کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زاراوەسازی لە وەرگێڕاندا، کێشە و گرفتەکان و چارەسەر

19:13 - 5 جۆزەردان 2724

زاراوەسازی لە وەرگێڕاندا، کێشە و گرفتەکان و چارەسەر

 مەسعوود بابایی  

 

ئەرکی وەرگێڕان ئەوەیە فێری نووسینمان بکات

پێناسە باوەکانی وەرگێڕان لەگەڵ ئەوەی دەتوانن تا ڕادەیەک ئەرکی وەرگێڕان بۆ ئێمە شی بکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگە ئەگەر هێرمێنۆتیکی لێی بڕوانین، وەرگێڕان جۆرێکی دیکەی ڕاڤەی دەروەستە. هەر وشەیەک کە وەری دەگێڕین ئاراستەیەکی ڕاڤەییی هەیە کە دەبێتە مایەی "تێگەیشتن". هەڵبەت ئەم ڕایە کاتێک ڕاستە کە ئێمە لەجێی زاراوەی "Translation" کەڵک لە وشەی "Interpretation" وەربگرین کە واتای "وەرگێڕان"یش دەگەیەنێت. لەم ڕوانگەوە دەمهەوێت بڵێم وەرگێڕان جۆرێک لە ڕاڤەی دەروەستە کە "وشە" لەبەرانبەر "وشە" و ڕستە لە بەرانبەر ڕستە و واتای فەرهەنگی (لیکسیکۆن) و ئیدیۆمی و پراگماتیکاڵ بەشێوەی هاوگوێرە دادەنێتەوە. هەموو تێگەیشتنێک ڕاڤەیەکە و هەموو ڕاڤەیەکیش تێگەیشتنێکی نوێیە کە لە زماندا ڕوو دەدات.

وشە لە پرۆسەیەکی ڕاڤەکردندا دێتە نێو زمانەوە. هەموو زمانێک لە زەیندا پەژراوە و پێوەندیی ماناییی خۆی لەگەڵ ژینگە و سروشتدا ڕێک خستوە. گوێزرانەوەی پاژەکانی جیهانی ماددی و سروشتی لە ناولێناندا بەرەنجامی ڕاڤەن کە دیاردەی ماددی و سروشتی لە یەکەی واتاییدا جێ دەکاتەوە. لەم ڕوانگەوە هەموو ڕاڤەیەک لە چەمکێکدا کە یەکەیەکی دەنگی - واتاییە جێگیر دەبێت. بەم شێوەیە دەتوانین بێژین سەرهەڵدانی زمان بەرهەمی ڕاڤەیەکە کە لە جیهانی کۆدە زمانییەکاندا وەرگێڕدراوە. بەگوێرەی ئەم لێکدانەوەیە، "وەرگێڕان" چەشنێکی ڕاڤەییە.

بەڵام "وەرگێڕان" دەقاودەق نییە؛ چونکە ڕاڤە خودی دیاردە نییە. وشە بەرەنجامی ڕاڤەیەکە بۆ دیاردە. هەر بۆیە مەودایەکی پڕنەکراوە لەنێوان "ناو" و "دیاردە"دا هەیە. بەگوێرەی ئەم بەڵگەهێنانەوەیە، کە وابوو وەرگێڕانی دەقاودەق نەلواوە. وەرگێڕانی وشە بە وشە، وەرگێڕانی دەقاودەق نییە. دانانی وشەیەک لە زمانی دووەمەوە بۆ زمانی یەکەم، هاوتاکردنەوەیە نەک دەقاودەقکردنەوە. لەبەر ئەوەی هەمیشە لە وەرگێڕاندا "دالەنگاندن" ڕوو دەدات. ئەم دالەنگاندنی واتایە پێوەندیی بە "ئاوەزمەندی" و "زەینییەتی فەرهەنگ"ەوە هەیە کە ئەو زمانە لەنێو ئەو فەرهەنگەدا ئافرێنراوە. ئەزموونی فەرهەنگی لە بەرەنجامی وەرگێڕاندا دەگوازرێتەوە، لەم پرۆسەیەدا هەندێ لە ماناکان دەکەون، چونکە ناگوازرێنەوە و ئێمە دەرۆستی گواستنەوەیان نایەین. ئێمە ناوی ڕەنگەکان لە ئەزموونێکی ڕاڤەییی هاوتاکردنەوەی وشەکانی نێو فەرهەنگی زمانیمان وەردەگێڕین، بەڵام ناتوانین هەستی دەروونناسانەی ڕەنگێکی دیاریکراو لەنێو فەرهەنگێکدا بگوازینەوە. بەپێچەوانەوە هەستی دەروونناسانەی خۆمان بەسەر وشە وەرگێڕدراوەکەدا بار دەکەین. ئەمە هەمان ئەو مانایەیە کە لە ڕەوتی وەرگێڕاندا دەکەوێت. وەک شینگێڕێک لە پرسەی کابرایەکی بێگانەدا! ئەو بۆ مردووی خۆی دەگری، بەڵام وا دەردەکەوێت فرمێسکەکانی بۆ مردووی ئەم ماڵەیە!

