شەماڵ تەرغیبی
هەواڵی بەربوونەوەی هێلیکۆپتێری ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی، لە ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەوتوویەدا وەک هەواڵێکی گرینگی ناوچەیی و جیهانی بوو بە سەردێڕی زۆربەی ڕۆژنامە و میدیاکان؛ هەواڵێک کە زوو بە زوو کۆمەڵێک ئەگەر و پرسیاریشی لە میشکی مرۆڤدا ساز دەکرد؛ لەوانەش: ئایا ڕووداوەکە بە هەڵکەوت و بەهۆی نوقسانیی فەنییەوە بوو؟ کەشوهەوای ناوچەکە و مژاویبوونی ناوچەکە کاریگەری هەبوو لەسەر کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتێرەکە؟ ئەگەر کەشوهەوا بۆتە هۆکار، چۆنە دوو هێلیکۆپتێرەکەی یاوەری بەبێ کێشە گەیشتوونە شوێنی خۆیان؟ چۆنە دوو هێلیکۆپتێرەکەی دیکە نەیانزانیوە هێلیکۆپتێری سەرکۆمار تووشی کێشە بووە؟ یان لە حاڵێکدا لە سەر یەک هێڵ و بە مەودای کەمتر لە ١٠٠ میتر پێکەوە دەفڕین، چۆنە نەگەڕاونەتەوە تا بزانن سەرکۆمار و گەورەکەیان چی لێ بەسەرهاتوە؟ یا نا! هیچ کام لەمانە نین و ئەوەیکە دەگوترێ ئەمە جۆرێ پاکانەحیسابی نێوخۆییە کە لە سیستمە دیکتاتۆرییەکاندا باوە؟
ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکن لەو پرسیارانەی مرۆڤ دەتوانێ بەدواداچوونی بۆ بکات تا بە سەرەداوەکان وڵامێکی لۆژیکی بۆ خۆی بدۆزێتەوە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بە تێپەڕینی کات و ئاشکرابوونی زیاتری بەڵگە و شتە دژبەیەکەکان، ئەوە بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە، کە ڕووداوی کووژرانی ڕەئیسی و هاوسەفەرەکانی هەرچییەکە، ڕووداوێکی ئاسایی کەوتنەخوارەوەی باڵەفڕ یان هێلیکۆپتێر نییە. کەوابوو دوو ئەگەری سەرەکی لە ئارادایە:
یەک: ئەوە بە هۆی عەمەلیاتێکی نهێنیی دەرەکییەوە بووە. لەو حاڵەتەدا ئەوە نیشان دەدات کە پڕۆژەی حەزفی مۆڕەکانی ڕێژیم لەلایەن لایەنیکی دژبەری ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو حەزفی مۆرەکانی لووتکەی دەسەڵات دەچێت و تەنانەت لە خودی خامنەییش نیزیک دەبێتەوە و پڕۆژەی حەزفی خامنەیی و باندەکەی بەرەو قۆناخێکی گرینگ و یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێت. خۆ ئەگەر ئەم فەڕزە بە هەند وەر بگرین بەرەوڕووی پرسیارێکی دیکەش دەبینەوە: ئایا ئەوە هەوڵێکە بۆ پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی؟! چونکە ماوەیەک لەمەوپێش بوو کە ڕێژیم لە کاناڵی جۆراوجۆرەوە باسی لەوە دەکرد کە دەبێ دۆکتۆرینی بەرنامە ناوکییەکەی بگۆڕێت!
ئەگەری دووهەم ئەوەیە کە ئەم ڕوداوە لە ئاکامی شەڕی نێوخۆیی نێوان باندەکانی دەسەڵات و بە تایبەتی بۆ جێگرەوەی خامنەیی هاتووەتە ئاراوە. کە ئەگەر ئەم فەڕزە بە هەند وەربگرین بۆمان دەردەخات قەیران و کێشە ناوخۆییەکانی نێو باند و جیناحەکانی دەسەڵات بەدەست گەیشتوونەتە چڵەپۆپەی خۆیان و دواجار دەبنە هۆی تێکچوونی شیرازە و قەوارەی ڕێژیم؛ چونکە نە خامنەیی، خومەینییە و نە ئێستاش ساڵی ٦٨ ە. تێکچوونی شیرازەی ڕێژیم تا ئەو ئاستە، ڕێژیم بەرەو داڕمان و داڕووخانی تەواو دەبات.
ئەوەیکە هیچ شک و گومانێکی لەسەر نییە ئەو ڕاستییەیە کە بەرەیەکی گەورە لە ناوخۆی قەوارەی ڕێژیم لە دژی خامنەیی و باندەکەی شکڵی گرتووە، کە ڕێگایەکی جگە لە هاوکاری لەگەڵ دەستی دەرەکی لەبەردەم خۆیدا نابینێ کە ئەم خاڵە دەتوانێ ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی ئیحتماڵ و ئەگەری یەکەممان واتە حەزفی ڕەییسی لەلایەن دەستێکی دەرەکی بە هاوکاری دەستێکی ناوخۆیی بەهێزتر بێت. بەهەرحاڵ هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری ڕەییسی هەر شتێک بێت و هەر جۆرێ هەوڵ بۆ پاساودانی بدرێت هیچ لەم کەتوار و واقیعە سیاسییە کەم ناکاتەوە کە ڕووداوی کووژرانی ڕەئیسی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگ کە کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی داهاتووی ئێراندا دەبێت؛ تەنیا دەبێ بڕێ پشوودرێژ بین تاکوو بینەریان بین.