کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێدارە، پێناسەی ٤٥ ساڵە

00:13 - 13 جۆزەردان 2724

هەردی سەلیمی

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ـی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی، "محەممەدی برووجێردی"، یەکێک لە فەرماندە گرینگەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و دامەزرێنەری "قەرارگەی هەمزە" کە دەستێکی باڵای هەبوو لە جەنایەتی جەنگیی ئەو ساڵانەی کوردستاندا، لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کوژرا. کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرلەبەیانیی سەرکەوتنی شۆڕشەوە و لە سەربانی قوتابخانەی "ڕفا‌هـ" لە تاران دەستی بە کوشتنی حکوومەتیی دژبەرانی کردبوو و لە ناوچە جیاکانی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان ئێعدامی بەکۆمەڵی دەست پێ‌کردبوو، لەو بارەوە ئەزموونێکی زۆری بەدەست هێنابوو و چارەسەری هەموو کێشەکانیشی لە نەهێشتنی دژبەرانیدا دەبینی! بەم پێش‌خانە فکری و کردارییەوە بوو کە، لە تۆڵەی کوژرانی فەرماندەکەی و بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٣٦٢ "شۆڕای تەئمینی ئوستانی ئازەربایجانی غەربی" لە ورمێ کۆبوونەوەیەکی پێک‌هێنا بەمەبەستی وڵام‌دانەوەیەک بە کوژرانی برووجێردی. لەم کۆبوونەوەیەدا "سەردار محەممەدئیبراهیمی سەنجەقی" کە ئەوکات فەرماندەی قەرارگەی هەمزە بوو و هەروەها حەمیدڕەزا جەلایی‌پوور، فەرمانداری ئەوکاتی شاری مەهاباد بەشدار بوون.

ئاکامی ئەم کۆبوونەوەیە دەرکردنی بڕیارێک بوو کە لەودا ٥٩ کەس لە دەسبەسەرکراوانی شاری مەهاباد ئێعدام بکرێن. ئەم ٥٩ کەسە کە هەموو لاو بوون و مێرمنداڵیشیان تێدا بوو، بە سێ وەجبە و لە ٢٩ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦١ـەوە هەتا بانەمەڕی ١٣٦٢ گیرابوون و دوور و نزیک پێوەندییان بە کوژرانی برووجێردییەوە نەبوو. بەم حاڵەشەوە چەند ڕۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیە لە ورمێوە برانە تەورێز و لە نادادگایییەکی یەک‌سەعاتەدا بڕیاری ئێعدامیان بۆ دەرچوو و لەسەریان جێ‌بەجێش کرا. وەک زۆربەی هەرە زۆری چالاکانی سیاسی، ئەم ٥٩ کەسەش شاردرانەوە و ئێستا و ئێستاش بنەماڵەکانیان – سەرەڕای هەوڵ و تەقەللا و پرسیاری زۆر - نازانن ئازیزانیان لەکوێ ناژراون.

هەرچەند هەر ئەوکات و تەنانەت چەندین جاری تریش لەم ساڵانەی دواییدا بەرپرسانی ڕێژیم و خودی جەلایی‌پووریش ڕاستییەکانیان ئاوەژوو کردەوە، بەڵام یادگەی گشتیی خەڵکی کوردستان، ئەم جەنایەتەی لەبیر نەکردووە، هەروەک چۆن ساڵی ڕابردوو لە یادی چل‌ساڵەی ئەم جەنایەتە دژەمرۆیییەدا هەڵوێستیان نیشان دا و بنەماڵەکانیان جارێکی تر وەبیریان هێناوە کە لە خوێنی ئازیزانی خۆیان خۆش نابن و لەبیریان ناکەن.

کۆماری ئیسلامی هەموو کات پاش ناڕەزایەتی و ڕووداوە نائاسایییەکان، تۆڵە لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکاتەوە، لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ئێران و ئێراق بە سەدان کەسی سیاسیی ئێعدام کرد، دوای شەڕەکە بە هەزاران کەسی لەسێدارە دا، لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ٧٨ و ٨٨ و ٩٦ و ٩٨ و ١٤٠١ـیش هەر بەو شێوەیە لە سیاسەتی خۆیدا بەردەوام بووە. ڕێکخراوی نێونەتەوەییی لێخۆشبوون لە نوێترین ئاماریدا ئاماژە بەوە دەکات: "کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووی زایینیدا بەتەنیایی ڕێژەی ئێعدام یا هەمان کوشتنی حکوومەتیی لە ئاستی جیهاندا بردووەتە سەرێ، بە چەشنێک کە لە دە ساڵی ڕابردوودا ڕووی نەداوە." لەو ماوەیەدا ژمارەی ٨٥٣ ئێعدام لە ئێران تۆمار کراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتریدا ٥٠٪ ئەم ڕێژەیە هەڵکشاوە. لەم ژمارە زۆرە  ١٧٢ کەسیان بەلووچ بوون، بەلووچەکان ٥٪ی جەماوەری خەڵکی ئێران پێک‌دێنن، بەڵام ٢٠٪ی ئێعدامەکانی ئەمساڵ بەوان بڕاوە؛ ئەمە خۆی نیشانەیەکە لە تۆڵەکردنەوە و ترساندنی خەڵک، ئێمە دەزانین خەڵکی بەلووچستان لە جەریانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا، یەک لەو نەتەوانە بوون وا زیاترین بەشدارییەکانیان لە خۆیان نیشان دا و لە قوربانی‌دانیشدا هەر لە ڕیزی پێشەوە بوون.

ئەم ڕێژیمە لەژێر ڕێنوێنیی عەلی خامنەییدا ماکیاوێلیستییانە بیر دەکاتەوە و پێی‌وایە پاشەکشێ لە بەرامبەر ناڕەزایەتی‌دا بەواتای لەنێوچوونی دەسەڵاتەکەیانە، بۆیە بێ‌گرینگی‌دان بە ویستی خەڵک و ناڕەزایەتیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش، ڕێیەک دەبڕن کە هەر لە سەرەتاوە بڕیویانە؛ بەڵام بێ‌ئاگا لەوەی گەر لەسێدارەدان و لەنێوبردن چارەسەر بووایە لەدوای ئێعدامەکانی سەربانی قوتابخانەی ڕفا‌هـ، دەبوو خەڵک ترسابان و هیچ چەشنە ناکۆکییەکیان لەگەڵ دەسەڵاتدا نەبووایە، لە کاتێکدا ئێمە شایەدی ئەوەین ڕووداوەکان بەپێچەوانە ڕوو دەدەن و ئەم ئامێری ترساندن و تۆقاندنە هەرگیز وڵامدەر نییە و نەبووە و نابێ و ناڕەزایەتییەکان هەروا بەردەوام دەبن و کەس سڵیان لێ ناکات.