مەبەست ئەوەیە بەشێک لە واتا - چەندیش وەرگێڕێکی کارامە بین - دەکەوێت. هەر بۆیە وەرگێڕانی دەقاودەق بێمانا و مەحاڵە، چونکە ئەگەر دەقاودەق بێت پێی ناگوترێت وەرگێڕان!

جیاوازی لەنێوان نووسین و وەرگێڕان لەوەدایە کە بێجگە لەوەی کایەی ئازادی وشەیی تێدایە و نووسەر ئازادیی دەستچنکردنی وشەکانی هەیە، "کایەی ئاشنای وشە"یە؛ بەم واتایە کە زمان، زمانحاڵی زەینی نووسەرە. "بیرۆکەکان"ی نووسەر بەرەنجامی خوێندنەوە و کنەی نووسەرن کە لە فەزای ئاشنای فەرهەنگی زمانی خۆوڵاتیی نووسەردا کە دەکرێ بۆ گەیاندنی "بیرۆکە"ی نووسەر کەڵک لە "ژینگەی ئاشنای زمانی خۆوڵاتی" وەربگیردرێت. لە دۆخی نووسیندا، داڕشتنەوەی ئازادانەی دەق دەرفەت بۆ پاراویی دەق دەڕەخسێنێت. لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بەرهەمهێنی زانست و هزر نین؛ دەقی پاراوی ئەدەبی بە زمانی ئەو نەتەوانە بە زۆروزەوەندی دەبینرێت. هەموو ئەدەبێکی خۆوڵاتیانە بە زمانی خۆوڵاتی دەنووسرێتەوە، دەقێک کە ڕەنگدانەوەی "شێوەی ژیان"ی گەل یان جڤات و جڤاکی ئەو گەلەیە. هەموو فەرهەنگێک "ئەزموونێکی پێوەژیو"ی هەیە کە بە پێزێکی زمانیی بەرچاو دەتوانێت دەری ببڕێت. لە باری هزرییەوە ئێمە دوو ڕووبەرمان هەن:

١. ڕووبەری بیرلێکراوە

٢. ڕووبەری بیرلێنەکراوە

- ڕووبەری بیرلێکراوە، بریتییە لەو ڕووبەرەی کە فەرهەنگی گەل و جڤات و جڤاک و نەتەوە لە "شێوەی ژیان"ی خۆیدا ئەزموونی کردوە و ناوی لە دیاردە جیاجیاکانی ئەو "شێوەی ژیان"ە ناوە. ئەمە "ڕووبەری ئاشنا"یە.

- ڕووبەری بیرلێنەکراوە، بریتییە لەو ڕووبەرەی لە فەرهەنگی گەل و جڤات و جڤاک و نەتەوەیەکی دیاریکراو و لە "شێوەی ژیان"یدا ئەزموون نەکراوە و لە ژینگە و هزر و داب‌ودەستوور و نەریتی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بەدی ناکرێت؛ ئەمە "ڕووبەری نائاشنا"یە.

