هەردی سەلیمی
لە زیاتر لە بیست ساڵی ڕابردووەوە ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایان لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران و لە کوردستان چالاکی بەردەوامیان هەبووە و هەیە. ئەگەرچی هەندێک جار بەهۆی بارودۆخ یان زەختی لایەنە ئەمنییەکان تووشی جۆرێک لە بێدەنگی بووە، بەڵام بەگشتی لەم ماوە زەمەنییەدا بەتایبەت لە کوردستان لە چالاکییەکانی بەردەوام بووە.
ئەم ئەنجومەنە لەو سالانەوە چەندین داواکاریی گرینگی هەبووە کە وەک هێڵی سووری داواکارییەکانی سەیری کردووە، لەوانە: نەهێشتنی هەڵاواردن لە بواری پەروەردە و ڕاهێنان و هەوڵدان بۆ نەهێشتن و لابردنی هەر چەشنە پەروەردەیەک کە دەرخەری جیاوازیدانان لە نێوان قوتابییاندا بێ وەک خوێندنگەی جیاواز، پلان بۆ گۆڕینی کتێبە دەرسییەکان لە ڕووی سیما و نێوەرۆکەوە بەتایبەت بە مەبەستی سڕینەوەی ئیدئۆلۆژی لە کتێبەکان و هەروەها لابردنی کەشی تاکڕەگەزی لەسەر کتێبەکان، هەوڵدان بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک بەلووچستان و کوردستان کە لە ڕووی ئاوەدانییەوە بەئەنقەست دوا خراون، ناچارکردنی دەوڵەت بەوەی پەروەردە لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە هەتا دوایین قۆناغەکانی خوێندن بەخۆڕایی بێت، خوێندن بە زمانی دایکی لەو ناوچانەی وا نەتەوەی نافارسی لێیە و...
وەک دەبینن ئەم داواکارییانە هەموو لە خزمەتی قوتابییان و کۆمەڵگەکەدایە و تەنیا داوایەک کە لە بەرژەوەندیی خودی مامۆستایاندا بێ گەڵاڵەی پلەبەندییە کە ئەویش لەگەڵ ئەوەی مافی بێئەملاوئەولای خۆیانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کێیە لەم ڕاستییە دڵنیا نەبێ کاتێک مامۆستایەک خەمی نان لێی گەڕێ دەرکەوتێکی باشتری نابێت لە کارەکەی خۆیدا کە پەروەردە و ڕاهێنانە؟! بەڵام سەرەڕای ئەوەش بۆ ئەوەی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە لە مامۆستایان دوور بخرێنەوە و هاوسۆزییەکیان لەگەڵیاندا نەبێ، بەئەنقەست و بەپێی پیلان ئەوە زەق دەکەنەوە کە بە وتەی ئەوان: "بۆ گیرفانی خۆیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، نەک ئەوەی لە خەمی منداڵانی خەڵکدا بن"! کە ئەم ڕوانینە، ڕوانینی دەسەڵاتە و بەمەبەستی تەریکخستنی ناڕەزایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە.
ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایان ڕەنگە هەتا ئێستا بەو دەسکەوتانەی وا لە ئاسۆی ڕوانینیدایە نەگەیشتبێ، بەڵام دەستی لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە و هەمیشە وەکوو سەرێشەیەکی جددی لای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێناسە کراوە. لە گەرمەی شۆڕشەکەی ژینادا ئەنجومەنی مامۆستایان بەتەواوی و بە هەموو هێزی مەعنەوی و ماددیی خۆیەوە پاڵپشتیی لەو شۆڕشە کرد و تەنانەت لە شارێکی وەک سەقز ١٤٠ مامۆستای قوتابخانە بە کەمکردنەوەی مووچە سزا دراون، وەک باس کرا لە درێژەی ئەم ساڵانەدا هەر لە سەنگەری مافویستیدا بوون، ئێستا پرسیار ئەمەیە گەر ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا بەهۆی داواکاریی مووچە بووایە، بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هێندە پێیان قەڵس دەبوون؟ لە ڕاستیدا دەبێ بڵێین ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایان یەکێک لە دیارترین و پێشکەوتووترین ئەنجومەنەکانە وا لە نێوخۆی ئێراندا و سەرەڕای هەموو گوشارەکان درێژەی بە تێکۆشانی خۆی داوە و دەدا؛ چون بەشێوەیەکی قووڵ و ڕیشەیییش بۆ کێشەکان دەڕوانێ، هەربۆیە وەبەر غەزەبی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کەوتووە.
گەڵاڵەی پلەبەندییەکە کە مافی سەرەکی و بنەڕەتیی مامۆستایانە، تەنانەت لەوەشدا دەستی هەڵاواردنیان تێخستووە و وەک ئیمتیازێکیان لێ کردووە بۆ ئەوەی گوشارێک بێ لەسەر مامۆستایانی ناڕازی و چالاک، بۆ نموونە دەبێ ئیدارەی ئامووزش و پەروەرش و حەراسەتی ئەو بەشە کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە ئەو مامۆستایە تەئید یا ڕەد بکا بۆ ئەوەی ئەو مافەی پێبدرێ یا لێی بستێنرێ؛ بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەیانەوێ ئەم بەبارمتەگرتنی مافە بکەنە گوشارێک بۆ ئەوەی مامۆستایان واز لە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ بێنن!
لە ئاستی ئێراندا ٢٥ ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایان هەیە کە سێ دانەیان لە کوردستاندان و لە شارەکانی سەقز و مەریوان و سنەدا چالاکن و دەتوانین بڵێین لە ڕووی تێکۆشانەوە سەرباشقەی هەموو ئەو ٢٢ ئەنجومەنەی دیکەن؛ لەخۆڕا نییە هەر لەم ماوەی پێشوودا چەندین مامۆستا لەم شارانە لەسەر کار لابران یا تووشی زیندان و دەسبەسەرکردن و کەمکردنەوەی مووچە و... بوون؛ بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە کە هەتا زیاتر مافیان پێشێل دەکرێ، مکوڕتر دەبن لەسەر تێکۆشانیان.
وەک دوایین وتەش دەبێ بوترێ سیستمی پەرەوەردەی کۆماری ئیسلامی پاش ئەم هەمووە ساڵە و ئەو هەمووە تێچووە، هەم مامۆستایانی دەرچوو لە سیستمی گوزینشییەکەی خۆی، بەدژی دەرکەوتوون، هەمیش ئەو وەچەی کە لەبەر دەستی ئەواندا و بە کتێبە ئیدئۆلۆژیلێدراوەکانی ویستی پەروەردەیان بکات، لەدژی ڕاسان، کە نموونەی بەرچاوی لە شۆڕشی ژینادا بەتەواوی دەرکەوت و کۆماری ئیسلامی لەم ڕووەشەوە دۆش داما.