کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی نێونەتەوەیی ئێران، جیهان کەی وەخەبەر دێ؟

19:22 - 5 جۆزەردان 2724

د. مەجید حەقی

ڕۆژێک دوای هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەیوید کامێرۆن (David Cameron) وەزیری دەرەوەی بریتانیا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند ئێستا هەموو جیهان نێوەرۆکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەناسێ و دەزانێ کە ڕێژێمی ئێران، ڕێژیمێکی شەڕئەنگیز و مەترسیدارە.  چەندین ساڵ بەرلەوەی ئێران لە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران هێزی مووشەکەکانی خۆی لە ڕێگەی تێرۆریزمی دەوڵەتی و هێرش بۆ سەر بنکەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و بارەگانی حیزبە کوردستانییەکان و جاروباریش هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە نێوخۆی عێراق و باشوور تاقی کردبۆوە. بەڵام هیچ‌کام لەو هێرشانە کە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس لە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و ژمارەیەک لە خەڵکی باشووری کوردستان لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بە شێوەی جیددی وەرنەگیرا.

‌هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئاشتیی جیهانی لەو ڕۆژەدا دەرکەوت کە ئایەتوڵڵا خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ فەرمانی جەهادی دژی نەتەوەی کورد ڕاگەیاند. ڕێژیمی ئێران هەرلەو ساتەدا نیشانی دا شتێک ناناسێت بەناوی پەیمانە نێونەتەوەییەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ کە دەوڵەتی ئێرانیش واژۆکاری ئەو پەیمانانە بووە. یان داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ و دواتر چەند جار هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکانی بریتانیا و عەڕەبستانی سعوودی دەریخستووە کە ئەم ڕێژیمە پێملی هیچ پڕەنسیپ و یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی نییە.

لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا جیا لە ئاپارتایدی سیستماتیک دژی نەتەوەی کورد، تۆڕەکانی تێرۆریستیی ئێران لە هەر جێگەیەک بۆیان لوابێت خۆیان لە ئەنجامی تاوانی دژی مرۆڤی نەپاراستوە و سەدان کەس لە تێکۆشەرانی کوردستانی و ئەندامانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لەلایەن تێرۆریستانی سەر بە ئێران کوژراون و بریندار بوون کە بەرچاوترینیان تێرۆری ڕێبەرانی کورد -د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، و د. سادق شەرەفکەندی- لە هاوینی ساڵەکانی ١٣٦٨ و ١٣٧١ی هەتاوی بووە.

هێرشی ٢٥ی خاکەلێوە بۆ سەر ئیسرائیل ڕاستییەکی شاراوەی بۆ جیهان ئاشکرا کرد. لە ئاوریلی ٢٠٢٢دا دوو مانگ دوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، سەرانی ناتۆ لە کۆبوونەوەی بەرزی خۆیاندا دەوڵەتی ڕووسیەیان وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دێموکراسی و ئاشتیی جیهانی و حکوومەتی چینیان وەک مەترسییەکی جیددی بۆ داهاتوو لە قەڵەم دا. چین دووەمین ئابووریی جیهان دوای ئەمریکا، خاوەنی پێوەندییەکی ئابووریی بەهێزە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا. ئەمە کە چین و ئەمریکا لەسەر پرسی تایوان ناکۆکییان هەیە و ڕکەبەری یەکترن لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیی سەربازی و ئابووریدا شتێکی حاشاهەڵنەگرە. هەڕەشەی چین بۆ سەر تایوان و پابەندیی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتە "شەبەحی" شەڕی جیهانیی سێهەم دەخاتە ڕوو. بەڵام ئێستا دەتوانین بێژین ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێت هەرکات بیهەوێ جیهان بەرەو وێرانکاری ببات.  

جیهان ئەمرۆ دەبێ تێگەیشتبێت کە سەرەرای ئەوەی چین هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا، بەڵام چین ئاگاداری ئەو ڕاستییەشە کە ئەگەر کێشەکانی لەگەڵ جیهان لە ڕادەیەک زیاتر قووڵ بێتەوە، ئەوا زەرەرمەندی یەکەم لەو نێوەدا خۆی دەبێت. دوای ئەوەی چین لە دێسامبری ساڵی ٢٠٠١دا بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی جیهانیی بازرگانی، سەدان میلیۆن کەس لە خەڵکی چین لە هێڵی هەژاری ڕزگاریان بووە و ئابووری و ژیانیان بەرەو باشتربوون چووە. چین ئەمرۆ عەمباری هەموو کاڵاکانی جیهانە. کەوابوو لە ڕووی ئابوورییشەوە بێت ڕۆژاوا و چین ناتوانن کێشەکانی خۆیان زۆر قووڵ کەنەوە. بۆ حیزبی کۆمۆنیستی چین مادام خەڵکەکەی کاریان بە سیاسەت و ڕەخنە لە دەوڵەت نەبێت، خۆشبژێوی ژیانی خەڵک زۆر گرینگە و نایهەوێ هێزی ئابووریی خۆی فیدای ئایدیۆلۆژیی سیاسی بکات؛ بەڵام ئێران!