ئەرکی وەرگێڕان ئەوەیە کە "ڕووبەری نائاشنا"، ئاشنا بکاتەوە. وەرگێڕان، بەریەککەوتنی دوو فەرهەنگی جیایە لە دوو زمانی جیادا.

زمانێک کە لێی وەردەگێڕین، ڕووبەری نائاشنایە. هاوتاکردنەوەی وشەکان و زاراوەکان، لە سەرەتادا بەراوردی دوو زەینە، پاشان دوو زمان. هەموو زمانێک ئەزموونی فەرهەنگیی خۆی هەیە کە دەتوانین پێی بڵێین "ژینگەی زمانی". لە ئەدەبیاتی گێڕانەوە تا دەگات بە هزر و فەلسەفە و زانست چەندین توێژی دەربڕینی زمانی هەن کە ئێمە لە وەرگێڕاندا دەبێ بەرەنگاریان ببینەوە. ڕكێفی مانای دەق لە "ڕووبەری بیرلێنەکراوە"دا کارێکی چەتوونە. لە بیرۆکەی نووسەرەوە تا ژینگەی زمانیی کۆمەڵگەیەکی فەرهەنگی کە ئێمە چەنگەوبازی دەبین چەندین ئاستی جیاوازی دەربڕینی زمانی هەن کە دەبێ لە زمانی دووەمدا دەستنیشان بکرێن و هاوتا بکرێنەوە. "زاراوەکان" کە بابەتی ئەم باسوخواسەی ئێمەن ڕەنگە یەکێک لە کێشەدارترین بەشی وەرگێڕانی دەق بێت.

بە ڕاڤەی "دیاردە" وشە (ناو و بەشەکانی) دێنە کایەوە. هەر ڕووبەرێکی واتایی کە بیری لێدەکرێتەوە یان "هەستەکی" (حسی)یە یان ئاوەزەکی (عقلی).

بینینی "جوان"، بیرۆکەی جوانی لە لای ئێمە گەڵاڵە دەکات. ئەم بیرۆکەیە لە شێوەی چەمکی "جوانی"دا خۆی دەنوێنێت. واتە چەمک زادەی "بیرۆکە"یە. لە شیکردنەوەی چەمکی "جوانی"دا پێویستیمان بە پاژەکانی دەزگایەکی چەمکی هەیە کە هەرکام لەو پاژانە "زاراوەکان"ن. بۆ نموونە "جوانیناسی" بە زانستێک دەگوترێت کە دەپەڕژێتە سەر شیکردنەوەی چەمکی "جوانی".

ئەرکی زاراوەکان ئەوەیە کە لە پرۆسەیەکی دابەشکاریی مەعریفیدا دەزگایەکی چەمکی ڕوون بکەنەوە. واتە ئەگەر چەمک "هەمەک" بێت، زاراوە ڕوونکردنەوەی "هەندەک" دەگرێتە ئەستۆ. بەکارهێنانی زاراوە ڕێ لە پاتەوپات و درێژدادڕی دەگرێت. واتە زاراوە لە پەنای چەمکدا "جێگیربوونی واتاییی" سیستمێکی هزری دەگرێتە ئەستۆ کە لە بواری زانست و هزرین و فەلسەفەدا "پۆلێنبەندیی دانایی" پێ دەگوترێت.

ئێمە لە وەرگێڕاندا -بەپێچەوانەی نووسین- دەکەوینە دۆخی بەراوردەوە. ئەم "دۆخی بەراورد"ە سوود و زیانی خۆی هەیە. ڕەنگە یەکێک لە سوودەکانی بەراوردی دوو دەق لە کاتی وەرگێڕاندا کە زیاتر "بەراوردی وشەیی"یە لەوەدا بێت کە ئێمە لە "پلەبەندیی واتایی" ئاگادار دەکاتەوە. واتە هۆشیارمان دەکاتەوە کە دۆخی هاوواتایی دۆخێکی ڕێژەییە. وشەکان ئەگەرچی لە فەرهەنگدا بەشێوەیەکی ئاسۆیی لە تەنیشت یەکەوە بەگوێرەی دووری و نزیکی پێوەندیی ماناییان ڕێک خراوە، بەڵام تەنیا لە دۆخی بەراوردی مانای وشەیی بەپێی بەستێن دەتوانین وشەی شیاو بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین. بەراوردی وشەییی نێوان وشەکانی دوو زمان سوودێکی گرنگی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە بەباشی لە پۆلێنبەندیی واتاییی وشە هاوواتاکانمان تێدەگەین. وەرگێڕان ڕەهەندە جیاجیاکانی مانا بەگوێرەی بەستێنەکەیان وەدیار دەخات.

