ سەر ئۆکراین دەتوانێت وەک سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی ڕووسیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەیر بکرێت. پوتین نیشانی دا کە وەک دیکتاتۆرێکی گەمژە جگە لە داگیرکردنی ئۆکراین بە هیچ شتێکی تر ڕازی نابێت. هاوکات لەگەڵ وەی دیکتاتۆری کرێملین شەڕێکی نوێی لە ناوچەی بەڕواڵەت ئارامی ئوروپا دەست پێ کردوە، بەتوندی خەریکی سەرکوتکردنی نەیارەکانی لە نێوخۆی وڵات‌دایە. ململانێی نێوان ناتۆ و ڕوسیە لە شەڕی ئۆکراین، پاڵپشتی داراییی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین دۆخەکەی زۆر لە پێشوو ئاڵۆزتر کردوە. پوتین کە پێشبینیی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکی زۆر خێرای لە شەڕی ئۆکراین دەکرد، خۆی لە شەڕێکی تەواوڕەهەند و پەرتبووندا دەبینێتەوە. شەڕێک کە سەرەنجامەکەی جگە لە وێرانکاری و کاول‌بوون هیچی تر نابێت. پێناچێت پوتین بە ئاشتی و چۆڵکردنی ناوچە داگیرکراوەکان ڕازی بێت لەکاتێکدا هەوڵ دەدات پێگەی ڕوسییە وەک زلهێزێکی جیهانی وەربگرێتەوە!

جگە لە هەلومەرجی ئاڵۆز و نالەباری جیهانی و ناوچەیی، پێویستە ئاوڕێکیش لە فاکتەرە نێوخۆییەکانی پەیوەست بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتیش بدەینەوە.

جیاوازیی نەوەکان و دابڕانی سیاسیی

جیاوازیی نەوەکان بە بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی دادەنرێت، کە سەدەی بیست و یەکەم و پێشکەوتنی تێکنەلۆژی خێراییەکەی زۆر زیاتر کرد.

گرینگترین دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانە سەرهەڵدانی جیاوازیی گەورە بوو لە هەڵوێستی کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجان. جیاوازی بەها و بایەخەکان، تێڕوانینە فیکریەکان، چاوەڕوانییەکان لەنێوان نەوەی نوێ و دایک و باوک و گروپە تەمەنییەکانی تردا وای کرد نەوەی نوێ ئامادە نەبێت ڕۆڵی پاوانخوازانەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو نەخش و نۆرمانەی ئەوان پێناسەیان کردوون قبوڵ بکات. ئەم جیاوازییە لە نێوان نەوەی گەنج و نەوەکانی تردا پێی دەوترێت "جیاوازیی نێوان نەوەکان" (Generation Gap). جیاوازیی نێوان نەوەکان هەر بەتەنیا جیاوازیی تەمەن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک نۆرم و بەهایە کە دوو نەوەی جیاواز ناتوانن لەسەری ڕێک‌بکەون. ئەگەر ئەم بۆشاییە بەردەوام بێت و لە ڕاستیدا زمانێکی هاوبەش بۆ تێگەیشتن لە نێوەڕۆکەکەی نەدۆزرێتەوە، ئەم بۆشاییە دەتوانێت ببێتە هۆی دوژمنایەتییەکی ئاشکرا لەنێوان نەوەکان و جۆرێک لە پچڕان لە نێوانیاندا، کە بە "دابڕانی نەوەکان "(Generation Cleavages) ناو دەبرێت.

ئەم قۆناغه دەتوانێت نیشانەی دەستپێکردنی قەیرانی کۆمەڵایەتی بێت، قەیرانێک که به هۆی پارچەپارچه بوونی کۆمەڵگەوه دەبێتە هۆی زۆر ئەنجامی نەخوازراو. ئەگەر پرۆسەی پێکهێنانی بەهاکان سەردەمانێک لە ناوەندە پەروەردەییەکان و خێزانەکاندا بووبێت، ئێستا دەستڕاگەیشتنێکی بەربڵاو بە تێکنۆلۆژیی پەیوەندییە مۆدێرنەکان بەتەواوی ئەم نۆرمانە و پرۆسەی کۆمەڵایەتیکردنی گۆڕیوە.

شیکاران بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی دیاردەی "دابڕانی نەوەکان" ڕوو دەدات. هەندێکیان گەشەسەندنی ئابووری بە فاکتەری سەرەکی دەزانن، هەندێکی دیکەش بەدوای ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا دەگەڕێن لە گەشەسەندنی کولتووریدا. یەکێک لە گریمانە گرنگەکان لە ڕەوایەتیدان بەم دیاردەیە، لەسەر بنەمای پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی کۆمەڵایەتییە (Social Modernisation)، کە لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەیە نەوەیەکی نوێ بە بەهای نوێیەوە دروست دەبێت.

دەبێ قبووڵ بکرێت کە بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات لە دەیەی هەشتەمی خەباتی خۆی لەدژی کۆماری ئیسلامیدا بە هۆی جیاوازیی نەوەکان و نەبوونی زمانێکی هاوبەش لە نێوانیاندا خۆی لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا دەبینێت کە دەتوانێت دەسپێکی قۆناغێکی زۆر مەترسیدار بێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان دەیتوانی و لە ئەگەری چالاکبوونەوەیدا دەتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێبازێکی هاوبەش لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم ناوەندە کە بەداخەوە بەهۆی کێشەی لایەنەکانی دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا تووشی ڕاوەستان و جمان هات، لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو و نیشانی دا بوونی ناوەندێکی لەو جۆرە چەندە دەتوانێت گرنگ و کاریگەر بێت.

چاوخشاندنێکی کورت لە فاکتەرە ئاماژەپێکراوەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خەسارناسیی خەباتی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەدژی کۆماری ئیسلامی چەندە گرینگ و پێویستە. خەسارناسییەک  کە دەبێت بە لێکدانەوەی زانستی و هەمەلایەنەی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵات و ڕەچاوکردنی بارودوخی ناوچە و جیهان تاقمێک ئەلتەرناتیڤ و ڕێگەچارەی ڕوون بۆ تێپەڕکردنی ئەم قوناغە هەستیار بدۆزێتەوە. خەسارناسی، شیکاری و لێکدانەوە تایبەتی دونیای دینامیکی ئەمڕۆن. پێویستە بۆ وڵامدانەوەی هەر حاڵەتێک و سیناریۆیەکی نەخوازراو ئامادە بین. زانیاریی و بە ئاگابوون گرنگترین ئامرازی خەباتە و خەسارناسیی شیکاری و لێکدانەوە  بێگومان لە ئامرازەکانی پێشکەوتنی زانست و تێگەیشتنن، شتێک کە نابێ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگوێی بخات.