سمایل شەرەفی
دوای ماوەیەک چاوەڕوانی و قسە و باس و پێشبینییەکان لەسەر چارەنووسی کاندیداکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری لە ئێران، شوڕای نیگابان بە ڕەتکردنەوەی، مەحموودی ئەحمەدینژاد، سەرۆکۆماری پێشوو، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی مەجلیس، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرکۆماری پێشوو و هەروەها لادانی زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو کەسانەی لە کابینەی دەوڵەتی سەرۆکۆماری کوژراو، ئیبراهیم رەئیسی و مەجلیسە ئینقلابییەکەی خامنەییەوە هاتبوون و ناویان تۆمار کردبوو، تەنیا شەش کەسی وەک کاندیدی سەرکۆماری تەئیید کرد.
مستەفا پوورمحەممەدی، سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف، عەلیڕەزا زاکانی، ئەمیرحوسێن قازیزادە و مەسعوود پزیشکیان ئەو شەش کاندیدەی پۆستی سەرکۆماری بۆ خولی چواردەهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمارین کە لەمڕۆوە تا ڕۆژی ٧ی پووشپەڕ (ڕۆژێک پێش لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان) تەبلیغ و پڕوپاگەندەکانیان دەست پێ دەکات.
سەرەتا جێی ئاماژەیە ئەو تاریف و پیاهەڵدانە پڕوپوچانەی عەلی خامنەیی وەبیر بێنینەوە کە باسی لە "پڕدەسکەوتبوون"ی دەوڵەتی رەئیسی و "ئینقلابیبوون"ی مەجلیسی ئێستا دەکرد، لە حاڵێکدا بە فەرمانی خودی جەنابیان، شوڕای نیگابان جیا لە قالیبافی سەرۆکی مەجلیس کەسیانی بە شیاوی ئەوە نەزانی کە کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری بێت!
ئەوانەی ئێستا بە فەرمانی عەلی خامنەیی و تەئییدی شوڕای نیگابان هاتوون، جیا لە مەسعوود پزیشکیان کە دواتر باسی دەکەین، هەر هەموویان وەک دەڵێن؛ "یان دز بوون یان قاتڵ" و لەگەڵ ئەوەی هەمووانیان سەر بە بەرەی هەرە بناژۆخوازی دەسەڵاتن، بەڵام دوو کەسیان (قالیباف و جەلیلی) لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەیتی ڕێبەرین. وێدەچێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بەتایبەت ڕۆژانی نزیک بە هەڵبژاردنەکان بەشێک لەم چەند کەسە بە قازانجی مۆرە سەرەکییەکە پاشەکشەیان پێ بکرێت. فرەیی کاندیدەکان لە نێو بەرەی بناژۆخوازدا دەرخەری کۆمەڵێک کێشە و بەرژەوەندیی گرووپی و جەناحییە کە وا دیارە خامنەیی جارێ لە فازی دڵڕاگرتن و ئیمتیازپێدانیان دایە کە لە کۆتاییدا ئەوەیان زیاتر ملکەچ و گوێڕایەڵتر بێت بۆ خامنەیی و پرسی جێگرەوەی ڕێبەری، سەر لە سندووقەکان دەردێنێ.