لایەنێکی دیکەیش باری جوانیناسیی وشەییە. بۆ نموونە وشەکانی "گلارە"، "گلێنە"، "سۆما"، بیلبیلە"، "ڕەشێنە" هاوواتان و لە زار و شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا بەپێی ناوچە جیاجیاکان بەکار دێن. بەڵام پەیبردن بە ئاخێزگە و ڕەهەندی سەرهەڵدانی وشەکە ڕوانینی جوانیناسانەی زمانی کوردی لە وشەیەکدا دەردەخات. لەگەڵ ئەوەشدا وشەیەک وەک "سۆما" سەرەڕای هاوواتابوونی لەتەک وشەکانی دیکەی هاوواتای خۆیدا جیاوازییەکی دیکەیشی هەیە. "سۆ" واتای ڕووناکیی بینایی دەگەیەنێت. "ئاسۆ" واتە "سۆ"یەکی گەورە. "بێسۆ" واتە بینایی لێ بڕاوە.

"Optics" بە زمانی فارسی "نورشناسی"یە، بە عەرەبی پێشتر دەگوترا "علم ظواهر و المرایاء"، دواتر لە زمانی عەرەبیدا وشەکە زیاتر لە واتا نیوتنییەکەی نزیک کرایەوە و "علم البصریات"ی بۆ دانرا. لەگەڵ ئەوەشدا هەردووک زاراوە فارسی و عەرەبییەکە ناتوانن تەواوی مەبەستەکە بپێکن. لە ڕوانگەی "نیوتن"ەوە "نور" یان "بینراوەکان و بینایی" لایەنێکی بابەتەکەیە. مەبەستی "نیوتن" "نور و بینایی و توانستی بینایی"ە. دەگرێ توانستی بینایی هەبێت بەڵام دیاردەی ڕووناکی نەبێت؛ لەو کاتەدا "بینین" ناڕەخسێت. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر "توانستی بینایی" نەبێت، سەرەڕای هەبوونی "ڕووناکی" دیسان "بینین" ناڕەخسێت.

لە کاتی وەرگێڕانی ئەم جۆرە بابەتانەدا ئێمە پەی بە واتای چەمکی دەبەین و پاشان بەئاسانی دەتوانین لەو لۆژیکە تێبگەین کە لە زاراوەسازیدا یارمەتیمان دەدات. لایەنێکی دیکەیش دەرخستنی پلەبەندیی واتاییە. "سۆناسی" باشترین زاراوەیە کە دەتوانین بۆ "Optics" پێشنیاری بکەین. وەرگێڕان دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئێمە بە یارمەتیی زمانی یەکەم، پەی بە "پلەبەندیی واتاییی" زمانی خۆمان ببەین. من ئەم پرۆسەیە بە "زوڵاڵکردنەوە" و "زوڵاڵنوێنی" ناودێر دەکەم. بۆ زمانێکی وەک زمانی کوردی کە هێشتا ئاکادیمیایەکی زمانی بەبڕشتی نییە و هەموو ئەرکەکە دەکەوێتە سەر وەرگێڕ و نووسەرەکانی، شارەزاییەکی ڕێژەیی لە زمانناسی و لقەکان و تکنیکەکانی زاراوەسازی گەلێک گرنگە. ئاخاوتن ناتوانێت "شێوەی کارکردنی دەزگای زمان"ێک دەربخات؛ بەڵام وەرگێڕان دەتوانێت ئەم کارەمان بۆ بکات.