ئێران خاوەنی ٩٪ی سەرچاوە ژێرزەوییەکانی جیهانە و ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە نزیک ١٪ی هەموو جیهانە. بەپێی ڕاپۆرتی سندۆقی جیهانیی پووڵ لە سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئابووریی ئێران کەمتر لە نیو لە سەدی ئابووریی جیهانە. بەو پێیە کۆماری ئیسلامیی ئێران شتێکی نییە بۆ دۆڕاندن. ئێستا بۆ هەموو جیهان دەرکەوتووە کە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکانیش دەرفەتن بۆ ئەوەی سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی و هەڕەشەئەنگێزانەی خۆی لە ناوچەدا پەرە پێ بدات و ببێتە هۆی کێشە و سەرئێشەی پتر لە جیهاندا. وڵاتێک کە خاوەنی ٩٪ سەرچاوەی ئابووریی جیهان بێت، سەرمایەی ئەوەی هەیە لە ڕێگەی پرۆکسییەکانی خۆی و پشتیوانی لە هێزە تێرۆریستییەکان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەر هەموو جیهان. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئانقەست گفتگۆکانی بە هێنانەگۆڕی داخوازی نەشێن (نامومکین) بە چەقبەستوویی هێشتووە، بۆ ئەوەی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان ئێران بتوانن پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بەرەو پێش بەرن. بەوە ئەوان دەتوانن هەم لەلایەک ئیدیعا بکەن کە ئێران وڵاتێکی ئەتۆمی نییە و جارێ پابەندە بە پەیمانی قەدەغەی گەشەکردنی چەکی ناوکی و لەلایەکی دیکەوە دەستی بەسەر پەلاپیتکە بێت بۆ هەڕەشەکردن لە جیهان. 

لەو سەردەمەی ئێمە تێدا دەژین، کەمتر وڵاتێک هەیە بە ئاست کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاشتیی جیهان. زۆرترین وڵاتانی ڕکەبەری جیهان لە ڕکەبەرییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانی خۆیان لانی کەمی نۆرمەکانی یاسای نێونەتەوەیی ڕەچاو دەکەن. لەو نێوەدا ئێران سیمای تاریکی هەموو حکوومەتەکانی جیهانە و نەتەنیا هەڕەشەیە لەسەر خەڵکی ئێران، بەڵکوو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هەموو وڵاتانی هاوسێی خۆیشی و ئەگەر ڕۆژێک پێی بکرێت بە مووشەکە دوورهاوێژەکانی خۆی دڵی ئورووپا و ئەمریکاش دەکاتە ئامانج.

سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژئاوا هەتا ئێستا لە سەپاندنی گەمارۆکان و سزادانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیدا کورت کراوەتەوە، بەڵام گەمارۆکانی تا ئێستای ڕۆژاوا لەسەر ڕێژیمی ئێران کاریگەر نەبوون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان نەوەستاندوە. ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران وێرای دەوڵەتە پاوانخوازەکانی دیکە بە کەلک‌وەرگرتن لە دۆخی ئاڵۆزی نێونەتەوەیی فێری ئەوە بووە گەمارۆکان بۆخۆی بکاتە دەرفەت، هەم بازیان بەسەردا لێ بدا هەم و دوور لە چاوەدێریی نێونەتەوەیی گەشە بدات بە تواناییە چەکداری و سەربازییەکانی خۆی و هێزی ماسوولکەیی خۆی بۆ سەرکوتی نێوخۆیی و هەڕەشە لە جیهان پەروەردە بکات. لەو نێوەدا کەمایەسییەکی دیکە ئەوەیە کە ڕۆژاوا هێز و توانای نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی پشتگوێ خستووە. بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەزاڵەهاتوو لە ڕێژیمی ئێران، نەتەوە بندەستەکانی ئیران باشترین دەرفەتن و دەتوانم بێژم تاقانە هێزن کە ڕێژیمی ئێران لێیان دەترسێ و نیگەرانی بەهێزبوونیانە. ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەبوا هەتا ئێستا بۆیان دەرکەوتبا پشتیوانیی سیاسی لە خەباتی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە کە ئێران ناچار بە گۆڕانی ڕەفتاری خۆی دەکات لە ئاستی نێونەتەوەییدا.

هەلومەرجی دوای هیرشێ ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دەرفەتێکی تازەی بۆ هێزە سیاسیەکانی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی ئیران خوڵقاندوە. فرەچەشنی نەتەوەیی لە ئێران وای کردوە کە لە ئێراندا هیچ هێزێکی سەرانسەری نەبێت و بەکردەوە کۆکردنەوەی سەرنج بۆ سەر هێزە بەناو سەرانسەرییەکان -کە بە بڕوای نووسەری ئەو دێرانە هێزی ناوەندگەرا و پاوانخوازن هەتا سەرانسەری- خوڵقاندنی دەرفەتە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێستا کە نێوەرۆکی شەڕەنگیزانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان ناسراوە، پێویستە قووڵایی خەباتی دیپلۆماتیک و نێونەتەوەیی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورد بەرینتر بێتەوە. کاتی ئەوە هاتوە لە تەنیشت بەرزکردنی دۆسیەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە سیاسیەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، دۆسیەی ئاپارتایدی سیستماتیکی نەتەوەکان، هەڕەشەکانی هاوبەشی ئێران دژی نەتەوە بندەستەکان و جیهانی بخرێتە گەڕ و پۆتانسیەلی خەباتی نەتەوەیی بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکان زەق بکرێتەوە.

ڕووی قسەی من لە هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە: ئێمە ناتوانین تەنیا بە پێرەوی کردن لە شێوازی ڕابردووی دیپلۆماسی و پێوەندییەکان پرسی نەتەوەیی خۆمان بەو ئاستەی کە پێویستە بەرز بکەینەوە و پشتیوانیی جیهان بەرەو لای خۆمان ڕاکێشێن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بایەخەکان، دروشمەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە چوارچێوەی ستراتێژییەکی نەتەوەییدا دابڕێژرێت و دیپلۆماسیی نەتەوەیی جێگەی دیپلۆماسی پەرتەوازە و بێ دوورەدیمەن بگرێت. بەوە لەوانەیە جیهان دەنگی ئێمە ببیزێت و لە پەراوێزەوە ببین بە فاکتەری دیاریکەر.