کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کناچەیەک لە ئاورێشمی ئاگر

12:15 - 6 جۆزەردان 2724

شەهلا دەباغی

ڕەنگە نە ژینا و نە بنەماڵەی ژینا هەرگیز بە خەیاڵیشیاندا نەهاتبێ کە بەهۆی سەفەرێکی ئاسایی بۆ تاران تووشی سەربردەیەک دەبن کە نەک هەر ژیانی ئەوانی گۆڕی، بگرە بوو بە چەخماخەی جوڵانەوەیەکی مافخواز لە کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران. ڕەنگە ئەوکات کە ڕۆژێکی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٢ ژینا دەستبەسەر کرا، ئاگاهانە لەبەرامبەر پۆلیسی ئەخلاقدا پارێزگاری لە مافی خۆی کردبێ، بۆیە کەوتە بەر شاڵاوی زەبروزەنگ و دواتر گیانی بەخشی. هەر چۆنێک بێ لە سیستیمی پۆلیسیی ئێراندا هەر بەرخۆدانێک دەتوانێ ئاکامی چاوەڕواننەکراو بەدووی خۆیدا بێنێ. جا خۆ ئەگەر کورد بی زۆربەی جار ئاکامی بەرخۆدانت مەرگی جەستەتە. بەڵام داگیرکەر قەت ناتوانێ لە هێزی ئەو مەرگانە تێ بگا. هەر ئەمجۆرەی جوانەمەرگ بوونی ژینا بوو بەهۆی جووڵانەوەیەکی بەرین. جوڵانەوەیەک کە لەگەڵ جووڵانەوەکانی پێشتر جیاوازییەکی قووڵ و بەرچاوی هەبوو.

جووڵانەوەی ژینا لە کوردستان بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە هەم کوردانە بوو و هەم لایەنگری مافی ژنان و هەم پێی لە ویستی دادپەروەری زەحمەتکێشانی کوردستاندا هەبوو. جووڵانەوەی ژینا بۆ جیهان پەردەی لەسەر ئەو زوڵمانە لادا کە زیاتر لە سەد ساڵە لە جوغرافیای ئێران و زیاتر لە چل ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی ئاخووندەکاندا لە کورد دەکرێ.

لە ڕۆژانی جووڵانەوەی ژینادا بە دەیان دەق نووسران و دەیان پەرفێرمانس و شانۆ لەسەر شەقامەکانی تاراوگە نیشان دران. یەک لەو دەقانەی کە نووسرا چامەشێعری "کناچەیەک لە ئاوریشمی ئاگردا" لە نووسینی پێشمەرگە و شاعیر ئاکۆ ئەلیاسی بوو.

کناچەیەک لە ئاوریشمی ئاگردا پێش ئەوەی تەنیا شێعرێک بێ گێڕانەوەی مێژوویەکە. گەڕانەوەیەکە بۆ سەردەمانی کۆن. ئەو کات کە ژن، سروشت، دایک، ئاو و نوور سەرچاوەکانی ژیان دەهاتنە ئەژمار. ئەوساکە ژن دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگەدا دەشکا و ژیان ڕووناکی بوو.

ژینا کچێکی زۆر ئاسایی، بەدوای ژیانێکی زۆر ئاسایی بوو کە مافی هەر ئینسانێکە لەسەر‌ ئەم گۆیە. ژینا نوێنەرێکی ئاسایی نەسڵی خۆی بوو هەر بۆیە مەرگی ژینا هەموو ئینسانە ئاساییەکان کە ژیانیکی ئاساییان لێ هەستێندراوە و کەوتوونەتە کوت و زنجیر هێنایە شەقام.