وەرگێڕان زیانی خۆیشی هەیە؛ زیانەکەی بەپارسەنگکردنی زمانی بێگانەیە. مەترسیی وەرگێڕان، زیاتر بۆ تازەکارەکانە کە فۆرمەکانی دەربڕینی ڕێزمانیی زمانی یەکەمیش وەردەگێڕن. واتە ڕێزمانی زمانی یەکەمیش وەردەگێڕن. "هێردەر" فەیلەسووفی ئاڵمانی دژی بزووتنەوەی وەرگێڕان و لایەنگرانی بزاڤی ڕۆشنگەریی ئاڵمان بوو. سەردەمانێک هەندێ لە بیرمەندان و ڕووناکبیرانی ئاڵمانی دەیانگوت کە ئێمە دەبێ میراتی هزریی جیهانی ئەنگلۆساکسۆن وەربگێڕین. "هێردەر" دژی ئەمە بوو؛ ئەو لەو بڕوایەدابوو وەها کارێک دەبێتە هۆی ئەوەی تاهەتایە هزری ئاڵمانی ببێت بە کۆیلەی هزری ئەنگلۆساکسۆن. بۆیە پێشنیاری دەکرد لە شیعر و ئەدەبی فۆلکلۆرەوە دەست پێبکەن.

هەڵبەت پرسیارێکی گرنگ لێرەدایە کە ئایا هەموو وەرگێڕێک هورمی زاراوەسازیی هەیە؟! دیارە لەبەر ئەوەی بابەتەکەمان باسی وەرگێڕانە باسی دەقی نووسراو ناکەین، ئەگینا هەمان پرسیار بۆ نووسەریش ڕەوایە.

وەرگێڕی زمانزان و وەرگێڕی بوارێک یان چەند بوارێکی دیاریکراو کە پێوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت لە ڕەوتی ئەزموون و کار و سەروساخت و چەنگەوبازبوون لەگەڵ بوارەکەی دەتوانێت لە چوارچێوەی بواری خۆیدا زاراوەکانی پێشنیار بکات. زیاتر لەوەش گفتوگۆی نێوان وەرگێڕی بوارەکانە کە زیاتر گرنگی بە زانستیبوون بدەن نەک "من منۆکێی" کەسیی خۆیان!

لە پێوەندی لەتەک زاراوەسازیدا ناتوانین بڵێین وەرگێڕ هەموو جارێک دەتوانێت لە پێشنیارکردنی هاوتای زاراوەیەکی تایبەتدا سەرکەوتوو بێت، بەڵام گرنگیی وەرگێڕان لەم بارەوە بەرچاوڕوونییەکە کە تێگەیشتن لە زاراوەکە بۆ زمانی دووەم دروستی دەکات.

ئەم بەرچاوڕوونییە دەبێتە هۆی بەرینبوونەوەی ڕووبەری بیرلێکراوەی زمان. بەم واتایە کە ئاسۆیەکی واتایی نوێ بەڕووی زماندا دەکاتەوە. من وای بۆ دەچم کە وەرگێڕان هەمیشە ڕووبەری بیرلێنەکراوەیە کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە پاش هەر دەقێکی وەرگێڕدراو ڕووبەری بیرلێکراوەی زمان بەرفراوانتر دەکاتەوە. چونکە لە ڕێگەی بەریەککەوتنی دوو دەقەوە ئەزموون‌نەکراوەکانی زانین، دەخاتە نێو جەغزی زانینەوە. هەموو چەمکێکی نوێ دەتوانێت هێشوویەکی زاراوەکان بۆ ڕوونکردنەوەی دەزگایەکی هزری دابڕێژێت کە دەبێتە هۆی ئەوە کە هێڵی ستوونیی زمان (هزرین و زانست) قووڵتر بکاتەوە و هاوسەنگییەک لەنێوان هێڵی ئاسۆیی و هێڵی ستوونیی زمان دروست بکات.

