کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ بۆ شەڕ

18:24 - 3 جۆزەردان 2724

کەریم پەرویزی

لە وتە و ڕوانگەی لێکۆڵەران و هزرمەندانی سیاسەت و ئەندێشەی سیاسیدا هەیە کە سیاسەت درێژەی شەڕە؛ بە واتایەکی دیکە شەڕ تا ئەو شوێنە درێژە دەکێشی کە هێز ی فیزیکی و ئاگرباران و توانای مەرگ بارینی بەسەر ئەویدیدا بەڕوونی دەر دەکەوێ و دوای ئەوە قۆناخێک دەست پێ دەکا بۆ گواستنەوەی ڕەهەندەکانی شەڕ بۆ یارگیری و هاوڕا دۆزینەوە و بەرەسازکردن و دوایەش دانوستان و مەرجەکان بەسەریەکدا سەپاندن و دیاریکردنی بەرکەوتەکان.

سیاسەت لەم ڕوانگەیەوە هەنگاوەکانی نێو دڵی شەڕن کە بە تێگەیشتن لە دوای شەڕ و بە ڕوانین بۆ داهاتوو، هەوڵی بیناکردنی ئیدارەدانی دیکە و ململانێی پانتاییەکانی دەسەڵاتی لایەنەکانی شەڕ بە ئاکامی ویستراو بگەیەنێ.

لەم ڕۆژانەدا کە شەڕی ئیسرائیل و حەماس درێژەی هەیە و پاڵپشتەکانی ئیسرائیل هاوکاریی دەکەن و ڕەخنەشی لێ دەگرن و گوشاری بۆ دێنن، لە لای دیکەشەوە خامنەیی و باندەکەی هاوکاریی حەماس دەکەن و بە هیوان ئەو شەڕ و ئاژاوەیە بەردەوام بێ، دوورەدیمەنێک وردە وردە پەیدا دەبێ بۆ ئەوەی دوای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبر چی بکرێ؟

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کە لە ئۆپۆزیسیۆن بوو و لە دەسپێکی شەڕدا لەگەڵ نەتانیاهوو کابینەی یەکگرتوویان پێک هێنا، گووتویەتی دەبێ بەرنامەیەک بۆ ڕۆژی دوای شەڕ هەبێ و ڕوانگەی خۆی باس کردوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا فەرماندەی ئەرتەشیش شتێکی لەو بابەتەی گووتوە.

ئەمە لە دەورانێکدا کە هێشتا قۆناخەکانی شەڕ ماون و هێشتا چارەنووسی ئەوانەی حەماس لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ڕفاندیانن، نادیارن و هێشتا بنکەی حەماس لە ڕەفەح ماوەتەوە؛ نیشان لەوە دەدا کە ڕێک لە نێو دڵی شەڕدا، لەوکاتەدا کە چەکەکان بە قرمە و بۆمبەکان بە گرمە ژیان لە یەک دەستێنن، لایەنەکانی شەڕ دەبێ بیر لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ڕۆژی دوای شەڕ بکەنەوە؛ دیارە کە دوای شەڕ ئیدی جیهانی ئێستای کاتی شەڕ و تەنانەت جیهانی پێش لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر نیە!

گەر چاو لە ڕووداوەکانی جیهان و دەوروبەر دەکەین، هەر بە تێڕوانینێکی خێرا و وردبوونەیەیەکی تا ڕادەیەکی کەمیش قووڵ، وانە و ئەزموونی زۆرمان پێ دەڵێن کە لە هەڵسەنگاندنی لەگەڵ دۆخی وڵاتێکی وەکوو ئێڕانی بەڵالێدراودا زۆر جیاوازیمان بۆ دەر دەخەن!

لە ڕاستیدا پێویست ناکا خوێندکاری دۆکتۆرای زانکو بەناوبانگەکان بین تاکوو لەوە تێ بگەین سیاسەت درێژەی شەڕە بەڵام بە چەکی جیاوازەوە و بە تاکتیکی دیکەوە. هەر خۆی خوێندنەوەی هەواڵێکی وەها کە فڵان بەرپەرسی فڵان وڵات دەڵێ کە لە ئێستاوە بەرنامەیەکمان بۆ ڕۆژی دوای شەر هەبێ، بە شێوەی دەرهەست ئەوەمان لا دروست دەبێ کە ئەم شەڕە تاکوو کۆتایی جیهان و تا هەتاهەتایە درێژەی نابێ!

هەروەها لە پڕدا ئەوەمان بۆ دروست دەبێ کە لەنێو شەڕە مووشەک و گرمەی بۆمب و هاژەی ڕاکێتیشدا پێویست بیر لە دوارۆژی خەڵک و وڵات بکەینەوە! لە هەمان کاتیشدا پێمان دەڵێتەوە شەڕیک کە لە ئارادایە خوازراو یا نەخوازراو بێ، تەنیا وەکوو کردەوەیەکەی ئاژەڵی چاوی لێ نەکەین کە تەنیا و تەنیا مەبەستمان کوشتنی یەکترە! بەڵکوو ئەم شەڕە بە هەر هۆیەک هاتبێتە ئاراوە، وێڕای کۆتاییهانەکەی ئەوەش بزانین کە کۆمەڵگایەکی مرۆیی هەیە کە دەبێ دوای ڕاوەستانی تەقە، بیر لە ئیدارەکردنی و ڕەخساندنی هەلی ژیانی لێ بکەینەوە.

هەموو ئەم بروسکە لە ناکاوانەی کە بە بیرکردنەوەمان دەگا ئەوەمان پێ دەڵێتەوە کە سیاسەت درێژکراوەی شەڕە و هیچ سیاسەتێک بە بێ بیر و هزر و ئەندێشە ناکرێ!

ناتوانی باس لە سیاسەت بکەی و هەوڵی چالاکیی سیاسی بدەی بەڵام فیکرێکت پێ نەبێ! لە نەبوونی بیر و هزردا بۆ سیاسەت، چ ورد و چ درشت، تەنیا و تەنیا مافیاگەریی لێ دەکەوێتەوە!

هیچ شەڕێک تەنیا بۆ شەڕ ناکڕێ و  شەڕ لە پێناوی شەڕ تەنیا لە نێو شێتەکاندا دەکرێ کە نازانن خەریکی چین تا ئەوکاتەی لە پەل و پۆ دەکەون و دوایەش هەر وەبیریان نایە چییان کردوە؟! ململانێیەک کە لە هەر جۆرە شەڕێکدا لە ئارادابێ، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتیش بێ، ڕادەوەستێ و ڕەنگە بۆ چەند ساڵی دیکە دووبارە سەر هەڵ بداتەوە بەڵام لەو ماوەیەی ڕاوەستانی شەڕدا، هێزەکان کە خۆیان سەلماندوە کە هەرکام چ توانایەکیان هەیە و هەرکام چەندە دەتوانن خەسار بگەیەنن، پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە لە دەورانی ڕاوەستانی شەڕدا چ دەکەن بۆ ژیانی خەڵک و ئیدارەدانی ڕووداوەکان و لە مانا قووڵەکەشیدا، سیاسەت چۆن ئەمرۆ  ڕێنوێنی دەکا  و چۆن سبەینێ دادەڕێژێتەوە؟ سیاسەتڤانی زانا دارێژەری داهاتوویە.