ژینا تەوارێک کە بۆ سەفەرێکی ئاسایی دەچێتە شارێکی غەریب، ئەو شوێنەی کە بۆتە کۆگای سامان و غەدر، ژینا شەپۆلێک لە ڕووناکیی زێڕینە، ژینا کەنیشکێک لە دلۆڤانیی نوور، ناسکە ڕێواسێک کە لەناو بەفری زستان سەری هەڵداوە و بە ئەلفوبێی شاخ و ڕووباران گوڵی گرتوە، بەسەر پەیژەی تریفە و شەتاوی خۆرا سەردەکەوێ  تا ڕووناکی بخاتە هەرێمی قیڕەقیڕ. بەڵام ژینا دەکەوێتە بەر غەدری هەمیشەیی تاران.

 تاراوگەی تاران ژنکوژە. تاران لەنجە و جەستەی ژنی ئەوپەڕ تا  "سیغە" گەرەکە و حوکمی ئاخوندەکان بەردەوام هەوڵی بزرکردنی ژنیان داوە. جا خۆ ئەگەر ئەو ژنە کناچەیەک لە ئاوریشمی‌ ئاگری کوردستان بێ ئەوا مەرگی لە حوکمی غەزایە و شەرعی.

زەردەی قژ و چاوی ژنی کورد کە تا ئێستاش نەچۆتە ژێر حوکمی پەچە و شەرعی تاران، وەک تیرڕێژ دەڕژێتە هەناوی داگیرکەرانی تاران. ژنی کورد کە بۆن و ڕەنگی تریفە و بەفر و گوڵ و ڕووبار و عەشقی لێوە دێ، فرشتەیەک کە چل ساڵە نەچۆتە نێو دنیای تاریکی دین و کۆڵەباری پەیامی "ژن ژیان ئازادی" لەسەر شان هەڵگرتوە، ژنی کورد هەر ئەو کات کە تاران وەک مارێک دمی لە خوێنی خەڵک نا، بوو بە هاواری تۆڵە، ئێستا دەیهەوێ لە هەرێمی غەدر دا بپشکوێ.

کیژۆڵەیەکی کورد هەموو جوانەکانی مێژوو دەگرێتە باوەشی خۆی. ئیدی مێژوویەکی تازە بەدەست ژن جێی بۆنی زوڵف و خاڵی ژنانی سەمەرقەند و بوخارا دەگرێتەوە. ژن دەبێتە میسکی ئازادی و هەموو ژنانی دنیا چاوی لێدەکەن و لێی فێردەبن. ژینا دەبێتە ڕەمزی ئازادی و ماف و بەرخودان. ژینا چاوی دنیا دەهێنێتە سەر وڵاتی مێهر و نوور کە سەردەمانێک لانکەی تەمەدوون و گەشە بووە. وڵاتی کوردان کە لە ڕۆژی یەکەمەوە "نا"ی بە ئاخوند و شەرع کوت.

جووڵانەوەی ژینا شاخ و شەقام لێک دەبەستێ و لەسەر شەپۆلی کورتی قەڵاوە دەڵێ "ئێرە دەنگی ڕۆژهەڵاتە" یا باشترە بڵێین "ئێرە دەنگی کوردستانە". کچێک گیانی دەبەخشێ بەڵام بوڕکانێک لە پێناو مافی ڕەوا دا دەتەقێتەوە. ئێرە دەنگی مەشخەڵانی ڕزگاری دژی شەوی داگیرکارییە.

 ژینا دەبێتە تاجی سەر. ژنی کورد لە پێناو ئازادی و ژیان دا هەمیشە پێشەنگ بووە و ئەوە تازە ئێستا دنیا دەیبینێ. ژینا/ژنی کورد دوور لە جیهانی مۆدێلینگ و فەشن، دەبێتە ئۆلگوو و ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرچاوەکانی خۆی کە بریتییە لە نوور، ئاو، خودایەتی. ژینا دەبێتە ڕەمز. ڕەمز بۆ ژنایەتی، دایکایەتی، خوڵقاندن، ئازادی و لە هەمووان گرینگتر دەبێتە ژندارک، دەبێتە لەیلا، دەبێتە ڕەمزی ڕزگاری، داد و یەکسانی.

کناچەیەک لە ئاوریشمی ئاگر، ژینا گیان تۆ نامری. ناوت بۆتە ڕەمز.