بەبێ توانای وێناکردنی واتای چەمکی، ئێمە ناتوانین زاراوەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک دابڕێژین. هەموو چەمکێک واتایەکی هەمەکی وەردەگرێت کە زاراوەکان وەک "هەندەک" پاژەکانی شی دەکەنەوە. کاتێک باسی سیستمێکی چەمکی دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کە بەشەکانی ئەم سیستمە لە باری نیشانەناسییەوە بەگوێرەی زاراوەکان "نیشانەدار" کراون. "واتاداری"، بەگوێرەی سیستمێکی نیشانەییە کە ئامانجەکەی ڕەخساندنی "تێگەیشتن"ە. وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی ڕاڤەییی دەروەست نابێ واتاکان "دەور" بداتەوە، بەڵکو دەبێ واتاکان لە زمانی دووەمدا هاوتا بکاتەوە، بەباشی ڕێز لە ناسنامەی کەرستە زمانییەکان بگرێت و لە هەمان کاتدا ئاگاداری ڕێڕەوی ڕستەسازیی زمان بێت. ئەوەی کە دەگوترێت "وەرگێڕان خیانەتکردنە لە دەق" لەو کاتەدایە کە ئێمە "واتاکان" دەور دەدەینەوە و ڕێز لە ناسنامەی یەک بە یەکی کەرستە زمانییەکان ناگرین و لە ڕەوانبێژییەکی ساختەدا لەنێو ڕستەدا دەیانتوێنینەوە. بەداخەوە هەندێ جار بەناچاری ئەمە ڕوو دەدات و لە هەموو زمانێکیشدا دەکرێ ڕووبدات! تەنیا لەبەر ئەوەی "دەقاودەقکردنەوە" مەحاڵی وەرگێڕانە. ئەمە ئەو شتەیە کە من بە "مەودای پڕنەکراوەی واتایی" ناودێری دەکەم.

هەموو زمانێک کەم و زۆر توانستی داڕشتن و لێکدان و ڕۆنانی بەگوێرەی تایبەتمەندیی ڕێزمانیی خۆی هەیە. داهێنانی هزر و کەرستەکانی ژیان لە هەموو فەرهەنگێکدا خەرمانی وشە و زاراوەی زمان زیاتر دەکات. ئەو وشانەی کە بەرهەمی داهێنراوی کۆمەڵگەیەکی تایبەتن بە دژواری وەردەگێڕدرێن یان هەر وەرناگێڕدرێن. هەر بۆیە بەشێکی بەرچاوی ئەم داهێنانانە ئەگەر بەجیهانی بکرێن، دێنە نێو زمانەکانی دیکەوە و بەناچاری لە زمانی دیکەدا بەکار دەهێنرێن.

بەشێک لە زاراوە و وشەکان بەرهەمی ڕامان و بیرکردنەوەی زانستی یان فەلسەفین. هەرچەند ئەم  وشانە بەرەنجامی سیستمێکی هزری یان زانستین، بەڵام لە باری وێنایی و ماناکێشەکێ (تداعی معانی)وە ئێمە دەتوانین لێیان تێ‌بگەین. هەر بۆیە دەتوانین بیریان لێ‌بکەینەوە و هاوتای شیاویان بۆ پەیدا بکەین؛ بەو مەرجەی لە لۆژیکی واتایی و ئاخێزگە و بەستێنی واتاییان تێ‌بگەین. بە بڕوای من، هەمیشە کەرتێک لە مانا لە زەینی ئێمەدا هەیە کە لە تێگەیشتن لە واتا و چەمک و زاراوە بێگانەکاندا یارمەتیمان دەدات. ئەم کەرتی واتاییە، ڕەنگە بەرهەمی تێڕامانی دیاردەییی ئێمە لە ژینگە و سروشت و دۆخی دەروونی و ناخەکیمان بێت کە بەگوێرەی ماناکێشەکێ دەتوانێت لەو مانایە تێبگات کە لە چەمک یان زاراوەیەکی بێگانەدا پەپکەی داوە. بۆ نموونە:

لە تێگەیشتن لە زاراوەکانی وەک "جزر و مد" چەشنی دیاردەیەکی جوگرافیایی کە لە زانستی جوگرافیادا بە هەڵکشانی ئاوی دەریا - بەگوێرەی هێزی کێشمانی مانگ - دەگوترێت، پێش دۆزینەوەی ئەم دیاردەیە، ئێمە هیچ زانیارییەکمان نەبوو. هاتنە ئارای ئەم زاراوە زانستییە و پێویستیی تێگەیشتن لێی بووە مایەی کنەی زمانیی ئێمە. ئەم زاراوەیە لە زەینی زمانیی خەڵکدا بەشێوەی خۆڕسک جێی خۆی کردەوە. لە "ڕشتەی مرواری"دا بۆ زاراوەی "جزر" و "مد"، "نیشتاو" و "خێزاو" بەکار هاتوە. ئەم وشەیە بەئاسانی دەتوانێت واتای جوگرافیایی "جزر و مد" بگەیەنێت. ئەم تێگەیشتنە لەبەر گیرسانەوەی وشەی "ئاو" لە پاڵ "نیشت" و "خێز" وێنای جوگرافیاییی "جزر و مد"ی ڕەخساندوە. واتە زەینی ئێمە توانیویەتی شوێنپێی نیشانەیی واتا هەڵبگرێتەوە و لەو لۆژیکە تێ بگات کە زاراوەکە لە خۆیدا هەڵیگرتووە. هاوکات ئەم زاراوەیە واتای میتافۆریکیش دەگەیەنێت؛ لە بواری سیاسی و ئابووری بەکار دێت. لە بواری ئابووریدا دەتوانین بۆ ئەم زاراوەیە "هەڵکشان" و "داکشان" دابنێین؛ چونکە پێوەندیی بە پێنوێنی نرخەوە هەیە و "هەڵچوون" و "داچوون" بۆ بواری سیاسی دەگونجێت؛ لەبەر ئەوەی گۆڕانکاریی سیاسی پێوەندیی بە ڕەفتاری کارەکتەری سیاسییەوە هەیە. پۆلێنبەندیی واتاییی ئەم زاراوەیە بەگوێرەی واتای ڕاستەقینە و واتای میتافۆریک و خوازەیی، بەگوێرەی زمانی کوردی هەمان هاوتاکردنەوەیە. ئەگەر "جزر" و "مد" لە زمانی عەرەبیدا هەم وەک زاراوەیەکی جوگرافیایی لە واتای ڕاستەقینە و هەم بە واتای میتافۆریک بەکار دێت، ئێمە ناتوانین "نیشتاو" و "خێزاو" وەک واتای میتافۆریک بەکار بهێنین. هەر بۆیە ئێمە واتای میتافۆریکی ئەم زاراوەیە لە زانستی ئابووریدا بەگوێرەی بەستێنی ئاماری و ماتماتیکی و لە سیاسەتدا - بەپێی ڕەفتاری کارەکتەری سیاسی - دەروونناسانە و کۆمەڵناسانە لێک دەدەینەوە و دایدەڕێژین. ئەمە هاوتاکردنەوەیە کە لە زاراوەسازیدا دەبێ ڕەچاوی بکەین و وەرگێڕان گۆڕەپانی پەیبردن بە شێوەی هاوتاکردنەوەی زاراوەییە؛ لەم مانایەدا دەتوانین لە تایبەتمەندیی ڕاڤەییی وەرگێڕان تێ بگەین.

***

تێبینیی "کوردستان":

ئەم باسە لەسەر وەرگێڕان قەرار بوو لە کۆڕیادی "وەرگێڕان پردە بەهێزەكەی پەیوەندیی نێوان كولتوورە جیاوازەكان"دا پێشکێش بکرێت کە ڕێکخراوی "کەریم عەلەکە" بۆ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ (١٢/٥/٢٠٢٤) لە شاری سلێمانی ڕێکی خستبوو، و لەم کۆڕەدا بڕیار بوو "م. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە" خەڵاتی وەرگێڕی نموونەیی پێ دەبەخشرێت. بەڵام ئەم کۆڕە ئەدەبییە نیوسەعات پێش دەسپێکەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری سلێمانییەوە ڕێگری لە بەڕێوەچوونەکەی کرا.