مەسعوود پزیشکیان کە چوار دەورە نوێنەری تەورێز لە مەجلیس بووە و گەلێک جار ڕایگەیاندوە و نەیشاردۆتەوە کە ئیرادەتێکی تایبەتی بە ڕێبەری نیزام، عەلی خامنەیی هەیە و چەند جارێک وتوویەتی "ئەگەر بەپێی فەرمایش و سفارشەکانی ئاغا (خامنەیی) چووباینە پێشێ، گەلێک لە کێشەکانی خەڵک و وڵات چارەسەر دەبوون"، لەگەڵ ئەوەی خۆی قەت بە ڕێفۆرمخواز نەزانیوە، بەڵام لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی نزیک بووە و تا ڕادەیەک لە بەرەی ئەواندا جێ دەگرێ. هێنانی پزیشکیان کە ناتوانێ بەدەر لە ئیرادەی خامنەیی بێت، ڕوویەکی دیکەی ئەم بەناو هەڵبژاردنانەیە. ئەوێش هەوڵی بردەنەسەرەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵکە کە ڕێژیم لە هەلومەرجی ئێستادا لانیکەم ڕووبە کۆمەڵگەی جیهانی زۆری پێویستە. پزیشکیان بۆ ئەوە دانراوە کە ئەم ڕێژەیە بباتە سەرێ و کە وەک دیارە ڕەوت و جەریانە بەناو ڕێفۆرمخوازەکان بە پشتیوانی لە ناوبراو، هانی خەڵک بۆ هاتنەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەدەن.
خامنەیی و بازنەی بەرتەسک و چووکەی دەسەڵات بە هێنانی پزیشکیان پێیان وایە دەتوانن، بەرەی بێزاری خەڵک لە ڕێژیمەکەیان بۆ دژایەتی لەگەڵ ئەو کاندیدایانەی وەک نمادی ڕێژیم دەناسرێن، بکێشنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە قازانجی خۆیان تەنیا کەڵک لە "بەشداربوون"یان لە هەڵبژاردنەکە وەربگرن.
ئەوەی لەم پێوەندییەدا گرینگە ئەوەیە کە نزیک بە ٨٠٪ی خەڵکی ئێران بەپێی هەڵوێستیان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەم ڕێژیمە لە ١١ی ڕەشەممەی ساڵی پار کە تەنیا سێ مانگی بەسەدا تێپەڕبووە، سەلماندیان کە ئەم رێژیمەیان لە تەوایەتی خۆیدا ناوێ و نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان. کەوابوو بەرەی خەڵک بڕیاری خۆی داوە.
لێرەدا و لە سۆنگەی پیلانەکانی ڕێژیم بۆ بردەسەرەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە لە سەرۆکۆماری، پێویستە ئەو ڕەوت و جەریان و کەسایەتییە سیاسییانەی کە بە هەر هۆکار و بیرۆکەیەک، بەشداریی لەم دەسەڵاتەیان بە قازانجی خەڵک لە قەڵەم دەدا، وەهۆش بێنەوە و بەرەی خەڵک هەڵبژێرن. خودی محەممەد خاتەمی کە بە نمادی "ڕێفۆرمخوازی" لە ئێران ناسراوە و بۆ دوو دەورە لەم ڕێژیمەدا سەرۆککۆمار بووە، ڕاشکاوانە دانی بەوەدا ناوە کە "جیا لە تەداروکاتچییەک، شتێکی دیکە نەبووە"، بۆیە دەبێ بزانن کە خەڵک لە مێژە گاڵتەی بە "ڕێفۆرمخواز و ئوسولگەرا" دێت و لە تەواویەتی خۆیدا ئەو ڕێژیمەیان ڕەت کردۆتەوە. کەسانی وەک پزیشکیان و تەواوی ئەو کەسانەی کە بە ئارەزوو و پاساوی گۆڕانکاری و زاڵبوون بەسەر پاوانخوازیی خامنەیی و ڕێژیمەکەیدا دەیانهەوێ بەشداری ئەم شانۆگەرییە بن، با بزانن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتیی عەلی خامنەیی و ئەو بازنە بەرتەسک و چووکە کە هیچ ئەقڵانییەتێکی سیاسی بۆ گۆڕانکاری تیایدا جێی نابێتەوە و مانا نادات، چووکەترین زەرفییەت و ئیستعدادی بۆ تێپەڕین لە دیکتاتۆری و پاوانخوازی تێدا بە دی ناکرێ و دووبارەکردنەوەی هەڵەکانیان، شەرمەزاری بەرەی خەڵک و مێژوویان دەکات.