کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنی بێ‌ئاکامی سەرۆک‌کۆماری بۆ خەڵکی ئێران

22:21 - 25 جۆزەردان 2724

سەلام سەدیقی

بۆ کەس شاراوە نییە کە بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران و بەگشتی هەڵبژاردنەکانی دیکەش لەو وڵاتە یەكێكە لە بێ‌بایەخترین پرۆسەكانی هەڵبژاردن لە جیهاندا، چون پێش هەڵمەتی بانگەشە و دەنگدان، ئەوانەی دەبێ لە سندووقەکان ناویان بێتە دەرێ دەستنیشان و دیاری کراون.

بێگومان هەڵبژاردن یەکێکە لە پایەکانی دێموکراسی بە واتای دەسەڵاتی خەڵک (گەل) و ڕەخسانی ئەو هەلە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە ڕۆڵی خۆی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و وڵاتدا بگێڕێت و و دەسەڵات بداتە دەست کەسانی باوەڕپێکراو لە خۆیان، کە ئەمەش لە ڕێگەی دەنگدانێکی ئازاد و کەش و هەوایەکی دێموکراسیانەوە دەکرێت ئەویش لە سیستەمێکی دێموکراتدا، نەک لە سیستمی داخراوی سیاسی و دیکتاتۆری و ئایدۆلۆژیای کۆلۆنیالیزمی ڕێژیمی ئێراندا.

مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێران لە سیستمە دێموکراتیکەکاندا بۆ هەموو کەسێکە و، بەبێ هیچ ڕێگری و جیاوازییەک هەموو هاووڵاتیان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵات دەگرێتەوە؛ بەڵام لەو وڵاتی ئێراندا بە هەندێ گەمەی وەک بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان زۆرترین سووکایەتی بە دێموکراسی دەکرێت. لەو وڵاتەدا دێموکراسیی ڕاستەقینە هیچ مانایەکی نییە و ئەگەر هەر هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری بە نموونە وەربگرین، دەبینین کە زیاتر لە نیوەی ئەم کۆمەڵگەیە بەهۆی جیاوازیی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی و هەڵگرتنی بیروبۆچوونی سیاسیی جیاواز لە مافی هەڵبژێران بێبەش دەکرێن. هەروەها هەڵبژاردن لە ئێران وایە ڕیزکردن و هێنانەدەرێی ناوی کۆمەڵێک کەس لە سندووقەکانی دەنگدان کە تەعبیر لە ئیرادەی دەسەڵات بکەن، نەک خەڵک، واتە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بن، نەک خەڵک و تەنانەت ئەو کەسانەش کە بە خۆشبینیی گۆڕانکارییەک لە سیستمی ئیدارەدانی وڵاتدا بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان کردوە. لێرەدا ئیدی ئەوە مافی بێ‌ئەملاوئەولای خەڵکە بەشداریی وەها بەناو هەڵبژاردنێک نەبن کە تەنیا بۆ چەواشەکاری و کڕینی مەشرووعییەتی درۆیین بەڕێوە دەچێت و دیسانەکەش مافی خۆیانە چەکی بایکۆت و "نا"گوتن، وەک تاکەئامرازی بەردەستی خۆیان بۆ گەیاندنی دەنگ و نواندنی ئیرادەیان بەکار بێنن.

بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆک‌کۆماریی ئێران کە لە ٨ی پووشپەڕی مانگی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت، تەنیا ٦ کەس لە فیلتەری شوڕای نیگابان دەرباز بوون. لەو ماوەیەشدا کە ڕیکلام و پڕوپاگەندەی کاندیداکان دەستیان پێ کردوە، دەبینین کە هەموویان خۆیان بە سەربازی خامنەیی و پارێزەری هەرە قایمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناو دەبەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خەڵک لەمێژە لەو ڕێژیمە تێپەڕیون و لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بەتەواوی هێڵی خۆیان و چارەنووسیان لە هێڵ و چارەنووسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا کردەوە. کە سەیری وادە و بەڵێنەکانیش دەکەی هەست بە سووکایەتییەکی زۆر گەورە دەکەی، چونکی وادەبینی هەرکام لەو شەش کەسە ببێتە سەرکۆمار ئیدی ژیانی خەڵکی ئێران بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا دێ و ئاسەواری هیچ کێشە و قەیرانێک لەو وڵاتە نامێنێ. بەڵام خەڵکی ئێران ئەزموونی دەیان هەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی زۆر ڕەوت و لایەنی سیاسیی جیاواز و جۆراوجۆر، لە تەیفی "سازەندگی"، "ئیسلاح‌تەڵەب"، "ئیعتدالگەرا" و "ئوسولگەرا"یان هەیە و بەو شانۆگەرییانە هەڵناخەڵەتێن.

هەم خەڵک و هەم کۆماری ئیسلامییش دەزانن کە هەموو سیناریۆسازی و وەڕێخستنی شەڕی زێڕنگەریی نێوان کاندیداکان بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنە. بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی خەڵک لەسەر سندووقەکانی دەنگدان و پێشاندانی وێنە و فیلمی ڕیزی بەشداران ئیدیعای شەرعییەتی خەڵکی بکات و بڵێ نیزامی سیاسیی وڵات هەڵبژێردراوی خەڵکە و دوایەش بە دەستکاری ئامارەکان و ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکان بە دڵخوازی خۆیان کەسی دیاریکراو بە هەر ڕێژەیەکی دەنگ کە بیانەوێ دەرخواردی مێدیا و کۆمەڵگەی جیهانیی بدەن.

ئەزموونی سێ هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ئێران پێشانی داوە کە کەمترین کەس لە خەڵکی ئێران لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن کە تازەترینیان دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بوو کە کەمتر لە سەتا ٨ی خەڵک تێیدا بەشدار بوون. خەڵک لەمێژە بۆیان دەرکەوتووە لە ئێستادا تاکەڕێگایان بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانە و دواجار یەکخستنی وزەی خەباتگێڕییان بۆ ڕووخاندن و نەهێشتنی یەکجاریی ئەم ڕێژیمە.